رۆشنبیریی بنەماڵە، لێکۆڵینەوەی کلتوریی

Tuesday, 03.17.2015, 12:00

452 بینراوە




سەرنج: من بەڵینم بە نەتەوەکەم داوە کە ووشەکانم دانەبەزێنمە ئاستی پارەوە، بۆیە خۆم بە ئازاد دەبینم، لە هەر کوێ پرێنسیپی ئینسانی رەچاو بکرێت، بێباکانە دیدی خۆم بڵاو بکەمەوە، بۆ بەشداریکردن لە (گەڕانەوە سەرخۆ)، من کە نووسینیک دەهۆنمەوە، لە ویژدانی خۆمدا پیشانی چەند شەهیدی ئەم نەتەوەیەی دەدەم، (وەک کاک سەلاحی مەهەندیس و کاک فوئاد وکاک ئەحمەد و ئاپۆ موسا عەنتەر) ئەگەر ئەوان مۆڵەتیان دام پێشکەش بە نەتەوەکەمی دەکەم و سەرم لەئاست بەرزی ویژدانی کوردبوون و ئینسان بوونی ئەواندا نەوەی دەکەم، مۆڵەتی ئەوان تا رۆژی مەرگم، تەنیا خەڵاتێک دەبێت بۆ ئەوەی دەینووسم....
ساڵانێکی زۆرە باس لە دەسەڵاتی بنەماڵە دەکرێت و ئەم باسکردنانەش بۆتە موڵکی کۆمەڵیک کەس، کە کۆمەڵێک لایەن و دەزگای راگەیاندن بە شوێنیانەوەن و لەهەموو پرسەکاندا، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ترافیک، ناوبازاڕ، خۆپیشاندان، نەبوونی ئاو، پچڕانی کارەبا، رووخانی دیوارێک و پیس بوونی ژینگە، میکرۆفۆنەکان و مایکەکان و ....هتد بۆ ئەوانە و قسەی ئەوان سەنگی مەحەک و ئایەت وخەتمی کەلامە، ئەم براو خوشکانە وەک (ئەلگۆریان) لێهاتووە ، ڤێللاکەی ٢٧ حەمامی تیدایە و خۆی بە پاسی زۆر گەورە دەچێت بۆ کۆنفراسەکانی کە لەبەر گەرمای تێکزاس، دەبێت پاسەکان بەردەوام و تا کۆنفراسەکە تەواو دەبێت ماتۆڕەکانیان ئیش بکەن، بەڵام سەرەتای هەموو کۆنفرانسێک بەم پرسیارە لە ئامادەبووان دەست پێدەکات: بێگومانم کە بە پاسکیل هاتوون بۆ کۆنفرانسەکەم!!!
ئەم کۆنفرانسچیانە تا ئەو رادەیە خەڵکیان پێ گێلە!!!. ئەمانیش باخەکانیان ها لە تەنیشت باخی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە، ئۆتۆمۆبیلەکانیان وەک هی ئەوانە، ئەداو ئەتواری رۆژانەیان لەوان دەچێت و خراوتر، تەنها ئەوەندە هەیە ئەمان ئیمتیازێکیان لەوان زیاترە ئەویش ئەوەیە کە ئەمان د ەرکەوتنیان بە حەق و ناهەق لە ماسمیدیاکانەوە لەوان زیاترە و ئێدی قسەکانیان سواوە و دەنگیان گیراوە و بینەر و گوێگر(یا وەک خۆیان دەڵین گوێبیست: ئەمەش لەو ووشە ناقۆڵاو رەزاگرانانەیە کە بەرهەمی ئەو هەموو پیا هەڵدان و دەرکەوتنانەیە، مرۆڤ کە ناچار بوو یا حەزی لێبوو بە بنەماڵە لە هەموو شوێنێک هەبێت، دەبێ هەندێ جار لەم ووشە داتاشراوە گرنجگرنجانە !!! بەکاربێنێت تا قورسایی و قەوارەی هۆشمەندیی پیشانی گێلەکان بات.(ئەمانیش ئەلگۆرن! لە پێوەرێکی بچوکدا. شارێکە و چوار قەزا هەر ئەوەندەی لێهەڵدەکڕێ.)
ئەرێ بەراستی ئامادە بووان گێل نین، کەوا بوونەتە برغوی مەکینە زەبەلاحەکەی بازاڕی ووشەی بەتاڵی بریقەدار، لە سای فکر و زکری سەدەی رۆشنگەری کۆپیکراوی هەر چوار ئیقلیمی دنیا و گۆڕینی ووشەگەلی رەسەنی ناو تێکستە خۆرئاواییەکان کە لەخۆیان دێت و بەرهەمی هۆشمەندی قوڵ و رەسەن و راستگۆیی و جدی بوونی رۆشنفکرانی خۆیانە، ئیوە وا خەریکە زمانەکەشمان بە پەند دەکەن، ئەم کارانە درێژەدان و بەردەوامی گەندەڵیی بیر و هۆش نییە؟! کە بەراستی زەمینەی مانە وە و زیندوێتی بۆ گەندەڵییە سییاسیەکانیش خۆشتر دەکات و کەش و هەوای گونجاو بۆ گەشەکردنیان دەسازێنێ؟!.
ئێستا بە سانایی دەتوانین، وەک چۆن دەسەڵات و بنەماڵە، یا بنەماڵەی دەسەڵاتدار دەستنیشان دەکەین و لە رووکەشی پۆشتەو پەرداخیانەوە، دەکرێ ناوەرۆکی پچویان ببینین، بە هەمان دەستور دەتوانین لە رۆشنبیریی وبنەماڵە!!! و رۆشنبیریی بنەماڵەوە، کۆنی و خوازراوی تێکستەکان و مایەپوچیی چارەسەرەکانیان دەستنیشان بکەین، چونکە کۆپی کراون و وەک ئەوەش کە کۆپی دەکرێن، بە ناونیشانی ئەزموونی ئینسان لە سەر زەمین و واقعیکی زۆر جیاواز لەوەی خۆمان، بڵاو ناکرێنەوە، نەو، وەک کانیاوی بیری نووسەرەکەی و ئایەت و دوا چارەسەر دەرخواردی مێشکی ماندوو کراوی، هاندراوی، بەچەوتەرێ دا براوی، لاوەکان، دەدرێت.!!!
سەدان ساڵ لەمەو بەر فەلەسوفێک، بیریارێک پێی وابوو کە کێشمەکێشی سەرەتای مێژوو تا کۆتایی مێژووی مرۆڤایەتی بریتی بووە / بریتی دەبێ لە ناکۆکی نێوان چینەکان و فاکتەری ئابووری(کەپوختەکەی بریتیە لە بڕی پارە)، چارەنووسی مەسەلەکان دیاری دەکات، لە هەمان کاتدا ئەو بۆ گەیشتن بەم بڕە پارەیە و دابەشکردنەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە
(وەک خۆی دەڵێت، دەبێ جەنگ و شۆڕش بەرێبخرێت و چێنێک بەسەر چینێکی تردا سەرکەوێت و دیکتاتۆریەتەتێکی نوێ بە ناوی پرۆلیتاریاوە دروست بکرێت) هەڵبەتە نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی مەبەستێکی فرە پیرۆز و مرۆڤ دۆستانەیە، بەڵام وەک بینیمان ئەو مەبەستە پیرۆزەی ئەو فەیلەسوفە چەندە خوێنی ویست و چ ماڵ وێرانی و قەبارەی کلۆڵیەکە و کویلەیەتیەکە چەندە گەورە بووەوە!!! هەروەک راسل دەڵێت، خەڵق، بیانەوێ و نەیانەوێ، لە عیشقیاندا بۆ دەسەڵات، پێوانە رەوشتییەکان ژێرپێدەخەن، کەواتە دەسەڵات ئامانی نییە و هیچ بەربەستێک، ئەخلاقی، مرۆیی ناتوانێت بەر بەوە بگرێت کەئەم ئامرازی بەڕێوەبردنە، بەخراپی سوودی لێوەرنەگیرێت لەلایەن ئەو کەسانەوە کە دەسەڵاتیان هەیە، حەوسەدساڵ لەمەو بەر ئیمام محمدی غەزالی دەڵێت: لە ناخی هەموو مرۆڤەکاندا هەر ئەو خواست و ئارەزووانە هەیە کە لەناخی (فیرعەون)دا هەبوون، بۆ هەر کەسێک لە ئێمە ئەو بارو دۆخە بگونجێت دەبینە (فیرعەونێک)، ئێمە سەددامە بچکۆلەکانمان زۆر بینی کە زۆر مەترسیدارتربوون لە بتی گەورە، بەراستیش ئەوە هەر ئەوانن دەستو پێوەندی بتی مەزن، کە چەرخی خوێناویی ستەم دەسوڕێنن و بەردەوامیی بە زوڵم وگەندەڵی و فەساد بوونی ناخی ئینسان دەدەن، ئەوان بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانیان!!! (دێمەوە سەر ئەم ووشە پوچە)، بەستراوەتەوە بە سوڕاندی ئەم مەکینەی ستەمە و بەرقەراریی شکۆی ناوی قارەمان و سەرکردەوە. وا هێدی هێدی لە داوێنی ستمەکردن و فریوودانی سستەماتیکی دەسەڵاتداراندا
(دەسەڵاتی سیاسی بێت یا ئابووری یا رۆشنفکری کە یەکتر تەواو دەکەن)، بۆ بەرگری لە مافی چینەکانی دەرەوەی دەسەڵات، چینێکی تر دروست دەبێت کە لە نازناودا لە دەسەڵاتی بنەماڵە جیاوازە، بەڵام لە رەفتاردا(کە فرەگرنگە) خەریەکە لەوانی تێدەپەرێنێ و دەبێتە خاوەنی بەشێکی گەورە لە چەرخی زەبەڵاحی ئابووری و ئیدی (بیەوێت و نەیەوێت) لە دەسەڵاتی بنەماڵە نزیک دەبێتەوە و ئەمانیش لەگەل خۆیاندا چواردەورە نزیک و دوورەکانیان لەدەوری خۆیان خردەکەنەوە و بواریان بۆ دەرەخسێنن (هیچ گرفتێک لەوەدانییە کە پشتگیری لە چواردەورەکانی خۆمان بکەین، بەڵام گرفت لەوەدایە، کە پشتگیری لە بیتوانایی نزیکەکانی خۆمان بکەین و رێگەی نارەوا بگرینە بەر بۆ دەرخستن و پێشخستنیان) لەبەر ئەوەی لە باشووری کوردستان نان بە بەهای رۆژ خواردن و دەستیاو کراوەتە نەرێتێک و چۆتە ناو هەموو پەیوەندییەکانەوە، لەبەر ئەوەی لەم بەشە لەووڵاتی کوردستان (کە بووە خراپترین ئەزموونی مێژووی ئەم نەتەوەیە ...)، بۆ ئەوەی تواناکانت دەرکەوێ دەبێ پایە بلدێ، کەسێ لە دەسەڵاتدا، لە حزبدا، لە سەندیکادا ، لە رێکخراودا... تەنانەت ئەگەر ویستت شتێ بکڕی دەبێ ناسیاوێک راتسپێرێ یا فرۆشیارەکە بناسی باشترە ، دەنا ئەقڵ و فام، ئێستا و رابووردووت، تواناکانت کەس بە پۆلێکی قەڵبی ناکڕێت، لە بەر چاومانە و رۆژانە ئازارمان دەدات، ناوەندی کلتوری لەهەموو ناوەندەکانی تری دەسەڵات لەبارترە بۆ گەشەسەندنی ئەو جۆرە ئەنگل و مشەخۆرانە، هەر لەبینینی بەرپرسێکەوە تا دەگاتە جێبەجیکردنی کارێکی تارادەیەکی زۆر سادە، لێت دەکەنە کێوێک و هەزار دەرگا و دیوار لەسەر ریگاتا هەیە کە بە دڵنیاییەوە بێزارت دەکات و لەکۆتایدا، واز لەو خێرە نەبینراوە دێنی، وازت پێلێدێنن، یاخوا کەس دەستی نەگاتە دەستگرەی دەرگایەک، ئێدی دەبێتە بەچکە فیرعەونێک عەیار بیست وچوار و دەرگا لەسەر هەموو بنەما ئینسانییەکان دادەخات، من هیچ فەلسەفەیەک لەم رەفتارانەدا بەدی ناکەم ئەوەنەبێ کە لە بەرژەوەندی کەسێتی خۆیان دەترسن و لەبەشە کێکەکەی خۆیان کە پییان وایە تۆ دەبیتە شەریکە بەشیان، هیچ بنەمایەکی هاوڕێیەتی و هاوخەباتی و هاووڵاتی و هاونەتەوەیی و هاو ئامانجی وەک ئینسان لەرەفتاری ئەو کەسانەدا بەدی ناکەیت و بە تەواوی ئەو خەسڵەتانە نامۆ کراون بەم سەرزەمینە و بەهای ئینسانییان سفرە.
بۆیە زۆر گرنگە بەتایبەت بۆ ئەوانەی پەیوەندییان هەیە بە مەسەلە کلتورییەکانەوە، کە ئاگاداربن فریوی رێگای بەرە و فیرعەون بوون نەخۆن.
ئاشکرایە ئێمە چەندین سەدەیە لە رووی هونەرییەوە، ناڵێم کلتور چونکە لە هەندێ لایەندا، توانیومانە پارێزگاری لە هەندێ لە رەسەنایەتی خۆمان بکەین ، وەک مۆزیک و گۆرانی و ئێستا تا رادەیەک خەریکە سینەماش، جل و بەرگ کە دەبێ سوپاسی ژنانی کورد بکەین، کاری دەستی و هەندێ لە بواری شیعردا، کە ئەم بەرگریکردنە لە هونەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووە و قەرزاری ئەوانین (لە باشوور بەدەگمەن نەبێت، مەسەلە فکرییەکان یان زۆر رووکەشن، یان لە رووی داهێنانەوە، سفرن ئێمە داهێنانمان نەبووە/ نییە، بەدڵنیاییەوە ئەڵیم ئەگەر- فۆکۆیەک ،مۆکۆیەک لە رۆژئاوای زەوی، ئەمڕۆ باسی پۆست تەنەکە- بکات، سبەی لەباشوور، لەسەر هەموو زارەکان، لە میدیاکانەوە کە هەزارانن و نازانی ئەم چەرخانە چۆن هەڵقوڵان و لەم نەبوونییەدا چۆن دەسووڕین؟!!!!) ئەو باسەی خۆریاوایە لەسەر هەموو زارەکانە، لە لایەنەکانی فکر و هونەورەوە، ئێدی چەند سەدەیە کە ئیمە دەستەوسان چاوەڕوانی بەتایبەت خۆرئاواین کە قوتابخانە یا رێبازێکی فکری و هونەریی نوێمان بۆ بەرهەم بینن، ئێمە خاوەنی شتێکی وانین کە توانیبێتی ببێتە رێباز و شێوازێک یا هیچ نەبێت ستایڵیکی هەفتەیی، کە ئەو لای گۆی زەوی ویستبێتی لاسایمان بکاتەوە، لەم زەدەبوونەدا دوو جۆر رۆشنبیرمان هەیە (ئێمە لە راستیدا بەدرێژایی مێژوومان لە چەند دانە زیاتر کەسمان نییە کە رۆشنفکر بێت، ئەوەش لەسەردەمانی بەر لەم رۆماندا بوون، دەنا لە ئێستادا، کڵۆڵی رۆشنفکریمان لە لوتکەدایە و هیچ کاتێ ئەوەندە سواڵکەر نەبووین، بەڵام زاراوەکە وا رۆشتووە بۆیە ناچارم کە دابەشی بکەم).
زەدەبوون بە کلتوری خۆراوا:
v زەدەبوونێک لە تێگەیشتنەوە لە بزووتنەو و راپەرین و وشیار بوونەوەکەی خۆراوا کە ژمارەیان هێجگار کەمە.

v زەدەبوونێک لە تێنەگەیشتنەوە و سەرسام بوون بە روکەشی بەرهەمەکانی خۆراوا، چونکە ئەو لە ساڵەکانی کۆتایی ئەو راپەڕینەدا دەگاتە خۆرئاوا واتە لە وەرزی چنینەوەی خەرماندا دەگاتێ و هەر خەرمانە ئامادەکە دەبینێ، نەک ماندوو بوونەکان. ئەمە زۆرینەیە و چارەسەرەکانیان رووکەشە و لەسەر زەوی واقع نەگونجاون چونکە لۆجیکی نین.

لە کۆنەوە خەڵکانێکی کەم بواریان بۆ رەخساوە کە بۆ تەواوکردنی خوێندن بچنە ووڵاتی دەرەوەی کوردستان و ئەوان خۆیان و خیزانەکانیان سەختی زۆریان کێشاوە بۆ دابینکردنی بودجەی ئەم خوێندنە، ئەو خەڵکانە بەزۆری کەسانی بەتوانا و چالاک بوون لە کوردستان بەر لە رۆشتنیان و ژمارەیەکیان بەرهەمی نووسراو یان نووسراوی چاپکراویان هەبووە لە بوارەکەی خۆیاندا یا لە بوارەکانی تری کلتوریدا، بۆیە دەتوانین بڵێن ئەم کەسانە لەو دەستەیە بوون (کە زەینینان لە حەرەکەتدا بووە)، بۆ یە بە تامەزرۆییەوە کاتێ گەیشتوونەتە جێگای مەبەست، بە چڕ و پڕی درێژەیان بە چالاکی خوێندنەوە و رامانی قوڵی خۆیان داوە و باشتر و لە نزیکەوە لەگەڵ گۆرانکارییەکان تەماسیان هەبووە و بارستاییەکی زۆر لە فێربوون و ئەزموونیان لەگەڵ خۆیان هیناوەتەوە، ئەوان بە زۆری خەڵکانی ئامانجداربوون بۆیە لەگەڵ گەڕانەوەشیاندا هەوڵیانداوە سوود لە ئەزموونە کۆکراوەکان وەربگرن و خۆ دوور بگرن لە کۆپی کردن، چونکە، ژیان و رامان لە ژیان، ئەوەی فیرکردوون کە تاقیکردنەوە کۆپیکراوەکان بەزۆری شکستیان هێناوە و زیانی گەورەیان بە میللەتان گەیاندووە، ئەمانە ئەو دەستەیە بوون / هەن کە زهنیان بەر لە جەستەیان حەرەکەت دەکات و کات بۆیان گرنگە و راسپاردە و تێزەکانیان ئامانجدارە و مەبەستی راببوون و وشیارکردنەوەی هەمەلایەنەی کەسایەتی مرۆڤی ئەم سەر زەمینەیە، کە تا رادەیەکی زۆر سەر لێشێوێنرا و بە چەوتە رێدا براوە، چونکە بەر لێشاوێک لە بانگەشەی سیاسی کەوتووە لە ئاستە نزمەکەیدا، یانی بەربەرەکانی و کێبەرکێ لەسەر دەسەڵات بەهەر نرخێ بووبێت، ئەوەش مێژوویەکە نزیکەی هەموومان یا تێدا ژیاوین و بەهای گیانی و ماڵی گەورەمان داوە یا بەجۆرێک گرفتاری ماکەکانی بووین.

کەچی لەم ساڵانەی دوایدا و بەهۆی جەنگە بێئەمانەکان لە ناوچەکەدا، خەڵکانێکی زۆر روویان لە ووڵاتانی ئەوروپا کرد و لەوێدا نیشتە جێبوون، کە ئەم کۆچ و کۆچبارە، دەرهاویشتەی زۆری لێکەوتەوە کە هەندێکیان لە بناغەوە پەیوەندییە خێزانییەکانیان لەرزاند و هەڵوەشاندەوە و بەهاکانیان وورد کرد و بوار بۆ دەرکەوتنی راستەقینەی (ناخ) ی پەنگخواردووی ئینسانەکان (ژن و پیاو- دایک و باوک)، رەخساو لێشاوی لێکجوودا بوونەوە، ژیانی ئاسایی زۆری لەگەڵ خۆیدا راماڵی و کارەساتی نائینسانی و کوشەندەیان لێکەوتەوە بەتایبەت بۆ منداڵان کە بوونەتە قوربانی (هەق و ناهەق/ راست و درۆ، هەڵبەستراو / هاندراوی پەیوەندی نێوان دایک و باوک، ئەو بوونەوەرە بچوکە لاوازانەی کە زۆر جار (خۆشگوزەرانییەکانی ئەوان/ هەواو هەوەسڕانی ئەوان یا ناچار بوون و لە توانادا نەمانی ئەوان بۆ دریژەدان بەپەیوەندی نێوانیان)، هیچ حسابێکیان بۆ نەکرا و هەرگیز باوانەکان لەو ترسەی دڵی ئەوان نەگەیشتن کە لەدەستدان و وێرانبوونی گەرمی پەیوەندی خێزانیی، چۆن منداڵەکانیان وورد وورد دەکات .

بەڵێ وەک لەسەرەوە باسم کرد، زەدەبوونەکان بە دوو جۆر دەکەوێتەوە و ئەو لێشاوە لە پەناخوازی کورد کە بە ووڵاتانی بەتایبەت ئەوروپادا بڵاو بوونەوە، هەندێ کاریان بۆ ئاسان بوو و زۆر لە کارەکانیشیان سەخت بوون و کوشەندە، بەریەککەوتنە کلتورییەکان و نامۆیی و رەگەزپەرستی و پەرتەوازەبوونی خێزان و زۆر جار سەرگەرم بوون بە هیچەوە، مرۆڤەکانی لەیەکتر توڕەکرد و هەرکەسە بۆ بەهانەیەک و کاتیک دەگەڕا کە کینە و ماندووبوونەکانی بەسەر ئەوی تردا خاڵی بکاتەوە، لە غوربەتدا زۆر جار منداڵەکانن دەبنە قۆچی قوربانی توڕەبوونەکانی باوان:

" کچم ئەوە باوکت لە تۆ توڕە نییە
لەو پیاوانە توڕە بووە کە پێیان ناوێرێ و رێگای
خۆشییەکانیان لێبەستووە.

کوڕم ئەوە دایکت لە تۆ توڕە نییە
لەو ژنەی هاوسێمان توڕەیە
کە دەبوو ئەو ملوانکەیەی ئەو
لەگەردنی ئەمدا بایە."
.........
بەمجۆرە، تەقینەوەی توڕەبوونەکان و پچڕانی پەیوەندەییەکان، هۆ و سەرچاوەی تری هەیە، ئەو خێزانەی کە یەک رۆژیان هەبوو، لەهەموو شتێکدا هاوبەش بوون و سۆز و خۆشەویستییەک دەیبەستن بەیەکەوە، ئێستا پەرتەوازە بوون هەریەک بەجیا بۆخۆی یادگاری هەیە و چیدی هاوبەش نییە لە دروستکردنی یەک میژووی خێزانیدا، لێرەدا زەدەبوونەکان لەسەر دوو دەستەکە دەبینین، ئەوانەی کە لە تیگەیشتنەوە زەدەی خۆرئاوا بوون، دەزانن کە خێزانە ئەوروپیە رەسەنە بەتایبەت بەتواناکان لە رووی ئابوورییەوە، ئەو یەکیتی و هاوبەشبوونە لە ژیانی رۆژانەی خێزاندا بۆیان گرنگە و رەنگە مەرجێک بێت لە ئەتەکێتی ژیانیان، بەڵام بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی تاک و هەرکەس بۆخۆی بژی ئەوە بۆ زۆرینەی بەرهەمهێنەر و مەسرەفگەرە و بۆ ئێلیتی باڵا دەست نییە، لە حاڵێکدا کە زۆرێنە (بەتایبەت پیاوان، بە مەبەستی لەداوخستنی ژنان)زۆر بەتوندی بەرگری لەم فەلسەفەیە دەکەن و لەخۆرئاواییەکان زیاتر خاوەنداری لێ دەکەن، هەڵبەتە من دەزانم کە ئەم سەرگەرم بوونە زۆر رووکەشە و وەک هەموو لاساییکردنەوەکانی تر لە تینەگەیشتنەوە هاتووە، روکەشکاری و روکەشپەرستی سیمای دیاری پەیوەندیەکانی ئێمەیە و زۆر کەم دەتوانین خۆمان بین.

ئەم گرفتی بۆ ئەوەی تر ژیانە، تەنانەت، کاریگەری لەسەر زۆرینەیەک لەوانەش کە خاوەنی بڕوانامەی بەرزن 2، هەر ماوە و زۆر ئاساییە و پێی خۆشە کە کەمکوڕییەکانی بۆ پڕ بکەنەوە بە پەسەندکردن و پیا هەڵدان و لاوانەوە و زل کردن (لە خەسڵەتە هەرە بنەڕەتیانەی دکتاتۆرەکان هەسیان)، ئەوانیش دەزانن کە پیاهەڵدەر خەریکی ریاکردنە بەڵام خۆشیان دێ، هەستکردن بە گرێی کەموکوڕی خەریکە دەیانکوژێ، بۆیە ئەو قسانە ئەو زامانەیان بۆ ساڕێژ دەکات. ئەمە ئەو کاتەیە کە کۆمەڵگا بەرە و کۆیلایەتی، بێدەربەستی و نەخۆشکەوتن چووە، چوونکە ماکی حەزکردن لە دەسەڵات، بەهەر رەنگێکی بێت، رێبەرانی بیر و هزری کۆمەڵگای گرتۆتەوە و ئیتر کلتورێکی نەخۆش و دەستەمۆو بۆ خوشگوزەرانی ژیاو دێنێتە بەرهەم، کە بۆ گەیشتن بە خۆشگوزەرانیی، تاکەکانی پێ بەهەموو بەها و نرخەکانی پەیوەندیە ئینسانییەکاندا دەنێن. زاراوەی بۆ داتاشراوە و مەبەست تەنیا یەک شتە (جەستە و لەزەتی جەستەیی، کە ئەگەر نەکرێتە بنەمای بیرکردنەوە و داونانەوە نەبێت بۆ ژنان، کە بەگومانم وایە، ئەگینا ئەوەش بەشێکە لە سستەمی ژیان، بەڵام بیبەندوباری کە دەهۆڵ لیدانەکە بۆ ئەوەیە، بەناوی کلتور و هونەرەوە!!)
رەواجدان بە خۆشگوزەرانی، ئینسانەکان بەتاڵ دەکاتەوە لە بەها بەرزەکان، مرۆڤ بۆ ئەوەی ئەرکی مرۆڤ بوونی خۆی لەو چەند ساڵەی تەمەنیدا بەجێبگەێنێ، دەبێت (چاک) بژی تا تامی راستەقینەی (خۆش) ژیان بکات، ئێمە وەک مرۆڤ دەبێت، بیرچاک و گفت چاک و کردار چاک بین و تەنیا لەیەک حاڵەتدا رێگە بە پیاهەڵدان و وەسف و لاوانەوە بدەین، چونکە تەنیا لەیەک جیهان و یەک مەستیدا مۆڵەتی زیادەرەوی لە وەسفدا دراوە: ئەو ساتە وەختەی کە بەتەواوی بوونمانەوە عاشق دەبین کە یەک جارە و یەک فرسەتە و یەک مەستی راستەقینە....لەبەر ئەوەش کە ووشە دەرەقەتی ئەو مەستییە نایەت، ئەوسا ناچار بە زیادە رەوی لە وەسفدا دەبین، تا بتوانین هەستەکانمان ئەگەرچی بە کەم و کورتیش بێت، دەربڕین.

- کۆپلە شیعرەکان لە هۆنراوەی
"شەرمەزارمەبە، سەر هەڵبڕە هی نووسەرە

2 ئێستا دیاردەی، کڕینی بڕوانامە، نووسینی بڕوانامە و ئیتر هەموو دەخەڵکارییەکان لەم بوارەدا بۆ گەیشتن بە پلەو پایە، مەترسی گەورەی لەسەر ئێستا و پاسەرۆژیی کلتوری نەتەوەکەمان داناوە و مەترسییەکەیان لە مەترسییە سیاسییەکان زۆر زیاترە.












(دەنگدراوە: 0)