ڕاگەیاندراوێک لە کەمپینی: (نا بۆ توندوتیژی دژی ژنانی دوو گیان)

Saturday, 10/05/2014, 12:00

2113 بینراوە


کەمپه‌ین بەکارهێنانی ژن وەکو ماشینێکی کوڕ خستنەوە ڕاگرن!
لە تازەترین به‌دواداچووندا، کەمپه‌ینەکەمان بۆی دەرکەوتووە کە هەندێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی ژنان لە شاری سلێمانی، تەکنەلۆژیای دیاریکردنی جێندەری کۆرپەلەیان کڕیوە و ڕێژەی کوڕ بە بەراورد بە کچ لە زیادبوونێکی ترسناکدایە. کەمپه‌ینەکەمان پێی وایە دەبێت گشت لایەنە یاسایی و جێبەجێکاريى و دەزگا گشتی و ئاینیەکان لەسەر ئەم بابەتە بێنە گۆ و هەوڵی ڕێکخستنی بدەن. ئەگەر نا پاڵنەری قازانج بەلای بازرگانەکانی سیستمی تەندروستیەوە بواری ئەوەیان دەدات کە لە پێناو پارەدا هەموو کوردستان بکەن بە کوڕ!
سیستمی تەندروستی کوردستان کراوە بۆ ئامرازێکی چەور بۆ قازانجی دارایی و پاشخانی ئابوری. لەمەدا بازرگانەکانی بواری تەندروستی زۆر بە زانایانە هەموو دەزگاکانی کەرتی گشتیان لەڕێی پلانێکی پێشەوەختەوە وێران کردووە بۆئەوەی بزنس و نەخۆشخانە تایبەت و شەریکەکانیان لە کەرتی تایبەتدا قازانج بکەن. بۆ ئامانجە "پیرۆزەکە"ی قازانجکردن، ئەوان سڵ و شەرمیان لە دەستبردن بۆ هیچ شتێک نەکردووە بەو لایەنە زۆر هەستیارانەی مرۆڤیشەوە وەکو دەستنیشانکردنی جێندەری کۆڕپەله‌.
بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیای سەردەمیانە و نەبوونی باج و تاریف لەسەر هاوردەکردنی ئەو تەکنه‌لۆژیایە و فراوانبوونی شێرپەنجەیی نەخۆشخانە تایبەتەکان وایکردووە کە بازرگانەکانی تەندروستی سڵ لە هیچ شتێک نەکەنەوە.
کەمپه‌ینەکەمان بۆی دەرکەوتووە کە نەخۆشخانەی ئینته‌رناشناڵ لە سلێمانی دەستی داوەتە دیاریکردنێکی بێ ئەندازە و بێ کۆنترۆڵی جێندەر. به‌ چاوخشاندنێکی خێرا بە داتا و ئامارەکانی ئەو نەخۆشخانەیە بۆت دەردەكه‌وێت کە رێژەی هەرە زۆری ئەو منداڵانەی کە لەڕێی ئەوەی پێی دەگوترێت منداڵی بلوريى لەو نەخۆشخانەیە لە دایکدەبن، کوڕن. ئەو نەخۆشخانەیە، تەنها ئەو هێلکانە دەستنیشاندەکات کە لەڕێی سپێرمی نێرەوە دەپیتێنرێن و ئەو هێلکانە بەکاردهێنێت بۆ ئەوەی منداڵەکە کوڕ دەربچێت.
ئێمە پێمانوایە کە باوک و دایک مافی خۆیانە کە جێندەری کوڕپەڵەکەیان دەستنیشانبکەن، بەڵام دەبێت یاسا و ڕێسای گونجاویش هەبێت کە ڕێگری بکات لەوەی کە ئەم بابەتە خراپ بەکاربهێنرێت بۆ قازانجی دارایی، مافەکانی مرۆڤ لەم لایەنەوە پێشێل بکرێت. بۆیە ئێمە وەکو کەمپه‌ینەکەمان داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین کە:
پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەت بەم لایەنە دەربکات و ڕێکیبخات.
تا دەرچوونی یاسایەک، وەزارەتی تەندروستی (بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتان) ڕێنمایی دەربکات بۆ ڕێکخستنی بوارەکە.
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دیبەیتێک ڕێکبخەن لەسەر ئەم بابەتە و بگەنە کۆدەنگیەک لەسەری.
ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر ژمارەی ئەو کۆڕپەڵانەی کە بەم میکانیزمە لە دایکدەبن و هەروەها لەسەر خێزانەکانیان بۆ دەستنیشانکردنی ژمارەکان و پاڵنەرەکانی پشت ئەم دیاردەیە.

کەمپه‌ینی 'نا بۆ توندوتیژی دژی ژنانی دووگیان'

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە