روونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرێتى پەروەردەى چەمچەماڵەوە

Tuesday, 21/09/2010, 12:00

1392 بینراوە


لەدواى ئەوەى كۆمەڵێك روناكبیرو مامۆستاو قوتابیانى ناحیەى سەنگاو، بەیاننامەیەكیان لە بەروارى (11/9/2010) لە ژمارەیەك كەناڵى راگەیاندن بڵاوكردەوە، سەبارەت بە تێكدانو شكاندنى بەشێك لە كەرەستەى قوتابخانەى سەنگاوى بنەڕەتى، تیایدا رەخنەى ئەوەیان گرتبوو كە تائێستا هیچ لێكۆڵینەوەیەكو بەدواداچونێك لەبارەى ئەو رووداوەوە نەكراوە، بەپێویستمانزانى وەكو بەڕێوەبەرێتى پەروەردەى چەمچەماڵ، ئەم رونكردنەوەیە ئاراستەى رایگشتىو ئەو مامۆستاو روناكبیرو قوتابیانە بكەینو لەم دوو خاڵەدا سەرنجى خۆمان لەسەر ئەو بەیاننامە رادەگەیەنین:
یەكەم: تایبەت بەو دەستەى كە هەستاوە بە تێكدانو شكاندنى كەرەستەكانى خوێندنگاى بنەڕەتى سەنگاو. وەكو پەروەردەى چەمچەماڵ لیژنەى لێكۆڵینەوەمان پێكهێناوەو سكاڵامان لە دادگا تۆماركردووە. پاشان سەردانى خوێندنگەكەمان كردو چارەسەرى پێویستى بۆ كرا، ئەویش بە دابینكردنى دوو پاسەوان كە پێشووتر كە پاسەوان نەبوو.
وەكو ئەوەى خۆتان ئاگادران ماوەیەكى زۆرە دامەزراندنى كارگوزارو پاسەوان لەلایەن حكومەتى هەرێمەوە راگیراوە، بەردەوامیش ساڵانە ئێمە پاسەوانو كارگوزارەكانمان خانەنشین دەكرێن، ئەو شوێنانە بەبەتاڵى دەمێنێتەوە. رەنگە ئەوەش هۆكارێكى ئەو رووداوە بووبێت، كە روویداوە.
دووەم: ئەو كێشەیەى كە روویدا لەنێوان بەڕێوەبەرو پاسەوانى قوتابخانەكە، هیچ پەیوەندى بە قوتابخانەكەوە نەبووەو دوور لە كارى كارگێڕى روویداوە. بەلام لەگەڵ ئەوەشدا، وەكو پەروەردە بانگهێشتى هەردوولامان كردوەو ئاگادارمان كردونەتەوەو كۆتایمان بە كێشەكە هێناوە. سەرەڕاى ئەوەش بە نوسراو، سزاى بەڕێوەبەرى قوتابخانەكەمان داوە.
لێرەشەوە رایدەگەیەنین رێگە بە هیچ كەس نادەین، كارى نایاسایى بكاتو روخسارى دامو دەزگاى پەروەردەیىو حكومەتى هەرێم ناشیرین بكات.
لەكۆتاییدا داوا لە رۆشنبیرانو مامۆستایانو خوێندكارانى سەنگاو دەكەین كە پارێزگارى لە پیرۆزى قوتابخانەو خوێندنگاكانى خۆیان بكەن، لەبەرئەوەى ئەو شوێنە بۆ خزمەتى ئەوان دانراوە.


راگەیاندنى پەروەردەى چەمچەماڵ
(20/9/2010)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە