سەرۆکی هەرێم بە بۆیاخی مارکەی (گۆڕان)ەوە

Saturday, 28/06/2014, 12:00

1907 بینراوە


 گیڤارا دەڵێت: من لە ژیانمدا زۆر قسە ناکەم، کە کردیشم زۆر کەس بێدەنگ دەکەم.
سەرۆکی هەرێم دەڵێت مادی ١٤٠ جێبەجێ بوو ئیتر باسی ناکەین.
 وا دیارە مەبەستی کاک مەسعود، ئەو ناوچانەی گرتۆتەوە و بە حسابی خۆی ئیتر بڕیاری داوە چۆڵیان ناکات. مادەی ١٤٠ کە هەتا ئەمڕۆ بۆ جێبەجێکردنی لە سێ پڕۆسە پێک هاتبوو.. چەندەها مەرج و بڕگەی بۆ دانراوە، پارتی و یەکێتیی و هەموو لایەنە سیاسییەکانی تر چەندەها ساڵە میدیاکانی پێ پڕدەکەنەوە، کەچی بە قودرەتی قادر ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێم وەکو کۆکا کۆلا هەڵبچڕێت لە پڕ ئەڵێت مادەی ١٤٠ جی بەجێ بوو، ئیتر باسی ناکەین. رەنگە راست بکات ئیتر ئەو فیعلە خراپە کە پێی دەڵێن درۆی مادەی ١٤٠، ئیتر تەرکی دەکات و باسی ناکات. هەڵبەت مادەی ١٤٠ بۆ ناوچە وازلێهێنراوەکانە و زۆربەی خاکی باشووری کوردستان ناگرێتەوە، کە نەک عەرەب و حکومەتی عێراق بە خاکی کوردستانی نازانن، بەڵکو دەسەڵاتی کوردیش، بە موڵکی خۆی نازانێت، لەسەرو هەموویانەوە بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی وازیان لێهێناوە و بە نیشتیمانی کوردی لە قەڵەم نادەن، وەک موسڵ و شەنگار و تەلەعفەر و بەدرە و زۆر ناوچەی تر، کە پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق ئەو ناوچانە کوردستانی بوون و زۆربەی دانیشتوانی کورد بوون. ئەم سیاسییانەی کورد هەر شار و ناوچەیەک عەرەب و تورکمان و غەیری کوردی تێکەوت، ئیتر دەبێت بەناوچە جێناکۆکەکان و دەبێت مادەیەکی وەکو ١٤٠ی بۆ دابتاشرێت. بەنمونە سلێمانی، هەولێر و دهۆکیش دوای بیست سی ساڵی دیکە دەبێت بە ناوچە جێناکۆکەکان و کوڕی ئەم سەرکردە و بەرپرسانە کە دەسەڵات دەگرنە دەست ئەوانیش رێک دەکەون و مادەی ١٥٠ و ١٦٠ و ١٧٠ بۆ دادەنێن.

دوای ئەوە سەرۆک ئەڵێت: من ئامادەم چەک هەڵبگرم.
ئاخر جەنابی سەرۆک ئەگەر درۆ نافەرموییت کێ دەستی گرتوویت بۆ هەڵیناگریت؟ بەڵام لە بیرت نەچیت، بە تەنها چەک هەڵنەگریت و نەڕۆیت! نەکا بتفڕێنن و داعش شتێکت لێبکات، لەگەڵ خۆتدا کوڕەکانت، کوڕی کۆسرەت، کوڕی نەوشیروان، کوڕی مەلا بەختیار، کوڕی تالەبانی و کوڕی بەرپرسەکانی تریش لەگەڵ خۆتدا بەرە، با ئەوانیش چەک هەڵبگرن، ئەوانەش ببە کە چەندەها ساڵە پارە و سامانی میللەت بۆ خۆیان دەبەن. پەڕلەمانتار و وەزیر و سەرۆکی حیزب و موستەشار و خەبیر و مودیر عام، هەموو ئەوانەی پارەی زۆر وەردەگرن لەگەڵ خۆتا بەرە! بچۆ عەقید شاناز و عەقید رێبین و هەموو ئەو عەقید و موقەدەمە مشەخۆرانەش بەرە تا لەگەڵتا بێن، با بچن بەرگریی لە گیرفانیان بکەن. با ئەو دزانەش لەگەڵتا بێن، کە بانکەکانیان تاڵان کردووە، ئەو بازرگانانە بەرە، کە کۆشکەکانیان بردوە بە ئاسماندا، ئەو کەسانە بەرە، کە لە سەر مێزێک چەندەها دەفتەر دۆلار دەدۆڕێنن، با ئەوانە بچن کە خاوەنی کارگەی چیمەنتۆ و بازاڕ و فڕۆکەخانەن. دەستی فاروقی مەلا مستەفا، شاسوار واحید، نەوشیروان مستەفا، ئاشتی هەورامی، مەلا بەختیار، رۆژ نوری شاوەیسی قومارچی، سەعدی پیرە،  بگرە و بیانبە بۆ جەنگ!

مەسعود بارزانی تەنها لەبەر ئەوە نییە، کە سەرۆکێکی ئازایە و چۆتە کەرکوک، دەڵێت من چەک هەڵدەگرم، بەڵکو لەبەر ئەوەشە، کە روو بە رووی ئەو چەکدارانە دەبێتەوە، کە موچەیان پێ نادرێت و دەیەوێت بە پارەی پیتاک شەڕی بۆ بکەن، تا  لەوێ بەجێیان بهێڵێت و بکوژرێن، دوایی ببن بە قوڕبەسەریی بەسەر کەسوکار و خێزانیان. ئاخر نازانم تاکو کەی ئەو خەڵکە درۆ و سوکایەتی پێ هەزم دەکرێت؟

سەرۆکی هەرێم دەڵێت: "با کەرکوک بکەوێتە دەستی خۆمان ئینجا دەزانن کورد چەند سەخاوەتە." واتە کورد دەست و دڵی فراوانە!
 بە گومانەوە ئەمە پرسیارێکمان لا دروست دەکات، کە ئاخۆ سەرۆک لە پاڵ تورکیادا دەیەوێت چی بکات و بە تەمای چییە!؟ دەیەوێت چ کەتنێکی دیکە بە کورد و بە نەوتی کوردەوە بکات!؟ هەڵبەت وا بڕیاری داوە بە سەخاوەتەوە نەوت بدات بە داگیرکەران!؟
کاتێک سەرۆک دەڵێت کورد دڵفراوان و سەخییە! ئەوە دەیەوێت بڵێت کورد یانی خۆم و هەرچی جەنابی کاک مەسعودیش دەیکات، واتە ئەوە کورد دەیکات. ئاخر ئەمەیان قسەی تازەیە، چونکە دوای بۆیاخە تازەکەی نەوشیروان مستەفای سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات، کە ئەندازیاری ١٧ شوبات و ئاشکراکەری بوجەی دزراو و مەلەفی نەوتە، بۆیە ئەم سەخاوەتە دەنوێنێت! ئەمەش بۆ خۆی  قسەی تازەیە دوای ئەو گەرموگوڕیی هاتوچۆی نێوانیان ئەم قسە مزر و شیرین و دڵخۆشکەرانە بۆ هەموو لایەک دەکات! چونکە کاک نەوشیروان دەستەڵاتی فاسیدی کوردی بە بۆیاخی گۆڕان بۆیاخ کرد و دەزگا و هێزی پێشمەرگەی بە نیشتیمانی کرد!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە