سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


ئايا نەوشیروان مستەفا تاكڕەوە؟

Sunday, 20/01/2013, 12:00

2823 بینراوە


ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ که‌ ماوه‌یه‌که‌ له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ش سه‌ری هه‌ڵداوه‌، پرسیاره‌که‌ بۆته‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی جیدیی و ده‌بێت قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت. لێره‌دا منیش ده‌مه‌وێت که‌مێک قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بکه‌م و هۆکار و رێگاچاره‌کانی شی بکه‌مه‌وه‌.

بەگوێرەی هەواڵێک له‌ رۆژنامه‌ی هاوڵاتیی تێیدا هاتووە، گوایه‌ رۆژی ھەینی ١٨/١ جڤاتی نیشتیمانی گۆران ، بەسەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا کۆبووەوە و تێیدا پرسی ناوخۆیی بزووتنەوەکە و دانیشتنی سێ سەرکردەکەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم تاوتوێکرا.بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە کەنەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بەھاوڵاتی وت"نەوشیروان مستەفا وتارێکی لەسەر کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بارزانی و وەزعی سیاسی ھەرێم و ناوخۆی گۆران پێشکەشکرد و دواتر بریاردانی لەسەر چارەنووسی جڤاتەکە بۆ بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بەجێھێشت".
وتیشی"پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بەجێبھێڵێت، پەیامێکی ناراستەوخۆی دایە گوێی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە و وتی لە حزبێکدا کارناکەم، رێکخستنەکەیم بەدڵ نەبێت".
ئەو قسەییەی نەوشیروان مستەفا زۆر ترسناک و خەتەرە کە وتوێتی (لە حیزبێکدا کارناکەم، رێکخستنەکەیم بەدڵ نەبێت)، بەدیوێکی ترا واتە ئەوەی ملکەچی بڕیارەکانی من نەبێت و قسە لە قسەی خاوەن شکۆدا بکات ئەوە لە ناو گۆراندا جێگای نابێتەوە، یان ئەوەتا من بەجێی ئەهیڵم، ئەم قسه‌یه‌ لە خۆیدا پێمان ئەڵێت ئەمیش ئەیەوێت ببێتە تاکڕەو و دیکتاتۆرێکی دی وەک جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی، لەوەش مەهزەلەتر ئەوەیە، کە جڤاتی نیشتمانی دروستکراوی خۆیەتی و هەرخۆشی شەرعییه‌تی پێداوە، کە خۆی دەبێت لە کۆنگرەدا شەرعێتی پێبدرێت، نەک جڤاتێک خۆی ناشەرعی بێت و هەر خۆیشی شەرعێت بەخۆی بدات و ببێتە خاوەن بڕیار، تەنانەت ئه‌گه‌ر ئەندامەکانیشی بەبێ هەڵبژاردن دانرابن و پێشوتریش تەعینکراوبن، ئەمە جگە لە نوکتەیەکی هیچی دیکه‌ نییە. دەکرێت پرۆژەی جڤاتی نیشتمانی کە ماوەیەکە لە لایەن رێکخەری گشتییەوە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە لە کۆنگرەدا موناقەشەی لەسەر بکرایەوە و دەوڵەمەندتربکرایە ئەوجار بخرایەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەندێک کەس پێیان وایە نابێت خەڵک لەوە بترسێت نەوشیروان مستەفايش ئەبێتە تاکڕەو ودیکتاتۆرێکی دی، چونکە خۆی دژی ئەمە کاری کردووە لەم دوو سێ ساڵەدا، بەڵام ئەوە راست نییە، خۆ پێناسەی دیکتاتۆر ئەوە نییە شاخ و گوێی زیادەی هەبێت چاوی زیادەی هەبێت قاچی زیادەی هەبێت و عەقڵی زیادەی هەبێت، رەنگە خەڵکانێک بپرسن ئایا پێناسەی دیکتاتۆربوون چییە؟ بەڕای من وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر سادەیە ئەویش ئەوەیە کە هەر کەسێک لە ناو حیزبێکدا بیەوێت ببێتە دیکتاتۆر هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گڕ بۆ خستنە ژێر دەستی سەرجەم جومگەکانی ژیانی حیزب کە لە کوردستاندا بریتیە لە (راگەیاندن، رێکخستنەکان، ئابوری، هیزی چەکدار) + فيكر كە تێدا غائیبە. هەرکەسێک ویستی ئەم چوار جومگە سەرکییەی حیزب بخاتە ژێردەستی خۆیەوە ئەوە ئەو کەسە تاکڕەو و دیکتاتۆرە. ئەپرسین ئایا نەوشیروان مستەفا لەو چوار جومگەیە چەندی لە ژێر دەستدایە ؟ دیارە گۆڕان هێزی حیزبی زەبەلاحی نیە جگە لە پاسەوانی بارگاکانی کە ئەویش چەند سەدکەسێکن، بەڵام ئێستا خاوەنی (ئابوریی و رێکخستن و راگەیاندنە)، ئەم سێ جومگەیە دوانی ئێستا بەتەواوەتی لە ژێر دەستی نەوشیروان مستەفا خۆیدان وەکو راگەیاندن و ئابوریی، بەگوێرەی ئەو قسەیەش بێت، کە کردوێتی و دروستی کردنی ئەو جڤاتە بەوشێوە تاکڕوانە کە مۆدێڵێکی فاشیلە لە ژیانی حیزبایەتی ئەیەوێت رێکخستنەکانی گۆرانیش بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە. بەو پێوەرانە بێت کە لە سەره‌وە باسم کرد لە ئێستادا نەوشیروان مستەفا لە بڕینی ئاخیر قۆناغی بە تاکڕەویکردن و دیکتاتۆر بوندایە، نەک نەوشیروان مستەفا هەرکەسێکی دیش بیەوێت ئەم هەنگاوانە بنێت ئەبێت دژی بوەستینەوە. دەبێت واز لەو کەلتورە سەقەتە بهێنین کە بە میرات بۆمان بەجێماوە ئەویش ئەوەیە (ئەگەر لەگەڵم بێت تۆ کوڕی چاکیت، ئەگەریش لەگەڵم نەبیت دوژمنیت) واتە لە بەینی رەش و سپیدا هیچ رەنگێکی دی نابینێت. ئەوە لە کاتێکدایە لە بەینی رەش و سپیدا چەندین رەنگی تر بونیان هەیە.
ئەم جۆرە لە عەقڵێتە مه‌ترسییه‌کی گەورەیە لە سەر ئازادیەکانی کۆی کۆمەڵگا، چونکە کەسێک ئامادە نەبێت گوێ لە ریکخستنەکانی حیزبەکەی خۆی بگرێت و پێی وابێت ئەبێت ئەو هەرچی وت ئایەتی قورئانە و نابێت دەسکاری بکرێت و ئەوەیشی گوێرایەڵی ئەو بڕیارانەی ئەو نەبێت جێگای نابێتەوە، ئەی ئایا سبەینی ئه‌گه‌ر دەسەڵات لە هەرێم بگرێتە دەست وەڵامی چی دەبێت بۆ خەڵکانێک لە دەرەوەی حیزبەکەی و بیروڕای جیاواز، یان وەڵامی چی دەبێت بۆ داخوازی و داواکاری خەڵک؟
رێگاچارە بۆ ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە کە دەبێتە هۆی کێشە دروستکردن زۆر ئاسانە، ئەویش ئەوەیە هەموو لایەک واز لە کەللە رەقی بهێنن کە هەموو خۆمان بە حەق دەزانێن، کە خۆی حەق شتێکی رەها نییە بەڵکو شتێکی ڕێژەییە، کێشەی بیرکردنەوەی تاکی کورد بە منیشەوە ئەوەیە کە پێمان وایە هەموو حەقێک لەلای خۆمانە و ئەوەی بەرامبەرمان ده‌گووترێت هیچ راستی تێدا نیە، ئەمە هۆکاری دروستکردنی کێشە و گرفتەکانەیه‌ چ لە ناو حیزب چ لە ناو خێزان چ لە ناو کۆمەڵگا بەگشتی. پێویستە یەکەمجار خاڵە هاوبەشەکان یەک بخرێن و خاڵە ناکۆکەکانیش تاوتوێ بکرێن، دواتر بڕیاری لەبارەوە بدرێن، ناکرێت تەنها کەسێک بڕیار لە چارەنووسی خەڵکانی بدات و بیروبۆچونی خۆی بسەپێنێت، عەقڵێتی تاک په‌یڕه‌وکردن لە ناو ژیانی ئەحزابەکانی سەر گۆڕپانی سیاسی کوردستاندا باڵا دەستە و ریشەی خۆی داکوتاوە، ئەگەر بڕیارە بزووتنەوەی گۆرانیش هەمان مۆدێل و شیوازی حیزبەکانی دی پەیڕەو بکات، ئەوە جیاییە، ئەگەریش ئەیەوێت مۆدێڵێکی نوی لە ژیانی حیزبایەتی پەیڕەو بکات، ئەوە بەم شێوازە تەقلیدی و کەرەستە کۆنەبیرکردنەوانە نابێت کە ئەیانەوێت بزووتنەوەی گۆڕانی لەسەر بینا بکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە