هەموتان بەشداری تاوانی ١٨ کچەکەی میسرن!

Monday, 05/08/2013, 12:00

1954 بینراوە








گرتنی ١٨ کچەکەی گەرمیان لە پرۆسەی ئەنفاڵ و فرۆشتنیان بە خاوەن یانەیەکی شەوانە لە میسر، تاوانێکە کە لەلایەن رژێمی رابردوی عیراق ئەنجامدراوە ئەو کاتە ساڵی١٩٨٨، بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ وە تاوەکو ئیستا ئەو تاوانە بەردەوامەو زۆر خەڵکو لایەنو کەسایتی تێوەگلاوە، کاتێ کە تاوانێک ئەنجامدەدرێ و بە رێگای یاسای دەدرێ بە دادگا، لەوێ دادوەر کە سەیری کەیسەکە دەکا تەنیا بۆ تاوانباری ئەنجامدەر ناگەرێ ،بەڵکو بۆ ئەوکەسانەش دەگەرێ کە لە ئەنجامدانی تاوانەکە تێوەگلاونو نهێنیەکانیان داپۆشیوە.
سێڵی ١٩٨٨ تاوەکو ساڵی ١٩٩١ تەنیا سێ ساڵی نێوانە، وە بە گوێرەی لیستی ناوی کچەکان کە بڵاوبۆتەوە لە زۆربەی میدیا کوردیەکان، کچیان تیادە هەیە کاتێ کە گیراوە تەمەنی سێ سێڵ بوە، کە لە ساڵی ١٩٩١ بوە بە شەش ساڵ، مانای وایە ئەگەر لایەنەکی دلسۆز هەستاباو دەستی کردبا بە لێکۆڵینەوەو بەدوا داچونی جدی بۆ کردبا ،ئەوا هێشتا فرسەتی ئەوە هەبو هەندێ لەو کچانە نەجاتبدرین، بەڵام هەمو ئاماژەکان دەریدەخەن سیاسیە کوردە دەسەڵاتدارەکانی بەغداو هەرێم گرنگیان بەو مەسەلەیە نەداوە وە بۆیان جێگای سەرەنجو رامان نەبوە.
لێدوانی کەسوکاری ئەو کچانە لە میدیا کوردیەکان وا دەردەخەن، کە ئەوان هەوڵیانداوەو لە کاتی خۆی پەنایان بۆ سەڕۆک کۆماری عیراق بەرەحمەت بێت بردوە، داوایان لێکردوە کە هەوڵبدەن بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەک بۆ گەیشتن بەو ئافرەتانە، بەڵام تاڵەبانی بە رەحمەت بێت، دەستخەڕۆی کردونو پێیانی وتوە کە ئەو دۆکیۆمێنەتەی دۆزراوەتەوە بلاوبۆتەوە دۆکیومێتێکی ساختەیە و دورە لە راستی. ئەمە خۆی لە خۆیدا شەریک بونە لە تاوان. دوای ئەوە پەنا بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم بردراوە، بەڵام راستیەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەوانیش گرنگیان بەو مەسەلەیە نەداوە، دەنا بێگومان ئەوانیش وەکو تاڵەبانی زانیاریان هەبوە لەسەر ئەو تاوانە.
کۆمەڵێ دامودەزگای وەکو ئەو دەزگایانەی لێپرسراوەتی لێکۆڵینەوەو پیاداچونەوەی دۆسەی ئەنفالیان گرتۆتە ئەستۆ، خۆ ئەم تاوانە بەشێک بو لە پرۆسەی ئەنفاڵ، ئەی بۆ ئەوان هیچیان بۆ نەکردنو لێیان نەکۆڵیوەتەوە؟ لە پاڵ ئەوانیش وەزارەتی شەهیدانو ئەنفال بۆ هێچ لێکۆڵینەوەکیان بۆ ئەو ناوانە نەکردوە، ئەگەر ئەو کچانە لە میسر نەبون خۆ ناویان لە لیستی شەهیدەکان دەبێ تۆمار کرابێ ئەی بۆ پێداچونەوە نەکراوە بۆ ئەو ناوانە وەکو شەهید، بە تایبەتی دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی ئەو مەسەلەیە کە بە لای کەمی دەنگو باسی ئەو بابەتە دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای دوهەزارەکان کە دەریدەخا ئەو ئافرەتانە شەهید نینو ماون.
پەلەمانتارە کوردەکانی بەغداو پەرلەمانی کوردستان بە هەمو لایەنا سیاسیەکان کە پێکهاتەیان هەیە لەو دو پەرلەمانە، بە تایبەتی ئەوانەی لە لێژنەی دۆسەی ئافرەتان کاردەکەن، بۆ چی بۆ جارێکیش ئەو پرسە گرنگەیان نەوروژاندوە لە هۆڵی پەرلەمانو لە میدیا عەرەبیو کوردی و جیهانی؟ ئەی رێکخراوە مەدەنیەکانی وەکو، یەکێتی ژنانو یەکێتی ئافرەتانو نوێنەری ژانان لە ئاستی سەرکدایەتیو چڤاتی هەمو لایەنە سیاسیەکان، بە هەزاران دەزگای تری پارە خۆر کە ناویان لە خۆ ناوە پارێزگاریو داکۆکی کردن لە مافی مێینە! ئەی ئەوان بۆ نوتقیان گیرابو گیراوە بەرامبەر ئەو تاوانە؟ بە سەدان ئافرەت تاوەکو ئێستا لە کۆنگرەو کۆنفرانسەکانی ژنان بەشداریان کردوە لە دەرەوەی کوردستان بە تایبەتی ئەوروپا بەڵام بۆ چارێکیش نەیانتوانیوە هەڵاێی بنێنەوە لە سەر ئەو بابتە گرنگە لە میدیاو لە نێو کۆمەڵگای ئەو وڵاتە پێشکەوتوانە.
ئافرەتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ئەوانەی دەست رۆیشتوی ناو مەکتەبی سیاسیو سەرکردایەتیەکانن، بە تایبەتی ئەوانەی ئیدعای پشتیوانی لە بزوتنەوەی ئافرەتانو پشتگرتنی دەزگای خێرخوازی دەکەن، بە کەیفی خۆیان پارەو سامانو دەرامەتی وڵات تەرتەو وەرتە دەکەن لە ژێر ئەو ناونیشانانە، ئەی ئەوان تاوەکو ئێستا بۆ خۆیان لەو مەسەلەیە گێل کردبو گێل کردوە؟
بە درێژای ئەو ساڵانە لە کوردستان زنجیرە درامای یەک لە دوای یەک دەرچوە، کە زۆرێکیان باسیان لە روداوە سیاسیەکانی باشوری وڵات کردوە بەو شیوەیەی مەبەستیانە، وە زۆریش لە لایەن کەناڵی تەلەفزیۆنی پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم گرنگی پێدراوەو پشتیوانی لێکراوەو پەخش کراوە، بەڵام یەک درامایەک تاوەکو ئێستا ئاماژەی بۆ ئەو بابەتە گرنگە نەکردوە. کەچی دەرامایەکی میسری ئاماژە بەو تاوانە دەکاو بەراشکاوانە باس لە بردنی ئەو کچانە بۆ یانەی شەوانی شەقامی ئەهرام دەکا بۆ کارکردن، ئەمە ئەو راستیە دەردەخا کە بە شێوەیەکی گشتی سیناریۆ نوسەکانو هونەرپێشەکانی میسری خاوەن ویژدانو راستگۆترن لە گەڵ روداوە میژویەکان بە بەراوردکردن لەگەڵ هونەرپێشەکانوسیناریۆنوسەکانی باشوری وڵات. لە گفتوگۆی نێوان دو ئەکتەرەکە ی ناو دراماکا هاتوە، یەکەکیان لەوی تر دەپرسێ دەڵی ئەو ١٨ کچەت چۆن دەستکەوتوە، ئەویش دەڵی ئەوانە کوردن لە پرۆسەی ئەنفالی سەدام رزگاریان بوە لە کوشتن، دوبارە ئەوی تر وەڵامی دەداتەوە دەڵی توخوا ئەوانە بکوژرابان باشتر نەبو بە لای کەمی دەبون بە شەهید لە جیاتی ئەوەی لێرە لە شەقامی هەرەم شەوانە کاربکەن!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە