بارزانی لە نێوان " زەروورەت و ختوورەت" دا

Thursday, 26/03/2015, 12:00

2633 بینراوە






١٩ ساڵ بەر لە ئێستا، مەسعود بارزانی بە خیانەتێکی بێئابڕووانە ، دەبابەکانی بەعسی هێنایەوە بەردەم هەمان ئەو پەرلەمانەی کە ئێستا هەنێ شەقەواوە و سەرسەری دەیانەوێت بە شەق ئەم خائینە پیرۆز بکەن تێیدا. بەڵێ ئەمەبوو ئەنجامی قەبوڵکردنی خائینێک بە ڕابەری میللەتێکی چەوساوە و بریندار!

هیچ گومانێکم نییە بارزانی لە شوێنەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە و عەلی حەمە ساڵحەکان دەمیان دادەخەن، یان پێیان دادەخرێت. بەڵام (بە گومانم) لەوەی لەدوای ١٩ ساڵی تر نەوەکانی بارزانی چی بە خەڵک و سیاسی و حیزبەکانی تر دەکەن. دوورنیە تەڵاق و تاپۆ و تەوالێتی ناو ماڵەکانیش بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.

پارتی هەرچیەکی کردووە و دەکات، دەرەنجامی قەبوڵکردنی خیانەتە گەورەکەی ٣١ی ئابە. هەموو تاوانەکانی ئەو حیزبە ڕەگێکی دەچێتەوە سەر ئەو خیانەتە. دزینی دەیان بلیۆن دۆلار، کوشتنی دەیان مرۆڤی بوێر و ئازا، ١٧ی شوبات، هەڕەشەکانی نێچیر لە پەرلەمان، داگیرکردنی موڵک و ماڵی میللەت، تەخشان و پەخشانکردنی زەوی و خاکی میللەت بە نەوەکانی خۆیان و دەزگا و پڕۆژە مافیایی و بازرگانییەکانیان، تا دەگاتە خیانەتی شەنگال و دواجاریش درێژکردنەوەی ویلایەتە ناشەرعییەکەی بارزانی.

ئەمەی دەیڵێم خەونە، من باوەڕم پێی نیە، بابڵێم(باوەڕم بەوە نیە حیزبی کوردی ئەو جورئەتەی تێدا درووست بووبێت ڕیسک بە بەرژەوەندیە ماددییەکانی خۆی بکات لە پێناوی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵک). بەڵام هەر دەیڵێم : " بۆ ئەوەی کوردستان پێبنێتە قۆناغێکی باشترەوە، بۆ ئەوەی چیتر ڕۆژانە خەڵکی ئەم نیشتیمانە خۆزگە بەساڵانی هەشتاکان نەخوازن، دەبێت کۆتایی بەم مافیاخانەیەی ماڵی بارزانی و تاڵەبانی بێت. ئەگەرچی ئێستا دوژمنێکی دڕتر و ترسناکتر بەردەرگای لێگرتووین، بەڵام زیانەکانی ئەم مافیاخانەیە کەمتر نیە لە هی دەرەکییەکان. ئێمە بەدەستی داعش سەربەرزانە دەکوژرێین، بەڵام لەژێر ڕکێفی ئەمانەدا هەزیلانە دەبینە داعش و حەزینانە کۆمەڵگا دەکەنە کۆیلە و ڕۆبۆتی ئایدۆلۆژیا خورافییەکان. چوونی هەر کوردێک بۆ ناو داعش پەیوەندی بە تاوانی دابیننەکردنی ژیانێکی باش و ئارامەوە هەیە بۆ خەڵکی کوردستان. گەشە سەندنی بیری توندڕەوی و زۆربوونی سەلەفی و ئیسلامی سیاسی و هێرش و بێحورمەتییەکانی بانگخواز و مەلا ئازادەکان دژ بە پێشمەرگە و شەهید و نەتەوە و خاک و ژنانی ئازادیخواز و کۆی مرۆڤە ئازادەکان، پەیوەندی بەرجەستەی بە تاوانی لێگەڕان لە ئازادییان و سەخافەت و نادادی و مافیاگەرایی دەسەڵاتەوە هەیە.


ڕۆژانە دەیان مەلای توندڕەو و تیرۆرریست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشە دەکەن. لە زانکۆوە مامۆستا هەیە دەتوانێت موحازەرە لە بارەی شەرع و ئەحکامەکانی ئایدۆلۆژیاکەی بۆ گەنجان بدات و چەمکە دینییەکان بکات بە منەت بەسەر پێشمەرگە و گیانبەختکردووانەوە، دەتوانێت خەڵک لە خۆشویستنی نیشتیمان و ئینتیما کاڵ بکاتەوە و بیانخاتە گومانەوە بەرامبەر هێزێکی تاریکبین و دڕندەی وەکو داعش. کرێکار و مەزهەر و لەتیف و واحید و هاوڕێ و کاروان و ماروانو ... ئەوانی تر بە ئاشکرا هانی داخستنی دەرگاکان دەدەن و کرانەوە و دنیابینی حەرام دەکەن و ترس و تۆقین لە وەهم لەناوەوەی خەڵکدا دەچێنن. مرۆڤایەتی لە ژیان نائومێد دەکەن و هانیان دەدەن بۆ خەوتن لە خورافەدا. لەبەرامبەردا هەر ئازادیخوازێک دەنگیان بەسەردا بەرزبکاتەوە و داوای داخستنی دەمیان بکات، ئازا ئەم جۆرە ڕستانە دێنە بەرگوێمان " کێ نەوت دەدزێ دەمی ئەوانە داخەن، کێ ڕۆژنامەنووسان دەکوژێت دەمی ئەوانە داخەن، کێ میللەتێک دەخاتە خزمەتی خێزانێکەوە دەمی ئەوانە بکوتنەوە... هتد" زۆر بەکەمی مرۆڤ دەتوانێت لە بیانوو و پاساوە لۆژیکییەکانی ئەوان نەجاتی ببێت.

بە کورتی داعش هێزێکی ترسناک و دژە ژیان و دژە مرۆڤایەتییە، ناتوانێت بەو ڕوخسار و بەرگەوە خۆی بکات بە کۆمەڵگای ئێمەدا، بەڵام وا بڕوات و ئەم دەسەڵاتە بەردەوام بێت، خەریکە ئەو ڕوخسارە لە ترسناکییەوە دەگۆڕێت بۆ دۆخی ئاسایی و ئەگەر خورافە و وێرانستانێکیش بێت، خەڵکی وەری دەگرێت لە بەدیلی ئەم مافیاخانە و تاوانبارانەدا. ماندووبوونەکە بەدەست ئەمانەی ئێستاوە لەوە زیاترە بەرگەی زیاتر بگرێت لەژێر ئەم هەموو بارە سەختەدا.

مەسعود بارزانی چی کردووە؟ کێ دەتوانێت یەک قۆناغی مێژوویی هەستیار و چارەنووسسازی ژیانی سیاسی ئەو دەستنیشان بکات؟ ئەگەر کادێرەکانی حیزبەکەی و ماستاوچییەکانی دەوروبەریان بەڵگەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ناساندنی کورد وەک قەواریەکی سەربەخۆ دەهێننەوە، دەتوانین لەبەرامبەردا بلێین، ئەوە پۆست و مەقامەکەی بارزانییە ئەوانە دەکات نەک کەسایەتی و مەهارەتی ئەو، ئەوە سەروەت و سامانی کوردستانە، ئەوە قارەمانێتی کوڕان و کچانی شەڕڤان و پێشمەرگە و گەریللان، نەک حیکمەتەکانی ئەو. بەرژەوەندی وڵاتانی ڕۆژئاوایە، لەبەرامبەر عێراقێکی ئێرانی و داعشێکی تورکی و گرنگی بە مقاشێک بدەن بۆ بەچەترسێنکردنی ئەو وڵاتانە. دنا هیچ کەس نیە یەک هەنگاوی بەرجەستە و ڕاست و لۆژیکی بدۆزێتەوە کە ئەم پیاوە بۆ ئەم میللەتەی نابێت.. من گومانێکم نیە ئەگەر هەرکەسێکی تر بوایە لەو سیاسییانەی تر ئەگەر لەوی زیاتر نەکردایە، کەمتری نەدەکرد. ئەمە جگە لەوەی کە دوادیاری ئەو بۆ نەهامەتییەکانی گەلەکەی " ئەنفالی شەنگال" بوو.

ترسناکی بوونەوەی بارزانی بەسەرۆک لەوەدایە، دووبارە خەڵکانێک پەیدا دەبن نەک تەنها ئاوات بۆ هەشتاکان، بگرە ئاوات بۆ گەڕانەوەی بەعس و سەدام بخوازن. خەڵکانێک بەدەستی خۆیان ئیش بۆ هێنانی ئەم داعشە لەبەرگێکی کوردیدا و تەسلیمکردنی کۆمەڵگا بە یاسا و ڕێساکانی ئەم بیابانە سامناکەی توندڕەوی ئیسلامی. حاڵی حازر پەیج و ئەکاونت و پێگە تایبەتە کوردییەکانی داعش لە فروانبوون و ئاشکرابووندان. دەیان مرۆڤی کوردزمان رۆژانە بە لایک و کۆمێنت و گوتاری حەماسی شەرعییەت بە خلافەت دەدەن و خوازیارن لەدەست پارتی و یەکێتی نەجاتیان بێت. ئەم تەوژمە ئیسلامگەراییە ڕۆژ بەڕۆژ لەگەشەکردندایە. بەهەموو پێوەرێکی مێژوویی و عەقڵانی دووبارەبوونەوەی ئەفغانستانی سەردەمی شەڕی سارد لە هەرێمی کوردستاندا ئەگەرێکی زیندووە. هەر لە ژن کوشتنەوە تا دەگاتە سیما و دۆخی کۆمەڵایەتی و باڵادەستبوونی مەلا و دەرکەوتن و بەناوبانگبوونی بانگخواز و توندڕەوەکان لە ڕێی میدیا بەناو مەدەنییەکانەوە، هەمووی هێمای نەخوازن. ئەمانە هەمووی بە گڵۆپی سەوز و کۆمەکی بارزانی لەگەشەدان. مانەوەی ئەویش لەو پۆستەدا، ئەم تەوژمە خێراتر و بەرفراوانتر دەبێت.


لە کۆتاییدا وەک مرۆڤێکی ئازادیخواز ڕوو دەکەمە حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پێیان دەڵێم حساب بۆ ئەم زەرورەتە بکەن " زەروورەتی لابردنی بارزانی" . نەوەک دواتر بەدەستی ئەو "زەروورەتە"ی ئێوە بە قەولی "عەلی باپیر" کوردستان و کۆمەڵگاکەی ببێتە دواکەوتووترین ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەوەشمان لەیاد بێت، عەلی باپیر و هاوشێوەکانی سودمەندی گەورەن لەدۆخێکی وەهادا کە من ئاماژەم پێداوە لە وجودی بارزانیدا لەو پۆستە، بۆیە لەوانەیە لە هۆشیاریی و بەرژەوەندییە دنیایی و دینیەکانیەوە بێت کاتێک دەلێت بارزانی " زەروورەتە".

هێمن ڕەئووف کەنەدا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە