سیستەمی پەروەردە و خوێندنی هاوچەرخ لە ولاتی سوید

Friday, 12/10/2012, 12:00

17463 بینراوە




باخچەی ساوایان
لەوکاتەی کە دایك و باوك کاردەکەن یان دەخوێنن، یان بێکارن و بە دوای کاردا دەگەڕێن، منداڵێکی تری بچوکتریان هەیە یان ئیجازەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە ئەوا دەتوانن منداڵەکەیان بنێرن بۆ باخچەی ساوایان لە تەمەنی یەك ساڵیەوە تاتەمەنی پێنج ساڵی.بەڵام ئەو منداڵانەی کە دایکیان لە ماڵەوەیە دەتوانن رۆژی سێ کاتژمێرلە باخچەی ساوایان بمێننەوە.

دایك و باوك دەبێت مانگانە بڕێك پارە بدەن هەقی ئەوەی منداڵکەیان لە باخچەی ساوایانە. پارەکە بە شێوازێ دیاری دەکرێت کە پەیوەندی هەیە بە موچەی دایك و باوکەکەوە. هەتا موچەی دایك و باوك زۆرتربێت ئەوا پارەی زۆرتر دەدەن، بە پێچەوانەشەوە هەتە موچەی دایك و باوکەك کەمتربێت ئەوا پارەی کەمتر دەدەن.
کرێی باخچەی ساوایان بەمشێوەیە لە مانگێکدا:
منداڵی یەکەم لە % ٣ موچەی دایك و باوك (بەرزترین کرێی ڕەوزە لە ١٢٦٠ کرۆن زیاتر نابێت. نزیکەی ١٨٠ دۆلار).
منداڵی دووەم لە % ٢ (کە زیاترنەبێت لە ٨٤٠ کرۆن.نزیکەی ١٢٠ دۆلار).
منداڵی سێ یەم لە % ١ (کە زیاتر نەبێت لە ٤٢٠ کرۆن. نزیکەی ٦٠ دۆلار).
منداڵی چوارەم بە بێ پارەیە.
(موچەی دایك و باوکێك ئەگەر هەردوکیان کاربکەن نزیکەی ٦٠٠٠ دۆلارە پێش زەریبەدان)

پۆلی پێش خوێندنگا
هەموو منداڵیك کە تەمەنی ئەبێت بە ٦ ساڵ ئەوا ئەرکی شارەوانیە کە جێگایەكی بۆ دابین بکات بەڵام تۆ وەك دایك و باوك ئازادیت ئەگەر بتەوێت منداڵەکەت بنێریت بۆ پۆلی پێش خوێندنگا یان بتەوێت ئەو ساڵەش منداڵەکەت هەر لە باخچەی ساوایان بێت و پاشان دەستبکات بە خوێندنگا.

منداڵ لە پۆلی پێش خوێندنگا فێری خوێندنەوە و نوسین و ژمارەکان و بەکارهێنانی بیرکاری دەبێت. (مەبەست لە بەکارهێنانی بیرکری ئەوەیە کە منداڵ فێری کۆکردنەوە و لێدەرکردن و دابەشکردن و لێکدان ببێت). پاشان منداڵ فێری ئەوە دەکرێت کە بایەخ بە خوێندن و ژینگەی ئیشکردنی خۆی بدات، چاوەڕوانی سەرەی خۆیبێت، ڕێز لە کەسانی کە بگرێت و بە شێوازیکی دیموکراتی گەشەبکات.
بەهەمان شێوەی باخچەی ساوایان پۆلی پێش خوێندنگاش بە پارەیە بەم شێوەیە لە مانگێکدا:
منداڵی یەکەم لە % ٢ موچەی دایك و باوك (کە زیاتر نەبێت لە ٨٤٠ کرۆن).
منداڵی دووەم لە % ١ موچەی دایك و باوك (کە زیاتر نەبێت لە ٤٢٠ کرۆن).
منداڵی سێ یەم لە %١ موچەی دایك و باوك (کە زیاتر نەبێت لە ٤٢٠ کرۆن).
منداڵی چوارەم بە بێ پارەیە.

باخچەی یاری کاتی ئازاد
باخچەی یاری بۆ ئەو منداڵانەیە کە تەمەنیان لە نیوان ٦ بۆ ١٢ ساڵە. باخچەی یاری کراوەیە پێش دەوامی خوێندنگا و پاش دەوامی خوێندنگا. ئەو دایك و باوکانەی کە کاردەکەن یان دەخوێنن و منداڵەکانیان درەنگتر دەچێت بۆ خوێندنگا ئەوا دەتوانن منداڵەکانیان ببەن بۆ باخچەی یاری کاتی ئازاد تا ئەو کاتەی دەوامی خوێندنگایان دەستپێ دەکات. لە باخچەی یاری کاتی ئازاددا مامۆستای تایبەتی کار دەکات کە پێیان دەوترێت مامۆستای کاتی ئازاد.

ئەم باخچەیە تەواوکەری خوێندنگایە و پەیوەندیەکی باش هەیە لە نیوانیاندا. منداڵ دەتوانێت لێرە یاری بکات و واجباتەکانی بکات. نزیکە لە % ٨٠ ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان لە نێوان ٦ بۆ ٩ ساڵە و لە % ١٣ ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان ١٠ بۆ ١٢ سالە دەچن بۆ باخچەی یاری کاتی ئازاد. دایك و باوك پارەیەکی کەم دەدەن بۆ ئەوای منداڵەکانیان بچێت بۆ ئەم باخچە.


خوێندنگا
به‌ پێی یاسای خوێندنگا‌ گشت منداڵانی سوید له‌سه‌ریانه ‌٩ ساڵ بەزۆر له‌ خویندنگای بنه‌ڕه‌تی بخوێنن. واته‌ له‌ته‌مه‌نی٧ تا ١٦ساڵ. ئه‌و ٩ سالە ده‌کرێت بە‌ سێ قۆناەوە:
قۆناغی نزم پۆلی ١-٣
قۆناغی ناوه‌ند پۆلی ٤-٦
قۆناغی به‌رز پۆلی ٧-٩
دوای ئه‌و ٩ ساڵه‌ خوێندنگای ئاماده‌یی ده‌ست پێده‌کات که‌ ئازاده‌، ئه‌و کاته‌ خویندکارخۆی بڕیار ده‌دات کە بەردەوام بیت یان نا. بۆخویندکاری جیاواز(مەبەست لەو خویندکارانەیە کە نەخۆشی زگماگیان هەیە) Srskolan ١٠ سالە.

خویندنگا بۆ هەموانە
له وڵاتی‌ سوید خوێندنگا بۆ هەمو خوێنکارانە بەبێ جیاوازی ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ ئەو خوێندکارانەی کە که‌م ئه‌ندامن یان گەشەکردنیان دواکەوتوە له هەمان پۆل دەخوێنن و زۆر جار کەسێك وەك هاریکار له‌گه‌ڵ خوێندکارەکە ده‌چێته‌ ناو پۆلەوە بۆ یارمەتیدانی.
خوێندنگایەکی جیاواز هەیە بۆ ئەو خوێندکارانەی کە نەخۆشی دەرونیان هەیە و ناتوانن لە پۆلی ئاسایی بخوێنن بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی، ئەو خوێندنگایەش ناوی خوێندنگای جیاکراوەیە. هەروەها خوێندنگایەکی تریش هەیە بۆ ئەو خوێندکارانەی کە کەڕو ڵاڵن و (خاوەن پێداویستی تایبەتن).

دابینکردنی هەمو پیداویستیەکانی خوێندن بە خۆرایی
که‌ره‌سته‌ی خوێندن بۆ خوێندکاران وه‌ك کتێب، دەفتەر، ئامێری ژمێریاری، ڕاستە و قەڵەم، ئەو پێداویستیانەی کە خوێندکار پێویستی پێیەتی لە تاقیگە وەك و عەینەك و دەستکێش و...هتد خوێندنگا‌ دابینی دەکات. بەپیی یاسای خوێندنگا هەر خوێندکاریك کە ماڵی ٣ کم دوربێت لە خوێندنگاوە ئەوا شارەوانی کارتی هاتوجۆی پاسی بۆ دابین دەکات. بۆ هەموو خوێندکاران بەبێ جیاوازی هەر لە ڕەوزەوە تا پۆلی سێی ئامادەیی خواردنی نیوەڕۆیان بۆ ئامادە دەکرێت بەبێ بەرامبەر.

دۆلاب بۆ هەموو خوێندکاران
هەمو خویندکاریک دۆلابێکی هەیە کە قەمسەڵەو کتێب و دەفتەرەکانی تیا دادەنی. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە خوێندکار ئەچیت بۆ چەند پۆلی جیاواز. بۆ نمونە کاتی وانەی میژوو لەگەل جوگرافیا خوێندکار ئە چیت بۆ پۆلی میژوو، لەکاتی وانەی وێنەکەێشان ئەچیت بۆ هۆلی وێنەکێشان. ئەمە کار ئاسانیە بۆ مامۆستایان کە دەتوانن هەموو ئەو کەرەستانەی کە پێویستن بۆ ئەو وانەیە لەو پۆلەدا ئامادەی بکەن.



ئەم بەشانە لەناو خوێندنگا هەیە
کتیبخانە، کافتریا، حانوت، ژوری بلیارد و تێنس، هۆلی وێنەکێشان، هۆلی مۆسیقا، هۆلی خواردن دروستکردن، هۆڵی دارتاشی و درومانی، هۆلیکی داخراو بۆ وانەی وەرزش، تاقیگە بۆ وانەی فیزیا، کیمیا، زیندەوەرزانی و تەکنیك و هۆلیکی گەورە بۆ کۆبۆنەوە کە جیگای زیاتر لە ١٥٠ خوێندکاری تیا بێتەوە. هەروەها بەپێی یاسای خوێندنگا دەبێت یاریدەدەری پزیشك و توێژەرەوەی کۆمەڵایەی و دەرونی هەبێت لە ناو خوێندنگادا.

یارمەتی بۆ خوێندکار
بەپیی یاسای خوێندن هەموو خوێندکارێك مافی ئەوەی هەیە کە بە پێێ توانای خۆی گەشەبکات، هەڵبەتە توانای گەشەکردن جیاوازە لە خوێندکارێکەوە بۆ خوێندکارێکی کە. ئەرکی شارەوانی و بەرێوەبەرە کە پێداویستی گونجاو دابین بکات بۆ ئەو خوێندکارانەی کە ڕادەی تێگەیشتن و گەشەکرددنیان لاوازە یان دواکەوتوە. ئەم یارمەتیەش جیاوازی هەیە لە شارەوانیەکەوە بۆ شارەوانیەکی کە. هەندێك جار خویندکار دەچێت بۆ گروپێکی بچوك کە ژمارەیان چوار بۆ پێنج خوێندکارە و مامۆستایەك بە شێوەیەکی باشترو ئاسانتر وانەکەیان بۆ باسدەکات، یان هاریکارێك یارمەتی خوێندکار دەدات لە ناو پۆل، یان ژمارەی وانەکانی بۆ کەمدەکرێتەوە تا بتوانێت لەو وانانەدا سەرکەوتو بێت کە پێویستە بۆ وەرگرتن لەو پڕۆگرامەی کە خوێندکار خۆی دەیەوێت لە ئامادەیی بیخوێنێت.

مامۆستای تایبەت
لە هەموو قۆناخێکدا مامۆستای تایبەت هەیە کە بەوردی ئاگاداری گەشەکردن و فێربونی خوێندکارانە، بەتایبەتی ئەو خویندکارانەی کەڕادای فیربون و گەشەکردنیان لاوازن یان ئەو خوێندکاوانەی خۆیان ئارەزوی خوێندنیان نیە. کاری ئەم مامۆستایە ئەوەیە کە یارماتی ئەم خوێندکارانە بدات و بەرنامە و شێوازی خوێندن بگونجێنێت بۆ خوێندکارەکە و یارمەتی مامۆستایان بدات تا بتوانن کتیبی گونجاو دابینبکەن کە لەگەڵ ئاستی فیربونی خوێنکارەکە بگونجێت.

کاتێك خوێندکار لە قۆناخی نزم دەچێت بۆ قۆناخی ناوەند، یان لە قۆناخی ناوەند بۆ قۆناخی بەررز، یان لە قۆناخی بەرز بۆ قۆناخی ئامادەیی ئەوا مامۆستای تایبەتی ئەو قۆناخە هەموو ئەوو گیرو گرفتانەی کە خوێندکار هەیەتی بە شێوەی ڕاپۆرت دەینێرێت بۆ مامۆستایانی قۆناخی داهاتوو تا بتوانن بەباشترین شێوە یارمەتی ئەو خوێندکارە بدەن.


رۆلی دایك و باوك لە خوێندنی خوێندکارو خوێندنگادا
به‌ پێی یاسای خوێندنگا ‌تا ئه‌و کاته‌ی خوێندکار ته‌مه‌نی ده‌گاته‌‌ ١٨ ساڵ دایك و باوك بەرپرسیاری یەکەمن. خوێندنگا هەول دەدا دایك و باوکی خوێندکار ئاگادار بکاتەوە لە هەڵسوکه‌وت و چۆنیه‌تی باری خوێندی خوێندکار بە نامە یان تیلیفون. جگە لە پەیوەندی رۆژانە سالی دوو جار دایك و باوکی خوێندکار بانگ دەکرێت بۆ خوێندنگا. دایك و باوك و خوێندکار و مامۆستا دادەنیشن وبە وردی باسی ئەوە دەکەن کە خوێنکار چۆنە لە وانەکانیدا.


پلانی فێربونLroplan
بۆ هەر قۆناخێك پلانێکی فێربون هەیە کە باسی ئەو وانانە دەکات کە دەخوێندرێت ومەبەست لە خوێندنی ئەو وانەیە چییە. هەروەها باسی ئەوەش دەکات کە لە هەر وانەیەکدا چی بخوێنرێت. پاشان باسی ئەرکی خوێندنگا، ئەرکی مامۆستا، ئەرك و مافی خویندکار، چۆنێتی پەیوەندی لە نیوان خویندنگا و دایك و باوکدا، چۆنیتی پەیوەندی خوێندنگا و جیهانی دەرەوە، چۆنێتی نمرە دانان و ئەرکی بەڕێوەبەر. بەپێی ئەم نەخشەیە دەبێت مامۆستا پێش خوێندنی هەر بەشێك بۆ خوێندکارەکانی رونبکاتەوە کە دەبێت چی بزانن بۆ هەر نمرەیەك.

پلانی وانەکانTimplan
بۆ هەر وانەیەك دیاری کراوە کە چەند کاتژمێر بخوێندرێت لە خوێندنگا. پاش تەواوکردنی قۆناخی بنەڕەیتی پۆلی ١ تا پۆلی ٩ دەبێت خوێندکار ٦٦٦٥ کاتژمێر وانەی خوێندبێت لە خوێندنگا بە پێی ئەم پلانەی خوارەوە:
وێنە کێشان ٢٣٠ کاتژمێر.
ماڵداری و خواردندروستکردن ١١٨ کاتژمێر.
وەرزش و تەندروستی ٥٠٠ کاتژمێر.
موزیك ٢٣٠ کاتژمێر.
دارتاشی، درومانی و چنین ٣٣٠ کاتژمێر.
سویدی یان سویدی وەك زمانی دوو ١٤٩٠ کاتژمێر.
زمانی ئینگلیزی ٤٨٠ کاتژمێر.
بیرکاری ٩٠٠ کاتژمێر.
جوگرافیا، مێژوو، زانستی ئایین، پەروەردەی کۆمەڵایەتی ٨٨٥ کاتژمێر.
زیندەوەرزانی، فیزیا، کیمیا، تیکنیك ٨٠٠ کاتژمێر.
* زمانە بیانیەکانی وەك ئەڵمانی، ئیسپانی، فەڕەنسی ٣٢٠ کاتژمێر.
** هەڵبژاردەی خوێندکار ٣٨٢ کاتژمێر.
کۆی هەمووی ٦٦٦٥
*جگە لە زمانی ئینگلیزی خوێنکار یەکێك لە زمانە بیانیەکانی ئەڵمانی، ئیسپانی یان فەڕەنسی هەڵدەبژیرێت کە بیخوێنێت ئەوەش کەوتۆتە سەر حەزو ئارەزوی خوێنکار.
** خوێندکار بە پێی حەزو ئارەزوی خۆی بابەتێك یان وانەیەك هەڵدەبژێتێت تا بتوانێت خۆی تیا قوڵکاتەوە. ئەمەش بە دوو شێوەیە. شێوەی یەکەم ئەوەیە کە هەندێك خوێندنگا ئەم وانەیەیان کردوە بە چەند بەشێك وەکو بەشی یاری تۆپی پێ، یاری باسکە، یاری بالە، بەشی موزیك، زمان ...هتد. شێوەی دووەمیش ئە وەیە کە خوێندنگا بە پێی توانا و شارەزایی مامۆستاکان چەند بابەتێك یان وانەیەك پێشکەش دەکەن تا خوێندکار بە ئارەزوی خۆی بابەتێك هەڵبژێرێت بۆ ماوەی چەند مانگێك پاشان بابەتێکی کە هەڵدەبژێرێت. لەم وانەیەدا خوێنکار نمرە وەرناگرێت.


پڕاکتیك (کارکردن لەشوێنی کار)
هەموو خوێندکارانی پۆلی هەشت و نۆ دوو هەفتە پڕاکتیك دەکەن، هەفتەیەك لە پۆلی هەشت و هەفتەیەك لە پۆلی نۆ. خوێندکار خۆی جێگایەکی کار هەڵدەبژێرێت و پەیوەندی بەو جێگایەوە دەکات تا بتوانێت بچێت لەوێ پڕاکتیك بکات. خوێندکار لەگەڵ کەسێکی کارکەردا دەبێت و هەمان نەخشەی کارکردنی دەبێت. مەبەست لە مە ئەوەیە کە خوێندکار بتوانێت شارەزایی پەیدابکات لە بارەی شێوازی کارکردن و کارەکە. لە ناو خوێندنگادا کەسێك کار دەکات بەناوی ڕێنیشاندەری پیشەیی کە یارمەتی خوێندکار دەدات چ پڕۆگرامێك هەڵبژێرێت لە ئامادەیی تا لە پاشەڕۆژدا خوێندکار بتوانێت ئەو کارەبکات کە خۆی ئارەزوی لێیە.

یاریدەدەری پزیشك
بەپیی یاسای خوێندنگا دەبێت لە هەموو خوێندنگایەکدا یاریدەدەرێکی پزیشکی هەبێت کە یارماتی خوێندکاران بدات لە کاتی پیویستدا. ئەرکی یاریدەدەری پزیشکی ئەوەیە کە ئاگای لە خوێندکاران بیت لە لایەنی دەرونی و لە لایەنی جەستەیی. هەر روداوێك کە رودەدات لە ناو پۆل یان لە ناو خوێندنگا ئەوا ئەم دەتوانێت تەداوی یان چارەسەری بکات پاشان خوێندکار دەتوانێت سەردانی یاریدەدەری پزیشك بکات هەر کاتێك کە خۆی بییەوێت. ئەرکێکی تری یاریدەدەری پزیشك ئەوەیە کە سەردانی پۆلەکان دەکات و زانیاری تەندروستییان پێ دەدات لە بارەی خواردن، وەرزش، پاکوخاوێنی...هتد وەڵامی ئەو پرسیارانە دە داتەوە کە پەیوەندی هەیە بە کچان و کوران.

لە ولاتی سوید هەمو خوێندکارێك چەندجارێك کۆنترۆلی کیش، باڵا،وەزن، چاو، گوێ لەگەڵ پشتی بۆ دەکرێت لەپۆلی پێش خوێندنگا، پۆلی دوو، لە پۆلی چوار، لە پۆلی شەش، لە پۆلی هەشت پاشان لە پۆلی یەکی ئامادەیی. یاریدەدەری پزیشکی کۆنترۆلی هەموو ئەو خوێندکارانە دەکات لەو قۆناخانەدا تا بزانیت ئایە خوێندکار گەشەی کردوە بە شێوەیەکی ئاسایی. لەکاتی هەر گیرو گرفتیك یان حالەتێکی نائا سایی پەیوەندی دەکات بە دایك و باوکی خوێندکارەکەوە. بەپێی یاسای خوێندنگا دەبێت خوێندکار سێ جار کۆنترۆڵی بۆبکرێت بەڵام لە زۆربەی شارەوانیەکان گرنگیەکی زۆر بە تەندروستی و گەشەکردنی خوێندکار دەدەن بۆیە زیاتر لە سێ جار کۆنترۆڵی تەندروستی بۆ خوێندکار دەکرێت.

توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونی
لە هەموو خوێندنگایەکدا توێژەرەوەیەکی کۆمەڵایەتی و دەرونی کاردەکات تا یارمەتی ئەو خوێندکارانە بدات کە کێشەی کۆمەڵایەتی و دەرونیان هەیە. ئەرکێکی تری تویژەرەوەی کۆماڵایەتی و دەرونی ئەوەیە کە وەرزی جارێك ڕاپرسی بکات لە ناو خوێندکاراندا تا بزانێت ئاستی دەرونی خوێندکاران چۆنە، تا چەند لە یەکتری رازین، کێ ناو ناتۆرە لە کێ دەنێ، کێ ئیهانەی کێ دەکات، خوێندکاران تا چەند لە مامۆستایان ڕازین، ئایا هیچ مامۆستایەك ئیهانەی خوێندکارێکی کردوە و کێ ماف خوراوە.
لەهەموو خوێنگایەکدا کۆمەڵێك هەیە بەناوی کۆماڵی کارکردن دژی کرداری ناشرین کە پێك هاتوە لە توێژەرەوەی کۆمەڵایەتی و دەرونی، بەڕێوەبەری خوێندنگا و چەند مامۆستایەك. ئەرکی ئەم کۆمەڵە ئەوەیە کە یارماتی ئەو خوێندکارانە بدەن کە ئیهانە کراون یان مافیان خوراوە.

هاورێیان friends
لە هەر پۆلێکدا دوو خوێندکار هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی نوێنەری پۆل بن لە کۆمەلی هاوڕێیان. خوێندکارانی پۆل بەپێی هەڵبژاردنێکی نهێنی دەنگ دەدەن و دوو خوێندکار هەڵدەبژێرن. بەزۆری ئەو خوێندکارانە هەلدەبژێردرێن کە نمونەی هاورێێ باشن. هاورێیان دیارن لە ناو پۆل و لەناو خوێندنگادا. ئەرکی ئەم دوو هاورێیە ئەوەیە کە لە ناو پۆل و خوێندنگادا چاوو گوێیان کراوە بێت. هەر شتێکی ناخۆش ببینن یان بیبیستن ئەوا مامۆستایان ئاگادار بکەنەوە.
هاوڕێیان لەلایەن مامۆستایەکاوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەپێی بەرنامەیەکی دارێژراو سێ هەفتە جارێك لەگەڵ هاورێیان کۆدەبیتەوە تا گوێبیستی ئەو شتانەبێت کە هاوڕێیان بینیویانە و بیستویانە. (بۆ نمونە هەفتەی یەکەم کۆبونەوە لەگەڵ هەموو هاوڕێیانی پۆلی حەوتەکان، هەفتەی دووەم کۆبۆنەوە لەگەڵ هەموو هاوڕێیانی پۆلی هەشتەکان، هەفتەی سێهەم کۆبونەوە لەگەڵ هەموو هاوڕێیانی پۆلی نۆیەکان).

ساڵی خوێندن
بە پێی یاسای خوێندنگا دە بێت هەموو خوێندکارێك ١٧٨ رۆژ بچێت بۆ خوێندنگا جگە لە رۆژانی پشوی سەری ساڵ و پشوی جەژنە ئاینی و نیشتیمانیەکان و پشوی هاوینە. مامۆستا لە سالێکدا ١٩٤ رۆژ دەوام دەکات جگە لە پشوەکان. مامۆستایان چەند رۆژێك پێش خوێنکاران دەست دەکەن بە دەوام تا کاتیان هەبێت بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ساڵی نوێی خوێندن. سالی خوێندن دەکریت بە دوو وەرزەوە ، وەرزی پایز لە گەڵ وەرزی بەهار. خوێندکار پێنج ڕۆژ دەچێت بۆ خوێندنگا لە هەفتەیەکدا، خوێنکاری سەرەتایی لە کاتژمێر ٨ تا ٢ پاشنیوەڕۆ و خوێنکاری ناوەندی و ئامادەیی بەزۆری لە کاتژمێر ٨ ی بەیانی تا ٤ ی پاشنیوەڕۆ.

مامۆستا
هەموو کات دەبێت لە گەشەکردندابێت و دەورەو کۆرسی جیاواز ببینێت. پێویستی گەشەکردنی مامۆستایەك جیاوازە لەگەڵ مامۆستایەکی کە هەر بۆیە لەو ١٩٤ ڕۆژە پێنج ڕۆژی بەڕێوەبەری پەروەردەی ئەو شارە بڕیار دەدات کە مامۆستایان لە چ بوارێکدا گەشەبکەن و لە بارەی چ بابەتێکەوە گفتووگۆ بکەن. چوار ڕۆژیش مامۆستا خۆی بڕیار دەدات کە دەیەوێت لە چ بوارێکدا گەشە بکات و چ دەورەیەك ببینێت.
مامۆستا ٤٥ کاتژمێر کاردەکات لە هەفتەیەکدا(هەموو پیشەکانی کە ٤٠ کاتژمێر کاردەکەن لە هەفتەیەکدا بەڵام مامۆستا پێنج کاتژمێر زیاتر کاردەکات لە هەفتەیەکدا تا بتوانێت پشوی هەبێت کاتێك خوێندکاران پشویان هەیە بەبۆنەی جەژنە ئاینیەکان). دەبێت ٣٥ کاتژمێر لە ناو خوێندنگابێت و ١٠ کاتژمێر لە ماڵەوە کاردەکات کە مامۆستا بەکاری دێنێت بۆ پەیوەندی لەگەڵ دایك و باوکی خوێندکار یان بۆ خۆئامادەکردن بۆ وانەکان. لەو ٣٥ کاتژمێرە نزیکەی ١٨ کاتژمێر وانە دەڵێتەوەو ١٧ کاتژمێریش لە ناو خویندنگادا دەبێت تا بەشێوەیەکی ڕێك و پیك بەرنامە دانێت بۆ وانە وتنەوە.
مامۆستایان بەشێوەی گروپی کارکردن کاردەکەن لەناو خوێندنگادا. هەموو مامۆستایانی خوێندنگا دابەش دەکرێن بەسەر چەند گروپێکی کارکردندا. هەر گروپێك لە هەشت تا دە مامۆستا پێکهاتوە کە لەیەك ژوردا دادەنیشن. مامۆستایەکی بیرکاری، زمانی ئینگلیزی، وەرزش و تەندروستی، کیمیا و فیزیا، ووێنە، مێژوو جوگرافیا، زمانی سویدی و دارتاشی. ئەم مامۆستایانە بەرپرسیارن لە سێ یان چوار پۆل. واتە وانەیان لەگەڵ هەمان پۆلدا هەیە ئەمەش یارمەتی ئەوە دەدات کە مامۆستایان بەباشی خوێندکاران بناسن و بتوانن لەگەڵ مامۆستایانی کەدا گفتوگۆ بکەن دەربارەی گرفت و گەشەکردنی خوێنکاران تا بەباشترین شێوە یارمەتیان بدەن.
دوو مامۆستا بەرپرسیاری پۆلێکن پەیوەندیان هەیە لەگەڵ دویك و باوك و مامۆستایانی تردا. ئەم دوو مامۆستایە هەفتەی ٣٠ خولەك کاتیان هەیە لەگەڵ پۆلەکەیاندا تا باسی ژینگەی کارکردن و گیروگرفتەکانیان بکەن و لە گەڵ مامۆستایانی تردا قسە بکەن و چارەسەری کەن. ئەگەر دایك وباوکیش هەر پرسیارێکیان هەبێت ئەوا پەیوەندی بەم دوو مامۆستایەوە دەکەن و ئەم دوو مامۆستایە پەیوەندی بە مامۆستایانی کەی ناو خوێندنگاوە دەکەن.
لە هەفتەیەکدا یەك ڕۆژ خوێندکاران زوتر تەواو دەبن و مامۆستایان کۆبونەوەیان هەیە مۆ ماوەی ٣ کاتژمێر کە باسی خوێندکاران دەکەن. بۆنمونە چ خوێنکارێك دەرنەچوە، بۆچی دەرنەچوە، چ خوێنکارێك باشەو زۆر زیرەکە، چ خوێندکارێك کیشەی فیربون و گەشە کردنی هەیە، چ خوێنکارێك قسەی ناشرین یان کاری ناشرین دەکات، چۆن چۆنی و بە چ ڕێگایەك یارمەتی خوێندکار بدەن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە شەفافیەکی تەواو و ڕون هەیە لە ناو خوێندنگادا هیچ مامۆستایەك ناتوانێ مافی خوێندکار بخوات یان خەدری لێبکات. مامۆستا دەبێت بەباشترین شێوە هەڵسوکەوت بکات لە گاڵ خوێندکاراندا، بەهیچ شێوەیەك نابێت ئیهانەی خوێندکار بکات و هەستی بریندارکات یان قسەی ناشرینی پێبڵێت.

شێوازی وانەوتنەوە
بەپێی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبردنی خوێندنگاکان مامۆستا دەبێت لە کاتی وانە وتنەوەدا شێوازی تیۆری و عەمەلی بەکار بهێنێت تا خوێندکار باشتر تێبگات. شێوازی وانەوتنەوەی کلاسیکی زۆرکەمە کە مامۆستا هەموو کاتەکە قسەبکات و وانەکەیان بۆ رونکاتەوە چونکە بەپێی لێکۆلەرەوە تازەکان خوێندکار تەنها ٢٠ خولاك توانای گوێگرتنی هەیە. مامۆستا بەزۆری ئەوشێوازە هەڵدەبژێرێت کە خوێندکار خۆی کاردەکات، واتە خوێندکار لە ناو پۆلدا بابەتەکە دەخوێنێتەوە ئەگەر لە هەرشتێك تێنەگەیشت ئەوا پرسیار لە مامۆستا دەکات. بۆ کار ئاسانی مامۆستا چەند پرسیارێك ئاراستەی خوێندکارەکان دەکات تا بتوانن وەڵامی بدەنەوە.
شێوازێکی کە کەزۆر باشە شێوازی کارکردنی هەرەوەزییە واتە مامۆستا خوێنکارەکان دابەش دەکات بەسەر چەند گروپێکدا. هەر گروپەی لە ٢ تا ٤ خوێنکار پێکهاتووە. هەندێك جار مامۆستا چەند بابەتێك دیاری دەکات تا خوێندکارەکان لە بارەیەوە زانیاری پەیداکەن و لە سەری بنوسن، هاندێك جاریش خوێندکارەکان خۆیان بابەتێك دیاری دەکەن و لە سەری دەنوسن پاشان لە شێوەی ڕاپۆرت دەیدەن بە مامۆستا یان لە ناو پۆل بۆ خوێندکارەکانی کەی باسدەکەن. مامۆستا کاتەکەیان بۆ دیاری دەکات کە بۆ ماوەی چەند هەفتە بەم شێوەیە کاربکەن. هەموو شێوازێك باشی و خراپی هەیە باشی ئەم شێوازە لە وەدایە کە خوێنکار بابەتێك هەڵدەبژێرێت کە خۆی حەزو ئارەزوی لێیە. پاشان خوێندکار فێری ئەوە دەبێت کە بتوانیت لەگەڵ کەسانی کە کاربکات، گفتوگۆ بکات، ڕێز لە بیرو ڕای جیاواز بگرێت و فێری ئەوە دەبێت کە شەرم نەکات و لە بەردەم پۆلەکەی یان کەسانی کە قسەبکات. خراپی ئەم شێوازە ئەوەیە کە هەموو خوێندکاران وەك یەك کار ناکەن. گروپێك کە لە ٤ خوێندکار پێکهاتوە تەنها دووانیان هەموو کارەکە دەکەن بۆیە ئەرکی مامۆستا ئەوەیە کە بەسەر هەموو خوێندکارەکاندا بگەڕێت تا بزانێت کێ باش کاردەکات و کێ باش کار ناکات. لەم شێوازی کارکردنەدا خوێنکار ئازادیەکی زۆری هەیە کە دەتوانێت لە ناو پۆل یان لە کتێبخانەی خوێندنگا دانیشێت و کاربکات. بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەرکێکی زۆر کەوتۆتە سەرشانی خوێندکار کە دەبێت خۆی بەدوای زانستدا بگەرێت و بەباشی کاتەکانی بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی سەرکەوتو بێت.

سه‌رپه‌رشتی و به‌ڕێوه‌بردنی خوێندنگا‌کان
له ووڵاتی‌ سوید سێ بەڕێوەبەرایەتی هەیە بۆ سەرپەرشتی به‌ڕێوەبردنی کاروباری خوێندنگاکان‌ تا بتوانن ئاستی خوێندن و پەروەردە لە ئاستێکی بەرزدا ڕاگرن بەبێ جیاوازی ناوچەیی.
ئەم بەڕێوەبەرایەتیانەش بریتین له‌:

به‌ڕێوه‌بردنی خوێندنگاکان (بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە)
ئەم بەڕیوەبەرایەتیە لە چەند شارێکدا هەیە و سەرپەرشتی پەروەردەو خوێندن دەکات لە سەرتاسەری سویددا. ئه‌م بەڕێوبەرایه‌تیه‌‌‌ پسپۆڕی تایبەتی هەیە لە هەموو بوارەکاندا تا بتوانێت ڕێنمای و ئامۆژگاری بدات لە بواری به‌رنامه‌ی خوێندن، پلانی فێربون، وانەوتنەوە، نمرەدانان و کردنه‌وه‌ی کۆرسی تایبه‌تی بۆ مامۆستایان و به‌ڕێوه‌به‌رانی خوێندنگاکان‌. هەموو بەڕێوەبەرێك یان مامۆستایەك دەتوانێت ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکات بەم بەڕێوەبەرایەتیەوەو زانیاری و ئامۆژگاری لێوەرگرێت. هەموو دایك و باوکان دەتوانن ڕاستەوخۆ سکاڵا تۆمارکەن لای ئەم بەڕێوەبەرریەتیە ئەگەر هەستیان کرد منداڵەکەیان مافی پێشێل کراوە.

په‌ره‌پێدانی خوێندنگاکان
ئەرکی ئه‌م بەرێوەبەرایەتیە لێکدانەوەی پڕۆژه‌ی جۆراوجۆرە بۆ په‌ره‌پێدان و گەشەپێدانی خوێندن و پەروەردە و پەیوەندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی کەی ئەوروپی و ده‌ره‌وه‌ تا بتوانێت سود لە ئەزمون و لێکۆلینەوەی ووڵاتانی کە وەرگرن.

پشکنینی خوێندنگاکان
ئەرکی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە چاوه‌دێری خوێندنگاکانە له‌ ئاستی وانەوتنەوە و چۆنیه‌تی جێبەجێ کردنی یاساکانی خوێندنگا و پلانی خوێندن‌. کارمەندانی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە بەردەوام سەردانی خوێندنگاکان دەکەن بەمەبەستی پشکنین. له‌کاتی پشکنیندا له‌ ئاستی خوێندن، شێوه‌ی کارگێڕی، چۆنیه‌تی وانەوتنەوە، نمرە دانان و چۆنیه‌تی خه‌رجکردنی بودجه‌ ده‌کۆڵێته‌وه‌. هەموو کەمو کوڕیەکانی خوێندنگا دیاری دەکات و خوێندنگا و شارەوانی ئاگادار دەکاتەوە کە بە زوترین کات چارەسەری کەمو کوڕیەکان بکەن. لەکاتی پشکنین و سەردان بۆ خوێندنگاکاندا چاو پێکەوتن لە گەڵ بەریوەبەری خوێندنگا و ژمارەیەکی زۆرلە مامۆستاو خوێنکار دەکەن تا زانیاری تەواویان دەستکەوێت لە بارەی خوێندنگاکەوە.



تاقیکردنەوە
مامۆستا بە چەند شێوەیەك دەتوانێ خوێندکار تاقیبکاتەوەو بزانێ چەند فێربوە. رۆژانە مامۆستا سەیری خویندکار دەکات و ئاگای لێ یە کە چۆن کار دەکات، چۆن بەشداری دەکات لە کاتی گفتوگۆ لە ناو پۆل. پاشان خویندکار تاقی کردنەوە دەکات لە دوای هەر بەشێك یان کەپیتەلێك. ئەو بابەتەی یان بەشەی کە خۆێندکار تیایدا دەرچو ئیتر جارێکی کە تاقیکردنەوەی تیادا ناداتەوە.

تاقیکردنەوەش چەندجۆریکی هەیە بۆنمونە تاقیکردنەوەی ناو پۆل، تاقیکردنەوەی مالەوە، تاقیکردنەوە شەفەیی ئەو بابەتەی کە خێندکار خۆی بۆ ئامادە کردوە لە ناو پۆلدا بۆ هەموو خوێندکارانی کەی ناو پۆلی باس دەکات.

تاقیکردنەوەی نیشتیمانی
لە سوید لە چوار قۆناخدا تاقیکردنەوەی نیشتیمانی هەیە
لە پۆلی سێهەم
لە پۆلی شەشەم
لە پۆلی نۆهەم
لە پۆلی دوازدەهەم

تاقیکردنەوەی نیشتیمانی لەم وانانەدا هەیە:

لە پۆلی سێهەم لەم وانانەدا:
زمانی سویدی
بیرکاری.

لە پۆلی شەشەم لەم وانانەدا:
زمانی سویدی
زمانی ئینگلیزی
بیرکاری
* زانستە سروشتییەکان (کیمیا، فیزیا، زیندەوەرزانی)
* زانستە کۆمەڵایەتییەکان (مێژوو، جوگرافیا، پەروەردەی کۆمەڵایەتی، زانستی ئایین)

لە پۆلی نۆهەم لەم وانانەدا:
زمانی سویدی
زمانی ئینگلیزی
بیرکاری
* زانستە سروشتییەکان (کیمیا، فیزیا، زیندەوەرزانی)
* زانستە کۆمەڵایەتییەکان (مێژوو، جوگرافیا، پەروەردەی کۆمەڵایەتی، زانستی ئایین)

* لە سالی٢٠١٠ وانەی زانستە سروشتییەکانی بۆ زیادکارا. بەپیی بەرنامەیەك کە هەرسالەی وانەیەکی زانستە سروشتییەکان تاقیکردنەوەی نیشتیمانی بۆ بکرێ(هەمو خوێندکارانی خوێندنگایەك لە یەك وانەدا تاقیکردنەوە دەکەن، بەڕێوەبەری پەروەردە وانەکە دیاریدەکات) لە سالی٢٠١٣ وانەی زانستە کۆمەلایەتییەکانیشی بۆ زیاد دەکرێت بە پیی هەمان بەرنامەی زانستە سروشتییەکان.

تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی ئەکەویتە مانگی دوو و سێ و چوا ر و پینج، هەر وانەی دەکەویتە مانگیکەوە. هەر تاقیکردنەوەیەکیش دەکریت بە چەند بەشێکەوەو هەر بەشێکیش دەکەویتە هەفتەیەکەوە. لە پۆلی سێ دا خوێندنگا خۆی بڕیار دەدات لە چ ڕۆژێکدا تاقیکردنەوەی نیشتیمانی ئەنجام بدرێت لە نێوان مانگی سێ تا مانگی پێنج. بەڵام لە پۆلی شەش و لە پۆلی نۆ لە سەرانسەری ولاتدا هەموو خێندکارەکان لە یەك کاتدا تاقیکردنەوەی نیشتیمانی دەکەن بێجگە لە بەشی شەفەیی.
لەکاتی تاقیکردنەوەی نیشتیمانیدا خوێندکار لە ناو خوێندنگاکەی خۆی و لەناو پۆلەکەی خۆی تاقیکردنەوە دەکات و مامۆستاکەی خۆشی سەیری دەفتەری تاقیکردنەوەکە دەکات و نمرەی بۆ دادەنێت. دەفتەری ئەم تاقیکردنەوە بۆماوەی ١٠ سال لە ئەرشیفدا هەلدەگیرێت و دەپاریزرێت بۆئەوەی شێوازی خەدرو نایەکسانی و نمرەبەخشینەوە رونەدات.

لە پۆلی دوازدەهەم لەم وانانەدا:
زمانی سویدی
زمانی ئینگلیزی
بیرکاری

لەم قۆناخەدا دوای تەواوبونی هەر کۆڕسێك تاقی کردنەوەی نیشتیمانی دەکرێت.


بۆنمونە تاقیکردنەوەکانی زمانەکان بەم شیوە یە:
بەشی یەکەم: تێگەیشتن لە تێکستێك و وەڵام دانەوەی پرسیار (واتە تێکستێکی داوەو چەند پرسیارێك کراوە لە سەری و وەلامی دە دەیتەوە).
بەشی دوەم: بەشی گوێگرتن (خوێندکار گوێ دەگرێت لە سیدی یەك و وەلامی چەند پرسیارێك دە داتەوە)
بەشی سێهەم: نوسینی دارشتن (پێنج بابەتی داوە کە خوێندکار یەکێکیان هەل دە بژێرێت و لە سەری دەنوسێ)
بەشی چوارەم: بەشی شەفەی یە (ئەم بەشە کاتی بۆ دیاری نەکراوە و مامۆستا لەگەڵ خوێنکارەکاندا رێکدەکەوێت و کاتێك دیاری دەکەن. مامۆستا لەگەل دوو یان سێ خوێندکار لە شوێنێك دادەنیشێت و چەند بابەتێك دەخاتە بەردەم خوێندکارەکان تا خوێندکارەکان قسەی لەسەر بکەن بۆ ماوەی چەند دەقەیەك.


تاقیکردنەوەی بیرکاری بەم شیوەیە:
بەشی یەکەم: بەشێکی ئاسانە کە خوێندکار لەم بەشەدا بۆی نیە ئامێری ژمێریاری بە کار بهێنێت.
بەشی دوەم: بەشێکی قورسترو ئالۆزترە کە خوێندکار دەتوانێت ئامێری ژمێریاری بەکاربهێنێت.
بەشی سێ یەم: بەشی شەفەیی (ئەم بەشە کاتی بۆ دیاری نەکراوە واتە مامۆستا لەگەل خوێندکارەکاندا رێکدە کەوێت و کاتێك دیاری دەکەن. مامۆستا چەند پرسیارێکی بیرکاری دە خاتە بەردەم خوێندکارەکان تا خوێندکار بۆ مامۆستاکەی باسکات چۆنچۆنی ئەم پرسیارە حەل دەکرێت و لە پێشدا چی دەکەیت).

تاقیکردنەوەی نیشتیمانی وەك تاقیکردنەوەیەکی ئاسایی حساب دەکرێت. تاقیکردنەوەی نیشتیمانی بۆئەوەیە تا ئاستی خویندنی خوێندکاران لەیەك ئاستا ڕاگرێت لە سەر تاسەری ولاتدا بەبێ جیاوازی. هەروەها یارمەتیەکیشە بۆ مامۆستا تا بزانیت ئاستی وانە وتنەوەی چۆنە. ئایە ئاستی وانە وتنەوەی بەرزە یان نزمە.

ئەگەر خوێندکار ڕۆژی تاقیکردنەوە نەخۆشبو یان لەوێ نەبو لەبەر هەر هۆیەك ئەوا خوێندنگا رۆژیك دیاری دەکات بۆ هەموو ئەو خوێنکارانە ی کە بێبەش بون لە تاقیکردنەوەی نیشتیمانی.
لەکاتی دانانی نمرەی کۆتایی دەبیت مامۆستا سەیری هەموو ئەو چەند سالە بکات کە خوێندکار خوێندویەتی لای. بۆنمونە بۆ دانانی نمرەی کۆتای لە پۆلی نۆیەم دەبێت مامۆستا سەیری نمرەکانی تاقیکردنەوەکانی پۆلی حەوت و هەشت و نۆو تاقیکردنەوەی نیشتیمانی بکات ئەوسا نمرەی کۆتایی دابنێت. واتە دەرچون یان دەرنەچون لە تاقیکردنەوەی نیشتیمانیدا کاریگەریەکی ئەوتۆی نییە.



نمرەدانان
لە پایزی سالی ٢٠١٢ شێوازی نمرەدانان بەم شێوەیە بۆ هەموو خوێندکاران لە پۆلی شەش تا پۆلی دوازدە. خوێندکارانی پۆلی یەك، دوو، سێ، چوار و پێنج نمرە وەرناگرن.
ئەی ٢٠ نمرە (بیست)A
بی ١٧.٥ نمرە (حەڤدەونیو) B
سی ١٥ نمرە (پازدە)C
دی ١٢.٥ نمرە (دوازدەونیو) D
ئی ١٠ نمرە (دە)E
ئیف دەرنەچوەF

لەسوید هەمو مامۆستایەك کتێبێکی پلانی فێربونی وەرگرتوە و باسی ئەو مەرجانە دەکات کە ئەبێ خوێندکار بزانێت بۆ هەر نمرەیەك. بۆت رون دەکاتەوە کە ئەگەر خوێندکار هەموو ئەو مەرجانەی زانی کە دیاریکراوە بۆ ئی ئە وا خوێندکار ئی وەردەگرێت. بەڵام ئەگەر خوێندکار هەموو ئەو مەرجانەی زانی کە دیاری کراوە بۆ ئی و پاشان زیاتر لە نیوەی ئەو مەرجانەی زانی کە دیاری کراوە بۆ سی ئەوا خوێندکار نمرەی دی وەردەگرێت.

مەرجەکانی وەرگرتنی خوێندکار بۆ ئامادەیی
بۆ ئەوەی خوێندکار لە قۆناخی ئامادەیی لە پڕۆگرامە پیشەییەکان وەربگیرێت دەبێت لە زمانی سویدی، زمانی ئینگلیزی، بیرکای و پێنج وانەی کەشدا دەرچوبێت.
بۆ ئەوەی خوێندکار لە قۆناخی ئامادەیی لە پڕۆگرامەکانی ئامادەکردن بۆ خوێندنی باڵا وەربگیرێت دەبێت لە زمانی سویدی، زمانی ئینگلیزی، بیرکاری و نۆ وانەی کەشدا دەرچوبێت.
تەنها دەرچون بەس نیە بۆ ئەوەی خوێندکار لە پڕۆگرامێکی ئامادەیی وەربگیرێت چونکە شێوازی وەرگرتن بە پێی نمرەیە، هەتا نمرەت بەرزتربێت ئەوا شانسی وەرگرتنت زیاترە، هەتا نمرەت کەمتربێت ئەوا شانسی وەرگرتنت کەمترە. بەڵام هەندێ جار خوێندکار نمرەشی کەمەو لە پڕۆگرامەکەش وەردەگیرێت چونکە جێگای بەتاڵ هەیە.


پڕۆگرمه‌کانی خوێندنگای ئاماده‌یی
لە وڵاتی سوید پڕۆگرامه‌کانی خوێندنگای ئاماده‌یی دابه‌شکراون به‌سه ر‌ ١٨ پڕۆگرامدا. پڕۆگرامه‌کانیش دەکرێن بە‌ دوو به‌شەوە، به‌شی یه‌که‌م پڕۆگرامه‌کانی ئاماده‌کردنن بۆ خوێندنی باڵا که‌ بریتین له‌ ٦ پڕۆگرام، به‌شی دووه م پڕۆگرامه‌کانی ئاماده‌کردن بۆ كارکردن که‌ پێیان ده‌گوترێ پڕۆگرامی پیشه‌یی، پڕۆگرامەکانی پیشه‌یی بریتین له‌ ١٢ پڕۆگرام. هه‌ر پڕۆگرامێکیش له‌ناوخۆی ده‌بێته‌ چه‌ند بەشێك‌ که‌ بەرەو پیشه‌یه‌کی دیاریکراو خوێندکار ئاماده‌ ‌ده‌کات.
پڕۆگرامه‌کانی‌ ئاما‌ده‌کردن بۆ خوێندنی باڵا‌ وانەکانیان زیاتر تیۆرین که‌ خوێندکار ئاماده‌ ده‌کات بۆ زانکۆ. ئه‌و پڕۆگرامانه‌ش ئەمانەن‌:

پڕۆگرامی ئابوری
پڕۆگرامی هونه‌ره‌جوانه‌کان
پڕۆگرامی وێژه‌یی
پڕۆگرامی زانستە سروشتیەکان
پڕۆگرامی زانستە کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان
پڕۆگرامی ته‌کنیك

هه‌روه‌ها ١٢ پڕۆگرامه‌ پیشه‌یه‌کانیش‌ که‌ خویندکار ئاماده‌داکات بۆ کار به‌شی هه‌ره‌ زۆری وانەکانیان پراکتیکین. بۆ ئەوەی خوێندکارەکانی ئەم پڕۆگرامانە شوێنی پراکتیکیان دەستکەوێت پەیوەندیەکی پتەو هەیە لانیوان خوێندنگاو شوێنی کاردا. هەموو خوێندکارێك ١٥ هەفتە پڕاکتیك دەکات لە قۆناخی دووهەم و سێ یەمی ئامادەیی. بۆ ئەوەی خوێندکار زیاتر شارەزایی پەیداکات لە بواری کارەکەیدا. ئه‌و پڕۆگرامانەش ئەمانەن‌:

پڕۆگرامی منداڵ و کاتی ئازاد
پڕۆگرامی دامه‌زراوه‌و بنیاتنان
پڕۆگرامی کاره‌باو وزه‌
بڕۆگرامی ئوتومبێل و گواستنه‌وه‌
پڕۆگرامی بازرگانی و کارگێڕی
پڕۆگرامی پیشه‌ده‌ستکرده‌کان
پڕۆگرامی هۆتێل و گەشتو گوزار
پڕۆگرامی تکنیکی پیشه‌سازی
پڕۆگرامی کشتوکاڵ و سروشت
پڕۆگرامی چێشتخانەو خۆراك
پڕۆگرامی سیسته‌می گه‌رمکردنی ئاوهه‌وا
پڕۆگرامی ئاگالێبون و به‌خێوکردن
بەشێك هەیە بەناوی بەشی تەواوکاری

ئەو خوێندکارانەی کە لە پۆلی نۆ لە وانەی زمانی سویدی، بیرکاری یان ئینگلیزیدا دەرنەچون ئەوا لە هیچ پڕۆگرامێك وەرناگیرێن. بۆیە دەبێت خوێندکار بچێت لەم بەشە تەنها ئەو وانەیە یان ئەو وانانە بخوێنێت تا دەردەچێت پاشان دەتوانێت لە پڕۆگرامەکە وەربگیرێت.هەندێك خوێندکار تەنها وەرزێکیان پێویستە و هەندێ خوێندکار چەند وەرزێکیان پێویستە تا لەو وانەدا یان وانانەدا دەربچێت. ئەوەش پەیوەندی هەیە بە ئاستی فێربونی خوێندکارەکەوە ئەگەر خوێندکار ئاستی فێربونی بەرزبێت و خۆشی هەوڵبدات ئەوا زوتر دەردەچێت.
بەڵام هەندێك جار ڕێدەکەوێت کە خوێندکار لە پۆلی نۆ لە زمانی سویدی، بیرکاری یان ئینگلیزیشدا دەرنەچوە بەڵام لە پڕۆگرامەکە وەردەگیرێت لە بەر ئەوەی جێگا هەیە. بەڵام لەگەڵ خوێندنی پڕۆگرامەکەدا دەبێت خوێندکار بچێت بۆ ئەم بەشە و ئەو وانەیە بخوێنێت تا دەردەچێت.

ئەو وانانەی کە وانەی سەرەکین لە سەرجەم ١٨ پڕۆگرامەکەدا بریتین لە:
زمانی سویدی
زمانی ئینگلیزی
بیرکاری
میژوو
پەروەردەی کۆمەڵایەتی
وەرزش و تەندروستی
زانستی ئایین
زانستی سروشت

پاشان هەر پڕۆگرامە و چەند وانەیەکی تایبەتی تریشی هەیە کە تایبەتە بە پڕۆگرامەکەوە. لە هەمو پڕۆگرامەکاندا دەبێت خوێندکار ٢٥٠٠ پۆین بخوێنێت و دەبێت لە ٢٢٥٠ پۆیندا دەربچێت.
دوای تەواوکردنی ئامادەیی دوو جۆر بڕوانامە هەیە کە خوێندکار وەری دەگرێت یەکێکیان بڕوانامەی پیشەییە کە خوێندکار ئەتوانێ دەست بە کارکردن بکات. ئەوی کەشیان بڕوانامەی ئامادەکردن بۆ خوێندن لە زانکۆ کە خوێندکار دەبێت لە زانکۆ بخوێنێت تا بتوانیت لە داهاتودا کاربکات.

پڕۆگرامه‌کان و بەشەکانی:
پڕۆگرامی ئابوری (بەشی ئابوری و بەشی یاساناس)
پڕۆگرامی هونه‌ره‌جوانه‌کان (بەشی وێنەکێشان، بەشی سەما، بەشی موزیك، بەشی شانۆ، بەشی هونەرو میدیا وەکو فۆتۆگراف و دەرهێنەر)
پڕۆگرامی وێژه‌یی (بەشی کلتور، بەشی زمان)
پڕۆگرامی زانستە سروشتیەکان (بەشی زانستە سروشتیەکان، بەشی زانستی سروشت و کۆمەڵگا)
پڕۆگرامی زانستە کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان (بەشی زانستە کۆمەڵایەتیەکان، بەشی کۆمەڵناسی (گەشەکردنی کۆمەلایەتی)، بەشی میدیا و زانیاری و پەیوەندیکردن وەکو رۆژنامەنوس و کاری ڕیکلام)
پڕۆگرامی ته‌کنیك (بەشی دیساین وگەشەکردنی بەرهەم، بەشی زانیاری و تەکنیکی میدیا، بەشی تەکنیکی بەرهەمهێنان، بەشی بنیاتنانی کۆمەڵگاو ژینگە، بەشی زانستی تەکنیك وەکو ئەندازیار)



پڕۆگرامه‌کان و بەشەکانی
پڕۆگرامی منداڵ و کاتی ئازاد (بەشی کاتی ئازادو تەندروستی، بەشی کاری پەروەردەیی، بەشی کاری شۆسیال بۆ کارکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە کەمئەندامن)
پڕۆگرامی دامه‌زراوه‌و بنیاتنان (بەشی لێخوڕینی سەیارەی بیناسازی، بەشی بیناسازی، بەشی تەنەکەچێتی و ئاسنگەری، بەشی ڕێگاو بان و تونێل، بەشی بۆیاخکردن)
پڕۆگرامی کاره‌باو وزه (بەشی کۆمپیوتەرو تەکنیکی پەیوەندیکردن، بەشی ڕۆبۆت، بەشی کارەبایی، بەشی دروستکردنی وزەی کارەبا)‌
پڕۆگرامی ئوتومبێل و گواستنه‌وه (بەشی شت داگرتن و شت بارکردن، بەشی بۆیاخچی سەیارە، بەشی فیتەری سەیارە، بەشی شۆفێری سەیارەی بارهەڵگروپاس)‌
پڕۆگرامی بازرگانی و کارگێڕی (بەشی فرۆشیاری، بەشی خزمەتگوزاری بازرگانی)
پڕۆگرامی پیشه‌ده‌ستکرده‌کان (بەشی کاری رازاندەوەی گوڵ، بەشی سەرتاشی، بەشی درومانی، بەشی پیشە دەستییەکانی کە وەکو زەرەنگەری و شوشە دروستکردن)
پڕۆگرامی هۆتێل و گەشتو گوزار (بەشی هۆتێل و کۆنفرانس، بەشی گەشتوگوزاری)
پڕۆگرامی تکنیکی پیشه‌سازی (بەشی میکانیکی ئامێری پیسەسازی، بەشی موختەبەری پیشەسازی، بەشی لە‌حیمچێتی)
پڕۆگرامی کشتوکاڵ و سروشت (بەشی کشتوکاڵ، بەشی خابات، بەشی ڕواندنی میوە و سەوزە و گوڵ، بەشی ئاژەڵداری)
پڕۆگرامی چێشتخانەو خۆراك (بەشی باگەری وەکو نان دروستکردن و کیك دورستکردن، بەشی کارکردن لە چیشتخانە، بەشی کارکردن لە دوکانی خواردن فرۆشتن)
پڕۆگرامی سیسته‌می گه‌رمکردنی ئاوهه‌وا (بەشی چاکردنەوەی سەلاجەو مجەمیدە، بەشی چاکردنەوەی ئامیرەکانی هەوای گەرمی و ساردی، بەشی دانانی ئاو و گەرمی و زێراب)
پڕۆگرامی ئاگالێبون و به‌خێوکردن (ئەم پڕۆگرامە بەشی نییە بەڵام دەرچوانی دەتوانن کاربکەن لەگەل ئەوکەسانەی کە نەخۆشی دەرونیان هەیە یان خزمه‌تی پیرو په‌ککه‌وته‌و نه‌خۆشەکان بکەن).




سەرچاوەکان:
www.skolverket.se
.یاسای خوێندنگا Skollagen *
پلانی فێربون بۆ خوێندنگای بنەڕتی، باخچەی ساوایان، پۆلی پێش خوێندنگا و باخچەی یاریکاتی ئازاد.
Lroplan fr grundskolan, frskoleklassen och fritidshemmet 2011 *
Lroplan, examensml och gymnasiegemensamma mnen fr gymnasieskola *
پلانی خوێندن بۆ قۆناخی ئامادەیی لە پۆلی ١٠-١٢ . 2011
Socialstyrelsens riktlinjer fr skolhlsovrden frn 2004 *
Programvljaren fr lsret 2012/2013 *



بۆ بینینی وێنه‌ی هۆڵ و چالاکیی قوتابخانه‌یه‌کی سویدی کلیکی ئه‌و لینکه‌ بکه‌:
https://www.kurdistanpost.nu/biz/nuseran/Hawar_Husen/skolan.pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە