گۆڕان شایەتی بۆ پارتی و یەکێتی دا، کە نەوتیان نەدزیوە

Wednesday, 16/07/2014, 12:00

3954 بینراوە


بزوتنەوەی گۆڕان توانی ناڕەزایی خەڵک بۆ خۆی کۆ بکاتەوە، کە بە درێژایی ئەو ساڵانە لە خراپە و خیانەتی پارتەکان کەڵەکە بوو بوو، بیکات بە مادەی هێرش و رەخنە لە یەکێتی و پارتی. بەم ناڕەزاییە توانی جەماوەرێکی زۆر بۆ لای خۆی رابکێشێت. لەسەردەمی ١٧ی شوباتدا هیچ نەمایەوە بەو دوو پارتەی نەڵێت، گشت دزیەکانیانی خستە روو. لە حەوت خاڵەکەی ١٧ شوباتا داوای دەکرد، دەبێت حکومەت هەڵبوەشێتەوە و بڕوخێت. بزوتنەوەی گۆڕان بەم رەخنانە جێگای خۆی کردەوە، قسەی بۆ هیچ کەس نەهێشتەوە، تەنانەت کۆمەڵیک لە نووسەرانی کوردستانپۆست چوونە پاڵ ئەم بزووتنەوەیە و بەناوی تەواوی خۆیانەوە پشت ئەستورانە کەوتنە نووسین دژی پارتی و یەکێتیی، هەر بۆیە دەسەڵات وای دەزانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پشت ئەم سایتەوەیە، نەوشیروان مستەفاش ئەمەی بەسەرکەوتن بۆ خۆی و بزووتنەوەکەی لە قەڵەم دەدا، چونکە هەوڵێکی ئەم بزووتنەوەیە ئەوەبوو  میدیای ئازاد تووشی شەلەل و ئۆپزیسیۆنی راستەقینەش تووشی  سستی بکات، دواجار نەیهێڵێت. وا ئەمڕۆ راستی ئەم بزووتنەوەیە دەرکەوت.
لە بیرتانە کاتێک باسی نەوتەکەی دەکرد، کەی.ئین.ئێن دەیگوت: ئەی کوا پارەی نەوتەکە؟ کەچی ئێستاکانە دەرکەوت بۆ چ مەبەستێک بزووتنەوەی گۆڕان ئەم کارەی دەکرد. لە کۆبونەوەکەدا لەگەڵ نێچیروان، ئاشتی هەورامی، قوباد و ژمارەیەک پەڕلەمانی هەر سێ لایەنەکە (گۆڕان و پارتی و یەکێتی)، ئاشتی هەورامی دەستی بەرز کردەوە و کتێبێکی پیشانی جەماوەر دا، گوایە هەموو حسابی نەوت لە ناو ئەو کتێبەدایە. وای لە خەڵکی گەیاند، کە ئەوە راستیەکانە، ئەو راستیانەش ئاشتی هەورامی و ئەو کەسانە ئامادەیان کردوە، بە قەولی بزوتنەوەی گۆڕان دزەکانن کە پارەی نەوتیان حەپەلوش کردووە..
ئەندامێکی گۆڕان کە دیار بوو لەسەر هەوای کۆن دەڕۆیشت و لەو بڕوایەدام نەسیحەت کرابێت، کە جارێکی تر شتی وا نەڵێت پرسیاری وا کرد، تا دزەکان، بەتایبەتی ئاشتی هەورامی لە قافدا بگرێت، بیسەلمێنێت بەو کتێبە مەسەلەکە کۆتایی نایەت. نێچیروان و هەورامی توڕە بوون و وتیان کە قسەی وا قبوڵ ناکەین. ئاشتی هەورامی وتی: ئێمە بە دڵێکی پاکەوە هاتووین بۆ ئەوەی شتی کۆن نەمێنێت. ئەبێت ئەوە بڵێین، کە دزەکانی نەوت بە قسەی کۆنی نەوشیروان مستەفا، گۆڕانیان بۆ ئەو مەبەستە هێنابوو بۆ ئەوەی حسابەکە بخەنەوە سەر سفر. هەورامی وتی: ئیتر هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ ئەمە حسابی نەوتەکەیە، ئەوەتا لەم کتێبەدا هەمووی نووسراوە، ئیتر کەس باسی شتی تر نەکات کێش شایەتە کلکم، (واتە گۆران).



من لە ئەندامەکانی گۆڕان و شەقام ئەپرسم: ئەرێ ئەو هەموو قسەیەی کە گۆڕان وتی ئایا درۆ بوون؟ ئەی ئەگەر راست بوون! چۆن ئێستا بە قەڵەمێک گشتی تەواو بوو؟ تۆ بڵێی گۆڕان لە خۆڕایی و بە بەلاش ئەم شایەتییە بۆ نیچیرەڤان و ئاشتی هەورامی بدات؟
دوا بە دوای ئەمە ئێستا بیسترا، کە وەفدێک لە گۆڕان و یەکێتی و پارتی چون بۆ ئەنقرە بۆ ئیمزاکردنی گرێبەستی نەوت، کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
بە پێی هەواڵی سایتی سبەی، ئیتر پارەکە 3 کەس ئاگای لێی دەبێت! یەکێک لە گۆڕان، رێباز محه‌مه‌د حه‌ملان، کە وەزیری داراییە. دووەم یەکێک لە پارتی، کە ئاشتی هەورامییە. سێیەم یەکێک لە یەکێتی کە قوباد تاڵەبانییە. گۆڕان دەیەوێت بە خەڵکی کوردستان و گۆڕانخوازان بڵێت: ئەوەی کە رۆی رۆی لەمەوداوش ئیتر دزیی ناکرێت. هەروەها وا مستەفا سەید قادری گۆڕانیش لەگەڵ دوو پارتەکەی تر دەچن بۆ ئەنقرە هەموو کەسیش دەزانێت کە ئەمانە تەنها بۆ خزمەت کردن بە گیرفانی خۆیان دەچن ناتوانن لای تورکان قسەیەک بۆ کورد بکەن.
گۆڕان کە جاران دنیای پڕ کردبوو لە هاوار، ئەرێ بۆ ناپرسن ئێستا بۆچی خۆی مت کردووە؟ پار و پێرار بە دروشم و قسەی بریقەدار مێشکی خەڵکی بردبوو، گوایە ئەمان هەوڵ دەدەن بۆ نیشتیمانیکردنی گفتوگۆ و دامودەزگاکان، کەچی ئێستا سەرۆکی هەرێمەکەیان کاک مسعود هەر رۆژە قسەیەک بە ئارەزوی خۆی دەکات و ئەمان بێدەنگ و مت تر ئەبن و لە ئاستی مەسعوددا کڕ دەکەون. ئاخر خۆ دیارە ئەم هەموو پارەی نەوتە بکەوێتە بەردەستی هەر کەسێک هەر فریای ژماردنیان دەکەوێت، من لەو بروایەدام دەروێشەکانی کاک نەوشیروان ئەوەیان بۆ دەمێنێتەوە، کە بڵێن رابەرەکەمان خاکییە، داوینپیس نییە، ئەها لەسەر ئەرز دادەنیشیت. منیش دەڵێم: کۆیلە ساویلکەکان پیرۆزتان بێت ئەم نەهامەتییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە