كۆمیسیۆنى باڵای سەربەخۆیى هەڵبژاردنەكان سەربەخۆیى خۆى لەدەستدا

Monday, 01/06/2009, 12:00

3284 بینراوە


لیستى "هیوا" دواى ئەوەى لە بەروارى 22/4/2009 داواى پێشكەش بە كۆمیسیۆنى باڵایى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان لە شارى هەولێر كرد بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنەكان، لە دواى لێكۆڵینەوەى كۆمیسیۆن و هەبوونى هەموو مەرجەكان و سەد كردنى بڕى 25 ملیۆن دینار بۆ تامیناتى هەڵبژاردن بەپێى سیستەمى تەسدیقى كیانى سیاسى ژمارە 2 ساڵى 2009 كۆمیسیۆن بڕیاریدا كە لیستى "هیوا" وەكو كیانێكى سیاسى بناسێت و ژمارەى موسادەقەكەشى 895 مافى بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان ـ ئێراق بكات و ئەم بڕیارە لە بەروارى 28/4/2009 بە ئیمزاى قازى قاسم حەسەن عەبودى سەرۆكى ئیدارەى هەڵبژاردنەكان بە فەرمى راگەیەندرا.
كۆمیسیۆنى باڵا لەم بەروارەوە لیستى هیوای وەكو كیانێكى سیاسى ناساند، لەبەرئەوەى مەرجى یاسایى تیادا بووە هیچ كێشەیەكى لەسەر نەبووە، بەڵام لە رۆژى 31/5/2009 لە كاتێكدا تیرو پشك بۆ ژمارەكان كرا، ژمارەى لیستەكان راگەیەنرا كۆمیسیۆنى باڵا ژمارەى لیستى هیواى پێشكەش نەكردبوو، گووتبووى ئێوە شكایەتان لەسەرە تا ئەو شكایەتە لەماوەی سێ رۆژدا یەكلایى نەكەنەوە ژمارەتان پێ نادرێت و مافى كیانى سیاسیتان لێ دەسەندرێتەوە.
كۆمیسیۆنى باڵا وێڕاى ئەوەى كە بە فەرمى تۆمەتەكەشى بۆ راگەیاندنەكان نەگووتووە، بەڵام وەكو تاوانبار سەیرى لیستى هیواى كردووە. لەكاتى هەڵبژاردندا هەروەكو چۆن مافى لایەنێك ـ جگە لە كۆمیسیۆنى هەڵبژاردن ـ هەیە لایەنێك تۆمەتبار بكات، پێویستە مافى ئەو لایەنەش هەبێت كە لە چوارچێوەی یاسادا بەرگرى رەوا خۆی بكات. ئەگینا شكایەت لەسەر كێ بوو ئیدى مافى بەشدارى هەڵبژاردنى نییە لە دوایدا هەر (پارتى و یەكێتى) دەمێننەوە!
نابێت یاسا و كۆمیسیۆنى باڵا و هەموو شتێك هەر لە خزمەتى دەسەڵات بن، لەكاتێكدا پێویستە یاسا و كۆمیسیۆن بێ لایەن بن. ئەگەر بێ لایەن و سەربەخۆ نەبن پێویست بە هەبوونیان ناكات. ئەگەر هەر لە ئێستاوە خۆیان وەكو لایەن نیشان بدەن، لە ئێستاشەوە كۆتاییان هات و ئەو هەڵبژاردنەش هەمووى لە ژێر گوماندا دەمێنێتەوە. لەوانەیە كۆمیسیۆنى باڵا ئاگاى لە زۆر شت نەبێت، بەڵام ئەو گەمەیە لەژێر سەرى كەریم سنجارى بە پلەى یەكەم و دواتریش شیراوان وائلی، ئەو دوو كەسایەتییە لەسەر داخوازى بەنماڵە و توركیا كار دەكەن. بەڵگەش لە كۆبوونەوە چوار قۆڵیەكەى مانگى سێ دا، كە موراد ئۆزچەلیك و كەریم سنجارى و شیروان وائیلى و ئەمریكییەكان ئامادەی بوون هەموو پرەنسیپێكى دیموكراتى نەتەوەیى و سەروەرى ئێراقیان پێشێل كرد و بەبێ هیچ بەڵگەیەك بە ئارەزووى خۆیان پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان كە دوو جارە لە ئێراق و كوردستان بەشدارى هەڵبژاردنى كردووە بكەن بە پەكەكە و بە بێ بڕیارى دادگا خۆیان بڕیارى داخستنى بەسەردا بدەن و بەو پێیە هەڵسوكەوت بكەن. لەكاتى هەڵبژاردنەكاندا بڕیارى لەو جۆرە هەر كەسێك دەزانێت كە بڕیارى سیاسییە و هیچ پەیوەندییەكى بە یاساوە نییە، بەڵام "كە زۆر هات قەوارە بەتاڵە" ئەو كات زۆر دەبێت بە یاسا! سنجاری و وائلی ئەمریكا و توركیا و ... یا لە پشتە.
شیروان وائیلى لەبەر ئەوەى عەرەبێكى سوونییە لە ئێراق ئیعتبارێكى ئەوتۆى نییە، ئینجا كار بۆ توركیا بكات و بخوازێت پشتیوانى توركیاى دەست بكەوێت. هەرچى كەریم سنجاریشە دەزانێت كە لیستى هیوا لەم هەڵبژاردنە بچێتە پەرلەمان رۆڵى مێژووى دەگێڕێت رێگە نادات ماڵ و موڵكى گەل بخورێت و بەهەدەر بدرێت. لەبەرئەوە تا خۆى لاى بنەماڵە و توركى فاشیست و ئەرگەنەكۆنچى خۆشەویست بكات، هەموو تواناى خستە گەڕ. لە راستیدا كەریم سنجارى لە دژى دیموكراتى و تێكۆشانى نەتەوەییە. ئەو بڕیارەى كە لەو هەڵبژاردنە بدرێت هى كەریم سنجارى و شیروان وائلى نییە، بەڵكو گەلە كە بڕیار دەدات، داخۆ كێ مەرجى یاسایى و نەتەوەیى تیادایە.
ئەگەر پارتى چارەسەرى بیانوو بێت بۆ بەشدارى كردنی لیستى هیوا لە هەڵبژاردن، كەواتە پارتى چارەسەرى سەلماندى كە ئەو هەڵبژاردنە بە شێوەیەكى دیموكراتى بەڕێوە ناچێت و رووى راستەقینەى دیموكراتییە درۆینەكە ئاشكرا بوو. دەركەوت پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان لە توانایدایە راستى بپارێزێت و بەرگرى لە مافى گەل بكات و بۆیە دەسەڵات هەر زوو كەوتە خۆ و بەربەستى بۆ دروست كرد. 
ئەوە پارتى چارەسەرى نییە پارێزەری بۆ گەندەڵى و شەڕى براكوژى و عەلى كیمیاوى و تاریق رەمەزان و سوڵتان هاشم بكات، ئەوە پارتى چارەسەرى نەبوو سەددام و ئێرانى هێنایە كوردستان و پەلامارى یەكترى پێدا، ئەوە پارتى چارەسەرى نەبوو توركیاى هێنایە باشوورى كوردستان و شەڕى پەكەكەى پێ كرد. ئەگەر پێناسەى ئاسایشى نەتەوەیی كەریم سنجارى بیكات، ئەوا پارتى چارەسەرى بەوە تۆمەتبار دەكات كە ئاسایشى نەتەوەیى نەپاراستووە. لای ئەو پاراستنی سەروەری نەتەوەی و ئاسایشی نەتەوەیی تەسلیمبوونە بۆ توركیا و ئەمریكا و بنەماڵە. كێ ئەمە نەكات، ئەوە ئاسایشی نەتەوەی تێكداوە.
ئەو پرۆسەیەى هەڵبژاردنیش نەبێت پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان خەباتی نەتەوەی و دیموكراتی خۆی بەردەوام دەكات و بەڵكو بەهانەی كار و تێكۆشانی دیموكراتی بۆ زیاتر بوو، تا نا دیموكراتییەت هەبێت ئەركی دیموكراتەكانە كە تێكۆشان زیاتر بكەن و لەو باوەڕەشدام پارتی چارەسەری بۆ ئەوەش ئامادەیە. پارتی چارەسەری هەر دەكەوێتە پەرلەمان و لیستى هیواش نەبێت پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان هەر دەكەوێتە پەرلەمان رێبازى ئۆپۆزسیۆنى خۆى بەردەوام دەكات.
پارتی چارەسەری ئامانجی لە بەشداری هەڵبژادن، بۆ كورسی نەبوو، بەڵكو بۆ پێشخستنی دیموكراتییە، ئەگەر لە رێگەی پەرلەمانیشەوە نەبێت ئەو تێكۆشانە هەر بەردەوام دەكات. 
ئەم هێرەشەی دەسەڵاتیش بۆ سەر پارتی چارەسەری و لیستی هیوا ئەوە پشت راست دەكاتەوە كە لیستی هیوا توانای هەبوو، دەنگی گەل بەدەست بخات و نوێنەرایەتی بۆ بكات. بەڵام دەسەڵات ناخوازێت دەنگی گەل بێتە پەرلەمان و نوێنەری هەبێت. ئەو هێرشە لەمانكاتدا هێرشە بۆ سەر دیموكراتی و دەنگی گەل. بۆ خاوەن دەركەوتن لە لستی هیوا خاوەن دەركەوتنە لە دەنگی راستەقینەی گەل و دیموكراتی. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە