لە بەرانبەری متافیزیا_ بەشی دووهەم

Thursday, 19/12/2013, 12:00

2609 بینراوە






شێتی و عەقڵانییەت‼

پێش هەر چەشنە باسێك، خۆم بە ناچار ئەزانم کە، ئیشارە بکەم بە بابەتێك یان دیاردەیەك بە ناوی" فیکر". کە لاێ من لە گەڵ"عەقڵ" دا، جێاوازیەکی تایبەتی هەیە. بەڵام تێدەکۆشم پێکهاتەێ هەر دولا، بەێان کەم، تاکو بە ڕوناکی دەرکەوێت کە مانای رەسەنی پێکهاتەی ئەو دو فینۆمنە چین؟! ئێنجا باس لە جیهانی شێتی دەکەین کە بە ڕۆاڵەت، لە بەرانبەری جیهانی فیکر و بۆچووندایە!
گەورەترین بیرمەندو فەیلەسوفێ کە لاێەنگری" عەقڵ"ی کردوە، کەسێکە بە ناوی" ڕێنێ دێکارت". ئەوەڵین فەیلەسوفێ کەکاریگەریەکی زۆری لە سەرفەیلەسوفەکانی دواێ خۆێ کرد، وەکو لایپ نیتس و سپینۆزا و چەند بیرەوەریتر. کاتێ لە عەقڵ باس ئەکرێت، بە ناچارناوی دێکارتی فەرەنسی دێتە یادی خەڵك. لە بەشی یەکەمی" لە بەرانبەری میتافیزیا" ئیشارە تێکمان کرد بە چۆنیەتی بیر کردنەوەی دێکارت. لێرەدا تۆزێك زۆرتر ئەڕۆینە نێو قوڵایەکانی ئەو بۆچونە وشێوازێك کە لە ئەنجامدا، بە ئیسباتی هەبونی خۆاوەند ئەگات.
دیارە دێکارت لە ئەوەڵ هەنگاودا، دەری ناخات کە پێش هەر کارێك بڕیار ئەدات وڕاشکاوانە ناڵێت کە ئەم داکۆکیەی لە سەر بونی خۆاوەند، پێشترلە مێشکی هەبوە وجێگیرە‼
دێکارت ئەیەوێت پێش هەر شتێك، بە ئیسباتی خۆدی " بوون" یان ئیگزیستانسیال، بگات. یانێ "بوون"ی لا ئیسبات بووبێت. بۆیە دەس ئەکات بە شك و گۆمان کردن لە هەمو ئیگزیستانسیالەکان. بە دوای عەقڵانییەتێکی زۆرەوە ئەڵێت: من فیکر ئەکەمەوە، بۆیە هەم وخۆم بونم هەیە و ناتوانم ئینکاری ئەوە بکەم کە خۆم خەریکم فیکر ئەکەمەوە! و ناتوانم لە مە زۆرتر لە خۆم شك بکەم. واتا" من هەم". تاکو ئەم نۆقتە دێکارت بە جۆرێك، ئیگزیستانسیالیستە و بە زمانی خۆی ئەڵێت:Cogito Ergo Sum. یانێ: من فیکر ئەکەمەوە، بۆێە هەم!
دیارە کە دێکارت بە دو فینۆمن گەیشتووە. ١_ فیکر(عەقڵانییەت). ٢_ ئیگزیستانسیال(بوون).
بیرمان نەچێت کە دێکارت ڕێك لەم خاڵەدا، فیکر وعەقڵانییەت، تێکەڵ ئەکات. هەر چەند لە ڕەهەندی" فیکر" دا بەو بۆچونە گەیشت. بەڵام دێکارت بەتەواوی ئاڵای عەقڵانییەت یان" ڕاشنالیزم" ی هەڵگرتوە و هەرگیزباس لە ناوەڕۆکی" فیکر"(think) یان کاریگەریەکانی فیکر وچۆنیەتی ئەو فینۆمنە ناکات.
ئیگزیستانسیالیستەکان پێکهێنەری دو لایەنن کە دواتر لە سەریان ئەنووسین. سورن کیرگەگاردی دەنێمارکی ، کە خۆی قەدیس بوە، جۆرێك ئیگزیستانسیالیزمی پێك هێنا کە ئیگزیستانسیالیزمێکی مەزهەبی و دینیە. بەڵام ئەبێ ئاماژە بەوەش بکەین کە شێوازێکی ئیگزیستانسیالی ڕەسەن هەیە کە لە هەموان گەورەترە، واتا دەزگاێ فیکری" ژان پۆل سارتەر". کە دواتر بو بە هۆی، پێکهاتنی مەکتەبی ئیگزیستانسیالی" ڕەسەنایەتی کردار" و Pragmatism بە تایبەت ڕێچکەی پڕاگماتیسمی ئەمریکی کە زۆر بە ناوبانگە.
لەم بۆچونەدا، ئازادی مرۆڤەکان، هان لە یەکەم هەنگاودا و گرینگیەکی تایبەت بە" " ئازادی " ئەدرێت. هەر چەند مۆریس مرلۆپۆنتێ، کە هاوڕێ سارتەرە، ئەڵێت ئینسان ئازاد نیە! بەڵام لەوەی کە ئینسان ئازاد بە دۆنیا دێت، گۆمانێکمان نیە، وەلێ بە هۆی فەرهەەنگی میتافیزاوە، لە کۆمەڵگاکاندا، ئەو ئازادیە لە مرۆڤ وەر دەگرن. تەنانەت ئەڵێن کە خۆاوەوند، پێشتر هەموشتێکی زانیوە و خۆی لە قەڵەمی داوە کە چی بە سەر ئینساندا بێت! ئەوەیە کە لەم شێوازی بیرکردنەوەدا، ئیتر" ئازادی مرۆڤ " هیچ مانایەکی نامێنێت. چونکە پێشتر کەسێك، هەمو شتێکی زانیوە وئینسان ناچارە لە سەر ئەو ڕێگایەدا بڕوات کە پێشتربەدی کراوە بۆی. ئەمە لە ناخدا دژی ئازادی ومانای ڕەسەنی کردارو مرۆڤ و مرۆڤایەتیە.
لەم فەلسەفەیەدا یانێ، ئیگزیستانسیالیزمی ژان پۆل سارتەر وفەلسەفەی ڕەسەنی کردار. " کردار " لە تەك ڕادەی " ڕاستی و ڕەسەنی" ئەو کردارە، هەڵئەسەنگێندرێت وبەتواوی تواناوە لە " ئازادی " لایەنگیری دەکرێت. لەم تێڕوانینە فەلسەفیەدا، ڕەسەنییەت ها لە تەك " ئیگزیستانسیال"دا(یان بوندا) پێش هەر چەشنە داکۆکیەك لە مەڕجیهانی ئەندێشەوە. واتا ڕەسەنییەتی " بون " بایەخدارتروکۆنترە لە هەرچەشنە فینۆمنێکیتر. بۆیە" ئازادی " گرینگترین خاڵی ئەم دەزگا فیکریەیە.
ئەمانە تەنها ئاماژەیەك زۆر کۆرت بو بە چۆنیەتی مێژوی ئیگزیستانسیالیزم کە لە نوسراوەیەکی تایبەتدا، باس لە هەمو بۆارەکانی دەکەین و تەواوی شێوازەکانی ئیگزیستانسیالیزم شیدەکەێنەوە.
عەقڵی دێکارتی موریدی ڕێگایەکە، کە بە ناچار ئەگات بە میتافیزیا وهیچ ڕێگەیەکی نیە بۆدەربازبون لەو ڕێگەێە. چونکە دێکارت دوای ئەوەی کە دەڵێت: من بیر دەکەمەوە، بۆیە هەم! پاشان دەڵێت: عەقڵی من ناتەواوە و شتەکان بە لێڵی دەبینێت وناتوانم لە پێکهاتەی گشتی جیهان تێبگەم، بۆیە دەبێت، کەسێك هەبوبێت زۆر گەورەتروعاقڵتر کە دروستکەری جیهانەونیشانەکانی خۆی لە مندا چاندووە. ئەو کەسە خۆاوەندە.
ئەم عەقڵانییەتەی دێکارت نیشاندەری بۆچونەکانی فەیلەسۆفێکی کۆنە بە ناوی "قەدیس ئاگۆستینۆس". کە لە سەردەمی شەڕی سەدەکانی ناوە ڕاستدا دەژیا کە ئەویش زۆربەی بۆچونەکانی لە ئەرەستو، وەرگرتبوو. بەدوای ئاگۆستینۆس، فەیلەسوفێکیترهەر لەو سەردەمەدا، ئاشکرا بو، بە ناوی تۆماس ئاکۆیناس. بەڵگە پێنج لاێەنیەکانی ئیسباتی هەبونی خۆاوەند لە لایەن تۆماس ئاکۆیناس بە ناوبانگە. کە من لە کتێبێکی جێاواز بە ناووی" ئەنتی میتافیزیا" هەموی ئەو باسانەم لێك داوەتەوە وبەیانم کردوە.(ئەو کتێبە هەم بە کوردی و زمانی فارسی نووسراوە و بەم زوانە لەچاپ دەدرێت).
بێینەوە سەر ڕێنێ دێکارت و ئەم بابەتە گرینگە کە دێکارت یان هەر کەسێکیتر، پێش ئەوەی کە عەقڵانییەت یان فیکری هەبێت، بونی هەیە. واتا ئەگەر کەسێك بونی جەستەیی و سروشتی نەبێت ئەوا ناتوانێت بیر بکاتەوە. ئەمە یەکەمین هەڵەی دێکارتە. بە واتایەکیتر ئێگزیستانس یاخود بون، کۆنترە لە بیر کردنەوە. هەر لەم خاڵەدا ئاشکرایە کە " مادە" ڕەسەنتر وسروشتیترە لە هەرچەشنە ئێگزیستانسێکی دی. بۆیە من ئەو بۆچونە و فەلسەفەی دێکارتیە، ئاواژو ئەکەم و ئەڵێم: من هەم، بۆیە فیکر ئەکەمەوە. کاتێك نەبم یان ئیگزیستانسی فیزیکیم نەبێ، ناتوانم بیر بکەمەوە. بۆیە فیکر، دوابە دوای ئیگزیستانسەوە، دێتە ئاراوە.
ئێنجا پرسیاری سەرەکی من ئەوەیە کە ئەو کۆگیتۆی دێکارتە یان" من"، کییە؟! منداڵێکە؟ ژنێکە؟ کۆمەڵگایەکە؟! کۆگیتۆ چیە و کییە؟! ئەوە نەك هەر ئاشکرا نەکراوە بگرە دێکارت دەبێتە دەمڕاستی تەواوی مرۆڤەکانی جیهان و هەموان بە " نەزان" لە قەلەم دەدات! لێرەدا ئاشکرا نیە کە بۆچی لە لایەن گشت جەماوەری جیهانەوە، تۆوی ئەم کاڵفامیە دەچێنێت! مەگەر ئەوەی کە مەبەستێکی تایبەتی هەبوبێت بۆ سەپاندنی خواوەندێکی گەردونی. کە هەڵچندراوە لەسەر ئەوەیکە عەقڵی مرۆیی، شتەکان لێل و ناتەواو دەبینێت و تەنیا یەك کەماڵ هەیە بە ناوی خۆاوەند کە ئەویش کۆگیتۆ شەپڵە لێدراوەکەی دێکارت ناتوانێ لەو " کەماڵە" تێبگات، چونکە ناقیس و ناتەواوە‼!
کەماڵ!Perfect
ئەمەش هەڵەیەکیتری ڕێنێ دێکارتە کە خۆی بەجێگری تەواوی کۆمەڵگای جیهانی داناوە و ئاشکراشی نەکردوە کە ئەو کۆگیتۆیە، چ بونەوەرێکە؟! لەم خاڵەدا دێکارت باسی " کەماڵ" و" نوقسان" ئەکات. کەماڵ لاێ دێکارت شتێکی زۆر گرینگە. بەڵام ئێمە وای تێگەیشتوین کە هیچ فینۆمنێك بەدەرلە " سروشت " کەماڵی نییە. کامڵ بونی سروشت، راستیەکی زانستیە کە حاشا هەڵنەگرە. فەیلەسوفێکیتر بە ناوی" بندیکت سپینۆزا" بە دوای دێکارتدا ڕایگەیاند: هاوکات ناتوانرێ دو " کەماڵ" بونیان هەبێ. چونکە ئەزانین کە سروشت خۆی کامیلە. ئەگەر خۆاوەندیش کامڵ بێت، بە هۆێ دو کەماڵەوە، یەکێکیان ناقس دەردەچێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئێمە سور ئەزانین کە" سروشت" کامڵە. واتا خۆاوەند لە سروشت، جیا نییە!
بەمجۆرە سپینۆزا، خۆاوەند و سروشتی پێکەوە گرێدا وخۆی لە باسی " کەماڵ" ڕزگار کرد. لێرەدا بۆمان دەر دەکەوێت کە بەڵگە وزانینی سپینۆزا و دێکارت، یەك ناگرنەوە. هەر چەند سپینۆزا خۆی بە شاگردی دێکارت بزانێ.
ئێمە وای تێگەیشتوین کە جێا لە سروشت، هیچ کەماڵێکیتر ئیگزیستانسی نییە. ئەوەشمان فام کردوە کە خۆدی سروشت، لە هەر چکۆلە چرکەیەکدا، توشی قەیران و گۆڕانە. یانێ هەر جۆرە ئیگزیستانسێکی جیهانی گەردون، وا لە ژێر کاریگەری سێ شتدایە. ١_کێشە٢_ سەلمێنە٣_ بەدیهاتوو.(تێز _ ئەنتی تێز _ سەنتێز). کە هێگڵ دواتر لە سەری نوسی، هەرچەند بناخەی ئەم بابەتە، ئەگەڕێتەوە بۆ لای٣٠٠٠ ساڵ لەمەوپێش، چونکە فەیلەسۆفێك بە ناوی" هراکلیتوس " تەواوی فەلسەفەکەی تەرخان کرد بۆئەو گۆڕانکاریە لە گەردون دا و سەلماندی کە گەردون، نا_ وێستاوە وهەموکات هالە حاڵی گۆڕاندا.
بۆتێگەیشتنێکی قوڵترلەم بابەتە، ئەڕۆمە سەر تەنیا یەك نمونە وپێشترئاماژە بەوە بکەین کە ‌هیچ ئیگزیستانسێك ناتوانێ لە ژێر کاریگەری ئەم سێ خاڵە دەربچێت، واتە هەموی گەردوون.
باشترین نمونە پێکهاتەی ئەتۆمە. ئەتۆم لە چەن فینۆمنی دی بە ناوەکانی، ئەلەکترۆن_ نیۆترۆن_ پۆزیترۆن_ پرۆتۆن_ئەپسیلۆن_ نیۆتراڵ، پێك هاتووە. زانستی فیزیایی نیشانی داوە کە هەموی ئەو فینۆمنانە لە نێو ئەتۆمدا (کێشە)، خەریکی گەڕانن بە دەوری نیۆتراڵدا. لەو گەڕانە دایە فینۆمنەکانی نێو ئەتۆم بە هۆی بارگەلێکی ئەلەکتریکیەوە کە هەیانە و لە گەڵ یەکدا جۆر نیین، ئەتەقنەوە(سەلمێنە) وئەتۆمێکی تازەتر پێك دێنن کە پێ ئەڵین بەدیهاتوو. ئەم گۆڕانە لەوەتەی گەردون هەیە، دوپات بوەتەوە و دروست بونی ئەتۆمی تازەترهەرگیز نەوەستاوە ودرێژەی هەیە. بۆیە ئەنشتەین ئەڵێت: گەردون بەردەوام خەریکی گەشەو پەرەسەندن و پەلهاویشتنە.
بیرمان نەچێت کە ئەم پەلهاویشتنە لە هەنگاوی یەکەمدا دەبێتە هۆی دور کەوتنەوەی هەموی فینۆمنە کان لە یەکتر، لە تەواوی گەردووندا. کەوابوهەسارە وکۆمەڵە ئەستێرەکان بەردەوام خەریکی دور بونەوە لە یەکترن. کە نیشانەی کاریگەری ئەو سێ دیاردەیە، واتا کێشە و سەلمێنە و بەدیهاتووە.
کاتێك بە ئاشکرا بۆمان ڕون دەبێتەوە کە ئەم سوڕو گەڕان و گۆڕانکاریە لە نێوان فینۆمنەکاندا، هەرگیزناگاتە چەق بەستن و وەستان وبەردەوام لە ئارادایە، ئەوا تێدەگەین کە شتێك بە ناوی " کەماڵ " قسەیەکی تەواو میتافیزیایانەیە. واتا جێا لە سروشت کە خۆیشی توشی گۆڕانکاریە،هەرگیز کەمالێکیتر نەبوە و نییە. چونکە زانست سەلماندویەتی کە فینۆمنەکان هیچ کات بە یەك شێواز ویەك جۆر نەماونەتەوە وگۆڕانکاریەکی زۆر قۆرس وقوڵ، هەموکات بە سەریاندا زاڵە وئەگۆڕدرێن بە فینۆمنێکیتر. ئەبێ ئەوە دەسنیشان بکەم کە" بەدیهاتو" دەر ئەنجامی پڕۆسەی گۆڕانکاری تۆخمێکە کە هێشتا هەر لە ئارادایە و کۆتایی نەهاتووە. چونکە هەر لەو کاتەدا، ئەتۆمێکیترچێدەبێت کە سەربەڕەچەڵەکی هەمان ئەتۆمە و لە نێوان ئەو بەدیهاتوەدا، سەرلە نوێ، فینۆمینگەلی پۆزیترۆن و ئەلکترۆن و نۆترۆن وئەپسیلۆن وپڕۆتۆن و نیۆتراڵ دروست ئەبن و ئەم هەل و مەرجە هەر وا درێژەی هەیە. واتا جیهان بەردەوام لەحاڵی گەورەتر بون و لێكکشانەوەدایە.
لیرەدا بەو دەرئەنجامە دەگەین کە وشەی " کەماڵ " لەو کاتەدا دەگاتە ئەوپەڕی بێمانایی خۆی کە سروشت دەخاتە لاوە و دەکەوێتە خزمەت میتافیزیاوە.
نۆقسان!Imperfect
بەپێی زانستی فەلسەفی ڕێك پێچەوانەی" کەماڵ"، واتا نوقسان، دروستە. من وایتێدەگەم کە مرۆڤیش، کاماڵی نیە و بە کەماڵیش ناگات و نۆقسان بونی زۆر لە کەماڵ، بەهادار و ڕەسەنتره. ئەو کەسەی لە هەر بۆارێکدا کە کار ئەکات، هەر چەندە لەو کار و پیشەیەدا شارەزا بێت، وەلێ ئەوڕۆژەی کە بڵێت: من کامیلم وکارەکەم تەواوە و کەماڵە. ئەو کەسە هەر لەو کاتەدا، ئەکەوێتە نێو دۆڵێکی زۆر قووڵ. چونکە مێژو پیشانی داوە کە، لەویش باشتر هەڵکەوتوە و لەو باشترینەش، دیسان باشتر سەر هەڵدێنێ. واتا پێداگری لە سەر کەماڵ، شتێکی نازانستیە. ئەمە یەکێك لە هەڵە گەورەکانی ڕێنێ دێکارتە.
کاتێك ڕۆاڵەتی چەمکێك دروست بەیان نەکرێت، ئەوا بێگۆمان وە ڵامەکەشی، بەناچاری ئەبێتە هەڵە. هەرچەندە دێکارت بە شك و گۆمانەوە لە هەمو فینۆمنەکان، دەسی پێ کرد، بەڵام ڕۆاڵەتی فەلسەفەکەی وبەیانی مەسەلەکەی بە هەڵە بو، بۆیە لە بۆاری فەلسەفەدا توشی هەڵەیەك بو کە دەربازبونی مەحاڵە. ئێنجا ئەو بە شێوازێکی زۆر ساکار و منداڵانە، فینۆمنی" فیکر" و" عەقڵانییەت"ی تێکەڵ کردووە. و بەدیهاتوەکانی جیهانی فیکر، پێشکەش ئەکات بە" عەقڵانییەت". بەڵگەکەی لە بواری عەقڵەوە ئەبێ دروست بێ. چونکە لە درێژایی مێژودا،" عەقڵ" و " عەقڵانییەت" گەورەترین کارەساتگەلیان بۆ مرۆڤ بە دیاری هێنا. بۆ وێنە شەڕەکانی مەسیحییەت و مۆسوڵمانەکان لە سەدەکانی ناوەڕاست. یان کوشتن و داکۆکی عەقڵانییەتی پاشا و دەسەڵاتدارەکان. بۆ وێنە درێژترین شەڕی نێو دەوڵەتی سەدە ، یانێ شەڕی ئێران و عێراق کە هەشت ساڵ درێژەی هەبوو هەزاران خەڵکی بێ تاوان، گیانیان لە دەس دا و بە ئێستاشەوە، کاریگەری زۆر خراپی ئەو شەڕە لە سەر جەماوەر و خەڵکی هەر دو لا، دیارە و کۆتایی نەهاتووە. ئەمانەی باسمان کرد وەك نمونە، ناخەکانی ئەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتی عەقڵانییەت و کاریگەری" عەقڵ" لە فەرهەنگی ئینسانە کان و کۆمەڵگاکاندا. ئەمەو هەزاران نمونەیتری شەڕی ناشیرینی عەقڵانییەت بەردەوامن کە لێرەدا جێگای باس کردنیان نابێتەوە.
عەقڵانییەت و داکۆکی Rationalism & Judgment
یەکێك لە تایبەتمەندیەکانی" عەقڵ و عەقڵانییەت"، پەیوەندی زۆر قوڵی لە تەك " داکۆکی" دایە. ئەو تایبەتمەندیە هەمو کات بوەتە هۆی چەرمەسەری و سەغڵەتی یەکی زۆر بۆ تاکە کەس و کۆمەڵگا. ئەو شەرەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، عەقڵانییەت وداکۆکی چەن لایەن بە تایبەت دو ڕێبەر بە ناوەکانی" سەدام حسین وخومەینی" بوو.
هەروا کە پێشترباسمان کرد، دێکارت لە شێوازی عەقڵانییەتدا، ئەگات بە ئەو قەناعەتە کە ڕۆحێکی گەورەتر بە ناوی خۆاوەند، بونی هەیە وئەوە کە تەواوی جیهان وئینسان و گیانلەبەرەکانی دروست کردووە. دێکارت لێرەدا " ڕۆح " ئەخاتە پێش " مادە "وە. واتا لای ئەو شتێك بە ناوی ڕۆح هەیە کە کۆنترە لە مادە (ئەمەش پێشتر لە لایەن ئاکۆیناسەوە، باس کرابو). ئەمە ڕوی ئاشکرای فەلسەفەی دێکارتە کە پاڵ ئەداتەوە بە ئایدیالیسمەوە. ئەوەشمان لا ڕونە کە ئایدیالیسم وئەفلاتوون باوەڕی و میتافیزیا، یەکێکن. من هەرکات وشە ی میتافیزیا بە کار دێنم، مەبەستم ئەم سێ فینۆمنەیە. بەڵام تاکو ئێستا لە سەر ئەفلاتون و پێوەندی تەك دێکارتدا، ئیشارەیەکی ئەوتۆمان نەکردووە.
هەموان ئەزانن کە ئەفلاتون، بیرەوەریەکانی مامۆستای خۆی واتا" سۆقرات"ی، لە قۆناخی یەکەمی نوسینەکانی، بەیان کردووە. هەر چەن هەر ئەو بۆچونانە لە قۆناخی دوهەمیشدا بۆ نمونە لە کتێبی ئاخریشی بە ناوی" کۆمار" رەنگدانەوەی هەیە. مانای باسەکە ئەوەیە کە سۆقرات و ئەفلاتون هان لە بەرەێ ڕەشنالیسمدا(عەقڵانییەت). لە نوسراوەکانی دۆستی _ بوێری _ فایدۆن و میوانی... بە ئاشکرا پارێزگاری لە عەقڵانییەت دەکرێت و وەك پاڵپشتێکی زانستی بۆ عەقڵانییەت بە کار دەهێندرێت. سوقرات بە عەقڵانییەتێکی بەرزەوە، درێژەی باسەکان ئەگەێنێ بە جێگایەك کە، ئیترعەقڵ ناتوانێت بڕ بکات وبەڵگە بێنێتەوە. بۆیە لە ئاکامی دیالۆگەکاندا، پێشنیارێکی ئەوتۆ بە بیسەران نادات و ناڵێت کە مەبەستی ڕاستەقینە چی بووە؟! بەڵام لە نێوان دیالۆگەکاندا، زۆر بابەتی فەلسەفی بەیان دەکات کە زانینیان، لە باری فیکریەوە باشن. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە، عەقڵی سۆقراتی وئەفلاتونی و دێکارتی، زۆر جار بە هەڵەدا ڕۆێشتووە. بۆیە لە کتێبەکانی ئەفلاتون و لە ئاکامی دیالۆگەکاندا سۆقرات، بە ڕاشکاوی ئەڵێت: ئێمە ڕێگایەکی دورمان پێواوە و چەندین جاریش بە هەڵەدا ڕۆێشتوین و ئیستە کە باسەکە بە ئاکام گەیشتوە، شتێکی ئەوتۆمان بە دەس نەهێناوە!
دروستە مەنزوری سۆقرات ئەوەیە کە ئەبێت زۆرتر لە سەر" زانست " و فەلسەفە، کار بکرێت، بەڵام ئەوەش دیارە کە ددانی بەوا ناوە کە وەڵامی ئەو باسە بۆ نمونە "دیالۆگی دۆستی یان بۆێری " بە دەس نەهاتووە. واتا" عەقڵ " نەیتوانیوە شتێکی ئەوتۆ بدات بە دەستەوە. دێکارتیش وا ئەڵێت. ئەویش بە نۆقسانی و ناتەواوی عەقڵی خۆی ئیعتراف ئەکات، بۆیە لە ئەنجامدا ئەڵێت: "چۆن عەقڵی من و بونی من ناقیس و ناتەاوە، ئەبێت تەواو وکامڵێك بە ناوی خۆاوەند هەبێت. نەقس و ناتەواو، ناتووانێت کەماڵ دروست بکات، چۆن خۆی ناتەواوە، بەڵام کەماڵ و تەواو ئەتوانێت، شتێکی ناتەواوبە دی بێنێت! بەڵام چۆن تێگەیشتنی من ناقیس و ناتەواوە، ناتوانم لەو کەماڵە تێبگەم، خۆاوەند نیشانەکانی خۆی لە مندا چاندوە تاکو بیدۆزمەوە. واتا بونی هەیە".
لە ڕەت کردنی ئەو بۆچونە، زۆر بە کۆرتی ئەڵێم، هەر ئەو ناقیس و ناتەواوەی دێکارت، یانێ ئینسان، لەدرێژایی مێژودا، سەدان و هەزاران کەماڵی خۆاوەندی دروست کردووە. لای من دروست پێچەوانەی ئەم بۆچونەی دێکارت ڕاستە، چونکە ئەوە ئینسانە کە دروستکەری خۆاکان بوە وهەر ئێستاش خەریکی دروست کردنی خۆاکانیترە. بۆ نمونە، دازاینی هایدەگەر، بە تەواوی ئەوتایبەتمەندیانەی کە وەکو خۆائێك نیشانەکانی دەر کەوتووە. مێژویش جوان دەریخستوە کە هەر ئەم ئینسانە چەندین کەماڵ و خۆای چێکردووە. دێکارت خۆی تەنیا یەکێك لەوانەیە کە کەماڵێکی چێکردوە و خستویەتە ئەو پەڕی ئاسمانەکان، کە ئەویش کارێکی تازە نەبو، چونکە پێشتر لە دێکارت، چەند بیرمەندیتر، وەها بۆچونێکیان بەیان کردبوو. لەمانەش بەدەر، جارێ هەر لە ناوئەم دەزگا فیکرییەی دێکارتدا، خۆی ناکۆکییەك هەیە. ئەگەر ئینسان لاێ ئەو ناتەواوە و شتەکان بە ‌هەڵە و لە تارمائیدا ئەبینێ، خۆیشی ئینسانە و ناتوانێت خۆاوەندێکی" ڕەها " دروست بکات، کە ئەو خۆی ئەم کارەی کردووە! دێکارت لەم خاڵەشدا توشی هەڵەیەکی گەورەیە.
هەروا کە پێشترئیشارەم کرد، دێکارت لە سەر زۆر بیرمەندیتر، کاریگەری هەبوو. یەکێك لە ئاڵا هەڵگرانی دێکارت، فەیلەسۆفێکیترە بە ناوی" ئەلەکساندرکۆیرە" کە لە وەڵاتی سۆفییەتدا بە دۆنیا هات، بەڵام هەر بە منداڵی لە گەڵ بنەماڵەکەیدا چو بۆ فەرە نسە، وەڵاتەکەی دێکارت. ئەلکساندر کۆیرە لە کتێبێکی تایبەتدا بە ناوی" وتارێك لە مەڕ شێواز" لە لاپەڕە ٩ ی کتیبەکەدا و دوای پێشەکیەك بۆ شۆڕشی فیکری دێکارت (بە بۆچونی خۆی) دەڵێت:" دەرەنجامی شۆڕشی فیکری دێکارت، زاڵبونی هزری مرۆڤە بەسەر خۆیدا، سەرکەوتنی یەکجارەکی مرۆڤە لە بڕینی ئەو ڕێگا سەخت و دژوارەی بەرەو ئازادی مەعنەوی، ئازادی عەقڵ و بەرەو تێگەیشتن لە حەقیقەت دەیبات".
واقیع و حەقیقەت Reality & Truth. ڕێبەر، ڕێگا و ڕێبۆارLeader, The way ,Follower
ئەم ڕەستەیە لاێ من پرە لە نادرووستی. بۆ وێنە فینۆمنی " ڕێگا" کە لە ڕەستەکەدا هاتوە وبێ هێج وتنێك فینۆمنێکیتر بە ناوی" ڕێبەر" لە تەکیاێە. کە دەستی ڕێبوارە کە ئەگرێت وبە ڕێگایەکدا ئەیبات کە تەنیا خۆێ ئەزانێ ئەو ڕێگەێە بریتی لە چییە؟ واتا: زۆربەی ڕێگاکان تاقی کراونەتەوە وبۆمان ئاشکراێە کە ڕێبوارەکان لە ڕێگاکاندا، بە هەڵە ڕۆیشتوون. مەسەلەن سەرداری کورد" سەلاح الدین ئەیۆبی" لە ڕێگاێ ئیسلام و شەڕی سەدەکانی ناوەڕاست. یان پێچەوانەکەی وەکو ڕێگای چەپێك وەکو ژۆزف ئێستالین کە تەنانەت، ڕەحمی بە ڕێڕەوەکانی هەر ئەو ڕێگایە نەکرد و سەدان کەسی هاوڕێ هەرلە ئەو دەزگا عەقڵانییەتەو بۆچونەدا، ئیعدام کردکە هەموی ئەو ئیعدامگەلە، بە دەستوری ڕێبەرەکە یانێ ئێستالین بەڕێوە چوو. ئایا هیچ ڕێگایەك هەیە کە تاقی نەکرابێتەوە؟ ئایا تاکو ئێستا، هیچ ڕێگایەك بێ یەك ڕێبەر، بەدی کراوە؟ لە درێژایی مێژودا، کام ڕێگا، ڕێڕەوەکانی بە هەڵەدا نەبردووە؟ خاڵێکیترلەم چەمکەدا، ئەوەیە کە ڕێڕەوەکان، ڕێك دەستیان هالە نێو دەستی ڕێبەرك... ئەمە لە ناو خۆیا دەرخەری ئەوەیە کە، تەنیا یەك تاکەکەس کە سازمان وسیستەم وبۆچونێکی تاکانەیە، هەموی بۆچونەکانیتر بە هەڵە دەزانێت وڕێڕەوەکان ئەخاتە نێو ڕێگائێکەوە کە خۆی ئەزانێت، لە چەند و چۆنی ئەو ڕێگایە‼ خاڵێکیترئەوەیە کە هەم ڕێگاکان و هەم ڕێبەرەکان خۆیان، بە " ڕەها " دادەنێن. خاڵێکیتری زۆر نەگاتیوئەوەیە کە ڕێڕەوەکان، بێ ئەوەی کە فیکر بکەنەوە ولێکدانێکی زانستی و ڕاستەقینەیان لە سیستەم و کرداری ڕێبەرو ڕێگاکان هەبێت، بە کۆیری ئەکەونە نێو ڕێگاکەو وئەبن بە ڕێبوارێك، کە " ڕەهایەتی " یەکەمین تایبەتمەندی سەرەکی عەقڵیە بۆیان. واتا لەو ڕێگایەدا، هەر داواکارییەکیان لێ بکرێت، بە دڵ و گیانەوە و کۆێرانە و تەنانەت عاشقانە، ئەنجامی دەدەن...
هەڵەیەکیتری دێکارت ئەگەڕێتەوە بۆ وشەی" حەقیقەت ". جارێ پێش هەر شتێك، دیارە کە مەبەستی دێکارت و ئەلەکساندر کۆێرە لە وشەی حەقیقەت، خۆدایە. بەڵام جێاواز لەوە، وشەی " حەقیقەت " لە درێژایی مێژودا، زۆر بە کار هاتوە و زۆر لە دەسەڵاتداران لە وەڵاتەکاندا، حەقیقەتیان کردوە بە ئامرازوبیانوی دەست و زڵم و زۆری هەزاران ساڵەیان کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێمە باش ئەزانین هیچ حەقیقەتێك، ئیگزیستانسی نەبوە و نییە. هێشتا هێشتاێە، لە کارە فەرهەنگی ونامیلکە وکتێب وبیرەوەری وهۆنەرەکاندا، شاهیدی ئەوەین کە لە" حەقیقەت " باس ئەکرێت‼ زۆر جاریش وشەی "حەقیقەت و واقیع" تێکەڵ دەکەن. واقیع لاێ ئێمە بە ڕوداوەکان، ناسراون. ڕوداوەکان هان لە بەر چاودا. ئەگەر بڕێك لە ڕوداوەکان بە چاوی فیزیکی نەبیندرێن، بەڵام بە زانست، ئیگزیستانسی ئەوان بۆ ئێمە ئاشکرایە، وەکوئەتۆمەکانی کارەبا لە نێوکابلێکدا. بە زانستی ماتماتیك ئەتوانین ئەوفینۆمنە بپێوین. یان هەر ئەتۆمەکانی هەوا، لە دەورو بەرماندا. ڕوداوەکان یان واقیعەکان دیارن. بە ڵام ئەوەی لە " حەقیقەت " تاکو ئێستا بەیان کراوە، لاێ من یەکێك لە گەورەترین درۆەکانە. چونکە حەقیقەت بونی نەبوە و نییە. ئەوانەش کە بە ناوی حەقیقەت، شتەکان ئەڵێن، خەریکی درۆ کردنن لە تەك خەڵکا و خۆێشیان باش ئەزانن کە هیچ حەقیقەتێك ئیگزیستانسی نییە. جارێ هەر لەم خاڵە دا و باسی حەقیقەت، لاموایە، هیچکەس وەکو نیچە و ژاك دریدا، ناوەڕۆکی ئەو باسەیان، نەکردووتەوە. هەر لەم بۆارەدایە کە نیچە لە پێوەندی نێوان عەقڵانییەت و حەقیقەت، هێڕش ئەباتە سەر ئەفلاتون و ئەڵێت: " قەت نایبەخشم، چونکە لە سۆقرات پاڵەوانێکی ساز کرد کە ڕاست نەبوو"!
" حەقیقەت " یەکێك لەو وشە هەڵانەێ عەقڵانییەتە، کە لە درێژەی زەمەندا و بە تایبەتی بە دەستی ئایدیالیستەکان وئایینەکان، زۆر یاری پێکراوە و هەر بەو سەفسەتە درۆێینە و نا زانستیە، جەماوەرێکی زۆریان بێچارە کردووە. ئەگەر لێیان بپرسی کە ئێوە بۆچی حەقیقەت و واقیع، یان ڕوداو، تێکەڵ ئەکەن، هەر لەو نۆقتەدا وشک ئەبن! بەس پرسیار بکرێت: ئەو حەقیقەتانە کە باسی ئەکەن، لە باری واقیعەوە، بە ئێمەی نیشان بدەن، هەرحەقیقەتێك کە تائیستا وتوتانە یان نووسیوتانە.
ڕوداوەکان بەڵام دیارن و کاریگەری سروشت و ئەو سێ خاڵەی پێشتر باسمان کردی، لە سەریان دیارن. یانێ کێشە و سەلمێنە و بەدیهاتوو. هیگڵ ئەڵێت: ئەو سێانە لە سەرڕۆح Geist کاریگەریان هەیە. کارل مارکس بە پێچەوانەوە ئەڵێت: کاریگەری ئەو سێانە تەنیا لە سەر " مادە" یە. ئەم باسەی مارکسیش لە ڕێگەی زانستەوە دروستە.
هەموی ئەم چەرخە وگۆڕانە، تەنیا کاریگەری لە مادە کان دەکەن و گۆڕانیان بۆ پێك دێنن. ئەمانە واقیعن، نەك حەقیقەت. جیهانی حەقیقیت تەنیا جیهانی بیرمەندی میتافیزیاێە. لەم بەر، جیهانی ڕوداو، کە بەشێك لە جیهانی بیرمەندی دژی میتافیزیاێە.
لێرەدا بە ڕوناکی دیارە کە دێکارت _ ئەلکساندر کۆێرە _لایپ نیتس _ئیمانۆئیل کانت _سۆرن کیرگەگاردی دەنیمارکی _ هێگڵ _ قەدیس ئاگۆستینوس_قەدیس تۆماس ئاکۆیناس _ قەدیس ئانسیلم_ ئەرەستوو ئەفلاتون، کەوتونەتە ژێر ڕەکیفی مامۆستای گەورەیان، یانێ سۆقرات. کە بەشێك لە بیرمەندەکانی بەرەێ میتافیزیا، پێك دینن وهەمویان لە " حەقیقەت " لایەنگری ئەکەن. جەناێەتەکانی حەقیقەتیش، لە درێژایی مێژودا بە ڕونی دیارە!
ئەگەر ئەڵێم جەنایەتەکانی حەقیقەت، مەبەست ئەوە نییە کە ئیعتبارێك بۆ حەقیقەت، وەکو فینۆمنێك بە دەس بێت وبە جۆرێك لە جۆران، بونی حەقیقەت بنوسرێت یان بە زمان بێت. بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە بە ناوی حەقیقەت، کە درۆیەکی زۆر گەورەیە، چەندە ئینسان و جەماوەریان، بە گژی یەکدا داوە و چەندین شەڕو کۆشتن و زڵم و زۆرونالەباریان بۆ تاکەکەس وکۆمەڵگای جیهانی، دروست کردوە! و فەرهەنگ و کەلتورێکی درۆێینەێان پێشکەشی خەڵك کردوە و بونەتە سەبەبی ئاواژو بونی زۆر شتیتر.
شانازم بەوەی کە لە زمانی کوردیدا، خەڵکی زانا و تێگەیشتو، بە جێ وشەی" حەقیقەت "، وشەی " واقیع وڕوداو " بە کار دێنن. هەر چەن ڕێبەران وسیاسەتکاران لە مێدیاکاندا، هەمو جار ئەو وشە بە کار دێنن. کە دە شزانین هۆی ئەو کارە و مەبەستیان چیە؟‼ بەداخەوە خەڵکی ساکار، بە بیستنی ئەو وشەیە، بڕوا ئەکەن بە درۆیەك، کە لە ناخدا هیچ پێوەندیەکی تەك" ڕاستیدا " نییە.
رەهاگەریەتی Absolution.
شتێك کە لە نوسراوە فەلسەفیەکاندا و لە بەرەی میتافیزیاوە، جار بە ڕونی و جار بە ئاشکرایی دیارە، شێوازی" رەها گەریە "(مۆتڵەق کردن) Absolute کە ئەویش دروست نییە. ئێمە جوان دەزانین کە هیچ فینۆمنێك بە ناوی " ڕەها " ئیگزیستانسی نەبوە و نییە. بۆ نمونە لە تەکنیکی سەرما سازی، وەکو سەلاجە، یان (Air conditioning)، کە ئەیانەوێت هەوای نێو بۆڕیەکان(Pipes) دە ربێنن کە پێ ئەڵێن کاتی خاڵی کردنی هەوا تا ئەندازەی ڕەها یان ێپسلووت(ئەو کارە بە مەکینەیەك بە ناوی Vacuum ئەنجام دەدرێ) لە باری زانستی و ڕاستیدا، ناتوانرێت ئەو ڕادە، بگەینن بە خاڵی بونەوەی ڕەها. بۆیە هێشتا هەزاران ئەتۆمی جۆراوجۆری دیکە، لە نێو پایپەکاندا، بونیان هەیە. بەڵام بە دوای ئەوەی کە گازی ئەو دەزگایە وەکو Refrigerant 22 R 507 404 R هتد... ئەکەنە نێو سیستەمەکەوە، ئەو سیستەمە ئەکەوێتە ئیش کردن! بەو خەیاڵەوە کە بۆڕیەکان(پایپە کان) تا ڕادەی ڕەها ومۆتڵەق، لە هەوا، بەتاڵ کراوە تەوە. بەڵام وەها نییە وپێچەوانەکەی زانستیە.
بەم خاڵانە ئیشارەم کرد کە بڵێم، هەروا کە ئاو ئەگەڕێت بە شۆێن چاڵیدا، هەڵەکانیش بە دوای یەکدا، وەکو دانەکانی زنجیر لە تەك یەکدا ئەژین. حەقیقەت_ ڕەها _ عەقڵانییەت_ درۆ _ تەنیا چەن شتی دیاریکراون. کە ئەمانە بێ میتافیزیا، ناتوانن درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن. هەڵبەت نوسیم ژیان، بەڵام مەبەست ژیانێکی ئیگزیستانسیالی شیوەی سورن کیرگە گاردە. ئەگینا فینۆمنەکانی دی، وەکو سروشت وزۆربەی بەدیکراوەکانی گەردونی، ئیگزیستانسیالێکی ڕەسەن وڕاستەقینەیان هەیە. لێکدانەوەی هەموی ئەمانە کە باسم کرد، کاری مێشکە بە شێوازی فیکر کردنەوە. واتا " فیکر " جێگایەکی زۆر بەرزی هەیە و بێ فیکر و بۆچونی زانستی و ڕاستەقینە، مانای ژیان ئاڵۆز و خراپ ئەبێت، بە تایبەت بۆ ئینسان، و فامی ئینسانی وشارەزایی و لێزانینی سروشت و گەردوون.
ئەوە فیکرە کە چۆنیەتی فینۆمنەکان لێك ئەداتەوە. ئەوە فیکرە یان بیرە، کە بۆمان دەر ئەخات، فینۆمنەکانی دەوروبەر چین؟ فیکرە کە سەر لە ئەو پەڕی ئەستێرەکان دەر دێنێ. ئەوەی کە بە عەقڵ ناسراوە و کاریگەریەکانیمان بینیوە، یەک شێوازە کە بە تەواوی و لە درێژایی میژودا، لە خزمەتی میتافیزیادا بوەو هێشتا بە میتافیزیا خزمەت ئەکات. بەڵام لاموایە کە هەرگیزای هەرگیز، عەقڵ ناتوانێت لەمە زیاتردیاردەکان بشوبهێنێت. چونکە فینۆمنێکی وشیار وبە هێز بە ناوی " فیکر " لە بەرانبەری میتافیزیا و ناڕاستیەکاندا، ئیگزیستانسی هەیە. ئەگەر بە دوای هەزار ساڵیشدا بێ، ئەوە فیکرە کە گرێیە کۆێرەکان ئەکاتەوە و ڕاستیە کان ئەخاتە بەر چاو. کام ڕوناکبیرو خەڵکی شاری فیکرە، کە ناهێڵێت زیاتر لەمە بەرەێ عەقڵانییەتی میتافیزیا، کۆمەڵگای جیهانی ئازار بدات؟
ئێمە تاکو ئێستا، تەنیا باسمان لە عەقڵانییەتی دێکارتی کردوە و پەردەمان لە سەر چەن شتی ئاڵۆز کراو هەڵماڵیوە. بەڵام چۆنیەتی ڕەوتی باسەکە، نەیهێشت جێگای " شێتی " لەم باسەدا بدۆزینەوە. ویستم خۆێنەری بابەتەکە، تۆزێك قوڵتر بڕواتە نێولاێەنێکی ئەم باسە، تاکو بە ناسینی ئەو لاێە، یانێ بەرەی عەقڵانییەت Rationalism بە فیکرێکی ئازادترەوە، فینۆمنی شێتی لە تەك مندا لێکبداتەوە. بەس نازانم تا چەند بەم قەناعەتە گەیشتوین! بە ڵام دیارە کە چەند فینۆمنیتر، بۆمان دەر کەوتون کە پێچەوانەی ئەو شتانەیە کە پێشتربیستراون یان نووسراون. داواکاری ئەوەم کە ئەم باسەی تاکو ئێستا بە چاوی سەلمێنەوە سەیر بکەن. یانێ ئەگەر شتێکی تازەتری تێدایە وپێچەوانەی بیستراوەکانی پێشوترە، وەکو دیالٶگێك لە نێوان کێشەو سەلمێنە، بیبینن. بەڵام ئایا گەیشتوین بە هیچ " بەدیکراوێك "؟ لاێ من نا. هەر ئەم شێوەیشم بە دڵە. چونکە نزیک بونەوە لە بەدیکراوەکان نزیک بونەوە بە فیکری ڕەها یان مۆتڵەقە. ئەبێ فیکر هێندە بە هێز بێت کە بە دوای گەیشتن بە بەدیکراوەکان، دەس بەجێ و ڕاشکاوانە بڵێت، کارەکە هێشتا درێژەی هەیە و ئەم بەدیهاتوە، ئەبێت بە شتێکیتر. واتا " ڕەها " نییە! کە ڕێك پێچەوانەی دێکارت وهەموی بەرەی میتافیزیایە.
عەشق وعەقڵانییەت Love& Rationalism
لێرەدا پەردەیەکی رەشی دیکە، لە سەرعەقڵانییەت لا ئەبەم بە واتای خۆارەوە.
شتێکی زۆر سەیر ئەوەیە کە فەرهەنگی" عەشق" لە تەك " عەقڵانییەت" دا بە باشی گرێخۆاردوە! لێرەدا بە ئاشکرایی ئەم چەند باسە یانێ عەشق_ عەقڵانییەت_ داکۆکی، پێکەوە گرێدراون و لە گەڵ یەکدا ئەژین. بەس بە کۆرتی ئیشارە بکەین بە وە کە، " عەشق" لە ڕیشەوە " عە شە ق" ە. کە لە فەرهەنگی عەرەب هاتووە.{ ئەم بابەتەم بە تێر و تەسەلی لە کتێبی" بوف فکور قێه ی بوف کور" باس کردوە کە لێکدانێکی فەلسەفییە لەسەر کتێبەکەی سادیق هێدایەت بە ناوی بوف کور(بایەقۆشی کۆێر) و بە فارسی نووسیوە}. بە هەرکات، عەشەق(لە فارسیدا بە نیلوفەرناسراوە) هەر ئەوگیا وگۆڵەیە کە لە خۆی ڕیشەی نییە وئەڕوات بە سەرو ڕوی گیاکانیتردا و لە ڕیشەی ئەوان هێز ئەگرێت وئەژی. ئەوەی سەرسوڕ هێنەرە کە عەشەق، کاتێك ئەڕوات بە سەر و ڕوی گیاکەیتردا، حەساوی خەفەی ئەکات و لە بەینی ئەبات. بابڵین ئەیکۆژێت. تەواوی ئەم فام وساختارە، ڕێك تەك فەرهەنگی عەشق دا دێتەوە. بۆێە هەزاران جار بینراوە کە عاشقەکان توانیویانە بە دڵاواییە وە، مەعشوقەکانی خۆیان بکۆژن، یان پێچەوانەکەی کە مەقشوقەکان ئەتوانن، عاشقەکانی خۆیان بکۆژن‼ ئەگەرچی لە سەرەوەی ئیسلامدا ولە نێوکتێبی قۆرعان، هەرگیز وشەی عەشق نەهاتوە. تاکو ئیمامێکی شێعە بە ناوی ئیمام حەسەن عەسکەری، لە وت و وێژێکدا لێ ئەپرسن ووەڵام ئەداتەوە کە: عەشق، شتێکی مەکرووهە. نە باشە ونە خراپە‼ لەقۆرعاندا بە جێ ئەو وشەێە، زۆرتر لە "حب" و یحوبان وحەبیب وهتد... یاد کراوە.
سەدان جار بینراوە کە کەسێکی عاشق، زۆر عاشقانە، بە دوای ڕیبەر و سازمان و دەزگایەك کەوتوە وبە خاتر باوەڕەکەی بە عەشق، زۆر بەو کەسانە وەفادارماوەتەوە وئەگەر ئەو سازمان و دەزگا وڕێبەرە، داوای لێ کردوە کە دەست بدات بە هەر جەنایەتێك، عاشقەکە، بێ هیچ گۆمان و ترسێك، ئەوکارەی کردووە. لێرەدا جوان دیارە کە فەرهەنگی عەشق، لە ئەوەڵ هەنگاودا، عاشق و مەعشوقەکان دوچاری جۆرێك کۆیری ئەکات کە زۆریش خەتەرناکە. چونکە ئەم فەرهەنگە، نەك هەر لە زانست وفیکر دورە، بەڵکوبە تایبەتمەندیەکی سەیرەوە، ناچاریان ئەکات بە داکۆکی کردنێکی توند و تیژەوە. سەدان جار بینراوە کە عاشقەکان، بە هۆی فەرهەنگی عەشقەوە، بۆمبیان بەستوە بە خۆیانەوە و لە گەڵ خۆیاندا، خەڵکیتریشیان کوشتووە. کە ئەمڕۆ بە دیاردەی تەقینەوەی ئینتحاری بە ناوبانگە. ئەمانە هەموی ناوەڕۆکی فەرهەنگی عەشقە. لە بەڵگە دێرینەکاندا گۆڵی عە-شە-ق، سەنبۆلی دینەکانە...
بە کۆرتی ئەوەیش ئیزافە بکەم کە لە بەرانبەری وەها فەرهەنگێك، میهرمان هەیە. مادەکان کە دایە و بابە کانی زۆر پێشوی کوردن، باوەڕیان بە فەرهەنگی میهر هەبوە کە ئەوەڵین ئایینی ئینسانییە. زەردەشت هەموی فیکر و بۆچونەکانی لە فەرهەنگی میهر وەر گرتووە. لەم فەرهەنگەدا، کەس بۆی نیە بە گیانی جیهانی Universe زیان بگەێنێت. بەم واتایە ئیزنی ئەوەی نییە کە بە هیچ گیانلەبەرێکیتر، تەنانەت یەك مێشولە، زەرەر وزیان بگەێنێت. جوان دیارە کە لەم فەرهەنگەدا ئینسانی میهرباوەڕ، ناتوانێت خۆی بکوژێت. واتا دیاردەی خۆ کوشتن کە لە عەشقدا هەیە، لە میهردا بە پێچەوانە، ڕێگای نییە وبەدی ناکرێت. بودائیەکان و کوردەکان، ئاخرین یادگارەکانی فەرهەنگی میهرن. هەر چەن هەر دو لا، بە تایبەت کوردەکان بە هۆی زاڵ بونی فەرهەنگی دیکە، لە میهر دور بوونەتەوە. بۆ زانینی باشتری باسەکە، بڕوانن بە جۆری خۆاردنی خەڵك. لەم بەشەدا تەنیا بوداییەکانن کە گیانلەبەرانیتر ناکۆژن وتەنیا برینج وسەوزڵانەکان ئەخۆن. وتمان چونکە ئیزنی کوشتنی گیانلەبەرانیان نییە.(ئەوەی کە لە وەڵاتی هیندوستان، بوداییەکان و مۆسۆڵمانەکان لەم ساڵانەدا بە گژی یەکدا ئەڕۆن، دور بونەوە لە فەرهەنگی میهرە وسەرۆکی ئەو ئایینە یانی " دالایلاما " پێ خۆش نییە وبە دروستی نازانێ!).
سەرجەمی باسەکە تاکو ئەم نۆقتە. عەقڵانییەت(Rationalism)_ عەشق _ ڕێبەر_ ڕێڕەو یان ڕێبۆار_ ڕێگا_ داکۆکی _ حەقیقەت _ ڕەها و درۆ، لە گەڵ یەکدا تێکەڵاون و تایبەتمەندیەکانی میتافیزیان.
ئینسانی ڕاستەقینە وەکو فینۆمنێکی لاێەنگری ئازادی، هەموی ڕێگاکان ئەناسێت. لە ڕوداوەکان ورد ئەبێتەوە و بە توانایی فیکری خۆی وتاکە کەس و جەماوەری وەکو خۆێ، ئەو ڕوداوانە یانێ هەموی _ راستیە کان و درۆەکان_ ڕێگاکان و ڕێبەرەکان و تەواوی بنەماوهۆەکان وگشت فینۆمنەکان، لێك ئەداتەوە و بە وردی ئەیانبێنێ. و تاکو باش بۆێ دەر نەکەوتبێت و لە سەری سور و ساخ نەبوبێتەوە، ڕو ناکات بە داد وداکۆکی. ئەوەش ئەزانێ کە ئەو داکۆکییە ئاخرینەش ڕەها نییە. مەسەلەن قەزاوەت بکات کە" ئاو" لە ١٠٠ دەرەجەی سانتیگراد ئەکۆڵێت‼! نا. ئەمە تەنیا لە سەر زەوییە کە لەو دەرەجەدا ئەجۆشێت و ئەکۆڵێت، ئەگەر هەر ئەو ئاوە، لە نێوئەستێرەیەکیتردا تاقی بکرێتەوە، ئایا بە ڕاستی هەر لەو ١٠٠ دەرەجەدا ئەبێت بە بۆخار؟! ئەمە شك و گۆمانێکی فەلسەفیە کە زانستیشە. بەڵام مەبەستم ئەوەیە کە وەها دیاردەیەك بە ناوی ڕوناکبیری ڕەسەن، زۆر دێرداکۆکی ئەکات. چونکە ئەزانێت کە داکۆکی رەها یان مۆتڵەق، ها لە خزمەتی میتافیزیادا.
تەواوی ئەم باسە کە ڕوبەڕو بوین پێ تاکو ئیستا، بەیانێکی جۆراوجۆر لە چۆنیەتی و کاریگەری میتافیزیا بوو. سەدان باسیتر ماون کە پەردەکانی میتافیزیا هەڵئەدەنەوە. ئێمە ناچارین هەموی ئەو ڕەشائیانە لابەین وبیانخەینە بەرچاو. بەڵام بە ڕاشکاوی و ئازادانە وڕاستەقینە. ڕەنگە وەکو سۆقرات توشی هەڵە بین، بەلام نابی ترسمان هەبێ لەوەی کە فیکرەکان وبۆچونە ئاخرینەکانمان بخەینە بەر چاو خەڵك. ئەوانیش فیکریان هەێە وبە وتەی بیرمەندیتر بەناوی مارتین هایدگەرلە کتێبی "هەستی و زەماندا" کە باسی ویژدان ئەکات. من فینۆمنی ویژدان بە دروست ئەزانم. بەڵام هەر لە بۆاری بۆچونی هایدگەرەوە. نەك ئەو ویژدانەی ئیستای نێو کۆمەڵگاکان کە زۆربەی هەرە زۆری ئایدئۆلۆژیاکان، باسەکەیان ئاواژو کردوە و نێوی ئەو هەمو گەندەڵیە ئەنێن ویژدان!
شێتی وعەقڵانییەت Madness& Rationalism
لەم خاڵەدا، لامواێە ئەتوانین بڕۆینە سەر باسی " شێتی ". کە لاێ خەڵکی، خاپورکردنی فەرهەنگی کۆمەڵگایە.
میشل فۆکۆ لە سەر شێتی، کتێبێکی تایبەتی نوسیوە بە ناوی" مێژوی شێتی" کە ماستەری زانکۆیەتی. لەوێدا فۆکۆ، بە دەیان نمونە چۆنیەتی شێتی و وەزعییەتی شێتەکان لە کۆمەڵگاکاندا بە تایبەت لە فەرە نسە، پیشان ئەدات. لە ڕاپەرەێ ٣٦دا ئەڵێت: ئاراسمۆس (قەڕنی ١٥)وەکو خۆاکان لە بەرزایەکانی ئەلەمپ، تەواشاکەری شێتی بو وهەر بەم بۆنەوە، ئەیتوانی ڕێزگیرانە و بە خۆشی لە بارەیەوە بنوسێت کە بە دیتنی ئەو شێتیانە، توشی پێکەنینێکی کۆنترۆڵ ناکراو ئەبو، چونکە شێتی ئینسان، نمایشێك بۆ خۆاکان بوو. و لە زمانی ئا‌راسمۆس ئەڵێت: ئەگەر بتانتوانیباێ لە ئەستێرەی مانگدا، تەواشای جۆش وخرۆش وهاتوچوی زەوی بکەن. هەروا کەپێشتر" منیپۆس " وەهای دەکرد، کۆمەڵێك لە مەگەس و چکۆلەمەگەسەکان و مێشولەکانتان ئەدی کە تەك یەکدا شەڕ و بەرەنگاری دەکەن، بۆ یەکترداو دادەنێن، ماڵی یەکتر بە دزی ئەبەن، یاری و هەڵس و کەوت ئەکەن ودەکەونە عەرزو ئەمرن. ناتوانرێ لە خەیاڵیشدا دەرکەوی، کە ئەم جانەوەرە زەڕەبینییە کە بەناچار لە زەمەنێکی کۆرتدا لە بەین ئەچێت، ئەبێتە هۆی چ قەرەباڵەخیەك وچەرمەسەریگەلێك.
ئەمە ڕۆانگەیەکە لە سەدەی ١٥ دا کە تەنانەت بیرمەندەکانیش، شێتەکانیان بە گاڵتە دەگرت. هەروا کە ئاشکرایە بە بەڵگەی زۆرەوە کە لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا، شێتەکانیان ئازار ئەدا. باسی شێتی ودور لە عەقڵانییەت! بە دوای تێپەڕ بونی سەدان ساڵدا، یەکێك لە هۆەکانی پێکهاتەی خەستەخانەیە لە نێو وەڵاتە ئەروپیەکاندا. نوسیم یەکێك لە هۆەکان. چونکە نەخۆشی گولی، یەکێكترلە هۆەکانی ئەو پێکهاتەیە کە لە سەردەمێکدا، شیتەکان و گولەکانیان پێکەوە تێکەڵ کردبو و لە بەندیخانەکاندا، ڕایان ئەگرتن.
فۆکۆ لە لاپەڕەی ٣٧دا و باس لە ڕەگەزە ژێرینەکانی " رەخنەی ئەدەبی" ئەلێت: لە تۆێژی ژیرەوەیدا، دڵەڕاوکی نێوان " واقیع و خەیاڵ " هەروەها ڕەنگە لە پێوەندی ئاڵۆزی نێوان داهێنان وخەیاڵ وسەرەنج ڕاکیشان وسیحری وڕێنە کردنیشدا، خۆی حەشاردابێت.ئێمە لە ڕێگەی خەیالە ئاڵۆز و پەرێشانەکانەوە، دەگەینە داهێنانی هۆنەری. بەڵام لە ڕوی ڕیزەوە، سەرکێشی و شێتیەکانی نیگارکێش و شاعیر و مامۆستایانی موسیقا، ناودەنین هەوەس.
فۆکۆدواتر ئەڵێت: جۆرە شێتیەکیترکە زۆر نزیکە لەم جۆرەی سەرەوە، دەرئەنجامی خۆ پەرەستی یان نەرجسیەتێکی بێ هۆیە.جۆرێکیتری شێتی لە سزادانێکی ڕەوا پێک دێت، کە ئەویش پەیوەندی هەیە بەجیهانی ئەخلاقییاتەوە. دواجار ئەو شێتیەی کە لە هەڵقۆڵانی دەرونی خۆشەویستی و بە ئەنجام نەگەیشتنی، پێك دێت. بە تایبەت ئەو عەشقەی زۆر بەهێز وناکاو کە جەبری مەرگ، ئەو عەشقە لە مەرگ نزیک ئەکاتەوە، هیچ ئەنجامێکی جێا لە شێتی نییە. تائەو کاتەی مەعشوقەیەك هەبو، عەشقی شێتانەی زۆرترعەشق بوتاکو شێتی، بەڵام ئەو کاتەی عاشقەکە بێ مەعشوقەکەی وێڵ کرا، عەشقەکەی ئیتر لە وڕێنەدا(وڕاوە) درێژەی ئەبێت.
لاێ ئێمە خۆشەویستی خۆ، بە نارسیسم Narcissism ناسراوە. دیارە فۆکۆ بە دروستی لێکیداوەتەوە و هەر لەم خاڵەی سەرەوە، ئەوەمان بۆ ئاشکرایە کە شێتەکە، بە هۆی نەبونی مەعشوقەکەی، توشی وڕاوە ئەبێت و بە درێژەپێدانی ئەو وڕاوەیە، جۆبرانی ئیگزیستانسیالی مەعشوقەکە دەکات کە جۆرێك، ئازاری عاتفیشی لەتەکدایە! ئەو لەو جیهانە ون بوە، بە شێوازی وڕاوەو هەڵیت و پەڵیت و ناکۆکیگەلێك کە لە خۆی نیشانی ئەدات، خۆشەویستەکەی خۆی ئەدۆزێتەوە، ئەگەرچی ئەو دۆزراوە لە خەێاڵدا بێت.
ئێمە بۆ ناسینی فینۆمنەکان، ئەبێت زۆر قوڵ بڕۆینە ناویان. لاموایە کە نابێت بە دیتنی ڕواڵەتی فینۆمنەکان، زو لە سەریان داکۆکی بکەین، بەڵکوئەبێ هەمو کات ئەوە لە بەرچاو بگرین کە ڕواڵەتی ڕوداوەکان و فینۆمنەکان لەسەرەوە، بێ چەندین فینۆمنیتر لە ژێرەوە، ناتوانن هەروا بەدی هاتبێتن. ئەوەی لە ئەروپا تەجرۆبە کراوە، لە کۆمەڵگای کوردەواریشدا هەم دیسان، بەڵام ئەمان نوسیویانە ولێکۆڵینەوەیان لە سەری هەبوە و ئێمە پێچەوانەی. ئەگینا ئەوەی کە فۆکۆ لە لاپەڕەی ٤٦ دا لە زمانی نوسەرێکی فەرەنسی بە ناوی" فرانسیس کۆڵتە "Francois Colletet (١٦٨٠_١٦٢٦) ئەڵێت تەجرۆبە کراوە. فرانسیس بە شیوازی شیعرئەڵێت:
لەم شەقامەدا
بێتاوانێك ئەبینم، مناڵ کەوتونە شوێنی
ئەم هەژارە بینەوایەش سەیر کە
ئەم شێتە نەدارە، بە جل وبەرگێکی دڕاوەوە
چی لەدەس دێت؟
من ژنگەلێکی شێتی ڕەوشت بەرزم بینی
کەلە کۆڵانەکاندا، جوێنیان دەدا.....
***
من خۆم لە چەندین دەرونناس لە شاری لەندەن بیستم کە جیهانی شێتەکان، جیهانی ڕاستیەکانە و لە واقیعدا، ئێمەین کە توانای فامی قوڵی ئەو جیهانەمان نییە. لە فەرهەنگی کوردیشدا ئەم میسالە بەناوبانگە کە: ئەگەر ئەتەوێت ڕاستییەك ببیسی، یان لە شێت بپرسە یان لە منداڵ. واتا جیهانی شێتەکان و منداڵان لە درو و شاردنەوە بەتاڵن. ئەمە یەکێك لە خاڵەکانی فەرهەنگی ڕاشکاویە. واتا خەڵکی لە ڕوی عەقڵەوە توشی درۆ کردن و شاردنەوەی ڕوداوەکانن وزۆر کەم بە ڕاشکاوی لەتەك یەکدا هەڵسوکەوت ئەکەن! دەی باشە هۆی سەرەکی ئەم نۆکتەێە لە چیدایە؟! بۆچی شیتەکان راستییەکان باس ئەکەن بەڵام عاقڵەکان بە پێچەوانەوە، زۆرتری ڕاستییەکان ئەشارنەوە؟! ئاێا دەکرێت زۆربەی فینومنە شێتیەکان لە بۆاری بینین وناسین و ناوەڕۆکی ڕوداوەکان، لە تەك بینینی ڕوناکبیرەکان وهۆنەرمەندەکان، بە یەك بزانین؟ لانی کەم، جیهانی شاعیرەکان، لە ناخدا جیهانێکی بەس شێتیە. شاعیرەکان بە پێچەوانەی عاقڵەکانی نێو کۆمەڵگا، فینۆمنەکان ئاواژو ئەبینن. وادیارە فینۆمنەکان ئاواژو کراون، ێانێ لە حاڵەتی ڕەسەن و واقیعی خۆیان، هەڵگەڕاونەتەوە. خەڵکی عاقڵ بەدیتنی ڕۆاڵەتی ئەوانە، باوەڕیان پێ ئەکات، بەڵام چەند دەستە بونەوەریتر هەن کە، ئەو ڕوداوانە بە شێوازێکیتریانێ ئاواژو ئەیبینن. کە ڕۆاڵەتی ڕاستەقینەی ئەو شتەیە کە پێشترڕێك و ڕاست بوە بەڵام ئاواژو کراون! ئەگەر شاعیرەکان، ئەو شتانە بە ئاواژو نەبینن، ناتوانن پەردە لە ئەو هەمو بیرەوەری وفیکرانە لابەن. ئاێا شیعری شاعیرەکان، لە وتراوەی شێتەکان نزیك نییە؟! تەنانەت کرداری شاعیرە ڕەسەنەکان، لە تەك شێتەکاندا، زۆر لە یەك نزیکن. ئەو کارەی عاقڵەکان ناتوانن ئەنجامی بەن، تەنیا شاعیرەکان و شێتەکان توانایی وتن و ئەنجامدانیان هەیە. ئەگەر بە نمونە بڕۆمە سەر چەند میسال، چەندین لاپەڕەی پێویست ئەبێت. چونکە هەر شعیرێك، بەیانێکە لە ڕوداو و واقیعێك کە خەڵکی ئەوانەیان نەبینیوە و بە ساکاری بەلایاندا تێپەڕ ئەبن بەڵام شاعیرەکان، ئەوانەیان بینیوە و تەنانەت لە ناخیاندا بوەتە سەبەبی هەڵقۆڵانێکی ئەدەبی و نوسینی شیعرێك یان مەنزوومەیەك.
عەقڵ وکەلتورRationalism & Culture
خاڵێکیتری ئەم جیهانە، یانێ جیهانی شیتانەی شاعیرانە، ئەگەڕێتەوە بوفینۆمنی" عەقڵ و کەلتور ". هەڵبەت دو کەلتور، یەکێك کەلتوری تاکەکەسی، دوهەم کەلتوری کۆمەڵگا، کە سەدان و هەزاران ساڵ لە سەری کار کراوە...
جارواێە کە بەدیتن یان بیستنی ڕوداوەکان، شاعیرئەکەوێتە نێو شەڕێکی زۆر قوڵ تەك خۆێا، ئاێا بێژێتی، بەیانی بکات یان نە؟ چونکە بەیانی ڕوداوەکان، زۆر جار خەتەر پێك دێنێت وبگرە لە دەس دانی گیان. لێرەدا" عەقڵە " کە پێ ئەنێتە مەیدانەوە ولەم خاڵەدا، شەڕێك لە دەرونی ئەو ئینسانە، دەس پێ ئەکات. شەڕی عەقڵ وشێتی. ورد بونەوە لە بەرهەمە شیعریەکان، رادەی زۆرداری دەسەڵاتی " عەقڵ و شێتی " نیشان دەدات. ئەگەر لایەنی شێتیەکە بە هێزتر بێت، پیتەکان_ دێرەکان_ رەستەکان و بەندەکان و تەواوی شیعرەکە، هەڵماڵینی پەردەکانە لە سەر ڕوداوەکە و دەرخەری ڕاستییەکانە. ئەگەر لایەنی " عەقڵ " بەهێزتر بێت، واتا شیعرەکە پڕ ئەبێت لە وشەی چەند لایەنە(چەند بۆچون و چەندرەگەز) کە دەکرێت چەندین شتی جۆراوجۆری تێدا بدۆزیتەوە. لە سەنعەتی ئەدەبی بەوشێوازە ئەڵێن ' ئیهام وئیجاز '. بۆ نمونە غەزەڵە بە ناوبانگەکانی حافیزی شیرازی. ئەوەندە ئیهام و ئیجازی تێدایە کە تەنانەت زۆربەی خەڵکانی فارس زمان، فاڵی لێ ئەگرنەوە. بۆچی؟ چونکە دەتوانرێت، چەندین فام وبۆچونی لێ دەربێنی‼(ئەمەش بێ وتن دیارەکە ئەو فاڵ گرتنە هالە خزمەتی میتافیزیادا) بەرانبەری ئەو شاعیرە، فەیلەسوف وئەستێرەناسێکی گەورە بە ناووی" خەیام " لە ٦٤ ڕۆباعیدا، پەردەی لە زۆر شت هەڵداوەتەوە کە شاعیری کورد " هەژار " ئەو ڕۆباعیاتەی وەرگێڕاوە تە سەر زمانی کوردی کە بە" چوارینەکانی خەیام " بە ناوبانگە.
بۆ فامی باشتری باسەکە لەم خاڵەدا، نمونەیەکیتری ئەدەبی، شیعرە بەناوبانگەکەی عەبدوڵلا پەشێوە بە ناوی" ماچ " کە کاتی خۆی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، تەنیا بە تەلەفۆن لەمماڵ ئەڕۆیشت بۆ ئەو ماڵ. واتا پێویستی بە چاپلێدان نەبوو. لەو شیعرە ودەیان کاریتری پەشێوی شاعیر، ڕادەی شێتی و ڕاستی، جوان ئاشکرایە...هتد.
فۆکۆ لە کتێبی مێژوی شێتی و لە بەشی" شێتەکان" لاپەرەی ٨٤ ئەنوسێت: دێسپۆرت Desporetes لە گۆزارشێکدا لە مەڕ بەشی شێتەکان و چۆنیەتی ماڵ و ژورەکانی نەخۆشخانەی "بیستێر"، لە ئاخری سەدەی هەژدەهەم وەهای بانگەواز کردووە:
بێچارەیەك کە تەنیا ئامرازی دەستی، شۆێن خەوتنێکی پۆشراوە لە کا بوو. لەسەر و پاو لەشیەوە بە دیوارێك چەسپابو، بۆیە نەدەحەسایەوە، بێ ئەوە ی کە ئاوێك کە لە بەردەکانەوە ئەتکا، ئەوی تەڕ نەکردباێ. و لە مەڕ ژورەکانی "سالپترێر" نووسیویەتی: چۆنیەتی ئەوەی، بەتایبەت لە کاتی زستاندا وهاتنە سەرەوەی ئاوی ڕوباری" سێن " مەرگ هێنەرتر ئەبو و ژیانی ئەو شێتانەی کە لەوێدا دامەزرابوون، مەترسی مەرگیانی لێ زۆرتر ئەکردەوە. چونکە لەوکاتەدا، ئەم ژورانە لەتەك بۆڕی گوواوەکانا، لە یەك ڕادەدا بوو. جێا لە تووش بونی زۆرتری میکرۆبەکان ونەخۆشیەکان، پەناگاێ سەدان مشكی زل ئەبو کە شەوان هێڕشیان ئەکردە سەر بێچارەکانی زیندانی لەوێدا وهەرجێگەیەك لە لەشی ئەوانیان گاز لێ دەگرت. لەم ژورانە، ژنانێکی شێتم دی کە پێ و دەست و سەر وچاویان لە زەخمی مشکەکان تەواو دڕابوو. ئەم برینانە زۆرتر خەتەرناك بون وئەبون بە باعیسی کوشتنی ئەو ژنانە.
ئەمانەی کە دەیان بیرمەندیتر ومیشل فۆکۆ باسیان ئەکەن، ڕوداوەکانی نێو وەڵاتە ئەروپیەکانە. ئاخۆ لە وەڵاتە کانی خۆراوا، شێتەکان چییان بە سەردا هاتبێ وچەند ئازاریان لە فەرهەنگی جەماوەروعەقڵانییەت کێشابێت؟! لەدرێژەی ئەو گۆزاریشەدا هاتووە:
بەڵام لەمەڕ ئەو شێتانەی کە زۆر خەتەرناک بون، نیزامی زەنجیرو کەلەپچە، بەکار ئەهێنرا. نیزامێك کە حەتمەن ڕەهەندی بە سزاگەیاندنی نەبو وتەنیا دەبۆایە ئەندازە و سنورێكی مادی بۆ شێتی قیناوی دابین کردبایە. وەها شێتگەلێکیان بە دیوار و تەخت، زەنجیر ئەکرد. لە نەخۆشخانەی " بتلیم "، ژنانی شێتی شەڕاویان لە قۆنچکەی پێەوە و لە نێو دیواخانێکی درێژەوە، زەنجیر ئەکرد. تەنیا لیباسی ئەوانە، کراسێکی شۆڕی عابایی بوو. لە نەخۆشخانەیەکی دیدا بە ناوی "بتنال گریین" Bethnal Green ژنێك کە توشی هەل ومەرجی توندی دەرونی ئەبو، لە گەوەڕی بەرازەکاندا، ڕا ئەگرت و دەست و پێیان ئەبەستەوە. بە دوای ئەوەی کە ئەو بۆحرانە تەواو ئەبو، ئەیانبرت و تەنیا بە پارچەیەك لە سەری، بە تەختەکەوە ئەیانبەستەوە. کاتێك ئیجازەی هەبو کە بڕوات بۆهەنگاو لێدانێك، بۆڕییەکی ئاسنییان ئەخستە نێو پاکانیەوە کە بۆڕیەکە چەند حەڵقەی هەبو کە یەك سەریان بە قۆنچکەڵانەی پێ وئەو سەری بە زەنجیرێك وکەلەپچەی دەستیەوە، بەسترابووەوە.
بەهەرکات فۆکۆ لەم کتێبەدا، چۆنیەتی ژیانی شێتەکان لە سەردەمەکانی ڕۆنیسانس و سەردەمی کلاسیك و دواتر، ئاشکرا ئەکات کە هەرکام لەو خاڵانە، دەرخەری ئەوەیە کە ئینسان وەکو بونەوەرێکی بیرەوەر، چ فەرهەنگ و کەلتورێکی تێپەڕاندوە، تاکو ئەم نۆقتە کە ئەمڕۆ ئەیبینین.
شێتی هەر ئیستەش لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا، ناسراوە بە دابڕان لە عەقڵ وشیوازی دروستی ژیان ودژی ئایینەکان وکەلتور و بنەماڵەکان و تەواوی کۆمەڵگا! چونکە لایان واێە کە شیتەکان ئابڕوی بنەماڵەکان ئەبەن. کە ئابڕوی بنەماڵەکان چو، ئابڕوی سیستەمەکان دەچێت وبنەماڵەی گەورەتر بە ناوی کۆمەڵگا، ئەکەوێتە ژیرڕەکیفی لە دەست دانی ڕەهەندی ئینسانی و کەلتوری! بەڵام زۆر بە کەمی ڕوناکبیرەکان ددانیان ناوە بەوا کە، کەلتور و فەرهەنگ بە دەستی خۆدی کۆمەڵگاوە پێك دێت. وەکو فەرهەنگ زۆر شت تا دۆێنێ خراپ بو، ئەمڕۆ بە باشی دەزانن، زۆر شت بە پێچەوانەوە باش بوە و هەر لە ڕوی فەرهەنگەوە، ئەمڕۆ بە خراپی دەناسێنن‼
لە وەڵاتە ئەروپیەکاندا، خۆاردنی شەراونەك هەر باوە، کە لە کەلتوری مەسییحەتدا، زۆر بە باشی ئەناسێنن و باسی لێ دەکەن. بەڵام لە فەرهەنگی خۆراوای ناوەڕاستەوە، خۆاردنی شەراو بە حەرام دەزانن ولە وەڵاتێك وەکو ئێران، ئەو کەسەی کە هەرجۆرە ئەلکوهول بخۆاتەوە، بەحۆکمی یاسای عەقڵی وئیسلامی ئەو وەڵاتە لە سیدار ئەدرێت! ئێمە باس لە کۆمەڵگای جیهانی ئەکەین. وبەمۆقاڕنەی چەند لاێەنیانەی بابەتەکان و ڕوداوەکان، تێدەکۆشین بە شتێكی ڕاستەقینە بگەین ولە چۆنیەتی کەلتور و فینۆمنێك بە ناوی ئینسان، باشتر تێبگەین. بۆ نمونە خۆدی جەماوەری جیهانیە کە بوەتە هۆی خراپ بونی ژینگەی خۆی. بێ هیچ مەترسییەك بەرەو خاپورییەکی زۆرتر ئەڕۆات وباشیش ئەزانێت کە ئەنجامی کارەکانی چیە؟ بەڵام چەند سیستەم وسەرمایەداری مل هۆڕن کە نەك هەر باشترین ژیانیان هەیە کە هەموی سەغڵەتیەکانیان بە دیاری داوە بە خەڵکانی هەرە زۆری جیهانی ئینسانی. زۆر شت تێکەڵ و ئاڵۆزبووە. زۆر شت لە نێوتارمائیەکی سەیرەوە، درێژە بە ژیان دەدەن و ئینسان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، توشی چەرمەسەریەکی قوڵترونالەبارتر ئەبێت. واتا کۆمەڵگای جیهانی بەرەو مەرگێکی ئاسایی ئەڕۆات. دو لە نیشانەکانی ئەم خاڵە، ئاو بونەوەی سەهۆڵەکانی جەمسەرین ویەکێکیترناسراوە بە" سۆنامی ". لافاوێکی زۆر خەتەرناك، کە هەر ساڵە چەندین هەزارئینسان ئەکۆژێت و سەدان شار و لادی، لە بەین ئەبات‼ ئاێا ئەم سیستەمە عەقڵانییەتە کە تاکو ئێستە خەریکی درێژەدان بە کارەکانییەتی نییە کە ئەم ڕۆاڵەتەی ئەمڕۆی ئینسانی جیهانی و شۆێنی ژینگەی، هێناوەتە ئاراوە؟
من لامواێە کە" عەقڵ " لەم ناوەدا، یەکێك لەگەورەترین خاتابارەکانە. هەر ئەم عەقڵەیە کە فینۆمنی شێتی، ئەخاتە پەراوێزەوە و بە ئەشکەنجەیەکی نا_مرۆڤانەوە، واقیعەکان ئاواژو ئەکات. لام وایە کە بەجێ شیتەکان، ئەبێ تەواوی عاقڵەکان بکەونە ژێر گۆمانەوە. چونکە ئەوە سیستەمی عەقڵانییەت و عاقڵەکانە کە کۆنترۆڵکەری کۆمەڵگاکانن و ئاکامی هەموی کارەکانیان، بە ڕونی دیارە.
پێشتر ئیشارە م کردبو بەوەی کە ' عەقڵ ' یەك شێوازە، ێان یەك ڕێگەیە. ڕێگەئێکە کە وەکو ڕێبۆارێك کە لە سەر بەفردا ڕۆیشتوە(لە درێژایی میژودا) وئێمە ئیستە بە جوانی ئەتوانین شۆێنی هەنگاوەکانی ببینین ودیاردەکانی هەڵسەنگێنین. ئەم شێوازە لە هەزاران بۆاردا، بوە تە هۆی ڕەنگدانەوەی هەزاران نالە باری و سەغڵەتی جۆراوجۆر، بۆ فینۆمنی ئینسان وکۆمەڵگای جیهانی. لە بیریش نەکەین کە ئینسان خۆی یەك فینۆمن یان دیاردەیەکی سروشتیە و لە سروشت جێا نەبوە ونییە. بەڵام عەقڵانییەتێك کە لە کانیاوەکانی فیکردا، ئاوی خۆاردوتەوە، دەستی کردوە بە پێکهێنانی چەندین سیستەمی دژ بە سروشت و خۆدی ئینسانیش. لەم ناوە، ئەوەی کە رەسەنترەو ئەرکی لێکدانەوەی دیالۆگانەی دیاردەکانیتری هەموی گەردونی لە ئەستۆیە، فیکرە. بەڵام سیستەمی عەقڵانییەت، فیکر و جیهانی فیکری خستوەتە نێوتەم و مژێك وبە هەموشێوازێك کە توانیویە، " فیکر" ی تەبعید کردووە. بەڵام ئاێا ئەم کارە هەتاهەتائیە؟ هەرگیز. شتی وەها نابێت. ڕەنگە کەسێك پرسیار بکات کە ئەوە چۆنە؟ وەڵام بۆ نمونە ئەمەێە: عەقڵانییەتی ئایدیالیستی کە بە مانا تەواوەکەی میتافیزیکییە، لە ئێرانی ئیسلامیدا، یاری شەترە نج بە خراپ ئەزانێت و حەرامی کردووە. عەقڵانییەتی میتافیزیکی تەنانەت نیشانەو و سەنبۆلەکانی ' فیکر' ی، لاێ خەڵك بە خراپ ونەحس(شوم) ناساندوە! وەکوباێەقۆش(بەبو) کە لە تەواوی جیهاندا بە سەنبۆلی فیکر ناسراوە، بەڵام دینکارەکان و ئایدیا و ئایینەکان، باێەقۆش بە نەحس ئەناسن. لەکاتێکدا بایەقۆش بە هۆی جەوهەر وساختاریەوە، لە شۆێنی ئارام وکەم سەر و دەنگ ئۆقرە ئەگرێت. وەکو کەسێك کە پێویستی بە تۆزێك فیکر کردنەوە بێت، وبڕۆاتە چۆڵاییەکانی نێو دارستانەکان و بە تەنیا چەن ساتێك لە تەك خۆیا بێت. جیهانی فیکر ئەگەرچی جیهانێکی قوڵ ورەنگاوڕەنگ و تاریکە، بەڵام ڕەنگە بە دەنگێکی ناحەز وئیزافەی نا_ پێویست، خەلەلی تێبکەویت. ئایا تا ئیستا نەبینراوە یان بۆ خۆتان بە ئەزمون دەر نەهاتوە کە پێویستتان بە تۆزێك بێ دەنگی وئاسایی و بیر کردنەوە بێت؟! کە ئەڵێم بیر کردنەوە، ڕێك مەبەستم جیهانی فیکریە. بەو مانایەی کە کەسێك بڕۆاتە نێوتارماییەکانی ئەو جیهانەوە... لەوێیە کە زۆر شتی شاردراوە، دەر ئەکەون و ئینسان ئەتوانێت لە چۆنیەتیان وژیانیان بە جوانی تێبگات.
بەڵام عەقڵ بە پێچەوانەوە، هەر بەو ڕێگادا دەڕۆات کە پێشتر" عاقڵێك " دیاری کردوە وڕێبۆاران لەو ڕێگایەدا، کە هەزاران چرای هەڵکراوی تێدایە، دەڕۆن و بە شانازیەوە ڕی ئەپێون‼ بێ ئەوەی کە باش لە قوڵاییەکانی مەبەست وئاکامی ڕێگاکان، تێگەیشتبێتن. لە وەها دیاردەیەکدا ئەگەرڕێك و دروست بڕۆانین، شۆێنی هەنگاوی ' عاقڵەکان ' و " ڕێبەرە کان " و سیستەمەکان دیارن.
لامۆایە کە دەتوانین لەم نۆقتەدا ئەمە بڵین کە" شێتی " ئەتوانێت لە تەك " فێکر " دا جۆرێك دۆستی وتێکەڵاوی هەبێت، بەڵام لە تەك " عەقڵانییەت " دا، وەکو دۆژمنێك سەیری یەکتر ئەکەن. ئەمەش دیارە کە هۆەکەی چیە و چۆنە؟‌ چونکە عەقڵ و شیوازی عەقڵی، کە یەکێك لە هۆە بنەماکانی دیاردەی سیستەمەکانە، شێتی بە دور لە فەرهەنگ ومانا رەسەنەکەی ئینسان دەزانێت ولە درێژایی مێژودا، شێتەکانی بە خراپترین شیواز، ئازارو ئەشکەنجە کردووە. و ئەو ئازارە هێشتا هێشتایە لە زۆربەی وەڵاتەکاندا بەردەوامە!
جارێ لە کۆمەڵگای کوردەواریدا، دەیان جار بینراوە کە نەخۆشە دەرونییەکان، ئەبن بە مەبەست و ئامراز، بۆئیسباتی حەقانییەتی دینی‼ نێوی خەیاڵە تاڵە کان ئەنێن جێن وجێن لە لەشی خەڵك دەر ئەکەن! وئەم عاقڵە دین کارانە، بە شێوازی عەقڵانییەتی دینی، ئیسباتی بونی خۆا ئەکەن!
لە بەشێکی هەرە گرینگی ئۆردوگای متافیزیاوە، دژی خەێاڵ ئەوەستن. کە چی خۆێان کە چونە خەڵوەتگایانەوە بە هۆێ خەێاڵەوە، لە بەشێکی زۆر ڕواڵەتی فینۆمنەکان تێ ئەگەن، بەڵام بە هۆی عەقڵانییەتێکی کۆێرەوە، خەیاڵاتی خەڵك بە جێن قاو دەدەن و بەم شیوەیە سەر لە خەڵکی ساکار و دەوروبەر ئەشێوێنن و عەقڵانییەتەکەیان، بە ڕاستی وواقیع، ئەشۆبهێنن. تۆ بڵی ئەم کارەساتە هەروا درێژەی هەبێ و بیرمەندەکانی خەڵکی شاری فیکر، هیچ نەڵێن؟؟
[email protected]


به‌شی یه‌که‌م:

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=d63c7bbf




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە