شاسوار مامە

https://www.facebook.com/shaswarmame21


کۆنگرەی ھەدەپە و چەند سەرنجێک..!

Monday, 28/10/2013, 12:00

1976 بینراوە




یەکەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی گەلان لە ڕۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەم لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. ھەدەپە پارتێکی نوێی تورکیایە و پڕۆژەی عەبدوڵا ئۆجەلانە بۆ یەکخستنی گوتاری نەتەوە و پێکھاتە جیاوازەکان، بە ووتەی ئۆجەلان لە تورکیا بۆشایی ھەیە لەبواری خەباتی ھاوبەشی گەلانی ئەو وەڵاتە. لەناو ھەدەپە کورد و تورک و ئەرمەن و عەلەوییەکان و لاز و چەرکەس و عەرەب و ئیسلامی و مەسیحی و کلدان و تورکمان و ئاشوری و سەرجەم پێکھاتەکانی دیکەی تورکیا جێگەی خۆیان دەگرن و لەسەر ئاستی تورکیا خەباتی سیاسی و مەدەنی بەڕێوەدەبەن. ئەو پارتە نوێیە کە دەبێتە پێنجەمین پارتی تورکیا لەناو پارلەمان لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ئایندەی تورکیا بەشداری دەکات و پێدەچێت لەگەڵ بەدەپە ھەماھەنگی بکەن، بەشێوەیەک بەدەپە لە باکوری کوردستان و ھەدەپە لە ھەرێمەکانی دیکەی تورکیا بەشداربن لە ھەڵبژاردنەکان، ھەرچەندە لە فراکسیۆنی بەدەپە ٤ پارلەمانتاری تورکیا دەستیانلەکارکێشایەوە و چوونە ناو ئەو پارتە ناوێیە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە پارتەکانی دیکەی تورکیاش کۆمەڵێک پارلەمانتار بچنە ناو ھەدەپە، بەتایبەت لە پارتی گەلی کۆماری "جەھەپە". پارتی دیموکراتی گەلان شێوازێکی نوێی خەباتی سیاسی دێنێتە ئاراوە لە تورکیا، چونکە ھەتاکو ئێستا لە تورکیا پارتێکی سیاسی بوونی نەبوە کە سەرجەم پێکھاتەکان لەناو خۆیدا جێبکاتەوە و ڕەچاوی ئایین و نەتەوە و زمان و کەلتور نەکرێت و دوور لە ڕەگەزپەرستی و ناسیۆنالیستی سیاسەت بکات، لەبەر ئەوە لەناو تورکیا ھیوایەکی نوێ بۆ ئەو کەسانە دروست بووە کە پێشتر لەناو تورکیا دەرفەتی یەکسانی کاری سیاسییان نەبوو، لە ھەمانکاتدا ترسێک لەناو پارتە سەرەکییە تورکییەکانیش دروست بووە بەوەی ئەو پارتە نوێیە ئەندام و لایەنگرەکانیان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و کاریگەری لەسەر پێگەی سیاسی و جەماوەرییان دروست بکات. لە کۆنگرەی یەکەمی ھەدەپە کۆمەڵێک ئاماژە بینران کە بۆنی بەرەوپێشچونی پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراتیزەبوونی تورکیایان لێدەھات، بە ئاشکرا جیاوازی کەشوھەوای ناو ئەو کۆنگرەیەیە ھەستی پێدەکرا بە بەراورد لەگەڵ کۆڕ و کۆبونەوە و کۆنگرەکانی دیکە کە لە بابەت پرسی کورد رێکدەخران.
لە کۆنگرەی ھەدەپە چاودێری ھێزە ئەمنییەکان کەمتربوو و لە دەوروبەری ھۆڵی کۆنگرەکە ھێزێکی کەم بوونیان ھەبوو، لەکاتێکدا لە دواھەمین کۆنگرەی بەدەپە کە لە ھەمان شوێن بەڕێوەچوو ھەموو ناوچەکە بە ھێزی ئەمنی تەنرابوو، لەلایەکی دیکەوە دیوانی کۆنگرە لەلایەن ئەرمەن و تورک و کورد و پێکھاتەکانی دیکە بەڕێوەدەبرا، ھەر لە کۆنگرەکەدا ڕێژەی ژنان زۆر بوو و ئەو کوردانەی لە ناوچە جیاوازەکانی باکووری کوردستانەوە بەشدارییان کردبوو بە جلی کوردی و ڕەنگی سەوز و زەرد و سور دەبینران. ئەوەی زۆر جێگەی سەرنج بوو ئەوە بوو کە سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە فەرمی بۆ کۆنگرەکە بانگھێشت کرابوو بەڵام بە ناردنی پەیامێک بەشداری کرد لە کۆنگرەکەدا، ئەگەرچی لە پەیامەکەی ئەردۆغاندا ھاتبوو: (بۆ بانگھێشتکردنی من لە نزیکەوە بۆ کۆنگرەکەتان سوپاستان دەکەم، ھیوادارم خەباتی ناو کۆنگرە لەناو یەکێتیدا بەڕێوەبچێت و ئەو بڕیارانەی لە کۆنگرە دەدرێن خێرداربن بۆ پارتەکەتان و ژیانی سیاسی لە تورکیا. سڵاو لە بەشداربووان دەکەم) بەڵام پەیامەکە نەخوێنرایەوە! لە لەلایەکی دیکەوە لە ڕێگەی شاندی بەدەپە عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێکی ناردبوو بۆ کۆنگرەی نائاسایی ھەدەپە و لە کاتی خوێندنەوەی پەیامەکە لەلایەن ئامادەبوانەوە بە گەرمی پێشوازی لە پەیامەکە کرا، ھەر لەناو کۆنگرەدا چەندین جار ناوی شۆڕشگێڕانی سەدەی ڕابردووی جوڵانەوەی چەپی تورکیا دەنیز گەزمیش و ماھیر چایان و ئیبڕاھیم کایپ کایا و پێشەنگانی پەکەکە مەزڵوم دۆغان و کەمال پیر و ھەقی قەرار دووبارە دەکرایەوە تەنانەت ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا دەڵێت؛ ئەو پەیامەی ماھیر چایان و ھاوڕێکانی تەسلیمی منیان کرد، ئێستا منیش تەسلیمی ھەدەپەی دەکەم.
لە دیوارەکانی ھۆڵی کۆنگرە کۆمەڵێک دروشمی سەرنجڕاکێش ھەڵواسرابوون لەوانە (پارتی ڕەنگاوڕەنگ، پارتێکی جەوھەری، پارتی ئازادی، پارتی ژن، پارتی دیموکرات، پارتی گەلان، پارتی کرێکاران و ڕەنجدەران، پارتی ژینگە، پارتی یەکسانی و...) ئەوەش نیشانەی ئەوەیە ھەدەپە پارتێکی ھەمەلایەن و فرەپێکھاتە دەبێت. لە کۆنگرەکەدا ئەوە بەدیدەکرا کە زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە لە کوردان بوون، لە کۆنگرەدا ھاوشێوەی بەدەپە سیستەمی ھاوسەرۆکی پەیڕەوکرا و ھەریەکە لە سەباحەتین تونجەل و ئەرتوغرول کورکچو پارلەمانتارانی پێشوی بەدەپە بە ھاوسەرۆکانی ھەدەپە ھەڵبژێردران، لە کاتی خوێندنەوەی وتارەکەیدا، ئەرتوغرو باری تەندروستی تێکچوو و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا بەڵام دەرکەوت لە دواییدا باری تەندروستی جێگیربۆتەوە. لە دوای کۆنگرە، گەلانی تورکیا چاویان لە ھەنگاوەکانی ئەو پارتە نوێیە دەبێت لە تورکیا و دروستبوونی ئەو پارتە نوێیە لە ئێستاشدا بەشێکی شەقامی ئەو وەڵاتەی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە