دوو سەد و چل دەقیقە، ژیان لە كەمپى ئاوارەكان لە عەربەت

Friday, 19/12/2014, 12:00

4857 بینراوە


درەو مەهدی چیرۆكى هەڵهاتووانى دەستى داعش"

كاتژمێر 11:30 خولەكى 18 12 2-2014 یە لە دەرگاى كەمپەكە دەچمە ژوورەوە
لەو دیو سیاجەكانى زەوییەكى پان و بەرینى تەنیشت شارۆچكەى عەربەتەوە،چیرۆكە جۆراو جۆرەكانى،هاوڵاتیانى هەڵهاتووى ناوچە جۆر بە جۆرەكانى عێراق، بە جۆرێكى تر ژیان دەنەخشێنن.
بەسەرنجدان لە چاوانى گەورە و بچوكیان،تێدەگەیت كە ئەمانە هەڵگرى ئاه هەڵكێشانێكى گەورەن بۆ گەورەترین لەدەستدان، كە ئەویش ژیان و گوزەرانى ئاسایى ناوچەكانى خۆیانن،بەر لە هاتنى چەكدارانى داعش بۆ ناوچەكانیان.
ئەم كەمپە،پێشتر چەندان ئاوارەى كوردانى ڕۆژئاواى تێدا نیشتە جێ بوون،بەڵام
لە مانگى 6 ،لە دواى داگیر كردنى موێل لەلایەن "داعش"ەوە. ئامێزى بۆ نزیكەى
(720) خێزانى هاوڵاتیانى ناوچە جۆر بە جۆرەكانى عێراق لە نەتەوە و ئاینى جیاواز كردەوە.
ئێستا لەم كەمپەدا (4120) كەس ڕۆژانە ژیانێكى خاڵى لە هەموو ماناكانى ژیان دەگوزەرێنن،كە دەكاتە (718) خێزان.لە ئاینى جیاوازى وەك"موسوڵمانى سونى مەزهەب و موسوڵمانى شیعى مەزهەب (شەبەك)،كوردى (ئێزیدى)،مەسیحى...هتد.
كاتژمێر (2:15) لەبەردەم بەشى جیاكراوەى خێزانە شنگالیەكانى كوردانى ئێزدى،(فەرهاد مال) مێرد منداڵێكى تەمەن 15 ساڵان،كە خوێندكارى پۆلى (9)
ى بنەڕەتى بوو،چیرۆكى هەڵهاتنیان لەدەستى "داعش"لە شنگال بەم شێوەیە بۆ گێڕاینەوە:"بەروارى 3 8-2014 كاتژمێر (2:30) خولەكى شەو شەڕى نێوان،چەكدارانى "داعش" و "كوردانى ئێزیدى" كە بەرگریان لە ئێمە دەكرد،
دەستى پێكرد، لەگوندى (سیبا شێخ خدر) و (گوندى گرزرك) ئەم دوو گوندە دەكەونە نزیك قەزاى شنگالەوە. جەنگە كە تا كاتژمێر (8) ى بەیانى بەردەوام بوو.
فەرهاد،بەردەوامى دا بە گێڕانەوەى سەرگوزشتەى ژیانیان و ووتى:"بەرپرسانى پارتى،ئێوارەى ڕۆژى پێشوو باش دەیان زانى كە "داعش" بەرەو شەنگال دێت و داگیرى دەكات،بەڵام لەو كاتانەدا كە خەڵكى شەنگال ویستیان بەرەو ناوچەكانى تر هەڵبێن لەدەستى "داعش" لەوكاتانەدا بازگەكانى ئەو دەوروبەرەیان توند كردەوە و نەیان هێشت كە زۆرێك لە شەنگالییەكان،دەربازیان بێت.
فەرهاد،ناوبەناو لەكاتى گێڕانەوەى "ماجەرا" كەدا، خەیاڵ دەى بردەوە بۆ بیر كردنەوە لەئەو ڕابردووە تاڵەى كە بەسەریاندا گوزەرابوو.
بە پرسیار كردنى زیاتر لەو گەنجە ئێزدییە،دەمانخستەوە سەر ڕێڕەوى بەردەوام بوون لە گێڕانەوەى سەرگوزشتەى ژیانیان،ئەو لە درێژەى گێڕانەوەكانیدا،ووتى:"
دواى كاتژمێر (8) ى سەر لە بەیانى كە چەكدارە ئێزدییەكان، تەقەمەنیان كەم بوویەوە، لەبرى ئەوەى پێشمەرگە بێت و بەرگریمان لێ بكات، دەست بە جێ هەڵهاتن و ئێمەى ئێزدییان بە تەنها لەبەردەم شاڵاوى داعشدا بە جێ هێشت.
ئێمەش، هەركەس بە فریا كەوت،بەرەو چیاى شەنگال هەڵهاتین و ئەوەشى نەى توانى بەفریا نەكەوت،مایە وە و كەوتە ژێر دەستى چەكدارانى داعش.
فەرهاد، ئاماژەى بەوە كرد كە:"ئەو و خێزانەكەى پاش هەڵهاتنیان لە شەنگال ماوەى شەش ڕۆژ لە چیا مانەوە، پاشان چەكدارانى (YPG) توانیان ڕێگەیەكمان بۆ دروست بكەن و لەگەڵ خۆیان بردینیان بۆ قەزاى "دێرك" ى سەر بە پارێزگاى "حەسەكە"،فەرهاد،پێى باش بوو بەردەوام بێت لەسەر گێڕانەوەى سەر گوزشتەى خێزانەكەیان و ووتى:"ئێمە و چەند خێزانێكى تر بۆ ماوەى (3) ڕۆژ لە سوریا ماینەوە و پاشان هاتین بۆ كەمپى"خانكێ" لە نزیك پارێزگاى دهۆك و لە دوایشدا
گەشتینە سلێمانى و (2) مانگ لە ماڵى هاوڕێیەكى باوكم ماینەوە و دواتر هاتین بۆ ئێرە بۆ ئەم كەمپە.
فەرهاد، بە ئاه هەڵكێشانەوە، بەردەوامى بە گێڕانەوە دا و ووتى:" ئەو كاتەى كە لە چیاى شەنگال بووین، ئامۆزایەكم بە تەلەفۆن، باوكمى ئاگادار كردەوە،كە 76 كەس لە كەس و كارە نزیكەكانمان لە "ئێزیدیەكان" لەلایەن چەكدارانى "داعش".ەوە.گیراون و گوللە باران كراوون،لەو كاتەدا فەرهاد فرمێسك بە چاوانیدا دەهاتە خوارە و ووتى:"لە ناو كوژراوەكاندا تەرمى "مام" و "خاڵم" هەبوون". فەرهادى تەمەن پانزە ساڵان، دەڵێت:"ئەوەتا ئێمە لێرە لە مانگى "دە"وە. لێرەین و بەم گوزەرانە خراپەوە كە ئێوە دەى بینن،ژیان بەڕێ دەكەین، ئەوەتا بارودۆخى خوێندن و خواردن و جل و بەرگمان بێ ئەندازە خراپە،
لە كۆتاى قسەكانیدا،فەرهاد، ووتى:"ئاواتە خوازم كە ڕۆژێك بگەڕێینەوە بۆ ماڵى خۆمان.

ئامادەكردنى: درەو مەهدى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە