یەکێتی نیشتیمانی داوای بە ئەندامبوونی لە ستافی کوردستانپۆست دەکات

Friday, 18/04/2014, 12:00

2019 بینراوە


بۆ ئەوەی باری دەروونییم تێکنەچێت، زۆر تەماشای کەناڵەکانی سەر بە دەسەڵات ناکەم، ئاخر درۆی وا شاخدار دەکەن، کە کەسانی تەندروستیش دەخەنە ماخۆلانەوە و شاگەشکەیان پێدەکرێت.
زۆرینەمان ئەو ڕاستییە دەزانین کە نەک هەڵە بەڵکو لە هەڵە گەورەتر، لەو نیشتیمانە ڕوودەدات و کەسمان دەنگ ناکەین، یان ناتوانین بەسەر دەروونی خۆماندا زاڵبین و ددانی پێادا بنێنن و ژێوان بینەوە.
ئەوەی ئێستا کە لە تێڤیەکانی کوردسات و گەلی کوردستان و مەدیاکانی دیکەی یەکێتی نیشتیمانی دەبینن و دەبیستین، هەر هەمان ڕیتمی نووسەرانی کوردستانپۆستە، کە زیاتر لە ١٥ ساڵی رابردووەوە دەستی پێکردووە. وا ئیستا ئەمانیش بەتایبەتی لەسەرەتای ڕۆژی١٧ ئاپریلی٢٠١٤وە. دەنگ و ڕەنگی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆتە سێوێکی لەتکراو، هیچ جیاوازیەک بەدی ناکرێت لەنێوان کوردستانپۆست و دەنگ و ڕەنگی یەکێتیدا.
ئەوی کە ئێستا دەنگ و ڕەنگی یەکێتی نیشتیمانی بڵاوی دەکاتەوە و دەرخواردی چاو و گوێی بینەری کوردی دەدا، نووسەرانی کوردستانپۆست لە مێژە ئەو کارەیان ئەنجامداوە. بەداخەوە ئەو کاتە هەمان دەزگای مەدیای یەکێتی بە نووسەرانی کوردستانپۆستیان دەگووت گومانلێکراو، جاشی تورکیاو و ئێران، هەندێک ناوناتۆرەی دیکە کە خۆشیان نازانن چۆنیان پەیداکردبوو!
ئاخر ئێوە تا نزیکەی ٢٠ کاتژمێر هاودەنگی پارتی بوون، دەی چ باسە، چی بوو؟ کەوا لەنێوان ٢٤ کاتژمێردا، گەڕانەوە بۆ ڕاوبۆچوونەکانی کوردستانپۆستی پانزدە ساڵ لەمەوبەر؟
ئەم دەنگەی ئەمرۆی مەدییاکانی یەکێتی ئەوە دەسەلمێنێت، کە نووسەرانی کوردستانپۆست، بە ئەمەکەوە لە غەمی قوڵی زامی گەلەکەیاندابوون، چونکە ئەو وەرچەرخانەی ئێستای یەکێتی، هەر هەمان بیروبۆچوونەکانی پانزدە ساڵ لەمەوبەری کوردستانپۆستە.
سەیرە ، هەر زۆر سەیرە، تازە مەدییای یەکێتی بێدار دەبێتەوە ئەڵێ: خەڵک فێری تەمەڵی دەکەن، تازە بەتازە فرمێسکی تیمساحی بۆ نیشتیمانی وێڕان و داتەپێو دەڕێژن.
هێشتا نەچووە بچێت، بۆ ڕێز لەودەرییای خوێنی شەهیدەکانیان، دەتوانن و ئەگەر بیانەوێت، دەتوانن ددان بە ڕاستیدا ببێن، داوای لێبورد لە گەلەکەیان بکەن کە ئەو هەموو اپاکییەی ئەنجامیان داوە داوای لێبوردن بکەن، ئەمەش بۆ خاتری ئەوەی کۆتایی بە ناپاکیی و دزیی و گەندەڵیی بهێنن، سنورێک بۆ خیانەت دابنرێت، نەک ریکلامێک بێت بۆ هەڵبژاردنەکانیان. بەڵام ئایا دەتوانن ئەمە بکەن؟ پرسیار ئەوەیە، چونکە ئەگەر کردیان ئەوا دەتوانین بڵێین رەنگە میللەت چاوپۆشیان لێبکات و لێیان خۆش بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە