كاندیدێكی قەرزار: ئەگەر دەنگم پێ بدەن قەردەكانتان دەدەمەوە

Sunday, 27/04/2014, 12:00

1569 بینراوە





خۆ كاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنەكانى ئەمجارەى پەرلەمانى ئێراق و ئەنجومەنى پارێزگاكان هی وای تێدایە بەس گوێ لەڕابردووى بگری لەپێكەنین دەپسێی، من گەلێ لەو كەسانە دەناسم و كونیەیان لەلامە دەزانم چ ڕابردوویەكیان هەیە، وەلێ هەر قسەیەك بۆ ئەم قۆناغە ناسكە دەچێتە قاوغی چەقە چەق و تەشهیر و مشت و مڕی بانگەشەى هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانم ئەو دیمەنە كۆمیدیەى ئەو كاندیدە لەبەرچاو ڕەش بكەمەوە كە لەنزیكەوە دەیناسم چ قەرد كوێرێكى عەنتیكەیە ئەگەر پارەی پێ بدەى یا پارە لەهەر كەسێك وەربگرێ ببڕای ببڕ چاوى پێ ناكەوێتەوە دەبێ فاتیحە لەسەر قەرزەكەى بخوێنێ، سەیرەكەیشی لەوەدایە هەتا بەبانى بیشۆیەوە و جنێوى پێ بدەی تەقەى سەری دێ، بەهیچ تەڕ نابێ و زمانێكى ئەوەندە لووس و پووسی پێوەیە بەدوو قسە وات لێ دەكا بۆی بمری ببە خاك و خۆڵی بەرپێی و داوای هەرچەندێكت لێ بكات بێ دوودڵی بیدەیتێ، قەرداری نە یەك و دووان و سیان و دە نییە، بەحیساب ناژمێردرێ، بەقسە لووسەكانى قەناعەتى بەحزبێكى گەورە هێنا كاندیدی بكەن و بیكەنە كاندی خۆیان..لەو شەوانە تا درەنگى شەو لەلای مامەوە، زۆر كەس دەهاتنە ماڵی و متمانەى خۆیان چ بەدرۆ یا ڕاست بۆی دوپات دەكردەوە، تەلەفۆنیش لەولاوە بوەستێ یەك لەدوای یەك كە من لەتەكیەوە دانیشتبوو گوێم لەهەموو قسەكانى هەردوولا دەبوو، یەكێك دوای سڵاو و چاكوچۆنى پێیوت: هەى ئاڵچاغ ئەوە خۆت هەڵبژاردووە و بەتەمانى پارەكەم بدەیتەوە؟ دەى پێمبڵێ كەى بێم پارەكەم بدەیتەوە؟ هاااااا، پێ دەچێ حیزب شتێكى بۆ خەرج كردبی تا ئەو فلیكس و پۆستەر و كارتانەى پێ چاپ بكەى؟

لەوەڵامدا وتى: خوا لەسەر سەرە حیزب یەك دینار چییە نەیداوەتمێ بەڵام لێرەوە دڵنیات دەكەمەوە دەبمە داكۆكیكارێكى سەرسەخت بۆ بەدیهێنانى مافەكانتان و كار لەسەر نەهێشتنى قەرداری دەكەم، دوای ئەوە لەم ساتە وەختە ناسكە خۆش نیە باسی قەرز بكەى ڕەنگە باوەڕم پێنەكەى من لێرە و لەوێ بە دووسەد و پەنجا دیناری ئاوا پارە خڕ دەكەمەوە تا پۆستەر و كارت و ئەو فلیكسانەى پێ چاپ بكەم، دەى متمانەى خۆتم پێ بدە و ئیشم بۆبكە لەلایەن كەس و كار و هەموو ئەوانەى دەیناسی وابێ دەربچم و دەستم لەپارەییەكى باش گیربێ وەعد ئێستا لیستێكم ئامادەكردووە بەناوى هەموو ئەوانەى تەلەفۆنم بۆ دەكەن و قەرداریانم بە زنجیرە پێدادێم، خۆشبەختانە زنجیرەى تۆ لە سەد و دوانزەمیندایە بەهەرحاڵ بەڵێنبێ لەدەرچوونم دا تا پارەى خۆت بەخشتى وەربگرییە داوات لێ دەكەم دەنگ بدە بە كاندیدی خۆت كە دەمناسی و ژمارەكەشم دیارە، دەبێ بشمبووری میوانێكى زۆرن لەلایە و پەیوەندییەكى دیكەش دەمێكە لەسەر تەلەفۆنە دواتر یەكتر دەبینینەوە ، دەى جارێ ماڵئاوا، خوات لەگەڵ.

تەلەفۆنەكەى داخست..پەیوەندییەكى دیكەی لەگەڵ بوو، كەوتە قسە: فەرموو قوربان.

كابرا وتى: قوربان و موربانى پێ ناوێ وەرە بزانم تۆ كەى بەتەمای ئەو قەردانەت ساف بكەى؟

بەدەم پێكەنینەوە وەڵامى دایەوە: هەى بێ قەزابی ئاخر كەى ئێستا لەم وەختە ناسكەدا كاتى باس و خواسی قەرز و قەرزكارییە، دەى پێم بڵێ هیچ ئیشت بۆ كردووم تا لەو هەڵبژاردنەدا دەربچم؟

پێی وت: دوای ئەو هەموو خەم و خەفەتەى بەمنت داوە ئەوجا دەتەوێ ئیشت بۆ بكەم؟ لێرەوە پێت دەڵێم بەتەمای من مەبە دەنگت نادەمێ.

ئەویش هەر بەدەم پێكەنینەوە وتى: جا ئەگەر تۆ دەنگم نەدەیتێ دەرناچم، كە دەرنەچم هیچم نایەتە دەست كە هیچیشم نەهاتە دەست بەچ چاو و ڕوویەكەوە داوام لێ دەكەى قەرزەكەت بدەمەوە، تكادەكەم واز لەو بیرۆكە بێنە و متمانە بەبرای خۆت ببەخشە بۆ ئەوەى پارەكەت بەنەختى بدەمەوە و وا لەلای خۆمەوە ناوت لەلیستى قەرداران تۆمار دەكەم و زنجیرەى سەد و یازدەت دەدەمێ و هەوڵدەدەم لەداهاوودا ئەگەر دەرچووم سڕەكەت بۆ بێنمە پێش زوو هەقەكەت دەدەمەوە، داوای لێبوردن دەكەم زۆر سەرقاڵم و میوانێكى زۆرم لەلایە، تكا دەكەم دەنگ لەتۆ و گەڕانەوەى قەرزەكەشت لەمن، بەدوعا، خوات لەگەڵ.

مۆبایلەكەى لەسەر داخست..كە ڕووى تێكردم دوو قسەم لەگەڵ بكات، دیسان زەنگێكى بۆ هات، دەستى بەدوگمەكە دانا و مۆبایلەكەى نا بەگوێیەوە: فەرموو بەڕێزم.

دەنگەكە نەناسبوو، وتى: ڕەنگە نەمناسی من ئاسۆی هاوڕێتم و دەزانم ژمارەكەم لەلات نییە، بەهەرحاڵ خۆشحاڵ بووم لەڕێی میدیاكانەوە زانیم خۆت هەڵبژاردووە، دەكرێ بزانم كار و پڕۆژەت دوای دەرچوون چیە؟

ئەویش بەئحم ئحمێ قوڕگى گیراوى پاك كردەوە و هەڵیدایێ: سەرەتا سوپاس بۆ تەلەفۆنەكەت، دواتر من وەك كاندیدێكی ئەم حیزبە كە زۆر ڕوویان لێیان دەبێ خۆم كاندید بكەم گوایە جەماوەرێكى بێشومار و لەبن نەهاتووم هەیە، بەهەقیقەت نەمتوانى دڵیان بشكێنم هەرچەندە زۆرم پێ وتن: ئاخر ئەوە مەسئولیەتە و كارێكى ئەوەندە ئاسان نییە دیارە بەڵێنى هەموو پشتیوانیەكیان پێدام، منیش بەپشتیوانى هەموو لایەك شانم دایە بەر ئەگەر متمانەى ئێوەى بەڕێز و كۆمەڵانى خەڵك بەدەست بێنم كار بۆ بنبڕكردنى گەندەڵی و ناشەفافیەتە لەداهات دەكەم و دەبمە داكۆكیكارێكى سەرسەخت بۆ بەدیهێنانى هیوا و ئاوات و داخوازییەكانى هاونیشتیمانیان تا ژیانێكى خۆش ببەنە سەر بەجۆرێ كەس سەرشۆڕ و چاوەشۆڕی كەس نەبێ كە لەهەمووى گرینگتر گەڕانەوەى متمانەو ئاشتبوونەوەى تاكەكانى كۆمەڵگەیە.

ئەویش سوپاسی كرد و هیوای سەركەوتنى بۆ خواست..كاتێك تەماشاییەكى منى كرد و وتى: هاااا، قسەكانم چۆن بوون؟

وتم: تۆ ئەو قەرزارییە لێی تێكداوى وەئەگینە هیچ عەیبت نییە.

ئەویش بەپێكەنینەوە وتى: ئەى نەتزانیوە قەرد دوو ماڵ ئاوەدان دەكاتەوە، قەرد قەردی نەخواردووە، من هەموو هەوڵەكانم چڕ دەكەمەوە ئەگەر دەربچم پێش هەر شتێ پێشنیاری وەرگرتنى سەروو زەویەك بۆ ئەندامانى ئەنجومەن دەكەم لەباشترین شوێنى ئەم شارە و جەختیش لەوە دەكەمەوە دەبێ ئەو زەویەى دەمانیدەنێ پارەیەكى خەیاڵی بكات وابێ لەو قەرزارییە ڕزگارم ببێ، دوای ئەوە بۆ خۆم دەست دەكەم بە تیجارەت لەسەر حیسابی ئەو هاوڵاتیانەى دەنگم پێ دەدەن.

كات بەرەو درەنگى شەو دەڕۆیشت، لەجێوە هەستام، ماڵئاوایم لێی كرد و وردە وردە بەرەو ماڵ شۆڕ بوومەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە