ئایا وایە بزوتنەوە ئیسلامیەکان بون بە دیموکرات!

Sunday, 03/06/2012, 12:00

1294 بینراوە





وەڵامێک بە بەڕێز عادل باخەوان

کاناڵی تیڤی ک ن ن، لەگەڵ بەڕێز عادل باخەواندا چاوپێکەوتنێکی کرد دەربارەی ئەمڕۆی ئاڵوگۆڕەکانی نێو وڵاتانی باکوری ئەفریکا و ڕۆژهەڵاتدا- دەربارەی زیاتر وورد بونەوە لە ئەو دەرئەنجامانەی تا ئێستا وەدەست هاتون لە بەری ڕەنجی بەهاری عەرەبیدا. دیارە ئەو چاوپێکەوتنە بەشێکی لە سایتی سبەیدا بڵاو کراوەتەوە، گەر هەموو چاوپێکەوتنە تیڤیەکە بوایە بۆ خوێنەر بەسود تر دەبوو. ئەوەندەی من دەمەوێت لێرەدا وەڵامێک بە کاک عادل بدەمەوە، لەوەی هۆکار چی بوو کە ئەم بەڕێزە بە نزیک و دوو نەهات پێمان بڵێت ئاخۆ بزوتنەوە ئیسلامیەکان بۆچی نایانەوێت وەک سەردەمی خەلافەتی ئیسلامی جاران بن؟ ئاخۆ ئەوە ئاستی وشیاری سیاسی خودی ئەم بزوتنەوانەیە کە ئێستا بێن باس لە پێکەوە ژیانی سیاسی و کرانەوە بکەن یان هۆکارە ئەسڵیەکە ئاستی وشیاری سیاسی کۆمەڵگایە لەوەی ئەوانی ناچار کردوە کە بەو شێوەیە بدوێن؟ ئاخۆ ئەوە ئاستی وشیاری سیاسی خەڵکانی موسڵمانن لە فەرەنسادا کە متمانە بە پارتێکی سۆسیالیستی دەدەن، یان ئەوە ئاستی مرۆڤ دۆستی و لانی کەم گەر بەمجۆرەی سۆسیالیزمی بۆرژوازیش بێت هێشتا سەدان جار لە تێگەیشتنە ڕاسیستەکانی باڵی ناسیۆنالیزم باشترە بۆ پارێزگاری کردن لە خەڵکانێک کە لە ژێر شوناسی ئیسلامی بوندا ناویان هەیە؟ ئاخۆ ئەوە چەپەکان و شیوعیەکانن لە وڵاتێکی وەک عیراقدا هاتن ڕاستەوخۆ کار و هەڵسوڕانی خۆیان کرد بە دژایەتی کردنی خودا و ئەرکە ئەسڵیەکەی خۆیان لە بیر چوەوە کە خەباتی چینایەتی و دژایەتی کردنی سیستەمی بۆرژوازیە، یاخود ئەوە هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا کاری مەلا و ئاغا و دەرەبەگەکان بوو وایان لە کۆمەڵگا دەکرد کە ئەو بەرەیە تەنها کاریان دژایەتی کردنی خودایە، بۆ ئەوەی خۆیان لەو نیعمەتەی خودا پێی بەخشیون بێبەری نەبن؟

بزوتنەوە ئیسلامیەکان نەک بون بەدیموکرات، بەپێچەوانەوە دەتوانم بڵێم تا سەر ئێسقان دژی کۆی بنەما دیموکراتیەکانین تا دەگات بەو جۆرە مۆراڵە دیموکراتیەی خودی چینی بۆرژوازی ئەم سەردەمەش هەیەتی، ئەوەی ئەوانی ناچار کردوە بەتایبەتیش لە وڵاتانێکی وەک ئەمەی ناوی لێنراوە بەهاری عەرەبی و لە ژێر تواناو ئیرادەی ملیۆنی مرۆڤی زەحمەتکێشدا دەسەڵاتە دیکتاتۆر و هارەکانیان لە نێو داو ئێستا لە ژێر پەردەی هەڵبژاردنێکی ساختەی ئیعلامی بۆرژوازیدا، ئیسلامیەکان توانیویانە زۆرینەی کورسیەکانی هۆڵی پەرلەمان بەدەست بهێنن و خۆیان کورسی دەسەڵات و ئایندەی کۆمەڵگا بخەنە ژێر دەستیانەوە. دەکرێت بڵێین ئەو بەرئەنجامەی وەدەست هاتوە تا ئێستا لەم وڵاتانەی شۆڕشیان دژی دەسەڵات کرد، نەک بەرهەمەکەی وەدەستهاتوە بە خودی ئەو چینە کۆمەڵایەتیە، بە پێچەوانەوە لەلایەن خودی بزوتنەوە ئیسلامیە سیاسیەکان و خودی باڵی لیبراڵ بوۆرژوازی ئەحزابی ناسیۆنالیستی عەرەبیدا، بە ئەندازەیەکی تەواو وەحشیانە دژایەتی خواستە کرێکاریەکانی زۆرینەی کۆمەڵگا دەکەن. بزوتنەوە ئیسلامیەکان نەک دیموکرات و ئازادیخوازن، بە پێچەوانەوە تا سەر ئیسک دژی بنەما سەرەتاییەکانی دیموکراسیەت و ئازادی تاک و کۆمەڵگان، ئەوان بۆ چرکەیەکیش چاویان هەڵنایە بەوەی ژنان بگەنە ئاستی یەکسانی پیاو، وە ببینن ژنان بگەن بە مافە ئینسانیەکانی خۆیان لە کۆی بوارەکاندا، تا دەگات بەوەی ژنان بێن بە ئارەزوی خۆیان جلوبەرگ لەبەر بکەن. ئەوان گەر دەستیان بڕوات شەریعەتی ئیسلامی جێبەجێ دەکەن بەسەر کۆمەڵگادا، ئەوەی وای لێکردون لە نەکردنی ئەو کارە قێزەونە، چاکی ئەم بزوتنەوە دژە ئازادیانە نیە، بەڵکو ئاستی وشیاری سیاسی چینایەتی بزوتنەوە جەماوەری و کۆمەومەڵایەتیەکانە لەو وڵاتانەدا. ئەوە خێرە ئەو بزوتنەوە ئیسلامیانە لەو وڵاتانەدا دیموکراتن و بەڵام لە عێراقدا تا سەر ئیسقان تیرۆریست و مرۆڤ کوژن؟ ئاخۆ ئەو جیاوەازیە لە چی خاڵێکدایە. ئاخۆ ئەوە ئاستی وشیاری چینایەتی بزوتنەوە جەماوەریەکان نیە کە سەر بە کۆمەڵگای مەدەنی و یەکسانی خوازین لەو وڵاتانەدا کە ڕێگا بەو بزوتنەوە نادیموکراتانە نادات کە وڵاتەکانیان وەک عێراق لێبکەن؟ گەر هێزوبزوتنەوە جەماوەریەکان لە عێراقیشدا پێگەیەکی بەهێزیان هەبوایە و وەک ئەمڕۆ دابەش نەکرانەیە لە نێو بەرەی دینی و هێزوحیزبە ناسیۆنالیستی و تائیفیەکاندا، دەکرا لانی کەم پاشەکشەیەکی بەو باڵە توند ڕەوە بکردایە لە عێراقدا؟
ئەوە هێزو پاڵپشتی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای زلهێز و سەرمایەدار بوو، زوو گەشتنە نێو مەیدانی شۆڕش و بەهەموو توانایەکیان دەستیان گرت بە بزوتنەوە ئیسلامیەکان و باڵی لیبراڵی حیزبە قەومیەکانەوە، تا ئەوەی دژی خودی ئامانجە مەزنەکانی، شۆڕشی کۆمەڵایەتی و چینایەتی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز بوستنەوە، چونکە گەر شٶڕش سەرکەوتنی خۆی بەدەست بهێنایە، ئەو کاتە کۆی بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانی زلهێزانی جیهان لەو وڵاتانەدا دەکەوتە بەر لێژی و نەمان. خەڵکی زەحمەتکێش لەو وڵاتانەدا وەک بەڕێز عادال باخەوان خۆیشی ئیشارەتی پێداوە، هۆکارە هەژاری و بێکاریەکە بوە پاڵنەری سەرەکی بۆ هەڵگیرساندنی شٶڕش و ڕاپەڕین دژی خودی دەسەڵات و سیستەمی باو. بەڵام ئەوەی کە کاک عادل ئاماژەی پێ نەدا، خودی ئەو هۆکارە مەزنە چینایەتیە بوو کە شۆڕشی هەڵگیرساند؟ ئاخۆ ئامانجی شٶڕشگێڕان وەدەست هێنانی دنیایەکی باشتر و یەکسانیخواز بوو یان وەدەسخستنی کۆمەڵگایەکی ئیسلامی و پاک بونەوە لەو عیلمانیەتە گڵاوەی سەرتاپای کۆمەڵگای توشی ڕۆژش ڕەشی و بەدبەختی کردوە، بوە؟ بێگومان زۆرینەی ئەو حەشامەتەی لە سەر شەقامەکان بوون ئامانجیان دنیایەکی باشتر و یەکسانیخواز و کۆمەڵگایەکی مەدەنی بوو، هەروەک نوال سەعداویش لە زۆرێک لە چاوپێکەوتن و نوسینەکانیدا ئاماژەی پێدەدا. ئەوە باڵی ڕەشی ئیسلامی سیاسی شێخ نشینانی سعودیە و قەتەر و وڵاتانی دیکەی خلیج بوو کە دەستی کۆمەک و ملیۆنان دۆلاریان بۆ ئەو بزوتنەوە ئیسلامیانە ڕشت و سەری ئامانجە ئەسڵیەکەی شۆڕشیان پێ پان کردوە. خودی سیستەمی سەرمایەداری قەیران گرتو، نەک هەر زنۆقی چو لەو هاتنە مەیدانە شٶڕشگێڕیە، بەڵکو هەرچی هەوڵو توانای هەبوو خستیە گەڕ بۆ ئەوەی خودی سیستەمی بۆرژوازی نەکەوێتە بەر لێشاوی لەنێوچونی ڕیشەییەوە. ئەمەو تا دەگات بەوەی کە خودی ئەو چینە کۆمەڵایەتیەی لە نێو دید و بۆچونە سیاسیەکەی خۆیدا هێشتا نەیتوانی بگات بەوەی ئیرادەی پۆڵاینی خۆی بناسێت، بۆیە ئەمڕۆ بۆ ئیسلامەیەکان کورسی دەسەڵات ئامادە کراوە و لە ژێر ناوی دیمکرات بوندا خۆیان بەیان دەکەن!
لەبەشێکی دیکەی ئەو چاوپێکەوتنەدا لە پرسیاری بێژەرەکە و وەڵامی کاک عادلدا، دەربارەی ڕۆڵی چەپ و حزیبە کۆمۆنیستەکاندا لەو وڵاتانەدا، بۆچی نەیان توانی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و بە ئامانجەکانیان بگەن. کاک عادل، هەروەک ئەو ئاغا و دەرەبەگ و مەلایانەی لە سەردەمی هاتنە مەیدانی حیزبی شێوعی عێراقیدا، دەکەوتنە کار بۆ ئەوەی کۆی ئامانجەکانی ئەو حیزبە لە نێو دیدی خەڵکی ڕەشوڕوت و چەوساوەی عێراق و کوردستاندا کەم ڕەنگ بکەنەوە لەو ئامانجەی ئەو حیزبە بەشوێنیەوەیەتی، دەیانگوت ئەوان دەیانەوێت خوشکی خۆیان مارەبکەن و تەنهاش دژایەتی خودا دەکەن. ئەو ئامانجە لای کاک عادلی دکتۆر و پرۆفیسۆریش هەمان ڕەنگدانەوەی هەبوو، هەندێک جار تەواو توشی لێڵی دەبم لە وەی دڵخۆش بم بڵێم کوردیش بیرمەند و ئینسانی داهێنەری مەزنی هەیە. ئاخۆ تەسویری ئەم بەڕێزە، شایانی ڕێزە یان بەزەیی؟! ئاخۆ لەکام وەختدا ئەرک و کاری چەپەکان بوەتە تەنها دژایەتی کردنی خودا؟(لەگەڵ ئەوەی ڕەخنەی تایبەتی خۆم هەیە لەبەرەی چەپ لەو کەموکوڕیانەی تا ئێستا هەیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا بە ئەمانەتەوە دەتوانم بڵێم گەر ئەم بەرەیە لە خەباتی شیلگیرانەی خۆیدا بەردەوام نەبوایە بۆ گەشتنی کۆمەڵگا بە ئامانجە یەکسانیخواز و ئازادیەکانی، ئێستا دەرئەنجامی کارکردی بزوتنەوە ئیسلامیەکان و خودی باڵی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی، کۆمەڵگا زۆر لە ئێستا خراپتر دەخرایە نێو چاڵی تاریک پەرستی و ون بوونیەوە) ئاخۆ ئەوە پروپاگەندەی حیزبە بۆرژوازیە قەومیەکان و حیزبە ئیسلامیەکان نەبوە هەردەم کە ئینسانە کۆمۆنیست و چەپەکانیان تێدا تەشهیر کردوە، لە کاتێکدا خودی بەرنامە و هەڵسوڕانی ئەو بەرە چەپە لێدان بوە لە کار و هەڵسوڕانی خودی دەسەڵات و تا دەگات بەو بەرژەوەندیە چینایەتیانە کە خودی حیزبە قەومی و ئیسلامیەکان هەڵگرین؟ ئاخۆ ئەوە ترس و دڵەڕاوکەی ڕۆشنبیرانی لیبراڵی وەک کاک عادل نیە کە بەم شێوەیە پێناسە بۆ چەپەکان دەکات؟ ئاخۆ لە نێو بزوتنەوە ئیسلامیەکاندا بۆ چرکەیەکیش بڕوا بوون بەوە هەیە قبوڵی ڕەخنە بکەن لێیان و لە ئاینەکەشیان؟ ئاخۆ کاتێک بڵێین ئیسلامیەکان بۆخۆیان دروستکەری دەستی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەدارین، ئامادەن بڵێن بەڵێ وایە؟ ئاخۆ کەلتوری ژن خستنەماڵ و بە حیجاب کردنی فەرهەنگی ئیسلامیە دیموکرات خوازەکان نیە!؟
لە بەشێکی دیکەی ئەو چاوپێکەوتنە تیڤیەدا، پرسیار دەربارەی هەڵبژاردنەکەی فەرەنسا و هۆکاری سەرکەوتنی حزبی سۆسیالیست لە بەرانبەر بەرەی ڕاست و باڵی بۆرژوازی قەومی ئەو وڵاتەدا کرا، (سەرکەوتنی پارتی سۆسیالیستی فەرەنسا بۆ خودی ئەو قەیرانە ئابوریە دەگەڕێتەوە کە سیستەمی سەرمایەداری بەرهەمهێنەریەتی، ئەوە زۆرینەی ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێشە ئەو حیزبەی بەسەرکەتن گەیاندوە، بەڵام دواجار ئاخۆ ئەو پارتە دەبێتە هیوا بەخشی ئومێدەکانی چینی کرێکار لەو وڵاتەدا، ئەوە پێدەچیت مەسەلەیەکی تر بێت و جیا بێت لەم بابەتە؟) وە ئەوەی کە خەڵکی ئیسلام لەو وڵاتەدا دەنگیان دا بە حیزبی سۆسیالیستی، لێرەدا کاک عادل ئەو هۆکارەی گەڕاندەوە بۆ ئەو خاڵەی کە پارتی سۆسیالیستی فەرەنسا نەهاتوە بانگەشەی دژە دینی و دژە خوای بکات، وەک ئەوەی بەرەی چەپ لە کوردستاندا دەیکەن؟!!!!!!!!!، بۆیە خەڵکی موسڵمان لە فەرەنسادا زۆرێکیان دەنگیان پێداوە. ڕاستیەکەی وا نیە، لەفەرەنسادا ئاین لە دەوڵەت و یاساکاندا جیایەو لەدەرەوەیە، لەلایەکی تر ئەوە ترسی جالیەی ئیسلامیە لە باڵی ڕاستەڕەو کەهەردەم لە هەوڵی ئەوەدان بتوانن ئەو خەڵکە بیانیە گەر بۆیان بکرێت دژایەتیان بکەن یان وەدەریان نێن، ئەوە ترسی خەڵکی ئیسلامە لەو بەرەیە بۆیە دەنگیان بە پارتی سۆسیالیستی داوە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەوە ئاستی وشیاری سیاسی و مرۆڤ دۆستی ئەو پارتە سۆسیالیست بۆرژوازیەشە دەگەیەنێت کە ناخوازێت بەرەی دژە دینی و ڕەگەز پەرستی هەبێت لەو وڵاتەدا. ئەوە بەرەی دینی توند ڕەو لەگەڵ بەرەی ناسیۆنالیستیە لە کۆمەڵگایەکی وەک فەرەنسادا هەردەم لە هەلێک دەگەڕێت تا ئەوەی خەڵکی دەرەوەی ئەو ئاینە و ئەو قەومە لێی وەدەر بکرێت. ئەوە ئاستی وشیاری و خۆشەویستی بەرەی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی نیە لە خۆشەویستی بۆ ئەو پارتە سۆسیالیستیە، هێندەی ئەوەی دەزانێت کە ئەو پارتە لە تەواوی باڵی دینی کاسۆلیک و پرۆتیستانی و ناسیۆنالیستیەکەشی، مرۆڤ دۆستر و بڕواشی بە فرەیی ئاینەکانیش هەیە لەدەرەوەی دەستور و یاساکاندا، کە هەر لایەک بە ئارەزومەندانەی خۆی بڕوات، بڕوا ئاینیەکانی خۆی بکات.

لێرەدا جارێکی تر دەبێت بگەڕێینەوە بۆ وڵاتانی ژێر دەستەی بڕوا بە ئیسلام، ئاخۆ هۆکار چیە لەم وڵاتانەدا ناخوازن ئاین بخەنە دەرەوەی دەستور و یاساکانی دەوڵەتەوە؟ ئاخۆ ئەوە خەڵکی سادەی موسڵمانە کە ڕێگا نادا یان بەرژەوەندیەکانی بەرەی ئیسلامی سیاسی و پارتە قەومیەکانە؟ بەبی گومانی دەتوانم بڵێم تەنها هۆکار پاراستنی بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی ئەو دوو بەرە سیاسیەی کۆمەڵگای چینایەتیە، لە وەی کە ڕێگا نادرێت ئاین لە نێو دامودەزگا مەدەنیەکانی کۆمەڵگادا جیا بکرێتەوە.

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم، ئەو خاڵەیە کە من وەک خۆم دژی بیر کردنەوەی ئەم بەڕێزە نیم، بەڵام دژی ئەو شیکردنەوەم کە ڕاستیەکان دەشێوێنێت و ئاوەژویان دەکاتەوە. چونکە لە ئەرزی واقعدا ڕاستیەکان وەک ئەوەن کە لە ناخی خەڵکە هەژار و بەشمەینەتەکەدا هەیە، کە خواستنی ژیانێکی پڕ لە سەرفرازی و یەکسانی خوازیە. ژیانێک کە چیتر چینێک نەبێت بە کەڵەگا بەسەر کۆمەڵگادا. هۆکاری ڕاپەڕین و شۆڕشی وڵاتانی عەرەبیش هەر بۆ گەیشتنی زۆرینەی خەڵکی هەژار و ئازادیخواز بو بۆ ئەو ئامانجە مەزنە. لە کوردستانیشدا ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی زەحمەتکێش لە ١٧ ی شوباتدا بۆ هەمان ئامانجی گەیشتن بە ژیانێکی شایستە و ئازادی بوو، بەڵام ئەوەی خودی ناڕەزایەتیەکانی بەلاڕێدا برد و سەرای سلێمانی کرا بە مزگەوت و نوێژی هەینی تێدا کرا، ئەو بەرنامە و پلانە دزێوە بوو کە بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی هاوشەریکی دەسەڵات بۆی هاتە مەیدان لە گەڵ هەوڵە کڕچ و لاوازەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا. ئەوە بەرنامە و ئاکاری ئەو هێزە سیاسیە بوو لە ڕێگای ئەندامان و مەلاکانیانەوە گورزێکی گورچک بڕی لە ناڕەزایەتیەکان وەشاندو ، کارێکی وای کرد دەسەڵاتە دیموکراتیەکەی کوردستانیش بە گولەو، خوێناوی کردنی ناڕازیان وەڵام بداتەوە. ئەو بارودۆخە گێرەشێوێنەیش لە هەولێر ڕویدا و پێشتر سیناریۆکەی لەلایەن دەسەڵات و مەلاکانیەوە بۆی لەکاردا بوون، هەمان ڕەنگدانەوەی ئەو هەلومەرجەیە کە هێزوبزوتنەوە ئیسلامیەکانیش هاوشەریکن تێیدا و لە نوێژی هەینەیەکاندا هانی خەڵکی هەژار و لایەنگرانی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی بڕژێنە سەر شەقامەکان و فەوزایەک بەرپا بکەن، تا لەو ڕێگەیەشەوە دەسەڵات هێندەی تر پانتایی ئازادی بیروڕاو ئازدی کۆمەڵگا قەتیستر بکات، نەک ئەوە خواستی خەڵکی سادەی موسوڵمان بێت لەوەی هێند وریان کە ڕۆژانە چاودێری ڕۆژنامە و پەرتوکەکان دەکەن بزانن ئاخۆ کارێکی نابەجێ نەکراوە دژی ئاینی پیرۆزی ئیسلام!؟

ئەوە خودی هێز و عەقڵیەتی پیاو سالاری سیاسی ئاینی و ناسیۆنالیستی بوو کە دوعای خۆشەویستی خستە نێو بەردەباران کردنی لەلایەن پیاوانی گوێ لە مستی ژێر دەسەڵاتی خێڵ و عەشیرەتی قازانج پەرستی نێو دیدگای دینی.

خودی ئەو ناڕەزایەتیانەی لە نێو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکاندا هەیە دەرئەنجامی ئەو نایەکسانی خوازیەیە کە خودی هێزی دەسەڵاتدار و هێزی ئیئسلامی سیاسی بەرهەمهێنەریەتی. ئەوە هێزو دەسەڵاتی چینی باڵا دەستە لەگەڵ هێز و دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیدا- هەمیشە دژی خواستە دیموکراتی و ئازادیخوازیەکانن لە کۆمەڵگادا. ئەوە ئەوانن ڕێگا نادەن کۆمەڵگا ڕزگاری ببێت لەو پەروەردە جەهالەتیەی دەرگیری بووە، نەک خواست و ئامانجی خودی خەڵک خۆی بێت لە مانەوەیدا لەو چەقبەستوییە بۆ ماوەیەی تێی کەوتوە!!!!!!!!!!



فەرمون کلیکی ئەم لینکە بکەن بۆ خوێندنەوەی دیمانەکە؛

http://kurdish.sbeiy.com/Detail.aspx?id=7854&LinkID=58


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە