بڕیاری هیوا

Sunday, 14/06/2009, 12:00

2297 بینراوە


ماوەی (15)رۆژە لیستی هیوا لەناو تێكۆشانێكی بێ ووچان دایە، لە پێناو ئەوەی ئەو بڕیارە ناڕەوایەی بە سەریدا سەپێنراوە هەڵیوەشێنێتەوە. هەموو ئەوانەی بەهیوا دەژیان لەم ماوەیەدا هەڵوێستی خۆیان نیشاندا و بوونە خاوەن كارو چالاكی.
هەموومان لەوە دڵنیاین كە ئەو بڕیارەی دەرهەق بە لیستی هیوا وەرگیراوە بۆ قەدەغەكردنی لە هەڵبژاردنەكاندا بڕیارێكی سیاسییەو هیچ پەیوەندی بەدەستوور ویاساكانی ئێراق و هەرێم وكۆمیسیۆن خودی خۆشییەوە نییە. چونكە ئەو بڕیاری دراوە سەبارەت بەپارتی چارەسەیە نەك بەلیستی هیوا، دیارە ئەو بڕیارەی كە سەبارەت بە پارتی چارەسەریش درابوو، ئەویش لە (13-4-2009)لە كۆبوونەوەی چوار قۆڵی دراوە لەنێوان(توركیا، ئەمریكا، ئێراق، هەرێم)دا ئەوەی سكاڵاشی لەسەر لیستی هیوا تۆمار كردووە و بڕیاریشیان داوە ئەوانەن كە دوو مانگ پێش ئەوە بڕیاریان لەسەر پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان دابوو. بیانووەكەیان هەرچییەك بێـت ناڕەوایە، چونكە هەموو یاسا و پێوانەكانی ئەمڕۆی ئێراق ئەوە دیاری دەكەن كەهەر كەسێك دەتوانێ لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدار بێت، ئەوەشی بخەینە سەر هیچ یەكێك لەو هێزانەی كە ئەمڕۆ ئێراق بەڕێوە دەبن پارتی و یەكێتیش لەناودا سەر بەخۆ نیین و هەزاران بەڵگەی سەلمێنەر لەبەر دەستدان. خودی ئەو هێزانە خۆشیان تاكو ئێستا بە ملیشیا چەكدارەكانیان مەترسی لەسەر داهاتووی ئێراق وهەرێمی كوردستانن. نموونەی میلیشیای بەدەر، سەدەر، ملیشیاكانی سووننە بەناوی جۆراوجۆری بەرگری كردن و پێشمەرگەش. ئەوەی لەو ناوەدا هیچ مەترسیەكی چەكداری لەسەر ئێراق و كوردستاندا نی یە تەنها پارتی چارەسەری ولیستی هیوایە. ئەو كات ئەو بڕیارەیان پێت دەڵێت دەبێ تۆش وەك ئێمە هەڵسوكەوت بكەیت، ئەگەر نا ناتوانی سیاسەت بكەیت!!!
كەریم سنجاری و فەرەج حەیدەری
لە (13-4-2009)دا كەریم سنجاری بە دۆسیەیەكەوە لەهەولێرەوە چووە بەغدا و دۆسیەیەكی پێشكەش بە شێروان وائیلی كرد و ئەوانیش بڕیاریان لەسەردا، پێ دەچێت دۆسیەكە قەدەغە كردنی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بێـت. لە(27-5-2009)دا شێروان وائیلی دۆسیەیەكی پێشكەش بەفەرەج حەیدەری كرد ئەویش قەدەغە كردنی لیستی هیوا بوو، ئەویش پێكیهێنا. ئەو كات نازانم جیاوازی چی هەیە لەنێوان كەریم سنجاری و فەرەج حەیدەری، هەمان ئەو بیانووەی كە پارتی چارەسەری پێ قەدەغە كراوە هەمان بیانووشە بۆ قەدەغە كردنی لیستی هیوا. ئەوە دیار دەبێت كە هێشتا فەرەج حەیدەری وەكو چۆن ئەندام لقی بەغدای پارتی بووەو لەكارەكاندا گوێڕایەلی دەزگای پاراستن و وەزارەتەكەی كەریم سنجاری بووە، ئێستاش بەهەمان شێوە كارەكانی بەڕێوە دەبات. بۆیە شتێك بەناوی یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لای فەرەج دەستناكەوێت.
دەرەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم وپاشكۆكانی هەموو هێزو لایەن و كەسایەتیەكان هەڵوێستی خۆیان نیشانداو بڕیارەكەیان شەرمەزار كرد، دەركەوت كە خودی دەسەڵات خاوەنداریەتی لەو بڕیارە دەكات و پێكەوەش دەیپارێزن. باوەڕدەكەم ئەوەش وای كرد كە سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەڵبژاردنەكان لەو ماوەیەدا بگۆڕن و دادوەرێك كە زیاتر گوێڕایەلی دەسەڵات بێت، بێنە شوێنی، ئەگەر نا بەم كتوپڕیە چی بوو لەبەر نەخۆشی دادوەر رامیز بگۆڕن و دادوەر بەنگین بێنە شوێنی!!
هەموو ئەوانە دەریان خست كە لەناو لیستەكانی هەڵبژاردندا لیستێك هەیە جیاوازە، ئەوانەی تر كەم زۆر نزیك یەكترن وجیاوازیەكانیان دیارن، بۆیە دەتوانرێت بگوترێت بیست وچوار لیست پێكەوە لەبەرامبەریشدا لیستی هیوا بەتەنها.
ئێستا كاتی ئەوە دێت لیستی هیوا چۆن بڕیار دەدات؟ نەك چۆن بڕیار لەسەر لیستی هیوا دەدەن، چونكە دەسەڵاتداران بڕیاریان لەسەر لیستی هیوا داوە، ئەوەی كە رۆژی (14-6-2009) ئاشكرا بكرێت ئەوە ئەنجامی تێكۆشانی لیستی هیوایە، بەرامبەر ئەوەی ئایا دەتوانێت ئەو بڕیارە بەدەسەڵاتداران بگۆڕێت؟؟ چونكە وەك چۆن كۆمسیۆن سەدان یاسای هەیە، بەڵام سیاسیەكان بڕیاری لەسەر دەدەن، بەهەمان شێوەش، دادگاش بەسەدان یاسای هەیە، بەڵام كۆتایەكەی سیاسیەكان بڕیاری لەسەر دەدەن، نموونەشمان هەیە، دۆزی كەمالی سەید قادر بوو، لەدادگای پێداچوونەوەی هەولێر.
لیستی هیوا لەرۆژی یەكەمیەوە بڕیارەكەی دیار بوو، ئەویش لە پێناو گۆڕانێكی ریشەییدا تێكۆشان. بۆ ئەوەش دروشمی هیوا لەسەركەوتن بەنرخترە بەرزی كردۆتەوە. ئەمڕۆكەش هیوا لەناو تێكۆشاندایە بەیانیش لەناو تێكۆشاندا دەبێت. دەبێت دەسەڵاتداران لەسەر بڕیارە ناڕەواكەیان سوور بن، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانرێت پێكهێنەرانی لیستی هیوا لە تێكۆشاندا لەوان سوورترن، لە پێناو گەیاندنی پەیامەكەیان. بۆیە دەڵێم بڕیاری لیستی هیوا، بڕیاری بەردەوام كردنی تێكۆشانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە