له‌هه‌ولێر پارتی حکومه‌ت زیندانی و ده‌ست به‌سه‌ر ده‌کات !؟.

Tuesday, 06.16.2009, 12:00

1236 بینراوە


ئه‌گه‌ر چی له‌ نیشتمانی پڕ له‌ئا‌زارو تاوانه‌که‌ی ئێمه‌ ، هه‌رچی کاری سه‌یر وسه‌مه‌ره‌ هه‌یه‌ و باس بکه‌ن ، ده‌بێت بروا بکه‌ین . چونکه‌ زۆر جار وه‌ک مه‌مله‌که‌تی فه‌نته‌لۆس دێته‌ به‌رچاوم . گه‌‌رچی به‌رنامه‌ی حزب و ‌په‌یمانی سه‌رکرده‌ شاخاویه‌ جله‌ پر ‌له‌قڕێژه‌کان ، دنیایه‌ک خه‌ون و په‌یمانی ره‌نگاو ره‌نگیان ، به‌گوێ ده‌چرپاندین .
ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ له‌ژماره‌ی 176،175 دا هه‌والی زیندانی و ده‌ست به‌سه‌رکردنی به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی هه‌ولێری بڵاوکردۆته‌وه‌ ، به‌هۆکاری ئه‌وه‌ی هه‌وڵی داوه‌ ، تاوانبارێک ده‌ستگیر بکات که‌ 2 سال له‌مه‌وبه‌ر ‌دوو هاولاتی له‌شاری هه‌ولێر شه‌هید کردوه‌ ؟ ، ئه‌گه‌رچی به‌ڕێوبه‌ری پۆلیس ،ئه‌و مافه‌یاسایه‌ی هه‌بوه‌ ، به‌لام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ، تاوانباره‌که‌ ،له‌مه‌مله‌که‌تی بێ بریاری یاسا (مه‌سیف سه‌لا‌حه‌دین) ده‌ژیت ، ره‌زامه‌ندی وه‌زیری ناوخۆشی وه‌رگرتوه‌ ، به‌لام کاتێک بۆ گرتنی ده‌چێته‌ ناو‌ مه‌مله‌که‌ته‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم ، سه‌ره‌تا زیندانی و دواتریش بۆ ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌ ،له‌پاڕێزگای هه‌ولێر ده‌ست به‌سه‌ر ده‌کرێت .
ئه‌گه‌رچی له‌ته‌مه‌نی ده‌سه‌لاتی کوردی ، نمونه‌ی هاوشێوه‌ به‌خراپتریش رویداوه‌ ، به‌ڵام درێژه‌دانی پێی ، به‌تایبه‌تی له‌گه‌رمه‌ی هه‌ڵبژاردن ، وێنه‌یه‌کی یه‌کجار مه‌ترسیدارمان پێ نیشان ده‌دا ، که‌به‌رپرسان له‌پێناوپاراستنی پاسه‌وانێكیشیان ، سڵ له‌هیج کارێک ناکه‌نه‌وه‌ . دواترله‌گه‌رمه‌ی هه‌لبژاردن ،هه‌موو حزب و لیستێک ، قۆناخی چه‌واشه و کاری خزمه‌تگوزاری کاتی و په‌یمانی پڕله‌درۆده‌ده‌ن . به‌کورتیه‌که‌ی له‌ گورگێکه‌وه‌ خۆیان به‌ ‌ ئاسک یان بولبول به‌جه‌ماوه‌ر نیشان ده‌ده‌ن . که‌چی پارتی و ده‌سه‌لاتی کوردستان به‌به‌رچاوی هه‌موومان له‌بڕی ئه‌وه‌ی تاوانباره‌که‌ ، به‌ره‌و دادگا ببات ؟ حکومه‌ت (به‌ڕیوبه‌ری پۆلیس) زیندان و ده‌ست به‌سه‌رده‌کات !؟ ئاخر ئه‌م چیرۆکه‌ له‌هه‌ر ناوه‌ندێکی سیاسی ومرۆڤ دۆستی جیهانی باس بکه‌یت ، جگه‌ له‌سیسته‌می جه‌نگه‌ڵستان هیچ بروانامه‌یه‌کی تری پێ نابه‌خشیت ؟
له هه‌موو ولاتێک ئه‌گه‌ر تۆزێ یاسا و مه‌ده‌نیه‌ت هه‌بێت ، پۆلیس گه‌وره‌ترین هێزی جێ به‌جێکه‌ره‌ و ‌ده‌توانێ هه‌موو به‌رپرسێک بخاته‌ زیندانه‌وه‌ . ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له‌‌مێدیای سوێدی ، هه‌والی ئه‌وه‌ بلاوکرایه‌وه‌ ، که‌ باوکی سه‌رۆک وه‌زیرانی سوێد ، پۆلیس لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ل ئه‌نجام داوه‌ ، چونکه‌ له‌کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیل ده‌رکه‌وتوه‌ ڕێژه‌یه‌ک ئه‌لکحول له‌له‌ش بووه‌ ؟ نمونه‌ی له‌م باره‌ ، له‌ولاته‌ دیموکراتیه‌کان ، یه‌کجار زۆره‌ ، که‌سه‌رۆک وه‌زیروبه‌رپرسان ، یاسایان به‌سه‌را جێبه‌جێ ده‌کرێت ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر لێخورینی خێرایی ئۆتۆمۆبیل یان راگرتنی له‌شوێنی هه‌له‌ ش بێت. چیرۆکی هاوشێوه‌ له‌ولاتی ئیسرائیلیش ،به‌رده‌وام گوێ بیست ده‌بین.
به‌داخه‌وه‌ زۆرێک له‌رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کان ئه‌م پێشێکاریه‌ زه‌قه‌ یاسایه‌یان ، به‌ئاستی قه‌باره‌ی خۆی به‌خه‌ڵک نیشان نه‌دا ؟ وه‌زیری ناوه‌خۆش ، له‌بڕی ده‌ست کێشانه‌وه ، درێژه‌ به‌کاره‌کانی ده‌دا‌ !؟
ئه‌وه‌ی تێناگه‌م ‌ کاتێک به‌رپرسان له‌سه‌ر مینبه‌ره‌کانی تێڤێ ، باس له‌سه‌روه‌ری وڕیزگرتن له‌یاسا ده‌که‌ن ، هه‌ست ناکه‌ن ئێمه‌ به‌ درۆزنێکی زۆر گه‌وره‌ سه‌یریان ده‌که‌ین ؟
پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ، ئه‌گه‌ر له‌سه‌رهه‌ولدان بۆ گرتنی پاسه‌وانێکی به‌رپرسی ، مه‌مله‌که‌ته‌که‌ی سه‌رۆک ، به‌ڕیوبه‌ری پۆلیس (حکومه‌ت) زیندانی بکرێت، ئه‌ی له‌سه‌ر گرتنی به‌رپرسه‌ زله‌کان و پێ له‌قکردنی کورسیه‌کانیان ، ده‌بێت ئه‌م نیشتمانه چۆن بکرێته‌ ته‌ته‌رستان ‌؟
http://www.awene.com/Rojname/176/1764.pdf
http://www.awene.com/Rojname/175/1751.pdf