بەهانە مەدۆزنەوە بۆ شەڕی خۆ بەخۆ

Sunday, 28/08/2011, 12:00

2034 بینراوە





نا بۆ شه‌ڕی خۆبه‌خۆ
موعتادەکانی هێرۆیین، کەکاتی هێرۆین خواردنیان دێت، ئاگر لەدەرونیان بەردەبێت و ئامادەن گیانی خۆیان و کەسوکاریان بفرۆشن لەپێناو بەدەستهێنانی هەندێک هێرۆین بۆ خۆ گێژ کردن.
موعتادەکانی خۆێنیش، هەر کە دەرونیان گەرم داهات، حەزیان دەچیتە بۆنی خوێن و ئامادەن نەتەوەکەیان تۆشی دەیان دەردەسەری بکەن و بەهانە دروست بکەن بۆ خوێن رێژی.
دەنگی نەتەوەیی پێ وایە، ئەگەر کورد شەڕ بکات یان نەکات لەگەڵ داگیرکەران، سەرانی داگیرکەران بەهانە دەدۆزنەوە بۆ کوشتوکوشتاری کوردو سوتاندن و وێرانکردنی کوردستان، هەندێ جار سەرانی تێکڕای حیزبە کوردستانیاکان بەکار دەهێنێن بۆ شەڕی خۆ بەخۆو خوێن رێژی یەکتر.
سەرانی تێکڕای حیزبە کوردیەکان لە لە پایتەختەکانی بەغداو ئەنقەرەو دیمشق و تاران، دەرزی موعتادی خوێن رێژیان لێدراوەو ئەوانیش بەناوی کوردایەتی بەرژەوەندی کوردایەتیەوە مناڵی خۆیان دەپارێزن و مناڵی خەڵکیش بەیەکتر بەکوشت دەدەن.
چەندە خۆشحاڵ بووم کە لەپەرلەماندا جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی شەری خۆ بەخۆیان حەرام کردو گوتیان ئەو دەستە دەبڕین کە جارێکی تر شەڕی خۆ بەخۆ بکات، ئەوەندەش بە قسەکانی کاک مەسعودو بریارەکەی پەرلەمان نارەحەت بووم کە بەهانە دەدۆزنەوە بۆ هەڵگیرسانی شەڕی خۆ بەخۆ.
ئەگەر من کاک مەسعود بارزانی بایەم، دوا تەمەنی خۆم بەرەو خوێن رێژیەکی خۆبەخۆی نەدەبردو هەڕەشەم لە پێکاکاو پەژاک نەدەکرد، هەرەشەم لە ئێران و تورکیا دەکرد، لەشکرم بەرەو سنورەکان دەبردو شیعرەکەی پیرە هەڵۆی مام هەژارم لەسەر لوتکەی شاخەکان بۆ پێشمەرگەو گەریلاکان دەخوێندوە.
کاک مەسعودو مام جەلال پێیان وایە کە وەک زوحاک ئەگەر هەر رۆژەی دوو گەنجی کورد سەرببڕن و خوێنەکەیان بدنە مارەکانی سەر شانیان، دەتوانن دوو هەزار ساڵی تر بژین و کاوەیەکی ئاسنگەریان لێ پەیدا نابێ، بەڵام بە هەڵە داچون و ئەمڕۆ کورد هەزاران کاوی ئاسنگەری لێ پەیدا بوو کە قبوڵ ناکات خوێنی رۆڵەکانی بدرێ بەو دوو مارەی سەرشانیان.
کاک مەسعود، زۆر جار ئاگامان لێیە شانازی بە باوکتەوە دەکەی و دەڵێی لەرۆژی تەنگانەدا بە باخەڵی بەتاڵ و چوار سەد کەس شەڕی سێ داگیرکەری کردوە، باشە چ خەبەر بەرێزتان بە پەنجا بلوێن دۆلارو دووسەد هەزار چەکدار و ئەو هەموو چەکە قورسانەوە چاوی خۆت لەئاستی داگیرکەران دادەخەی و هەڕەشە لەو کچە کوردانە دەکەی کە بەناچاری لەدەست زۆڵم زۆری داگیرکەران پەنایان بۆ قەندیل هێناوە ؟.
ئەگەر تۆ و مام جەلال دەست لە عێراقچیەتی و تێکڕای داگیرکەران هەڵگرن و بێنە ناو سەنگەری نەتەوەییەوەو بەتێکڕا شەڕی مان و نەمان بکەن، هەزارانی وەک منی دورە وڵاتیش دێتەوەو کۆنە سەنگەرەکان چاک دەکەینەوە بۆ بەرانبەر بە داگیرکەران.
ئەگەر هەموو بەتێکرا دەست لەبەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆمان هەڵبگرین و کورو کچەکانی خۆمان وەک کورو کچی خەڵک بخەینە ناو سەنگەری کوردایەتیەوە، هیچ داگیرکەرێک خۆمان بۆ ناگرێت و دەبێتە راپەڕینێکی نەتەوەیی لە کورردستانی گەورەو ئاودانەوەی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی.
دەبا ٥٠٠ کەسایەتی ناوداری کوردستانی گەورە بەیەک دەنگ لەبەردم میدیاکان و تەلەفزوێنەکاندا بانگەوازی یەکیەتی و یەکگرتنەوەی کوردستانی گەورە رابگەیەنین و بەدەنگی بەرز بەداگیرکەران بڵێین قەندیل چۆل ناکەین و خاکە داگیرکراوەکانیشمان دەوێتەوە، ئەگەر تۆ ئاگر لە نیشتمانی ئێمە بەربدەی، ئێمەش ئاگر لە ئەنقەرەو تاران و بەغداو دیمشق بەر دەدەین، کۆمەڵگای کوردەواری گوێ بۆ دەنگی ئەو ٥٠٠ کەسایەتیە رادەگرێ و کۆمەڵگای نێو نەتەوەیش بێدەنگ نابێ لە ئاستی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە گەورە، کاک مەسعودو مام جەلال ئەگەر ئەوەش ناکەن، وام پێ باشە بە ئاشکرا بڵێن بارودۆخەکە ئاڵۆز بووەو بە ئێمە چارەسەر ناکرێ، دەست لەدەسەڵات هەڵگرن و رێگا چۆل کەن بۆ ئێمە، ئێمەش شەڕی خۆ بەخۆ ناکەین و سەنگەرێکی تازەی برایەتی و سیاسی شۆڕشگیری هەڵدەکەنین و ئەگەر داگیرکەرانیش واز لە هەڵوێستی خۆیان نەهێنن، ئەوا دڵنیاتان دەکەم بە چەکوچی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لوتیان دەشکێنین.
http://patriotword.blogspot.com/2011/08/secession-mr-sardar-pishdare-making.html
سەردار پشدەری
لەندەن ٢٦ ٨ ٢٠٠١
http://www.kurd-oil.net
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە