بەم شێوەیە سەرۆکی یەکەم وەفدەکەی UN باسی گەشتەکەی بۆ هەلەبجە بۆ کردم

Tuesday, 03.24.2015, 12:00

2326 بینراوە


لە چوارچێوەی بەشداربوونم لە کۆنفرەنسێکی نێودەولەتی لە ئەلمانیا / هەرێمی برێمن ، لەژێر ناونیشانی "مافی مرۆڤ لە کوردستان" وتووێژێکی ڤیدیۆم لەگەل تۆکسیکۆلۆجی بەلجیکی بەشداربووی کۆنفرەنسەکە پرۆفیسۆر ئاوبین هێندریکس ئەنجامدا سەبارەت بە گەشتەکەی بۆ هەلەبجە. لە دوای تراژیدیاکەی هەلەبجە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان یەکەم وەفدی خۆی بەسەرۆکایەتی پرۆفیسۆر (Aubin Heyndricks) ناردە کوردستان / عێراق بۆ لێکۆلینەوە لە کارەساتەکەی هەلەبجەو دەوروبەر. لە ڕۆژی دوو شەمە ڕێکەوتی 11/4/1988 وەفدێکی شارەزا لە بواری پزیشکی و تۆکسیکۆلۆجیدا بەرێگای کرماشانەوە ڕۆیشتنە هەلەبجە بە سەرۆکایەتی پرۆفیسۆر هێندریکس ، سەرۆکی بەشی تۆکسیکۆلۆجیی لە زانکۆی گێنتی / بەلجیکا. گەشتی لێکۆلینەوەکەی ناوبراو لە 10-14/4/1988 ی خایاند. پرۆفیسۆر هێندریکس بەم شێوەیە دەربارەی گەشتەکەی دوا بۆم و دواتر بە نوسین بە زمانی ئینگلیزی بلاوکرایەوە:

بە هەلیکۆپتەرێک لە ئێرانەوە براینە هەلەبجەو لە رۆژی 2/4/1988 لەکاتژمێری 30 :10 گەیشتینە ئەوێ (هەلەبجە) بۆ ئەنجامدانی لێکۆلینەوەکەمان. لەگەل خۆماندا ئامرازی پێویستمان بردبوو وەک جل و بەرگی تایبەت و ماسکی گازو پێداویستیەکان بۆ کۆکردنەوەی هەندێ لە کەرەسە ژەهراویەکان بۆ بردنەوەیان لەگەل خۆماندا بۆ بەلجیکا. لەسەرەتادا هاتینە ناو شارێکی تەواو بەجێهێلراو و مردو کە بەهیچ شێوەیەک ژیانی تێدا نەمابوو. چەند سەربازێک (مەبەستی سەربازی ئێرانیە) و 10 پیاوی کوردی لێبوو لەشاخەکانەوە هاتبونە خوارێ. لۆریەکی ئێرانی لەسەر شەقامەکە وەستابوو کە لەلایەن کوردەکانی دەوروبەرەوە بەکرێ گیرابوو ، پڕکرابوو لە کەرەسەی مال کە بیانباتە ناو ئێران. پێشەکی لەژێر کەرەسەی خانوە روخاوەکاندا کۆمەلە گیانلەبەرێکمان بینی بۆگەنیان کردبوو. هەروەها لاشەی مرۆڤێک لەژێر کەرەسەی خانوەکەدا کە دەستی هاتبوە دەرێ و نینۆکەکانی شین هەَلگەڕابوون. کە بەبەردەم مالەکاندا ڕۆیشتین بۆنی شتێک ، مادەیەک دەهات کە بەبۆچونی من بۆنی لاشەی مرۆڤ بوو. بەپێی پرسیارو زانیاریەکانی ئێمەو زانیاری یاریدەدەرێکی پزیشکیی (medicins sans frontieres) پێی وتین هەتا ئەو کاتە زیاتر لە 3800 کوژراو ، و زیاتر لە 10 هەزار بریندار هەبوە. بەلام لەو بارودۆخەدا کاتەکە زۆر کورتبوو بتوانرێت سەرژمێری لاشەکان بکرێن. زۆربەی زۆری لاشەکان بەپێی شەریعەی ئاینیی نێژرابوون. نەسوتێندرابوون و بەکۆمەل نەنێژرابوون و بکرێن بەژێر خاکەوە. خەلکەکە شوێنەکانیان نیشان ئەداین و ئێمەش ئەچوینە لای لاشەکان. لە کوژراوەکان و لە خۆلی زەوی و جل و بەرگە بەجێماوەکان و قژی مردوەکان هی ژنێَک ، یان هی مندالێک ، و لەپاشماوەی بۆمباکان و بەردو ڕوەکە سوتاوەکان ، لەهەر یەکەیان شتێکمان لێدەکردنە ناو قتوی تایبەتەوە. هەموو کەرەسە وەرگرتوەکانمان بەباشی تۆماردەکردو سەریمان دادەخست بۆ ئەنجامدانی لێکۆلینەوە دەربارەیان لە بەشی تۆکسیکۆلۆجیی لەزانکۆی گێنت لە بەلجیکا. لەتاران بەرێگای وەرگێری زمانەوە پرسیارمان لەدوو کچی کورد کرد سەبارەت بەچۆنیەتی ڕوداوەکە. ئەم دوو کچە کوردە زۆر ئاسان بەلام زۆر بەتەواوی بۆیان باس کردین کە لە رۆژی هەینی 16/3 خۆیان شاهێدی کاتی بۆردومان کردنەکەن کە نیوەڕۆ دەستی پێکردو هەتا ئێوارەی خایاندبوو. 10 جار هێرشی بۆمبا کرابوو. هی گازی ژەهراوی و چەکی ئاسایی. ئەم دوو کچە کەناوی یەکێکیان ێالحەو تەمەنی 14 سال بوو ، ئەویتر تەمەن 22 سال بەناوی لەیلا حەبیبولاو هەردوکیان خەلکی هەلەبجە بوون بەر جۆری گازی زەنف (YPERITE) کەوتبوون. هەردوکیان هیوای مانەوەیان لەسەر ژیان زۆر کەمبوو. هەندێ کەس کە لە مالەوەیان هەلاتبوون بۆیان باسکردم کچیان بینیوە دەکەوتن و دەمردن ، ئیتر بەپێی ئەوەی کێ و بەر چ جۆرە ژهرێکی کیمیاوی کەوتوە. هەندێ خەلکیتر لە شەقامێکی تری تەنیشت بەر جۆرە بۆمبایەکی تری کیمیاوی کەوتبوون کە زۆر بە ئەشکەنجەو ئازارەوە مردبوون. چاوەکانیان وەک سەری دەرزی دەرپەریبوو، خوێن لە دەمیانەوە هاتبوە دەرێ. هێزی ئەژنۆیان شکابوو. دوای چەند خولەکێک گیانیان سپاردبوو. ئەمە گازی ئەعساب بووە (neurotoxik gas). هەندێکی تریان کێشەیان لە بەشی چاو ، و پێستدا بۆدروستببوو کە گازی زەنف هۆی سەرکی ئەم دیاردەیە بووە. گازی زەنف (YPERITE) ئۆرگانێکی فۆسفاتەو پلازمای خوێن لەکار دەخات ACETYLCHOLINESTERASE- (TABUN، SARIN) بابەتی لەم جۆرە ژەهرانە بەکارهێنراون. لەو شەقامانەی تر کە سەردانیمان کردن ، لە شەقامی کانی گۆلکە لەگەرەکی پاشا هەمان ئەعرازمان بەدیکرد وەک ئەوەی شەقامەکەی تر ، کە سێ کوردیش شایەتیی ئەم شتەیان بۆداین هەروەک چۆن دوو کچە کوردەکەی خەستەخانەی سەربازیی تاران هەمان شتیان بۆ باسکردین. ئەم قسانە هەمووی لەگەل سەرنج و لێکۆلینەوەکانی ئێمەدا گونجاو بوون و هەمووی ڕاستبوون. ژنێکی تەمەن 30 سالەی خەَلکی شەقامی پیر موحەمەد لە گەڕەکی پاشاخانە ئەمیش بەر گازی زەنف کەوتبوو. شایەتەکانی ئێمە ، کە بەبرینداریی لە چەکی ژهراوی ڕزگاریان ببوو لە مردن وەسفی ئەعرازەکانی شەڕی مان و مردنی ئەم ژهرەیان بۆ کردین. وەسفەکانیان بەتەواوی دەگونجان لەگەل لێکۆلینەوەکانی ئێمەو ڕاستی ئەنجامەکانی بەتەوای خستەڕِوو بۆمان.


دوای هەلەبجە بە هەلیکۆپتەر بەسەر چەند دێهاتێکی تردا هاتوچۆمان کرد وەک (دۆژینە ، خورمال و عینەب). ئەم شوێنانە وەک ناوچەی مردوو وابوون چونکە دانیشتوانەکانی هەموو لەترسی چەکی کیمیاوی هەلاتبوون. ئێمە نەمانتوانی لەم گوندانە بنیشینەوە لەترسی چالاکی و پێکدادانی سەربازی. هەر لە خەستەخانەی سەربازی لە تاران وتووێژمان لەگەل کچێکی تەمەن 12 سالەی خەلکی گوندی دۆژینە کرد کە زۆر بەخەستی بەر گازی زەنف کەوتبوو. کارەساتەکەی دۆژینەی بۆ گێراینەوە کەمرۆڤ دەتوانێت بە تراژیدیایەکی گەورە نێوی ببات. نیوەڕۆکەی بەهەلیکۆپتەرەکە گەڕاینەوە ناو سنوری ئێران و دواتر بە فرۆکەیەکی ئاسایی گەڕاینەوە بۆ تاران. لە هەلەبجە پێیان ڕاگەیاندین گوندێکی تریش بە خەستیی بەر چەکی کیمیاوی کەوتوە بەلکو بتوانین لەوێش کەرەسەی پێویست بەرین بۆ لێکۆلینەوە لەگەل خۆمان. حەزمان دەکرد بەم کارە هەستین بەلام لەبەر هۆی ئاسایش و ترسی چالاکی سەربازیی نەمانتوانی بگەینە گوندەکە. پرۆفیسۆر هێندریکس پیی ووتم ، دەمەوێ لێرەدا ئاماژە بەوە بدەم کە گواستنەوەی کوردە بەر چەکی کیمیاوی کەوتوەکان بەپاس لە هەلەبجەوە بۆ کرماشان بەو شێوە گواستنەوەیەی ئەو قۆناغە نزیکەی 24 کاتژمێری ویستوە. ئێمە لێرەدا ئازارو ئەشکەنجەی ئەم مرۆڤانەو شەڕکردن و زۆرانبازییان لەگەل ژیاندا دەخەینە بەرچاوی خۆمان چۆن بووە. ئەو رێگا درێژەو نەبوونی توانای ژەهر دەرکردن لە ئۆرگانەکانی لەشیان و چارەسەرنەکردنی پزیشکییان ، دەبێت بۆ خەلکە زامدارەکان زۆر بەئازار بوبێت. زۆر لەم مرۆڤە کوردانە بەرێگاوە لەناو پاسدا گیانیان لەدەستداوە. تەنیا ژمارەیەکی کەمیان توانراوە بەهەلیکۆپتەر لەجێگا نشینەکانی خۆیانەوە بگوێزرێنەوە. ئەگەر مرۆڤ ئەو وەزعیەتە بهێنیتە بەرچاوی خۆی کە بەهەزاران بەر چەکی کیمیاوی کەوتوون و توانای هەلیکۆپتەریش دیاریکراوە لیرەدا ئاماژە بە (ڕاپۆرتی ژمارە88/RN/0491 ی د. رفیق خان دەکەم وەک ڕێکخەری دەزگای تەندروستی (WHO/UNHCR) بەرواری 10/4/1988).


ئەنجامی لێکۆلینەوەی وەفدەکە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە کوردستان
من لێرەدا ناچمە وەرگێڕانی یەکەیەکەی ڕاپۆرتی ئەنجامە پزیشکیەکانی ئەم تیمە پزیشکیە لە ناوچەکانی هەلەبجەو دەوروبەر دوای لێکۆلینەوەی لە بەلجیکا لای کەسانی پسپۆر چونکە ژمارەیان زۆرە. پرۆفیسۆر AUBIN دوای گەڕانەوەی لە ئەلمانیا بۆ بەلجیکا دوو کتێبی بەزمانی ئینگلیزی بۆ ناردم لەسەر ئەم بابەتە. پرۆفیسۆر ئاوبین: دوای هەر لێکۆلینەوەیەکی پزیشکیی بە ڕاپۆرتێکی کورت ئەنجامەکەی خستۆتە روو. من لێرەدا ئاماژە تەنیا بە یەکێک لەم ڕاپۆرتانە ئەدەم ، دەنوسن :
سەرجەم ئەو پشکنینانەی کردومانن هی کوردەکانی هەلەبجەو ناوچەی دەوروبەر بەهیچ شێوەیەک گومانی تێدا نیە کە لەم ناوچانە چەکی کیمیاوی بەکار هێنراوەو ئەم مرۆڤانە لە ئەنجامی ئەم چەکە کوژراون ، یان زامدار بوون.
سەبارەت بە لێکۆلینەوەی میتالیی (مەعدەنی) بۆمباکە کە لەناو مالە ڕوخاوەکاندا دۆزیماننەوە هەمان ئەو مەعدەنەیە کاتی خۆی لە ڕاپۆرتی ژمارە (CTA/PJ1984.2) هی بەرواری 1/7/1984 لە دورگەی مەجنوون لە ئێران وەسفمان کردوەو بەکارهێنرابوون لە لایەن حکومەتی عێراقەوە. هەندێ لەو بریندارە کوردانەی ئێمە لە ئێران بینیمانن هەمان ئەو ئەعرازانەیان هەبوو کە لە ڕاپۆرتەکەی 1/7/1984 ی جەنگی عێراق / ئێران ئاماژەمان پێداوە لە خەستەخانەی گێنت بۆ چارەسەرکردن هێنرابوون.
ناوچە کوردیەکانی عێراق کە ئێمە وەک پسپۆری ئەم بوارە بە ووردی لێکۆلینەوەمان دەربارەی ئەنجامداو سەرنجمان دانێ بەتەواوی گومانی نەهیشتۆتەوە لەوەی کە ئەم چەکە کیمیاویانەو بۆردومان کردنەکان لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە ئەنجام دراوون (گێنت ، 27/4/1988 بەئیمزای پرۆفیسۆر HEYNDRICKS ِAUBIN).

پرۆفیسۆر د. ئاوبین هێندریکس
قژی ئافرەتێکی کورد لەنێو ئەو ئینبوبەی بە دەست د. ئاوبین هیندریکسەوەیە

Aubin Heyndrickx holds a hair sample from a woman who died after an attack in Halabja، Iraq، in 1988.
Published: June 25، 2006 The new York Times ، Middle East


ئەنجامی وەفدەکەو رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان
ئەم چەکە کوشندەیە بە پێی بریاری (17/9/1925) ی جنێف بەکارهێنانی لە جیهاندا قەدەغەیە، نەک هەبوونی. بریارێک دەولەتی عێراق لە سالی 1931 ئیمزای کردوە. ئەو چەکەی بەکارهێنرا بە پێی بریاری ژمارە 2826 ی (16/12/1971) ی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ، برگەی 26 دەبێت خەلکی بێ چەک لە شەڕدا بپارێزرێت ، بە یاسای ژمارە 2827 ی (UN) ی هەمان بریار دەبێت کۆنترۆلی چەکی کیمیاوی بکرێت بۆ بەکارنەهێنانی. کەواتە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەم یاسایانەی بۆچی و بۆ کێ نوسیوە؟ چ واتایەک دەمێنێتەوە بۆ ئیمزا کردنی ئەو دەولەتانەی جیهان سەبارەت بەم رێکەوتنامانە؟ ئەنجامی لێکۆلینەوەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەکوردستان لەلایەن دەولەتی بەعسەوە بەرامبەر بە کورد لەسەر مێزەکەیدایە. هی وەفدێکی تۆکسیکۆلۆجی پسپۆر کە ئەم رێکخراوە نێودەولەتیە خۆی لێکۆلینەوەکەی پێ سپاردوەو ئەنجامەکەیشی لەبەر دەمدایە کەچی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان تەنانەت عێراقی بەعسی مەحکوم نەکرد بۆ بەکار هێنانی چەکی کیمیاوی بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی لە کوردستان. لێرەدا ئاشکرایە ئەم ڕێکخراوە نێودەولەتیە ئامرازی دەستی زلهێزەکانە بە تایبەت ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و سیاسەتی ئەو کاتەی ئەم زلهێزانە ئەوەی نەخواستوە عێراق مەحکوم بکرێت و داوای لێپرسینەوەی لەگەلدا بکرێت.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبەکەم (جینۆساید لە یاساکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و بە نێودەولەتی کردنی ، کورد وەک نمونە ، د. سالار باسیرە ، چاپی دوەم ، وەرگێڕدراوە بۆزاراوەی کورمانجی باکور لە لایەن سەنتەری ڕۆشنبیری جەمال عیرفان).