ئێمە خەڵکی باشورین، پشتیوانی باکورین!

Tuesday, 23/08/2011, 12:00

1609 بینراوە


دوای تاوانی بۆردمانی تورکان مەسعود بارزانی، شەرمنانە و بەڕووی نازەوە بەتورکان دەڵێ: تکایە ئەو بۆردومانە ڕاگرن با کار نەکاتە سەر بازاڕی بازرگانی نێوان هه‌ردوو لامان. ئەمە هەڵوێستی مەسعودی 21ی ئابه‌، لە کاتێکدا که‌ دەتوانرێت، لە ڕووی یاساییەوە ئەم تاوانە بە دنیا بناسێنرێت و داوا بکرێت سنورێک بۆ ئەم به‌دڕەوشتییە نامرۆڤانه‌یه‌ی تورکیا و ئێران دابنرێت.
نێچیر ڕوو لەدەمی پەژاک دەکات و دەڵێ: په‌ژاک وه‌رن مەڕئاسا داگیرکه‌ره‌کان و ئێمه‌ی جاش و ناپاک و خائین چیتان لێداواده‌که‌ین، به‌ قسه‌مان بکه‌ن و چەکەکانتان دابنێن، چونکه‌ سەردەمی چەک بەسەر چووە!
تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح به‌چاک و به‌ خراپ قسەیەک لەسەر ئەو دەستدرێژییە ناکەن.
تورکیا و ئێران دێنه‌ ناو سنوری باشووره‌وه‌، ئه‌و هه‌موو ده‌ستدرێژییه‌ ده‌که‌نه‌ سه‌رمان، وه‌ک به‌ڵگه‌ به‌ سەدان کرتە فلیم و وێنە بڵاوده‌کرێته‌وه‌ و ده‌بنه‌ شاهیدی هێرشه‌کان، کەچی جەبار یاوەر مەگەر هەر من بزانم چ کەسایەتییەکی پووچه‌، دەڵێ: ئێمە هیچ بەڵگەی هاتنی تورکان و ئێران و سنور بەزاندنی ئەوەمان لا نییە.
ئه‌وه‌ بۆ چه‌نده‌میین جاره‌، که‌ مەحمود سەنگاوی هەڕەشە دەکات لە پەژاک.
مالیکی دەڵێ: فیدراڵێت بۆ عێراق بەگونجاو نازانم و زەرەر لە یەکێتیی خاکی عێراق دەدات.
ئەنجومەنی کەرکوک داوای دەر کردنی پەکەکە و پەژاک دەکات لە شیمالی حه‌بیب. ئەمانه‌ و دەیان لێدوانی تر.
لاشەی شەهیدەکان لە ڕێپێوانێکی جەماوەرییدا لە رانیە بەخاک سپێران، منداڵ و ژن و خێزانێک بوونە قوربانی، مێژوو هەمیشە خۆی دووبارە دەکاتەوە، تا ئێمە وابین سەدان و هەزاران ڕووداوی تری لەوە تراژیدیاتر دەبینین.
چێ بکەین ئەم ئێوارەیە لەسلێمانی دروشمی (ئێمە خەڵکی باشوورین، پشتیوانی باکورین) وترایەوە و ئاڵای تورکان سوتێنرا، کەچی سەرۆکی هەرێم دارو بەردی هەولێری کردووە بەئاڵای تورک و لەبەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی تورکیدا هەولێر بەشارێکی تورکان ناو هێنرا،. شەوەسورەکەی ئەردۆغانیش لەمێشکی هەمووماندا هەر ماوەتەوە. من لای خۆمەوە بڕوام بەم کەمپین و واژۆ کۆکردنەوەیە نییە. به‌ڕێزێک لە نامەیەکدا بۆ کوردستانپۆستی نووسیوە و پیشانی منیان دا، ده‌ڵێت: تورکان دەست درێژی دەکەن، کەچی کوردستانپۆست ساردە! ئەمە ڕاستی تێدایە، بەڵام ڕووداوەکان هێندە زۆر و چڕن، بەخێرایی دەگوزەرێن فریای ڕوماڵ کردنی ناکەوین، که‌ له‌ سه‌ریان بنووسین. تورکان دێن، ئەمە پلانی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو درێژکراوەی پلانێکی جەهەنەمییە کە دەسەڵاتی کوردی لەگەڵ داگیرکەراندا نەخشەیان بۆ داڕشتوە، ئەوەتانێ کوردستان دوای بیست ساڵ هەر لە پاشه‌ کشه‌دایه‌ و ئاواتەکەی بەعس وا جێ بەجێ دەکرێ و کوردستان داگیر ده‌کرێت و بە بەعەرەب دەکرێ. ئەوەتانێ شارەکان ته‌ژی بووە لە عەرەب، ئەوەتانێ میت و ئیتڵاعات تەراتێن دەکەن، ئەوەتانێ هیچ پلانێک و ڕوونییەک بۆ داهاتوو نییە، ئەوەتانێ خەڵکی لە کوردبوونی خۆی فەدی دەکات.
سەرباری هەموو ئەم شتانەش ئۆپۆسیزیۆنێکی نەرم و نیانمان هەیە، کە بۆتە له‌مپەرێک لەبەر دەم خەڵکدا بۆ ساغ کردنەوەی حەق و حسابی لەگەڵ دەسەڵات و ئەو پاشا گەردانییەدا، چی بکەین؟
لای من بەر لەوەی بیر لە دوژمنە وەهمیە بکەینەوە، کە ساڵانە ئاوا تاوان دەکەن و هێرش دەکەنه‌ سه‌رمان بۆ ئەوەی ئێمە بڵێن: لێگەڕێن، ئه‌گه‌ر مەسعود و جەلال نەبێت، ئێمە گورگ دەمان خوات.
چاکترە ئێمه‌ خۆمان رێکبخه‌ین بۆ نەمانی ئەم دەسەڵاتە تڕۆ و ترسنۆکە، کە وەک دوژمن مامەڵەمان لەتەکدا دەکەن.
نەمانی ئەمانە گەڕانەوەی سەروەرییە، نەمانی ئەمانە ئازاد بوونی ناوچە داگیرکراوەکانە، نەمانی ئەمانە دروست بوونی کەسایەتی کوردە، ڕزگار بوونمانە لە کۆیلە بوون، لای خۆمەوە کە لە هەڵوێست وکرداری ئەمانە دەڕوانم قێز دەکەمەوە لە بوونی خۆم لە مرۆڤ بوونی خۆم، ئاخر لەکوێی دنیادا هەبووە سەرکردەیەک هێندە ترسنۆک و ناپاک بێت نەچێت لەجێگەی ڕووداوێک یان چاکتر بڵێم له‌ به‌رامبه‌ر تاوانێکی گه‌وره‌ و کوشتن و نه‌مانی خێزانێک بە ماڵ و منداڵەوە نەوەستێ و بەشداری پرسە و ئازاریان نەکات؟! ها سەرۆکە قەزمەکەتان دانی دایەوە ژان و بەرەو ئیتاڵیا رۆیشت بۆ وەر گرتنی خەڵاتێکی زێڕین.
با دروشمەکانمان بکەینە نەمان بۆ ئەم دەسەڵاتە کە ئازادییه‌کانمانیان لەکە دار کردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە