ئایا ڕاستە بەڕێوبەرایەتی باشور هەرەسی هێناوە؟ بەشی دووهەم

Monday, 28/07/2014, 12:00

1991 بینراوە


حیزبی سیاسی، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک نموونە
کورتەیەک لە مێژوو ـ نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروست بوونی پارت و ڕێکخراوی سیاسی لەم ناوچەیە نوێیە و ئەوا دەبینین لە دەرئەنجامی سیاسەتی چەوتی ڕۆژئاوایەکان, بە تایبەتی ووڵاتانی بەڕیتانیا و فەڕەنسا لە پاش هەرەس هێنانی عوسمانییەکان و پەیمانی سایکس/پیکۆت لە ساڵی ١٩١٧، بێگوێدان بە پێکهاتە و کلتوور و نەتەوە و ئاینی جیاوازی ناوچەکە، کۆمەڵێک وڵاتی نوێیان لەسەر بناغەی بەرژەوەندیە چاوچنۆکەکانیان دروست کرد. لەو ساتەوە بەمکارە پڕ نادادپەروەری و شەرمەزاریەی کۆڵۆنیالیزمیان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردۆتە مەیدانی جەنگ و بە تایبەتی کێشەی قوڵی ئاینی، نەتەوەگەرایی و حوکمڕانی تا ئەمڕۆ, تا دەگاتە ئەوەی زۆربەی نەتەوەکانی ناوچەکە لەنێو کێشەی قوڵ و بەگژیەکداچوندا دەژین و هەوڵی باڵادەستی و یەکترسڕینەوە دەدەن و بەم هۆیەوە لە دەیان ساڵی ڕابوردودا لە هەموو گەشەسەندنێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، زانستی و ئاشتی بە دور بوون. یەکەم نەتەوەش کە باجێکی زۆری ئەم سیاسەتە چەوت و میراتی داگیرگەرای و ئیستعماریە دەدات، نەتەوەی سەربەرزی کوردە تا ئەمڕۆ. هاوکاتیش ئەم میراتە نامۆیە بۆتە هۆی دروستبونی کۆمەڵێک پارتی توندڕەوی چەکداری، ئاینگەرایی و خێڵەکی لەم ناوچەیە کە بەشێکی دانەبڕاون لە نەهامەتی و شەڕو زۆرداری و خۆسەپاندن بە شێوەی جۆراوجۆر.

ساتێک بەشێکی نەتەوەی کورد لە باشوری سەرزەمینەکەی کە بە باکوری عێراق ناودەبرێت، ساڵانێکی زۆر ڕوبەڕوی سیاسەتی فاشیستی بەعسی عەرەبی موسوڵمان بویەوە کە خۆی لە هەوڵی کۆمەڵکوژی، ڕاگواستنی زۆرەملی، توانەوەی کلتوری و نەتەوەی و بە گشتی پاکتاوکردن دەبینیەوە، تا جەنگی یەکەمی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ دا شکست خواردو لە وڵاتی کوێت پاشەکشەی پێکرا. ئەوجار بە هاندانی ڕۆژئاوا کوردەکان لە دژی ڕژێم ڕاپەڕینیان هەڵگیرسان و زۆربەی شارو شارۆچکەکانیان ڕزگار کرد، ئیدی پارتە کوردیەکانیش بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەم هەلەیان قۆستەوە و لە پاش راپەڕینی زۆربەی ناوچە و شارەکانی کوردستان و ئازادکردنیان، خۆیان گەیاندەوە ناو شارەکان و دژی پاشماوەی ڕژێم کەوتنە شەڕو شارە گەورەکانی وەکوو سولێمانی، هەولێر و دهۆکیان لە ڕژێم پاککردەوە و لە کەرکوک کەوتنە شەڕ لەگەڵ دوژمن. چەندی نەخایاند ڕژێم هێرشی تۆپ و تانک و فڕۆکەی بۆ سەر ناوچە کوردیەکان دەستپێکرد و بێ بەرگریەکی ئەوتۆ، بە خێرای چەند ڕۆژێک گەڕایە بۆ کوردستان و دەرنجام لە ترسی تۆڵەکردنەوە، بە سەدان هەزار کەس لە جێوماڵی خۆیان ڕایانکرد بۆ وڵاتانی دراوسێ.

هاوپەیمانانیش بونە تەماشاچی، بەڵام گەورەیی و دوبارەبونەوەی تراژیدیایەکی تر بەسەر کوردەکاندا و بۆ گەڕانەوەی باوەڕداری لە دەستچوی خۆیان و بە ناو ئاشتی جیهانی، ئیدی لەسەر بڕیاری ٦٨٨ ی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئەپڕیلی ١٩٩١ دا هێڵی دژەفڕین لە باکور بۆ کوردەکان و لە باشور بۆ شیعەکان دەستبەسەر کرا. هەرچی چۆنیک بێت لە دەرەنجامی ئەم پێشهاتانەوە، ناوچەیەکی نیمچە ئارام و کەم مەترسی لە بەشێکی باشوری کوردستانی گەورە دروست بوو. دەرئەنجام ئەو بۆشایە سیاسی و بەڕێوبەرایەتیەی کە لەم ناوچانە هاتەپێش، کەوتە دەستی ئەم دوو پارتەوە بە گشتی لەگەڵ چەند پارتێکی بچوکتردا. لە پاش هەڵبژاردنێکی پڕ کەموو کوڕی ساڵی ١٩٩٢، پەڕلەمان و بەڕیوبەرایەتی باشوری کوردستانیان پێکهێنا و پۆستەکانیان هەمووی لە بەینی خۆیاندا بەشکرد و ئۆپۆزیسیۆن قبوڵ نەکرا، هەرچەندە دەبێت بڵێین ئەم بەڕێوبەرایەتیەیان تا ئەمڕۆ زۆر کەموکوڕی هەیە و گەندەڵی لە هەموو ڕوویەکەوە بە تەواوی چۆکی پێداداوە و لە زۆر ڕووەوە هەرەسیهێناوە، کە هەوڵئەدەم لەم زنجیرە باسەدا ڕوونیبکەمەوە.

پێکهاتەی حیزبی و مێژوویەکی خێراـ ئەم دوو پارتە و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بنچینەی بەها ونۆڕمی عەشایر وخێڵگەرای دروست بووە و لەلایەن خێزانی بارزانیەوە ڕابەرایەتی دەکرێت لەو ساتەوە لە ناوەڕاستی ١٩٦٠ سەری هەڵداوە و لە پاش هەرەسهێنانی لە ساڵی ١٩٧٥، دوبارە لەسەر هەمان رێچکەی ڕابردووی خێڵگەرای دروستکرایەوە، کە ناوەرۆکی ئەم باسە پێکدەهێنێت. هەرچەندە مێژووی ئەم خێزانە و کوردایەتیان ناگاتە سەدەیەک، بەڵام لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە لە ڕێگای دروستکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە (پدک) ئەم خێزانە جێگە دەستی خۆیان هەبووە لە شۆڕشی کوردیدا لە شاخ و لە حوکمڕانیدا لە شار. بنچینەی ئەم پارتە لەسەر کۆدێکسی خێڵ و تایەفە بنیاد نراوە و بۆتە ئاوێنەی خشتە و پێکهاتەی زۆربەی کۆمەڵگای عەشایری کوردی تا ئەمڕۆ. ئەویش هەمان کوێخاو ئاغاو مەلیکە کە بە درێژای مێژوو لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا دەیبینین، کە لەسەر ئاستی گوندێک یا خود ناوچەیەک و هەرێمێک دەسەڵاتی تەواوی کاروباری گوند و بەڕێوەبردنی ناوچەیەکی دەگرێتە دەستی خۆی و خێزانەکەی. بە تایبەتەی نێرینەکانی وەکو گەورەی ئاوای و ناوچەکە دەناساند و سوارڕەوی و تفەنگچێتی فێردەکردن و ئامادەی دەکردن لە دوای خۆی جێگەی بگرنەوە، مێینەکانی زۆرکات بۆ ئاشتی و بەستنی خزمایەتی و سوڵحی عەشایری بەکار دەهێنا، خێروبێری قەڵەمڕەوەکەی بە زیادەوە دەبرد بۆ خۆی و خێزان و پیاوەکانی، بڕیاردەری سەرەکی و کۆتای لە هەموو بوارەکاندا بۆ لای خۆی دەگەڕێتەوە و ئەوەشی بە گەورەی خۆی داینەنایا، توشی سزاو دابڕان دەبوویەوە.
ئەم باسە هەوڵدەدات لەم دیدە و ڕێچکە بەڕێوەبردنە خێڵەکی و عەشایریەوە، هەڵسەنگاندنێک و تەماشایەکی خێزانی بارزانی و پارتەکەیان و حوکمڕانیان زۆر بە کورتی بکات لە پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ تا ئەمڕۆ.
ساتێک بەشێکی ئەم خێزانە و خزمەکانیان لە دوای هەرەسی ساڵی ١٩٧٥ لە وڵاتی ئێران مانەوە و باوکی شۆرشگێڕیان لە ئەمریکا لە کۆتای ١٩٧٠ کاندا ماڵئاوای لێکردن. ئەوجار کوڕەکانی مەسعود و ئیدرس بارزانی سەرکردایەتی کۆمەڵێک پێشمەرگە و دۆست و شوێنکەوتوانیان لە بارێکی نالەبار و فەقیریدا دەکرد تا ئەوکاتی ڕژێم لە پەلاماردانی وڵاتی کوێت دا، هەروەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد شکستی خوارد و زۆر لاواز بوو. ئەمە بووە هۆی سەرەکی بۆ ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و دواجار گەڕانەوەیان بۆ باشوری کوردستان و هاتنەخوارەوە بۆ شارەکان، کە هەرچەندە پێشتر بەرەی کوردستانیان لەگەڵ پارتەکانی تر دروستکرد، بەداخەوە ئەمە داخوازیەکانی تەنها بۆ ماوەیەکی کورت و لە دورگرتنی شەڕو بەربەرەکانی لەگەڵ یەکتردا هێنایەدی.
تاڵانگەری و شەڕی ناوخۆ- یەکەم هەڵەی پارتەکان و بە تایبەتی پدک دوای گەڕانەوەیان ئەوە بوو ڕێگریان لە وێرانکردن و تاڵانبردنی ماڵی گشتی نەگرت و بەڵکو هەندێک جاریش راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەندامە باڵاکانی ئەم حیزبەش بەشداریان لە تاڵانکاریدا دەکرد و کۆمەڵێک ئامێر وکەلوپەل و سوارڕەوی جۆراوجۆری دزراو، ڕەوانەی وڵاتانی دراوسێ کران. لە ساتێکدا دەبوو ماڵی گشتی بپارێزرایە و سودی بۆ حوکمڕانی دوای ڕژێم لێببیندرایە، بەمکارەیان بونە نمونەیەکی ناشرینی شۆڕشگێڕەکان و تۆوی تاڵانچێتی و بێبەرپرسایەتیان بۆ یەکەمجار بڵاوکردەوە. باشوری کوردستان و عێراق بە گشتی لەم ڕۆژانەدا لە ژێر ئابڵۆقەیەکی بە تایبەتی ئابوری کوشندەدا بوون و تا وای لێهات تەواوی بنچینەکانی کۆمەڵگا و مرۆڤەکانی بەرەو تێکشکان دەڕۆی، ئەوجار بە جێگای دەستەبەرکردنی ئابوریەکی پێوست و گونجاو، ئاشتی و بنەماکانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دیموکراتی پێشکەوتوو، ئەوەندەی نەخایاند پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان شەڕی ناوخۆیان یاخود خۆخۆریان لە ساڵی ١٩٩٤ لەسەر بەرژەوەندی ئابوری و حیزبی دەستپێکردەوە و ئەوەندەی تر باری ئاسایش و گوزەرانی ناوچەکەیان قورستر و شەڕاویتر کرد.

کۆتایان بە پرۆسەی دیموکراتی و حوکڕانی یەکگرتوی نیشتیمانی هێنا و ئابوری ناوچەکەیان بەرەو نەمان برد وهەریەکەیان سەرو شاریان برد بۆ خۆیان و دەستیانکرد بە سەپاندنی دەسەڵاتی حیزبی خۆیان بە تەنها، بێ هیچ شەرعیەتێک. هیچکامیان دەسەڵاتەکەی تری ‌لە هیچ ڕویەکەوە قبوڵ نەبوو، ئەوجار شەڕ و تاوانی نامرۆڤانەی زۆر، تاڵانکاری و ڕاگواستن لەسەر دەستی ئەم دوو پارتە کوردیە دوبارە بویەوە و شەڕە قسە و جوێندان لە بەینیاندا تا ئاستێکی نزمی بێڕەوشتی ڕۆیشت! لەولاشەوە کار گەیشتە ئەوەی دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی بە ئاشکرا هاتنە ناو ئەم شەڕەوە و دواجار پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٦ هانای بۆ ڕژێمی بەعسی ئەنفالچی برد تا لە دژی برا شۆرشگێڕەکانیدا یارمەتی بدات و پێکەوە شەڕیان بکەن. بەمەشەوە نەوەستان و جارێکی دی لە ساڵی ١٩٩٧ دا ڕژێمی فاشیستی تورکی هێنایە باشوری کوردستان بۆ لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان و خۆشیان بەشداری شەڕی براکوژیان لە دژی پەکەکە کرد و تاوانی ڕەشەکوژیان بەرامبەریان کرد. ئەوەشمان لە بیر نەچێت لەم دوو ئۆپەڕاسیۆنە سەربازیەدا، دەزگا نهێنیەکانیشیان ڕژانە ناوچەکەوە و کۆمەڵێک ڕەشگیری و تیرۆکردنی بەرهەڵستکاری کورد وئۆپۆزیسیۆنیان ئەنجامدا و بێهیچ لێپرسینەوە و بەدواداچونێک تا ئەمڕۆ!

ئەوجار هێشتاش لانی کەم گۆڕێکی بەکۆمەڵی پێشمەرگەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوجەرگەی هەولێری پایتەخدا، سەرشۆڕانە ڕێگری لێدەکرێ، پاشماوەکانیان هەڵبگیرێتەوە و بۆ کەسوکاریان بگەڕێندرێتەوە تا بۆ دواجار بە خاکیان بسپێرن، بە سەدان کوژراو بریندار و زیندانی شەڕی ناوخۆ هێشتا بێسەروشوێنن و ئەم پارتەش بێئابڕوانە توانای لە ئەستۆگرتنی بەرپرسایەتی و بەدواداچونی نیە و بێباکانە دەڕوانێتە ئەم قوربانیانە و چارەنوسیان تا ئەمڕۆ و هێشتاش هەر بەردەوامن! شەڕو و براکوژی هەمیشە ئامادەگیەکی سەرەکی لای ئەم خێزانە توندڕەوە هەبوە و هەیە، بە گشتی کەم پارتی کوردیدا ماوە تا ئەمڕۆ کە پدک شەڕیان لەدژ نەکردبێ. چەندین جار تا ئێستە توندڕەوی و شەرخوازی خۆیان نواندوە و دواجاریان لە ساڵی ٢٠١١ بە نوێژی نیوەڕۆ لە سولەیمانی لە ئاپۆڕای خۆپیشانداو ناڕەزایی گەلدا، دەستڕێژیان لە خۆپیشاندەران کرد و چەند هاوڵاتیەکیان بریندار و مێرمنداڵێکیان کوشت، ئەوجار کۆمەڵێك شەڕکەریان خستەسەرڕێ بۆ سولێمانی و پاشانیش دەستدرێژیان کردە سەر لایەنگران و بنکەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان و چەند جارێکیش تا ئێستە پەلاماری بنکەکانی حیزبە ئیسلامیەکانی ناوچەی ژێر هەژمونی خۆیان داوە!

ئەم دوو خیانەتەی سەرەوە بە گشتی و داواکردنی یارمەتی سەربازی لە دوو ڕژێمی داگیرکەری کوردستان بۆ شەڕکردنی دوو پارتی شۆڕشگیڕی کوردی و بە تایبەتی نزم سەیرکردنی چارەنوسی بێسەروشوێنەکانی شەڕی ناوخۆ و ڕەشەکوژیان، ئاستی زۆر نزمی شۆڕشگێڕی و بێواتاکردنی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیەک و هەزاران شەهیدی کوردستان دەخاتە ڕوو، کە بە درێژای دەیان ساڵە شەری مانونەمان بۆ ئازادی و سەربەستی ئەم خاک و نەتەوەیە دەکەن. ئەم هەڵوێستەیان هیچی کەمترمان لەوە پێناڵێت کە سەرۆک وتەنی کە زۆریمان بۆهات چیدەبێ با ببێ، ئیتر ئەو پەیامەمان دەداتی کە ئەخلاقی سیاسی و کوردایەتیان و خۆداماڵین لە بەرپرسایەتی و شۆڕشگێڕیان چەندین جار گەیشتۆتە ئاستی شەرمەزاری و خیانەتی گەورەی نەتەوەیی. تا ئەمڕۆ ئەم خێزانە و پارتەکەیان ئامادە نین بە شێوەیەکی ژیرانە کار لەسەر ئەم هەڵە گەورانەیان بکەن و هەوڵ دەدەن بە شۆڕش و کوردایەتی بە هاونیشتیمانیانی بفرۆشنەوە و چەواشەیان بکەن. لەگەڵ ئەمانەشدا بەداخەوە کۆمەڵێک بەرژەوەند وهەلپەرست، هەم لەکاتی شەڕو هەمیش لە کاتی ئاشتیدا چاویان لە بەرژەوەندی خۆیان بووە بونە پاڵپشتیان و ئەوجار ئەم خێزانە تا ئەمڕۆ لە هەموو لێپرسینەوەیەک بەدور بوون و ئەمڕۆش کاراکتەرێکی سەرەکی سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستانن!

ڕیکخستنی حیزبی ـ تیۆری پارت و بزوتنەوەی سیاسی هەوڵدەدات پێمان بڵێت کە بنچینە و ڕیکخستنی پارتی سیاسی جیاوازە و بەگشتی کراوە و لە کۆمەڵێک چالاکەوان و لایەنگری جیاوازیش دروست دەبێت کە ڕەنگاوڕەنگی کۆمەڵگا بە هەموو چین وپێکهاتەکانیەوە نیشان دەداتەوە، دەبێتە ڕایەڵەیەک لە بەینی گەل و دەسەڵاتدا و هەوڵ دەدەن لە سەر بنچینەی باوەڕو پرۆگرامێکی دیار بۆ بوارە جیاوازەکان، دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە وەربگرن و دواجار تێڕوانین و خواستی بەڕێوەبردنیان بە ئامانجبگەینن و بەرژەوەندی خۆشیان بپارێزن. ڕیکخستن و بەڕێوبەرایەتی پدک تەواو پێچەوانەی ئەم بازنەییە و داخراوە، لە ڕەنگاوڕەنگیەکی زۆر کەمی کۆمەڵگا پێکهاتوە و لە لوتکەدا هیچ جۆرە ڕەنگاوڕەنگیەک نابیندرێ. خاوەنی هیچ پرۆگرامێکی ئەوتۆ نین بۆ کێشەکانی کوردستان و کۆمەڵگای کوردی، بگرە زۆربەی کاتیش خۆیان هۆکاری کێشەکان و بەرەو قوڵبونەوەشیان دەبەن.
هۆی سەرەکی ئەم لاوازیەشیان دەگەڕێتەوە بۆ نەشارەزای و نەزانینیان و نەبونی هیچ ئەزمونێک لە سیستەمی دەوڵەتداری، بیرۆکەی دیموکراتی، ئابوری، حیزبایەتی و زۆربەی کات خاوەنی هیچ لێکدانەوە و پلانێکی ستراتیجی سیاسی نین، نەزان و خێڵەکی و کورت بینانە لە پێشهاتەکانیان دەڕوانن و دواجار لەگەڵیاندا دەڕۆن بەو شێوەیەی دێنە پێش. ئەوجار لە ناوجەرگەی ئەم بازنەیەدا خێزانی بارزانی چەقەکەی پێک دەهێنێت و سەرۆکی ئەم خێزانەش مەسعود بارزانی چاوگەکەیەتی، تەوای ستراتیجی و لێکدانەوە و داڕشتنی سیاسی ئەم پارتە و دوابڕیار لە دەستی خودی سەرۆکی ئەم خێزانەدایە، هەروەکو بەڕێوبردنی خێڵەکی کەس ناتوانێ لاری لە گەورەیەتیەکەی، حەکیمیەکەی، شۆڕشگێڕیەکەی و ئازایەتیەکەی و هتد بکات و ڕەخنەی لێبگرێت یاخود بیخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەم شێوە ڕیکخستنە تەواو ستونیە و لە لوتکەدا تەنها یەک کەس هەیە کە مافی ىڕیاری تەواوی سیاسی و ئابوری و جەنگاوەری و هتدی لەدەستدایە. کەواتە ئێمە باس لە حوکمڕانی تەنها یەک کەس کەخۆی لە تێکەڵەیەکی خێڵەکی، دیکتاتۆری و تۆتالیتاریزمی دەبینێتەوە دەکەین، کە چاوگەکە پێک دەهێنێت و دەیان ساڵە بۆتە بەشێکی گرنگی دەسەڵاتی پڕ ئاژاوە و توندڕەوی، شەڕخوازی، خێڵگەری، جیاخوازی و گەندەڵی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و هتد و درێژەشی پێدەدات تا ئەمڕۆ!

دەزگای نهێنی و شەڕکەر ـ لە تیۆری پارتی سیاسیدا شتێک بە ناوی شەڕکەر و دەزگای نهێنی حیزبی بوونی نیە، پارتی سیاسی کارو چالاکیەکانی مەدەنین و هەوڵئەدات لە سەر گۆڕەپانی سیاسی بە ڕێگای هەڵبژاردن، پشتیوانی بۆ خواست و باوەڕەکانی کۆبکاتەوە و ئەوجار دەسەڵاتی سیاسی مەدەنی بگرێتە دەست بۆ ماوەیەکی دیاریکراو. دامەزراندنی هێزی چەکداری و دەزگای نهێنی و هتد کاری دەوڵەتە کە لەسەر بنچینەی یاسای و ڕێسای هەمیشەیی دروست دەکرێن و بەڕێوە دەبرێن. بەڵام لێرە تەواو پێچەوانەیە، ئەم پارتە و سەرۆکە ئەفساناویەکەی لە ڕێی کوڕەکەیەوە دەزگایەکی نهێنی داپڵۆسێنەری کوشندەی دروست کردوە و بەڕێوە دەبات بەبێ هیچ شەرعیەتێک، بە نهێنی و ئاشکرا دەستیان بە خوێنی دەیان کوڕو کچی ئەم گەلە سورە، نمونەش دواجار مافیا ئاسا بە ڕۆژی ڕوناک قوتابی زەردەشت عوسمانیان لە بەر دەمی زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر فڕاندو ڕۆژی دوای کە لاشەکەیان شێواندبوو، وە گولە بە ناودەمیەوە نرابوو لە سنوری پارێزگای موسڵ فڕێیدەدەن، کەئەمەش لە باسێکی تردا سەرنج دەکەین.

هەبوونی دەزگایەکی نهێنی و بەدناوی وەکو پاراستن کە ئەم حیزبە زیاتر بۆ سیخوڕی ناوخۆی دروستی کردوە و دواجار لەژێر دەسەڵاتی چەقەکەدایە، هەمیشە ئامادەیە لە پێناوی خێزان و حیزبدا هەستێت بە تاوان لە دژی هەموو ئەوانەی وەکو خۆیان دوای کۆدێکسی خێڵ و ڕێبازی بارزانی ناکەون و و خەیاڵ و خەونی جوان و شکۆمەندانەی زەردی پێوە نابینن. ئەوجار لە هەمان کاتیشدا یەکێکە لە گەورەترین مەترسیەکان بۆ سەر پرۆسەی خۆبەڕێوەبردن لە باشوری کوردستان و خێڵ ئاسا و شاخاوی بەرەنگاری هەموو هێزو توانایەکی دیموکراتی و مەدەنی و نوێ دەبنەوە کە بەرژەوەندیەکانی بنەماڵە دەخاتە مەترسییەوە. ئەم دەزگایە تا ئەمڕۆ زۆر ناڕۆشن و ناشەفاف و هیچ شەرعیەتێکی نیشتیمانی نیەو لە دەرەوی دەسەڵاتی بە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان کە خۆیان بەشێکی سەرەکی پێک دەهێنن کار دەکات. ئەندامەکانی ئەم دەزگایە لەسەر بنچینەی وەفاو دڵسۆزیان بۆ پدک و ڕێبازی بارزانی دیاری دەکرێن نەک بۆ نیشتیمان و دواجاریش هیچ لێپرسینەوەیەک لە لایەن حکومەت و پەڕلەمان و بە ناو دەزگای دادوەریەوە ناتوانرێت لێیان بکرێت. بنەمایەکی تری مەترسیدار و داپڵۆسێنەری ئەم خێزانە پدک و هۆی مانەوەیان، ئەو شەڕکەرانەن کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەماندا پەروەردە و گۆش دەکرێن و وە تەنیا خۆیان دەتوانن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن. بەهەموو کارێک کە سەرۆک بیهەوێت هەڵدەستن و زۆربەیان بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەی فەرمانڕەوای بارزانی ئامادەن هەموو تاوانیك ئەنجام بدەن. چەک و کەرەسەی جەنگاوەری لە وڵاتانی دراوسێوە و لە بازاڕی ڕەشدا بۆیان فەراهەم دەکرێت و بەداخەوە ماوەی دەیان ساڵە لە ژێر ناوی پێشمەرگەدا شەڕکەر و دامودەزگا نهێنیەکانیان بەم شیوەیە جوان دەکەن و بەوهۆیەوە بەهاو نرخی پێشمەرگەش دەشێوێنن و ناشرین دەکەن بە بەردەوامی.
چونکە پێشمەرگە جەنگاوەرێکە کە شەرعیەتی لە گەلەوە پێدەگات و بۆ نیشتیمانێكی داگیرکراو لە پێناوی ئازادیدا، بەرەنگاری زۆرداری دەبێتەوە و بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەی لە پێش هەموو بەرژەوەندیەکانی ترەوە دادەنێ، حیزبایەتی و خێڵگەرای ئامانجی بەرەنگاربونەوە و تێکۆشانی ئەو نین، هیچ کات لە پێناوی بەرژەوەندی کەسێک یاخود خێزانێک و پارتێکدا پێشمەرگەی ڕاستەقینە خەبات و تێکۆشان ناکات و هەڵناستێت بە خیانەت لە بەهاو ئازادی نەتەوەوەکەی. بەڵام چەکدارەکانی پدک و بنەماڵە لە هەموو ئەمانەوە زۆر دورن و هیچ شەرعیەتێکی نیشتیمانیان نیە و خێڵ ئاسا و خۆ وتەنی، ئەوان مەرجەعیان، باوەڕیان و تەواوی ئەو بەها سیاسی و نەتەوەی و هتدی بۆی دەژین و دەمرن پدک و سەرۆک بارزانی یە. ئەم شەڕکەرانە گەورەترین مەترسی و بەربەستن لەبەردەم پرۆسەی دیموکراتی و دەوڵەتگەرای لە باشوری کوردستان، هەمووکاتێک وەکو ڤیتۆ ئەم بنەماڵەیە دەتوانن بەکاریان بهێنن و لەم ڕووەشەوە دەتوانن بەرەنگاری هەموو پرۆسەیەک ببنەوە و بونە گارانتی پاراستنی بنەماڵە و بەرژەوەندیەکانی. ئەوەشمان لە بیر نەچێت لە ماوەی ٢٣ ساڵی حوکمڕانیاندا تا ئەمڕۆ، نەیانتوانی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕەکان بکەنە هێزێکی نیشتیمانی یەکگرتوو، بەڵکوو پاشەکشەیان کرد و پێشمەرگەیان کردۆتە شەڕکەری بنەماڵە و خێڵ، شۆڕشگێڕەکانیان کردۆتە ڕفیق حیزبی مۆچەخۆر و بونەتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان ئەمڕۆ!

سەرۆکی ئەفساناوی و بنەماڵی فەرمانڕەوا ـ مێژووی ئەوچەندین ساڵەی پدک ئەوەمان پیدەڵێ کە پارتێکی تایەفەگەری تەسک لەسەر بنچینەی بەرژەوەندی خێزان و قەبیلەیەک و لایەنگرانی بە گشتی داڕێژراوە و کەمتر لەسەر بەرژەوەندی و ئاسودەیی گشتی، کارو باری سیاسی و ڕێکخستنیان دادەڕێژن و بەڕێوبەرایەتی و دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆی کوردی لەبەرچاو دەگرن. بە شێوەیەکی سەیر و سەمەرەی دوور لە هەموو توانایەکی عەقڵی و بێ بیرکردنەوە، سەرۆکێکی خەیاڵاوی بێهاوتایان دروست کردوە و ئەم سەرۆکەیان کردۆتە کاریسمایەکی بێوێنە و ئەفساناوی کە ژیری و بیرمەندی لەسەر ئاستی نەتەوەی کورد و ناوچەکە بێوێنەیە و وەکوو پدک و خودی مەسعود بارزانیش دەڵێت، بەدیلی نیە، هەربۆیە دەیوست و دەیهەوێت هەروا بە سەرۆکی هەمیشە سەرۆک بمێنێتەوە. ئەمە هیچی کەمترمان لەوە پێناڵێت کە شتێک بە ڕاستی بە ناوی بیری دیموکراتی لای پدک و سەرۆکەکەیان بونی نیە و ئەگەر لە لایەن شەقامەوە قبوڵ بکرێت، ئەوا مەسعود بارزانیش دەبێتە سەرۆکی هەمیشە سەرۆکی حوکومەتی هەرێمی کوردستان! ئەوجار ئەم تاکپەرستیە دیاردەیەکی نامۆ نیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مرۆڤەکانی ئەم ناوچەیە زۆرکات بە دوای ڕزگارکەرێکی گەورە و قارەمان و نەمرەوەن کە هیواو خواستەکانیان بهێنێتە دی و لە خەیاڵ و کانیان نزیکیان بکاتەوە.

هۆیەکی سەرەکی ئەم چاوەڕوانیە دەگەڕێتەوە بۆ کلتورو ئاین و عەشایری نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە وکوردەوە، کە بە درێژایی مێژوو زۆرکەم، ڕێکخستنێک و بەرێوبەرایەتیەک لەسەر بنچینەی زۆرینە و کەمینە، شێوەیەک لە نوێنەرایەتی، یەکسانی، گفتگۆو رێککەوتن دروست بووە و هەمیشە دەسەڵاتێکی ستونی گەورەگەرایی پیاوسالاری بەشێوەی زۆرداری حوکمڕانی سەپاندوە. ئەم شێوە تۆتالیتاریە تاکپەرستیەی ئەم پارتە یەکێکی ترە لە هۆسەرەکی یەکانی ئاڵۆزی و شکستی حوکمڕانی کوردی لە باشورتا ئەمڕۆ. ساتێک یەکێک لە حیزبە گەورەکانی باشور لەسەر ئەو بنچینانە و بیرکردنەوە خێڵەک یە داڕێژڕابێ و کاری سیاسی خۆی بکات بەو شێوەیەی سەرەوە، تەوای دەسەڵات و سەرۆکایەتی حیزبی بە یەک کەس تا مردن بسپێرێت و پاشانیش بە میرات لە باوکەوە بۆ کوڕ جێبهێڵێ، ببێتە بازرگان و قاچاخچیەکی گەورە، شەڕکەر و دەستگای نهێنی و پڕوپاگەندەی گەورە هتد بەڕێوە ببات. ئێدی چۆن دەتوانێ پرۆسەی دیموکراتی پاش ڕوخانی ڕژێمی بەعسی عەرەبی موسوڵمان بەڕێوە بەرێت، دامودەزگا و فەرمانگەی دەوڵەتی و گشتی لە پێناوی بەڕێوبردنی حوکومڕانیەکدا لە باشوری کوردستان دابمەزرینێ. کە ئەمە یەکێک لە بنەماکانی بەڕێوبەرایەتی و رێکخستنی دەوڵەتی لە دونیادا بۆ ڕۆیشتن بەرەو سەربەخۆی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتی کە تێیدا گەل حوکم دەکات، پەڕلەمان ڕۆڵی سەرەکی لە حوکمڕانی دا دەگێڕێت و خاوەنی دەسەڵات و بڕیارە و لێپرسینەوەیە، یاسا و ڕێسایەکی گونجاو دیموکراتی و دەزگای دادوەری سەربەخۆ هتد بونیان هەیە. هێزی سەربازی و ئاسایش و پۆلیس هێزی میلی، نیشتیمانی و دیموکراتن و پێکهاتەی ئابوری، پەروەردە و خوێندن هتد ئازاد و سەربەخۆن.

ئەوجار ئەمانەش بۆ نمونە ئەوکات بە تەواوی دەردەکەون لە کۆنگرەی حیزبدا، کە چەندساڵ جارێک دەبەسترێ، زۆربەی ئەندامەکانی بە بڕیاری سەرەوە و لەسەر وەفاو دڵسۆزیان بۆ خێزان و هتد دیاری دەکرێت و ئێدی ئەوجار سەرۆک و کوڕ و كوڕەزا بە چەپڵەڕێزان دەبنەوە بە سەرۆک و باڵادەستی حیزبی، وەکوو سەرۆکی حیزب مەسعود بارزانیە کە هەمان کاتیش سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و فەرماندەی چەکدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە! برازاکەی نێچیر ئیدریس جێگری سەرۆکی حیزب و سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کوردستانە. مەسروری کوڕی مەسعود بارزانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئاغای دەستگای پاراستن.
ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانە. کوڕی دوهەمی مەنسوری تەمەن منداڵ فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانیە، بابەکر زێباری خاڵی مەسعود بارزانیە و سوپا سالاری عێراقە، هۆشیار زێباری خاڵی مەسعود بارزانیە و وەزیری دەرەوەی عێراقە و ئیتر بەمشێوەیە دەڕوات و تەواو نابێت. هەرچی پەڕلەمانی کوردستانە لە سەرەتای دروست بونیەوە تا ساڵی ٢٠٠٩ لە کۆبونەوەی حیزب و دیوەخان دەچوو، ساتێک بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەکەمجار لە دوای دروستبوونی، سەرکەوتنی بەرچاوی لە هەڵبژاردندا بەدەستهێنا و بەشداری ئەم دەزگا گرنگەی کرد، بنچینەی پەڕلەمانی ڕاستەقینە دامەزرا، کە هەر چەند هێشتا زۆر لاواز و بێدەسەڵاتە، هۆیەکی سەرەکیش بۆئەمە پدک و نوێنەرەکانی سەر لیستی ئەمانن کە نازانن کارو و گرنگی ئەم دەزگایە چۆن و چەندە.

ئەندامەکانی سەر بەم حیزبە خاوەنی سەربەخۆی نین و ناتوانن ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی گەل، لەبەر ئەوەی هەژمونی حیزبایەتی و پارتایەتی باڵادەستە بەسەر هەژمونی نوێنەرایەتی گەل و نیشتیماندا. هەرچی دەزگای سەرۆکایەتیشە بۆتە لوتکەی دەسەڵات و بێ گوێدانە پەڕلەمان، دەیان ساڵە جڵەوی حوکمڕانی و سیاسەتی ئەم بەڕێوبەرایەتیەی گرتۆتە دەست و هەموو دەسەڵاتێکی پێدراوە و هەیە. هەرچی کابینەی حکومەتیشە خاوەنی هیچ دەسەڵاتێکی ئەوتۆ نیە و تەنها کارو باری ڕۆتینی بە ڕێوە دەبات و بڕیاری سەرەکی و ڕێچکەی هەمووی دەچێتەوە بۆ لای سەرۆک، کە مام و برازا دەیان ساڵە ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ قۆڕغیان کردوە بۆ خۆیان و خێزانەکەیان! دامودەزگا بنەڕەتیەکانی تریش وەکوو پەروەردە و خوێندن، ئاسایش و پۆلیس، کەرتی ئابوری و میدیا و ڕێکخراوەکان هتد یان بە ئەندامان و موچەخۆری و ڕێکخراو میدیای حیزبی خۆیان، داگیر و پڕکردۆتەوە و سەربەخۆی یان لێساندون. کەواتە لە هەمووی ترسناکتر ئەم بە حیزبیکردنەی دامودەزگای نیشتیمانیە کە بۆتە گەورەترین بەربەست لە بەردەم پرۆسەی دیموکراتی و دروستکردنی دامودەزگای دەوڵەتی و سەربەخۆ.

ئۆلیگارش و بازرگان ـ خاڵێکی تری نامۆی ئەم پارتە، تێکەڵکردنی سیاسەتی حیزب و بازرگان یە، واتە ئەم پارتە کاری سیاسی دەکات و لە هەمانکاتیش دا بازرگانێکی گەورەی ناوخۆ و ناوچەکەیەی لێ دروست بووە کە هەندێک جار جیاناکرێتەوە کامیانە، ئەمە کارەساتێکی گەورەی دروستکردووە و بۆتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم پرۆسەی دیموکراتی و حوکمڕانی لە باشوری کوردستاندا. لە سیستەمی پارتی سیاسی دیموکراتیدا شتێک بە ناوی بازرگانی بونی نیە و حیزب تێناکۆشێت بۆ ئابوری کردن و دروست کردنی سەرمایە و هتد. لە هەموو حوکمڕانیەکدا دەبێت چوارچێوەیەکی یاسای تایبەت بە حیزب و ڕێکخراو دابڕێژرێت و لەو نێوەندەشدا یەکێک لە کارە سەرەکی یەکەی ئەم یاسایە ڕێکخستنی ئابوری حیزبە، بە شێوەیەکی گشتی پارتی سیاسی سەرچاوەی دارای یان دابەشدەکرێت بەسەر چوار داهاتدا، یەکەم بە ڕێژەی ئەو دەنگانەی دەیهێنێت لە هەڵبژاردن دا بڕێک پارەی لە داهاتی دەوڵەتەوە بۆ دابین دەکرێت، دوهەم خۆشی لە ڕێگای ئابونەی ئەندامەکانیەوە و سێهەم یارمەتی خێرخوازی و گشتی، چوارهەم شیوەیەک لە باجی حیزبی بۆ کاربەدەستە باڵاکانی، دواجار ناوبەناو دەبێت بە ڕەسمی داهات و خەرجی و سامانەکەیشی ئاشکرا بکات.
بەدەر لەمە پارتی سیاسی نابێت تێکەڵاوی ئابوری و بازرگانی بێت وە یاخود ڕێڕەوی ئابوری بە ئاڕاستەیەکی تایبەتدا بگۆڕێت یان بە سودی کۆمەڵێک، خۆی وەرداتە پێشهاتە ئابوری و بازاڕیەکانەوە. بەڵام گەر تەماشای پدک بکەیت بە شێوەیەکی سەیر قۆڕغی تەواوی ئابوری ناوچەکەیان کردوە، بازرگانی وزە، هێڵی پەیوەندی، هێنانی کەلوپەل، بواری بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و کەرتی گەشتوگوزار و بانک و هتد، بەم شێوەیە تەواوی سەرەداوەکانی ئابوری باشور و بە تایبەتی ناوچەی زەردیان لە دەستدایە و ئەوجار لە پاڵ گەندەڵیەکی بێوێنەدا ئەم خێزانە و چێنێکی کەمی دەوروبەریان توانا و سامانێکی زۆری نیشتیمانی و ناوچەکە دەبەن بۆ خۆیان و لە ماوەیەکی کەمدا سیستەمێکی ئۆلیگارشی ناڕەواو زۆرداریان دروست کردوە و بوونە خاوەنی سەرمایەکی زۆر. نمونەی ئەمەش ئەوکات بە تەواوی دەردەکەوێت کە ئەم پارتە خاوەنی دەیان دەزگای میدیای جۆراوجۆرە، بە هەزاران موچە بە ناوی جۆراوجۆر و سەیرەوە دەبەخشێتەوە، بە هەزاران لایەنگری خۆی خانەنشین کردوە و موچەیان دەداتێ. لە کاتێکدا شتی ئاوها لە دونیادا بونی نیە، حیزب ناتوانێ موچە دابین بکات بۆ لایەنگرانی یاخود خانەنشینیان بکات! حیزب خاوەنی پارە نیە تا ئەم کارانە بکات و پاشانیش ئەمانە تەنها کاری دەوڵەتن تەنها کرێی ساڵانەی فرۆکەی مەسعود بارزانی و ئیدریسی برازای نزیکەی ٢ ملیۆندۆلارە، یەکجار قومارکردنی کوڕی مەسعود بارزانی و دۆڕاندنی زیاتر لە ٣ ملیۆن دۆلار لە شەوێکی مای ساڵی ٢٠١٢ دا، داگیرکردنی بە ١٠٠ دان دۆنم زەوی و دروستکردنی کۆشک و تەلار و هتد، تەنها لوتکەی گەندەڵی، بێشەرمی و سەرشۆڕی ئەم بنەماڵەیە دەردەخات کە ئاشکرا بوون تا ئێستا. ئەمە هیچی کەمترمان لەوە پێناڵێت کە بنەماڵەی بارزانی و پارتەکەیان لە زۆر ڕووەوە بە ئاشکرا سنورەکانیان بەزاندووە. زیانێكی زۆر دەگەیەنن بە پرۆسەی دیموکراتی، خۆدروست کردن و حوکەمڕانی، کۆمەڵگایەکی زۆر نادادپەروەرانەیان خوڵقاندوە و بەم شێوەیە بە تێکەڵەیەکی خێڵەکی، سیاسی، بازرگانی و مافیایی ناوچەکەیان دەبەن بەڕێوە و گورزی کوشندە و خیانەتی گەورە لە کورد و کوردستان دەکەن بە بەردەوامی.

ڕۆشنبیری سیاسی کۆمەڵایەتی ـ ئەم پارتە و خێزانی بارزانی و لایەنگرەکانیان لە ڕووی ڕۆشنبیری سیاسیەوە لاوازن و خۆشیان هەمیشە وەکوو ڕزگارکەری کورد نیشان ئەدەن و واش تێگەیشتون تا ئەمڕۆ، ئەوان بنەماڵەی فەرمانڕەوان و ئەوەی ئەوان بۆ کوردی نەکەن، ناکرێت و کەس نیە لە خۆیان کوردتر و نیشتیمان پەروەرتر و باوەڕدارتر و سیاسی تر، هەرچەندە مێژووەکەیان زۆرجار پێچەوانەکەی نیشان داوین هەروەکو لەسەرەوە بە کورتی لێیدواین. ئەمانە هەرچەندە بە دەیان ڕاوێژکاریان هەیە کە هەر لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٣ ئامۆژگاری دەکرێن بۆ پێشهاتە دەرەکی یەکان و تا ئەندازەیەکیش سەرکەوتوبو لە پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان لەژێر ناوی کورد و کوردستاندا تا ئەمڕۆ، بەڵام لە ڕووی ناوخۆیەوە زۆر زەلیل و خێڵەکی یانە و بێباوەڕانە دەڕواننە پێشهاتەکان. زۆربەی کات دەیانهەوێت بە زۆری هێز و توندڕەوی و قۆڕغکردن، ڕوبەڕوی پێشهاتە و کێشەکان ببنەوە، لە کاتێکدا هەمیشە وێردی سەرزوبانی مەسعود بارزانی بۆ دەرەوە ئەوەیە، بەهێز، وەلاوەنان و شەڕ کێشەکان چارەسەر ناکرێن.
بەڵام لە سەر ئاستی ناوخۆی کوردستان ڕوبەری زۆری بواری سیاسی ئابوری و بەڕێوبەرایەتیان بۆ خۆیان و پارتەکەکان قۆڕغ کردوە و زۆرجار و ئێستەشی لەسەر بێت ئامادەن بە زەبری هێز و شەڕ ڕووبەڕوی پێشهاتە و کێشە سیاسیەکانی ناوخۆ ببنەوە. سەرۆکی ئەم خیزانە و خێڵەکەی بە هیچ قوتابخانەیەکی فکری و ڕۆشنگەریدا نەڕۆیشتون، بەڵکو زۆری تاکەکانیان ناڕۆشنبیر و هیچ مەڵبەندێکی زانستی و سیاسی و فەرهەنگیان نەبڕیوە و ئاستی دروستبونیان لە ڕوی ڕۆشنبیری یەوە زۆر لاواز و کرچوکاڵ و خێڵەکیە. نمونەی ئەمەش هەردەم لە ڕوبەڕوبونەوەیان لەگەڵ کێشەکاندا دەردەکەوێت و هەست بە واقعی ئێستا ناکەن و هەمیشە وادەزانن پلانگێڕی لە دژیان هەیە. هەردەم شۆڕشی شاخ دەفرۆشنەوە بە گەلی باشور و بەراوردی خۆیان و ئەو گوزەرانەی ئەمرۆ دەکەن بە ڕژێمی بەعسی عەرەبی و ژیان و گوزەرانی ژێردەستەی ئەودەمانە، کە ئەمە هیچی کەمترمان لەوە پێناڵێت، ئێمە لە بەعسی فاشیست باشترین و ژیان و گوزەران لەژێر ڕەحمەتی ئێمەدا لە هی بەعسی داگیرکەر ئاسودە و خۆشترە! ئەمە دەری دەخات کە چەندە داماو، زەلیل و نەفامە ئەم پارتە و بەڕێوبەرەکانی!

وەکوو نمونەیەکی تریش بە تەوای لە ڕەگەزی مێینەی ئەم خێزانەدا دەردەکەوێت، ساتێک زۆربەی پیاوەکانی ئەم بنەماڵەیە بەرپرسایەتی جۆراوجۆریان هەیە، بەڵام تەنها ئافرەتێکیان بەرپرسایەتی نیە، ئەمە جگەلەوەی تا ئێستا هاوڵاتیانی کوردستان نازانن خێزانی سەرۆک کێ یە و ناوی چیە و چی میهنەیەکی هەیە، تا دەگاتە ئەوەی ڕیگا لە وێنەگرتنیشی دەگیرێت و زۆر بە توندی دوردەخرێتەوە لە ژیانی نیشتیمانی و گشتی هاوسەرەکەی. بەهەمان شێوە کچەکانی سەرۆک نەناسراون زۆر بە توندی لە ژیانی باوکی ئەفساناویان بەدور دەگیرێن، هاوڵاتیان باشور مافی خۆیانە بزانن، خێزانی سەرۆک کێیە، چەند کچی وکوڕی هەیە بە یەکسانی، لەبەر ئەوەی ئەمانە نوێنەرایەتی گەلێک دەکەن و ئەندامێکی دیار و گشتی ناو کۆمەڵگا و دەسەڵاتن، گەل مافی خۆیەتی بزانێت کێ نوێنەرایەتی دەکات. ئەوجار پیاوەکانی بنەماڵە بە گشتی هەمیشە ئامادە دەکرێن و دەهێندرێنە سەر شاشەی سیاسی، بەڵام ئافرەتەکانیان دەکەن بە فانتۆم و وێنەگرتنیشیان پێڕەوا نابینن، چی جای ئەوەی لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا لەگەڵ هاوسەر و كچ و دایک و ئافرەتەکانیاندا پێکەوە خۆیان نیشانی هاونیشتیمانیان بدەن و بە کارە جوانەکانیان ببنە نمونەیەکی پیاوی مەدەنی و شارستانی و ئافرەتیش وەکوو مرۆڤی یەکسان قبوڵ بکەن. ئەمەش ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات خاوەنی هیچ بڕواو بنچینەیەکی عەقڵی و فەرهەنگی ئەوتۆنین و زۆر ساویلکە و عەشایرانە دەڕواننە دەوروبەر و ئەو دونیایەی لێوەی هاتون و تیا دەژین

دیموکراتی ـ گەر لە یۆنانستانی کۆنەوە تا ئەمڕۆی مۆدێڕن ئەم تیۆریە زۆر کورت باس بکەین، ئەوا دیموکراتی باشترینی خراپترین سیستەمی بەڕێوبردن و ڕێکخستنی دەسەڵاتە، کە گەل حوکم دەکات تێیدا و دواجار ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ نوێنەر هەڵدەبژێرێت. بنەماکانی سیستەمی دیموکراتی بریتین لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕاستەقینە کە گەل نمایندەکانی تێدا هەڵدەبژێرێت لە ماوەی دیاریکراودا، یاسایەکی هەمیشەی کە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگا بێت. مافەکان و ئەرکەکان بە شێوەیەکی دیموکراتی، مەدەنی و شارستانی، سەربەخۆیی و یەکسانی گشتی دەستەبەر بکات و هاوسەنگی بپارێزیت، بە تایبەتی لە نێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتدا و لە نێوخۆی خودی دەسەڵاتیشدا و گارانتی پاراستنی ماف، ئازادی و سەربەخۆی بێت بە گشتی. کەواتە پارتە سیاسەیە دیموکراتەکان دەبێت ڕێز لەم بنەمایانە بگرن و بیکەنە هەوێنی کار و پڕۆگرامی حیزبییانەوە، بەڵام بە داخەوە هیچی ئەمانە نابینین لەم خێزانە و پارتەکەیاندا و لەو دەیان ساڵەی ڕابوردودا پێچەوانەکەیان نیشان داوین. بۆ نمونە شتێک لە پدک دا بە ناوی ئازادی بیر و ڕا بە ڕاستی بوونی نیە، هەرچی لەنێوخۆدایە ئەوا یەک خێزان و لەوێش سەرۆکی ئەم خێزانە دوا بیر و ڕایە، ئەوانەی ‌قبوڵی ئەمە ناکەن لە نێو پدک دا جێگەیان نابێتەوە و نمونەش زۆرن.
هەرچی ڕووی دەرەوەشە هیچ بیر و ڕایەکی ئازاد و ڕەخنەگرانە قبوڵ ناکەن و بە توندی بەرەنگاری دەبنەوە بە ڕێگای تیرۆر و تۆقاندن و پڕوپاگەندەی جۆراوجۆر و نمونەی ئەمانەش هەر زۆرن. تا ئێستە لەم پارتەدا هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە نەکراوە, کە ئەمە ڕۆحی پارتی سیاسیە و درێژکراوەی ئەو شەرعیەتەیە کە گەل پێیداون، لەو ساتەوەی پدک دروست کراوەتەوە ماڵی بارزانی لە لوتکەی ئەم پارتەدان و باڵادەستی لە باوکەوە بۆ کوڕ بەجێدەمێنێت, لە پڕۆگرام و ڕێکخستنی هیچ پارتێکی دیموکراتی دونیا شتی ئاوها بوونی نیە. پاشان دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حیزب زۆر بەربڵاو تاک لایەنانەیە، هیچ میکانیزمێک نیە لە سەرۆکی حیزب بتوانێت بپرسێتەوە و ئەوجار هیچکات ئەندامەکانی ئەم پارتە ناتوانن بچنە ناو بازنەکەوە کە وەکوو مەکەی موسوڵمانانیشی لێهاتوە بۆ ئەندام و لایەنگرەکانی ئەم پارتە. دواجار سەرۆکایەتی تەنها شایانی بنەماڵە و لە ئێستادا مەسعود بارزانیە! مرۆڤ بۆ ئەوەی پارتێکی یاخود سیستەمێکی بەڕێوبردنی دیموکراتی دابمەزرێنێت، دەبێت لە خۆیەوە دەست پێبکات.

واتە دیموکراتی لە خودی تاکەوە دەستپێدەکات و دواجار لە نێو ژیانی خێزانیەوە ڕەنگدەداتەوە کە هەردوو ڕەگەزی مێینەو و نێرینە بە یەکسانی تەماشا و هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتریدا دەکەن. ئەوجار هەروەکو پێشتر ئاماژەمان پێدا ئەم خاڵە زۆر گرنگە وەکو پێوەرێکیش دەتوانیت بەکاری بهێنیت، کە لەم خێزانەدا بوونی نیە، پیاوسالاری و باڵادەستی ڕەگەزی نێرینە بۆتە یەکێک لەو ئامڕازانەی ئەم خێزانەی داگیر کردوە و ئەم نۆڕمە خێڵەکیەش شۆردەبێتەوە بۆ ناو تەواوی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیان. سەرۆکی ئەم ‌قەبیلەیە پیاوە، زۆربەی زۆری کاربەدەستەکانی پیاون و هەمیشە سەرۆک لەگەڵ نێرینەکانی خێزانەکەی دا دەردەکەوێت، کە سەفەری بەناو ڕەسمیش دەکات بەهەمان شێوە هەرکوڕەکان، كوڕەزاکانی و هتد لەگەڵ خۆیدا دەبات بۆ دیدارەکانی. ساتێک جیاوازی ڕەگەزی ئەوەندە زۆر بێت و ئافرەت ئەوەندە بە نایەکسانی و نادیموکراتی سەیرو هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت، ساتێک ئەمانە بەرامبەر کچ و دایک و خوشکی خۆیان بەوشێوەیە ڕەفتار بکەن، ئێدی چۆن دەتوانرێت چاوەڕێی یەکسانی و دیموکراتی لێبکرێ.

پارتی دیموکراتی کوردسان لە ڕاستی دا لە دیموکراتیەوە زۆر دوورە و ئەم ناوەش هەروەکوو کلتوری ئەم ناوچەیە تەنها بۆ ڕوکەش و خۆنواندنە، گەرنا هەڵگری هیچ ناوەرۆکێکی دیموکراتی نیە. ئەویش ساتێک دەردەکەوێت لە سەرەوە بە کورتی لە چەند سەرنجێکدا لەسەری دواین. ئەوجار کاتێک حیزبێک لەسەر ئەم بەها و نرخە خێڵەکی، نایەکسانی و نادیموکراتیە دروست بوبێت، چۆن دەتوانێت کار بۆ سیستەمێکی دیموکراتی لە باشوری کوردستان بکات. ساتێک یەک خێزان و لەوێش یەکڕەگەز و تەنها یەک کەس خاوەنی هەموو بڕیارێکە و هیچ دەزگایەک و کەسێک ناتوانێت لێپرسینەوەی لێبکات، ئیدی چۆن مرۆڤ دەتوانێ.
باسی دیموکراتی بکات و چاوەڕێ بێت بۆی دەستەبەر بکات، ساتێک هیچ ڕێکخستنێکی ڕاستەقینەی دیموکراتی لەم پارتەدا بوونی نەبێت، ئیدی چۆن دەتوانێت رێکخستن و بەڕێوبردنی دیموکراتی و بنەماکانی لە باشوری کوردستان دابمەزرێنێت.

لە کۆتایدا پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتێکی عەشایر و خیڵەکی یە کە شێوە دیکتاتۆر لە لوتکەدا خێزانیک و لەوێش تەنها یەک کەس حوکم دەکات، لە پێشەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی، خێزانەکەی، خێڵەکەی، ناوچەکەی و ئەوجار شوێنەکانی تر. هەوڵی بە پیرۆز کردنی بنەماڵەی بارزانی و سەرۆکە ئەفساناویەکەی بۆتە سیاسەتی ئەم حیزبە بە ڕەسمی و بە بەردەوامی. سەروەت و سامانێکی زۆریان دروست کردوە و بونە ئۆلیگارشێکی گەورەی ناوچەکە و بەوشێوەیە لەڕووی ئابوری و سیاسی یەوە قۆڕغی باشوری کوردستان و ناوچەی زەردیان بەتایبەتی کردووە و کەس نازانێت ئەم خێزانە و پارتەکەیان خاوەنی چەند سەروەت و سامانن. داموودەزگای پڕوپاگەندەی زۆر و ڕێکخراو هێزێکی چەکدار و نهێنیان هەیە و بوونە گەورەترین مەترسی و بەربەست بۆسەر باشوری کوردستان و پرۆسەی خۆبەڕێوەبردنی کوردی. لە ساڵی ١٩٩١ کەوە هەمیشە برەو بە کلتورێکی مشەخۆی، توندڕەوی، جیاخوازی و تاکڕەوی دەدەن و بەوشێوەیە بیری هاوکاری، مەدەنیەت، دیموکراتی و یەکگرتووی نەتەوەی لاواز و زەلیل دەکەن و باشوری کوردستان و لە وێش ناوچەی زەردیان کردوە بە گەندەڵستان. تەواوی ئەمانەش بۆتە هۆی کلتورێکی زۆر لاوازی ڕۆشنبیری و گەشەسەندن لە ناوچەیەی لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندایە و ئەم تێکەڵەیەش هۆی مانەوە و سەرکەوتن.

تێبینی/ بۆ ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگیراوە

1. Demokratisierung im Area-Vergleich/ Wolfgang Merkel 2007
2. Good Gevernance / Hans-Jochim Lauth
3. کۆبەرهەم/ جەمال نەبەز، ٢٠٠٦
4. ڕۆژنامەی هاوڵاتی، ئاوێنە، خەبات/ ٢٠٠٠ تا ٢٠١٤
5. Geschichte des Nahen und Mittleren Ostens Fred Halliday 2005.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە