لەكۆلێژەكەى هەڵەبجە ژمارەیەك خوێندكار دادگایكران

Wednesday, 31/03/2010, 12:00

965 بینراوە


12خوێندكارى كۆلێژى بنەڕەتى هەڵەبجەى شەهید بەتۆمەتى ناردنى زانیارى بۆ ڕۆژنامەى كوردستانى نوێ دادگایكراون و هەڕەشەى نانبڕین لەفەرمانبەرێكى بەشی پێشوازى كۆلێژەكە كراوە، ئەم كردارە قێزەونەى دكتۆر تەحسین كەلەناو خوێندكارەكاندا بەمولازم موحسین ناسراوە دواى ئەوەهات كەڕۆژنامەى كوردستانى نوێی زمانحاڵی یەكێتى ڕاپۆرتێكى وێنەیی بڵاوكردووەتەوەو دیمەنێكى ناشیرینى ناو یەكێك لەگروپەكانى پیشانى ڕاى گشتى داوە، بەڕێوەبەرى كۆلێژەكە كەخەڵكى خانەقینەو بەتەكلیفی مەلابەختیار كراوەتە بەڕێوەبەر سەرجەم ئەو خوێندكارانەى سزاداوە كەگومانیان لێدەكرێت هاوكارى پەیامنێرەكەى كوردستانى نوێیان كردبێت، ئەم ڕەفتارە دزێوە داردەستەكەى مەلابەختیار خوێندكارانى كۆلێژەكەى بەتەواوەتى نیگران كردووە،بەتایبەتیش دواى ئەوەى دكتۆر تەحسین لەیەكێك لەگروپەكاندا هەڕەشەى لەهاوكارەكانى پەیامنیرەكەى كوردستانى نوێی كردووەو پێی ڕاگەیاندوون كەبەرپرسە باڵاكانى یەكێتى پشتیوانیم لێدەكەن و حساب بۆ هیچ كەسێك ناكەم و پەیامنێرەكەى كوردستانیش نوێش دەهێنمە كۆلێژەكە بۆ ئەوەى داواى لێبوردنمان لێبكات و تەنەزولمان بۆ بكات، بەڵام بەڕێوەبەرى كۆلێژ تەنها مەرجێك كەبەهۆیەوە بووە بەبەڕێوەبەر ئەوەیە كەخزمى مەلابەختیارە و هیچی تر،بێئاگایە لەوەى كەخەڵكى هەڵەبجە زۆرباش دەزانن كەدكتۆر تەحسین چۆن كراوە بەبەڕێوەبەر و لەسەر چ فەزیحەتێك لەزانكۆى سلێمانى دەركراو دواتر بەواستەى مەلابەختیار كرا بەبەڕێوەبەرى كۆلێژەكەى هەڵەبجە، من زۆر هەوڵمدا قسەلەگەڵ پەیامنێرەكەى كوردستانى نوێ بكەم و ڕاوبۆچوونى تایبەتى خۆى وەربگرم، بەڵام ئەو ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك بدات، تەنها شتێك كەدركاندى ئەوەبوو كە وتى: ئێمە ئامانجێكى دیاریكراومان هەیەو بە وەڕینى كەسێكى وەك تەحسین پشتمان ساردنابێتەوە، چونكە ئاوڕدانەوە لەوەڕینى هەركەسێكى وەك تەحسین هەنگاوێك دواماندەخات، بەهەرحاڵ ئێمە نامانەوێت دیفاع لەهیچ لایەكیان بكەین، بەڵام جێگەی خۆیەتى كەلەخەڵكى هەڵەبجە بپرسین ئاخۆ هەڵەبجەیەك كەبەدرێژاى مێژوو لانكەى ئەدەب و مەڵبەندى مەعریفی و ڕۆشنگەرى بوبێت چۆن دەبێت كەسێك بكاتە بەڕێوەبەرى كۆلێژكە لەخانەقینەوە هێنرابێت و ئاستى ڕۆشنبیرى و زانستى بەوجۆرە بێت كەبە ناحەق لەجیاتى وەڵامدانەوەى پەیامنێرەكەى كوردستانى نوێ كەچی كوڕ و كچە خوێندكارى شەهید ئیهانە دەكات و سەر كز و سەر شۆڕیان دەكات بۆ ئەوەى هەر لەئێستاوە لەبڕیار و مەبەستەكانى خۆى دەرنەچن و ئارەزووە تایبەتییەكانى خۆی بهێنێتەدى، زۆربەلامەوە سەیرە مولازم تەحسینێك كەجەلادانە مامەڵەى لەگەڵ خوێندكارەكانیدا بكات و لەو لایشەوە هەرلەئێستاوە خۆی ئامادەكردووە و شانى مەسولەكان ماچ دەكات بۆ ئەوەى بیكەن بە سەرۆكى زانكۆى هەڵەبجە كەبڕیارە لەداهاتوودا بكرێتەوە.دكتۆر تەحسین لەیەكێك لەگروپەكاندا وتبووى یەكێتى خاوەنى ئەم ڕۆژنامە قێزەونەیە بۆیە بەردەوام لەشكستدایە، هەركەسێك میواندارى پەیامنێرەكەى كوردستانى نوێی كردبێت لەكۆلێژ فەسڵی دەكەم و زیندانى دەكەم.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە