حیزبی شیوعی كوردستان ئەو حیزبەی، کە ناتوانێت خۆی راست بکاتەوە

Tuesday, 07.09.2013, 12:00

1168 بینراوە


دەڵێن كە جولەكە قەلاش و پەرپووت دەبێ، لە كەونە دەفتەرەكانی دەگەڕێ و چاوی پێیاندا دەخشێنێتەوە و بەسەریان دا دەچێتەوە بەڵكو ئەوە خوایە وشتێكی دەستكەوێتەوە و جارێكی دی بكەوێتەوە سەر پێ.
حیزبی شیوعی كوردستان كە پێش ڕاپەڕین، بەشێك بوو لە حیزبی شیوعی عێراق، لەسەرەتای ساڵی 1972 دا، بەرلە كارەساتی ھەرەسھێنانی سۆڤیەت و بلۆكی ئەوروپای ڕۆژھەڵات ئەمانە بڕیاری سڕینەوە و نەمانی خۆیان لە نێو ژیانی گەلی عێراق و گەلی كورددا راگەیاند.
حیزبی شیوعی كوردستان كە لە بارەگایەكی گەورە و ناوێكی قەبە و دروشمێكی جوان و بریقەدار لە چەكوچ و داسە مێژووییەكەی ماركسییە دێرینەكان پێكدێت، لەبارەی بەرنامە و پێشەنگایەتی و پێشڕەویكردنی ئەو دوو چینە، كرێكار و جوتیارو چەوساوەكانی كوردستان كە خۆی بە پێشڕەویان دادەنێ، ئاسمان و ڕێسمان لە یەكدی دوورن.
حیزبێك بەتایبەتی ئەگەرخۆی بە حیزبێكی ماركسیزم لینینزم لە قەڵەم بدات و لە بەرەی جەماوەر بترازێ و بچێتە بەرەی دەستەڵات، بەڵام چ دەستەڵاتێك؟ دەسەڵاتێکی نقوم بوو لە نغرۆی گەندەڵی، بە تاڵان بردنی بن ئەرز و سەر خاكی كوردستان، دەست لەناو دەستی دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان، ساختەیی و فێڵ و تەڵەكەبازیی لە بەناو ھەڵبژاردنەكاندا، لە دەستدان و وازھێنان لە نیوەی زیاتری خاكی كوردستان بەناوی ناوچە ناكۆكۆكییە لە سەرەكان، كە وادیارە بەگومانن لەوەی بەشێكن لە كوردستان. حیزبێكی شیوعی ھەڵوێستی بەرامبەر بە دەستەڵاتێكی دژ بە دیموكراسییەت، ئازادی، مافەكانی مرۆڤ و دادی كۆمەڵایەتی، پاڵپشتی و ھاوكاریكردن بێت، ھاوبەشیكردن لە وەزارەت و پەرلەمان بە وەزیرێك و ئەندامێك، كە وەكو زەكات و سەرفترە پێیبەخشرایە، مانگانە وەرگرتنی چەند سەد ملیۆنێك دینار لە بودجەی كوردستان كە ئەگەر ھەموو پارەی ئەو حیزبانەی كوردستان مانگانە بدرێت بە خەڵكی ھەژار و بێدەرامەت و بكرێت بە خزمەت گوزاری بۆیان گەڵێك سوود بەخشترە لەوەی بدرێت بەو حیزبانە.
بەرپرسانی حیزبی شیوعی كوردستان، ژیانیان بە چەشنی بەرپرسانی ھەردوو حیزبی دەستەڵات بەسەردەبەن، ھەر لە كۆشك و تەلار، چەندین دۆنم مەزرەعە كە ئێستا مۆدیلە وەكو سەرمایەدارانی ئەوڕوپا و ڕۆژئاوا، دەبی ئەو كەسەی لە ھەڵبژاردندا دەنگی بداتێ، لە دەروێش و ئەسحابی كەھف زیاتر چ پێناسەیەكی دی ھەڵبگری؟
حیزبێك لە دوای نزیكەی ھەشتا ساڵ لە تەمەنیدا، كەوتبیتە ئەو ڕەوشەوە، لە پەرپووتی، سیس بوون و لەڕ و لاوازیدا، كە بتەوترین، ڕێكوپێكترین چاڵاكترین حیزب بووە لە بواری ڕێكخستن و جەماوەردا لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەدا. لە سەختترین بارودۆخدا سەریھەڵداوە و چەكەرەی كردییە و بەرەو نەشونما رێیكردییە، تا كەسانی كورد جەرەو و سەركردایەتییان نەگرتە دەست، كە بوونە ھۆی نەھامەتی و كارەساتی تفت وتاڵ بۆ ئەو حیزبە لە ئاستی عێراق و كوردستاندا، خوێنی ھەزاران شەھیدی ئەو حیزبە بووە قوربانی سیاسەتە چەوتەکانیان، دوورلە جەوھەری ماركسییەت وپرینسیپەكانی خەباتی چینایەتی و لەدەستدانی سەربەخۆیی سیاسی و بوون بە پاشكۆی دەستەڵات بەتایبەتی لەسەر دەمی بەعسدا و لەدوای ساڵی 1973 دا تا ھەڵگەڕانەوەی بەعس لە شانۆگەریەكەی و دەستكردن بە لێدان و ڕاونان و دەست بەسەركردنی ئەندامانی، لایەنگرانی و دۆستانی لەسەر ئاستی عێراق و كوردستاندا، كە بووە ھۆی ڕووخانی ھەزاران و چوونیان بۆ ناو حیزبی بەعسدا، بەڵام سەركردەكانیان تێیانتەقاند و جارێكی دی ھانایان بردەوە بەر چیاكانی كوردستان. بەڵام پرسیار ئەوەیە، كێ بەرپرسیارە لەم تراژیدیایە ؟
لە سەرەتای ساڵی 1972 دا، ئاڵوگۆڕكردنی پڕۆژە و پێشنیار و ڕاوبۆچوون لەنێوان حیزبی شیوعی عێراق و بەعسدا لە پێناو بنیاتنانی ھاوپەیمانەتی و بەرەیەكی نیشتیمانی دەستیپێكرد و لە تەمموزی ساڵی 1973 دا گەیشت بەئەنجام، بەوپێیە، بوون بە ھاوپەیمان و لە بەرەیەكدا بەناوی (بەرەی نیشتیمانی و نەتەوەیی پێشكەوتنخواز) گردبوونەوە و دەستیان بەكار كرد.
ئەو بەعسەی كە لە كوداتەكەی ھەشتی شوباتی ساڵی 1963، دەستی سوور بوو بە خوێنی ھەزاران شیوعی كە لەنێوانیاندا چەندین سەركردەی بەناوبانگی ئەو حیزبەی تێدا بوو وەكو سكرتێرەكەی شەھید (سەلام عادیل). بۆ وەڵامدانەوەی، لە یاداشتەكانی (بەھائەدین نوری) كە لە ساڵی 2001 دا بە عەرەبی لە لەندەن چاپكراوە، ئەم كەسایەتییە یەكێك بووە لە سەركردەكانی حیزبی شیوعی عێراق، نەك كەسێكی وابووبێ كە بڵێن ناحەز و دوژمنی ئەو حیزبەیە،وای نووسیوە : (عەزیز محەمەد و بەرپرسانی دی لە گەڵیدا لە سەركردایەتی حیزبی شیوعی سوور بوون لەسەر بەستنی ئەو ھاوپەیمانییە و گرەوكردن لەسەریدا، بەو پێیە ڕێگایەكە بۆ گەشەكردن و پەرەپێدانی نا سەرمایەداری و لە دواییدا دەبێتە دامەزراندنی عێراقێكی سۆشیالیزمی).
ئەوەی عەزیز محەمەد بە حیزبی شیوعی كرد و بەسەری ھینا، با بە دەواری شڕی نەكردییە، چی كەمتر نییە لە ئاشبەتاڵیەكەی ساڵی 1975 دا، چونكە،ھیوا و ئاوات و ئومێدی ملیۆنانی زیندە بەچاڵ كرد، خوێن و قوربانیدانی ھەزارانی بەھەند ھەڵنەگرت و ئایندە و دوا ڕۆژی گەلی عیراق بەگشتی و گەلی كورد بەتایبەتی كردە قوربانی وخزمەتی سەدام و حیزبەكەی، كە بووە بەھێزترین پاڵپشت و ھاوكار بۆ بەھێزبوونیان و جێگیربوونیان لەناوەوەی وڵات و دەرەوەیدا. تەنانەت كاربەوە گەیشت كە شیوعییەكان بە ئاشكرا و ڕاشكاوانە ئازاد نەبوون لە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی سەدام و حیزبەكەیدا، بەبیانووی ئەوەی كە حیزبی شیوعی ھاوپەیمانە لەگەڵ بەعسدا و بەیەكەوە لە بەرەی نیشتیمانیدا كاردەكەن. بە لێكدانەوە و بۆچوونی خۆیان كە گوایە سەدام حوسەین نوێنەری باڵی چەپی حیزبی بەعس بووە، ئەگەر بەیانی پاشگەز بوونەوە و ھەڵگەڕانەوە لە ھاوپەیمانێتی و بەرەدا، ئەوا سەدام و ئەوان پێكەوە لە سەنگەرێكدا خۆیان دەبیننەوە. بەم ڕەنگە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ئازادی ڕەخنە و ناڕەزایی لەناو حیزبی شیوعیدا بەرتەسك دەبوو، ئەگەر بەردەوام بوویتایە لەسەر ھەڵوێست و دژایەتیكردنی ئەو سیاسەتە، لەگەڵ حیزبدا تووشی گرفت و كێشمەكێش دەھاتی، بە تۆمەتی دژایەتی حیزب و ھەوڵدان بۆ كەرتكردنی و دووبەرەكی نانەوە ھەڵسوكەوتیان لەگەل ئەو جۆرە كەسانە دەكرد، تا ڕادەی ھەڕەشەلێكردن. بەم ھۆیەوە، بێزاری و ناڕەزایی لە سیاسەتی حیزبی شیوعی لەناو ڕێكخراوەكانی و جەماوەردا پەرەی دەسەند و لە زیاد بوون دابوو، بەبێ ئەوەی سەركردایەتییەكەی بە عەزیز محەمەدەوە كە سكرتێری حیزب بوو، گوێ بە دەنگ و ڕای ڕێكخستنەكانییان و گەلانی عێراق بدەن.!
ڕۆژێك لە ھاوێنی ساڵی 1977 دا، كە ئەو كات ئەندامێكی ئەو حیزبە بووم، لە یانەی فەرمانبەران لە ھەولێر، كە لە شوێنی ئێستای بازاڕی نیشتیمانیدا بوو، دەھاتمە دەرێ، لەپڕ لە دەرگادا برادەرێكم تووش ھات بەناوی(سەیفەدین)، یادی بەخێر، نازانم لە ژیاندا ماوە یان نا، ئەویش سەر بە حیزبی شیوعی بوو، دوای چاك وچۆنی، گوتی حیزب منی ناردوە قسەت لەگەڵدا بكەم و پێتڕابگەێنم سەبارەت بەڕاو بۆچوون و ھەڵوێستت كە زیان بەخشە بە سیاسەتی حیزب وھاوپەیمانییەتەكەی لەگەڵ بەعسدا و بوونی لەناو بەرەی نیشتیمانیدا، وە ھەوڵدانە بۆ دروستكردنی گروپ و كەرتكردنی حیزب كە قبوڵیان نییە. لە وەڵامدا وتم، كە پێم خۆشە ئەو حیزبە دوو شەق لەمن بدا،بۆ ئەوەی لەنێو خەڵكدا ببیتە دەنگ و باس كە شیوعییەكان دەستدەكەنەوە و پارێزگاری لەخۆیان دەكەن، لەو كاتەی ڕۆژانە بەدەیان خوێندكار، كرێكار و خەڵكانی دی سەر بە حیزب ھانایان بۆ بارەگای حیزبی شیوعی دەبرد كە ئاسایش و بەعسییەكان ھەڕەشەیان لێدەكردن و سووكایەتییان پێدەكردن تەنھا بەھۆی ئەوەی كە ئەندام، یا لایەنگرو دۆستی حیزب بوون، بەڵام حیزب بەپێچەوانەوە، ئەوانی بەگوناھبار دادەنا و سەزەنشت و ڕەخنەی ئاراستە دەكردن، كە گوایە ئەوان ھۆكارن بۆ ڕوودانی ئەو گیروگرفتانە، وە پێشێلی ھاوپەیمانەتی و پرێنسیپەكانی بەرە دەكەن، وەك حیزبێكی ئۆپۆزیسۆن لەگەڵ بەعسییەكان دەجولێنەوە.
ھەروەھا بەو برادەرەم گۆت، كە من سوور دەبم لەسەرھەڵوێست و بۆچوونەكانم،ئەوانیش با درێغی نەكەن لەوەی لە دەستیان دێ.
لەھەمان كاتدا، داوای ناسنامەی ڕۆژنامەوانییەكەی لێكردم كە بۆیان بنێرمەوە، ئەو كات من پەیامنێری ڕۆژنامەی (گریق الشعب) و (بیری نوێ) بووم، ڕادەستیم كردەوە، لەدوای ئەمە پەیوەندیم لەگەڵیاندا پچڕا.ئەمە سیاسەتی ئەو سەركردایەتیە بوو كە گوایە كارو خەباتی لە پێناوی گۆڕینی سەدام و ڕژێمە دڕندە و وەحشیگەریەكەی بۆ كاسترۆی عێراق و دامەزراندنی سۆشیالیزمدا دەكرد. بەھائەدین نوری لەمەڕ بەرنامەی حیزبی شیوعی عێراق كە لە كۆنگرەی سێیەمیدا كە لەدوای ساڵی 1973 دا بەسترا و تێیدا ھەمواركرا، لە یاداشتنەكانیدا وا دەنووسێ : (خراپترین و نا لەبارترین بەڵگەی بەرنامەیی بوو كە لەلایەن حیزبی شیوعییەوە دەرچووبێ. كە پاشكۆیی بەرجەستە كرد و لەسەر بناغەی بنیاتنانی ھیواو ئاواتەكان لە گەشەسەندن و پەرەپێدانی بۆرژوازی دیكتاتۆری فاشی بۆ ڕژێمێكی سۆشیالیزمی، و گۆڕانی پیاوكوژێكی فاشستی توندڕەو و دژوار بۆ كاسترۆی عێراق و لە دواییدا یەكگرتنی ھەردوو حیزبەكە شیوعی و بەعس لە حیزبێكی سیاسی یەكگرتوودا.!)
ئەمە ناوەڕۆك و كاكڵی سیاسەتی ئەو سیاسەتمەدارە بووە كە نزیكەی (30) دانە ساڵ سكرتێری ئەم حیزبە شیوعییە بووە، كە چاكترین و بەرچاوترین خزمەتی بە بەرەی دژ بە شیوعییەت و ماركسییەت كردووە.
ئەوەی ئەوڕۆ حیزبی شیوعی عێراق و كوردستان دوچاری ھاتیە لەسەر دەستی عەزیز محەمەد و ئەوانەی بڕوایان بەھەمان ڕێباز ھەبووە ئەنجامدراوە. حیزبێك لەسەر ئاستی عێراق دا، كورسییەكی پەرلەمان بەدەست نەھێنی، وە لەسەر ئاستی كوردستانیش ئەوە ھێزو توانایەتی كە لە ڕێزی حیزبە ھەرە بێ جەماوەرو بێپێگە وبێكاریگەردێت ولە لیستی حیزبە گچكەكان وبە پاشكۆی دەستەڵات دەژمێردرێ.!
بەھۆی بێ ئومێدی و بێ ھیوایی، چەندین ئەندامی ئەو حیزبە سەنگەریان گۆڕی و چوونە ناو یەكێتی و پارتی، تەنانەت لە ئاستی سەركردایەتیدا، وەك (ئەبو حیكمەت) ی بەساڵا چوو و كۆچ كردو، كە لەگەڵ چەند گەنجێك چوونە سەنگەری پارتی.!
جێی سەرسوڕمانە، سەركردەی ئەو حیزبانەی گۆڕەپانی كوردستان، ھیچ یەكەكیان داننانێن بە شكست و ھەڵە و ڕابردووی تەڵخ و تاریك و تاڕادەی تاوانكردن بە حەقی نیشتیمان و گەل، بەڵكو بەپیری و بەساڵاچوویش ھەروازناھێنن.
عەزیز محەمەد نزیكەی بیست ساڵە وازی لە بەرپرسیارەتی وەك سكرتێری حیزب ھێناوە، لە ماوەی ئەو دوو دەیەدا، كەس گوێی لە وتارێكی نەبووە، چاوپێكەوتنێكی لە تیڤیدا، لەگەڵ گۆڤارو ڕۆژنامەیەكدا نەكردییە، سەبارەت بەھەڵوێست وبۆچوونی دەربارەی ئەو ھەموو نالەبارییەی ڕۆژانە خەڵكی كوردستان ڕووبەڕووی دەبنەوە، یا سەردانی دۆستان و خانەوادەی شەھیدانی حیزبەكەی، بەڵكو بەپێچەوانەوە، ئەوەی نەیناسی وادەزانی كە یەكێكە لە ئاغا و دەرەبەگەكانی دزەیی، كە بەھیچ جۆرێك لەو كەسە ناكات كە بۆ نزیكەی سێ دەیە سكرتێری حیزبێكی چینی كرێكاران و جۆتیاران بووبێ. !
جا حیزبی شیوعی كوردستان بۆ ھەڵبژاردنەكان، لیستەكەی ناو ناوە ئازادی، وە بەمەبەستی سەركەوتن و ڕاكێشانی چەوساوان،
كرێكاران، ڕۆشنبیرانی پێشكەتنخواز لە ھەردوو رەگەز بۆ دەنگدان بە لیستەكەی، ھانای بردیتە بەر سكرتێرە دێرینەكەی بەو ئومێدەی خەڵك تەنیا ناوەكەی بەرچاویان بكەوێ، بێ سێ و دوو دەنگ بەو لیستە دەدەن بەھیوای بەدی ھێنانی دروشمی نیشتیمانێكی ئازاد و گەلێكی بەختیار بۆیان. ! دیار نییە، ئاخۆ حیزب گەرەكیەتی عەزیز محەمەد ھەڵسێنێتەوە لەو متبونەیدا، یا بەپێچەوانەوە، ئەو خۆی دەداتە بن ھەنگریان و قیتیان دەكاتەوە لەو كەوتنە و نەھامەتیە و تەنیاییەی تێیكەوتوون كە خودی خۆی لێیبەرپرسە و تووشی كردوون.
بەھائەدین نوری لە یاداشتەكانیدا دەڵێ : (لە تۆماركردنی كۆبوونەوەیەكی لیژنەی باڵای بەرەدا، بە ئاشكرا بەدیاری دەخات ئەوەی كە سكرتێری حیزبی شیوعی عەزیز محەمەد بیری پێوە خەریك بوو لەو ڕۆژاندا، ووتویەتی ھەروەكو لە تۆماركراوەكەدا خوێندومەتەوە، كە قسە بۆ سەدام دەكات : ئومێد دەكەین بۆ بەرتەسك كردنەوەی دووبەرەكییەكان و جیاوازییەكانی نێوان ھەردوو حیزب، بەعس وشیوعی تا ئەندازەی یەكگرتن).! لە یادم نییە كێ ئەو ووتە بەنرخەی داڕشتووە كە دەلێ : ئەگەر لە وڵاتێكدا ڕۆژێك لە ڕۆژان دوو ڕكابەری یەكدی بوون بە ھاوپەیمان، بزانە كە ئەوە بۆ سەربڕینی گەلە. ئەوەی ئێستا یەكێتی لەگەڵ پارتی تێیكەتییە بەھۆی ھاوپەیمانەتی و ڕێكەوتنی ستراتیژی نێوانیان، ڕۆژ بە ڕۆژ باجەكەی قورستر دەبی لەسەریان بە لەدەستدانی جەماوەر و متمانەی خەڵك كە بە مەزنترین سەرمایە دەژمێردرێ بۆ ھەر حیزبێكی سەركەوتوو. سەیر و سەمەرە لەوەدایە، كە زۆرێك لە شیوعییە دێرینەكان سەركەوتوو نەبوونە تەنانەت لە پەروەردەكردنی خێزانەكانیان و منداڵەكانیان بەو ڕێباز و ئایدیۆڵۆژیەی كە خۆیان بڕوایان پێی ھەبووە، كە تێبینی دەكرێ كەوتوونەتە داوی ئیسلامی سیاسی، ھەر بەنەوەكانیان نەوەستاون، بەڵكو خودی خۆیان سەد و ھەشتا پلە بەرەو دواوە گەڕاونەتەوە بۆ باوەشی ئایین و ھاتوچۆی مزگەفت. شیوعییەك نەیتوانیبێ خۆی بگۆڕی، خێزانەكەی و منداڵەكانی چۆن دەگۆڕی ؟ لەھەمان كاتدا چۆن كۆمەڵگا دەگۆڕی و بەرەو پێشەوەی دەبات؟
لە كۆتاییدا، ئاماژە بە یاداشتەكانی بەھائەدین نوری دەكەم كە تێیدا نووسیویەتی : (ئێمە دەروێشانی سەركردایەتی سۆڤییەت بووین بڕوامان وابوو كە ئەو تێگەیشتنی لە بارودۆخی وڵاتی ئێمە لە ئێمەی شیوعییەكانی عێراق زیاترە.)