بۆ ئەوەی کەیسی کاوە گەرمیانی نەدۆڕێنین

Tuesday, 10/12/2013, 12:00

2002 بینراوە


ئێمە کەیسی سەردەشت و سۆرانمان دۆڕاند.. کەیسی ١٧ شوباتمان بە هەموو شەهیدەکانیەوە دۆڕاند. بۆ ئەوەی هەم کاوە لەدەست نەدەین و هەم ئەو ئابڕوە تکاوە کۆبکەینەوە پێویستمان بە ئازایەتی و عەقڵە.
١/ ئەگەر بمانەوێت بە ڕێگایەکی یاسایی و لەڕێی بە جیهانیکردنی ئەم کەیسەوە دەسەڵات ناچار بکەین، بەر لەهەر شتێک ئەبێت بێشەرەفی و بێمۆراڵی جیهانی سەرمایەداری لەبەرچاوبگرین. بە دڵنیاییەوە هیچ وڵاتێک ئامادە نیە بەرژەوەندیە بازرگانیەکانی لەگەڵ ئەم گروپە وڵات فرۆشەی ناویان دەسەڵاتی کوردیە لەق بکات و لەبەر خاتری خوێنی ڕۆژنامەنوسێکی تیرۆرکراو دەسەڵاتمان بۆ بڕوخێنن. لەبەر ئەوە زۆر بە کورتی و سادەیی دەبێت لە لێڤڵێک خوارترەوە کار لەسەر کەیسەکە بکەین.
پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ناچارکردنی دەسەڵات بە دانپیانان بەوەی کام لە بەرپرسە باڵاکان لەپشت ئەم تیرۆرەوەیە، ئەمەش لە ڕێگای کۆڵندان و برەوپێدانی ئەو فشارە مەدەنیەی ئێستا جوڵەیەکی تێدایە. گرنگە لەدوای ئاشکراکردنی چوار ناو بێخەم دانەنیشین و سەری مارەکە لەیاد نەکەین. بە سزاگەیاندنی بەرپرسێکی باڵا سەرکەوتن و دەستکەوتێکی گەورە دەبێت. لەهەمان کاتدا سەرەداوی دەیان تاوانی پێشوتر ئەنجامدراو دەردەکەون و ئەو تابوە تێک دەشکێت کە خەڵک پێی وایە بەرپرسەکان هەریەکە خودایەکن و چیان بوێت دەیکەن. لەهەمان کاتدا ئازادی و بەرقەرارکردنی ژیانێکی ئازاد هەنگاوێک پێش دەکەوێت.
٢/ ئەگەر ئێمە دەمانەوێت بەزۆر و بە هێزی جەماوەری ئەم هەقە بسێنین. ئەگەر پێمان وایە ئەم دەسەڵاتە مافیایەکی پەتییە و دیکتاتۆر و خوێنڕژ و تاوانبارە بە کوشتنی خەڵک و دزینی سامانی گشتی و وێرانکردنی یاسا و دادوەریەکەی، ئەگەر لەو میللەتە ڕادەبینین بەدەم ئەم شۆڕشەوە بێن... لە ئێستا باشتر نیە بۆ ڕاپەڕینێکی جەماوەری هێنانە خوارەوەی ئەم گروپە ملهوڕ و مافیا و پیاوکوژە. ئەگەر بەتەنها لەدوای ڕاپەڕینەوە دەست بە کۆکردنەوەی بەڵگەکان بکەین، ئەم دەسەڵاتە ماف و شەرعیەتی ئەوەی پێوە نەماوە ڕابەرایەتی میللەتێکی قوربانی بکات. بەڵام ئایا میللەت ڕابەر و ستافێکی بەدیلی ئامادەیە بۆ گرتنەدەستی ئەم ئەرکە؟ ئەمە پرسیارەکەیە. ئایا لە هۆشیاری خەڵکدا متمانە دراوە بە تاقمێکی تر بێخەمبن لەوەی ژیانی ئایندەیان پارێزراوتر و دادوەرانەتر دەبێت؟ ئەگەر وایە !! ئێستا ساتی شۆڕشە. ئەگەر نا بەر لەهەر شتێک دەبێت هەوڵی پێگەیاندن و ڕێکخستنی ئەو ستافە بدرێت، تا بەدەردی وڵاتانی عەرەبی و بەهارە کاولکاریەکانی دەوروبەرمان نەچین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە