كابینەى هەشتەم تا نەورۆز دوا دەكەوێ

Monday, 03/02/2014, 12:00

1583 بینراوە








دوای زیاتر لەچوار مانگ تێپەڕین بەسەر هەڵبژاردنەكانی خولی چوارەمى پەرلەمانى كوردستان، دوای چەند جار دانیشتنى وەفدى دانوستكار و كاندیدى براوەى یەكەم نێچیرڤان بارزانى بۆ لایەنە براوەكان و لەولاوە بەرز بوونەوەى دەنگى ناڕەزایی شەقامى كوردی چ جای رازیبوونى تەواوى لایەنەكان و واژۆكردنیان بەوەى دانیشتنەكانى پەرلەمان بۆ كاتێكى دیاریكراو درێژ بكرێتەوە كە ئەمەیش هیچ پاساوێك ناهێڵێتەوە ئەگەر هەر لایەنێك ئۆباڵی دواخستنەكە بخاتە ئەستۆی لایەنێكى تر وەك لەڕۆژانى رابردوودا بینیمان لایەنە سیاسیەكان هەر یەكە لە گۆشەنیگایەوە ئەم و ئەوى بەهۆكاری دواخستنى پێكهێنانى ئەم كابینەیە تاوانبار دەكرد.



چاودێران پێیان وایە وەفدی دانوستكاری پارتى ماوەى دوو هەفتەى بەلایەنەكان داوە كە خۆیان یەكلایی بكەنەوە و لەنەگەیشتنیان بەهیچ ئەنجامێك ئەوە پارتى ناچارە بۆ دەرچوون لەو قەیرانە سیناریۆی خۆی بۆ ئەو پێكهێنانە بەلادا بخات و كار لەسەر ئەوە بكات ئاخۆ سیناریۆكان تا چەند جێی خۆیان دەگرن و كۆ دەنگى لەو كابینەیە دروست دەكات، لەوەشدا:



یەكەم: بۆ دەرچوون لە قەیران و پێداگیری یەكێتى و بانگەشەكانیان بۆ گەڕانەوەى رێكەوتننامەى ستراتیژی دەبێ جێگری سەرۆكى حكومەت بدرێتە ئەوان و پۆستى سەرۆكى پەرلەمان بۆ بزوتنەوەى گۆڕان ئایا هەمووان لەسەر ئەو پێشنیارە ڕازى دەبن؟



دووەم: پێداگیری گۆِڕان بۆ ئەو پۆستە(جێگری سەرۆكى حكومەت) وایكردووە داوای دوو جێگر بكرێ لەوەشدا جێگری یەكەم بۆ گۆڕان و جێگری دووەم بۆ یەكێتى، لەوەشدا ئایا یەكێتى بەو داوایە قایل دەبێ؟



سێ یەم: دانانی سێ جێگر كە سێیەمیان بۆ پارتى بێ، ئەوەیش سیناریۆیەكە هەڵویستى یەكێتى و گۆڕانى لەسەر نادیدە و نادیارە.



چوارەم: ڕەنگە لەو پێداگیرییەى گۆڕان و یەكێتى بۆ ئەو پۆستە وابكات پارتى پەنا بباتە بەر سیناریۆیەكى دیكە ئەویش سەرۆكى حكومەت بێ جێگیربێ ئەوەش بۆی هەیە مقۆ مقۆ لەلای گۆڕان و یەكێتى دروست بكات.



پێنجەم: بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆكى پەرلەمان پێ دەچێ بزوتنەوەى گۆڕان جۆرێ لەپاشەكشەى تێدا بكات و پێداگیرییەكانى لەوەرنەگرتنى جێگری سەرۆكى حكومەت بۆ یەك لەسیناریۆكانى گۆڕان ئەوەبێ كە داوای پۆستى سەرۆكى پەرلەمان و جێگری سەرۆكى هەرێم بكەنلەكاتێكدا ئەگەر پارتى ئامادەنەبوو بۆ ئەو پۆستە كە جێگرەكەى كۆسرەت رەسولە بدات بەگۆڕان و هەر یەكێتیش دەسبەرداری ئەو پۆستە نەبێت ئەمەیش هەر لەچوارچێوەى ئەو ئاستەنگانە دەمێنێتەوە كە رێكەوتنامەى ستراتیژی لەتەك ئیستیحقاقی ئینتیخابی پێوە گرێ بدات.



بەبۆچوونى من پارتى لەدیاریكردنى ئەو وادەیە ناچاردەبێ چیتر نەوەستێ و سیناریۆی خۆی بخاتە ڕوو كە لەهەموو حاڵەتەكاندا هەشت حەوت كورسی گەرەكە و لەوەرگرتنى رێژە ئاساییەكەدا ئیعلانى ئەو كابینەیە بكات و دوای وەرگرتنى مەرسومێك لەلایەن سەرۆكایەتى هەرێمەوە دەبێ ئەو كابینەیە پێكبێت، ئەومێدەوارین ئەو گرانى و قات و قڕی و وەستانى بازاڕ و جموجۆڵی بازرگانى بەكۆتابێ كە لەم قۆناغەدا بودجە و پێكهێنانى ئەم كابینەیە بە هۆكاری قەیرانەكان دادەندرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە