ڕونكردنەوەیەك.. لە (حامد محمد علی) یەوە

Monday, 17/01/2011, 12:00

1046 بینراوە


.حامد محمد سایتی (كوردستانپۆست) ڕۆژی (14/1/2011) بابەتێكی لە ژێر ناونیشانی (سكرتێری سەندیكای ڕۆژنامەنوسان خیانەت لە حیزبەكەی خۆی دەكات) بڵاوكردۆتەوە ..

بابەتەكە بەناوی (ڕەوتی گەشە)وە بڵاوكراوەتەوە كەمن گومانم هەیە وابێت ....
لە ڕاستیدا ئەو زانیاریانەی كە لەم بابەتەدا هاتووە ئەگەر (100%) نەبێت ئەوە (90%)ی هەڵەو چەواشەكاریە و من نازانم كوێ‌ ی ڕاست كەمەوە، پێشم سەیرە نوسەر باسی (ڕاستی) دەكات .. بۆیە لێرەدا سەرەتا بەچەند خاڵێك ئەو درۆ و دەلەسەو ناهەقیانە بۆ كوردستان پۆست‌و ڕای گشتی ڕاست دەكەمەوە:-

1- ژمارەی ڕۆژنامەنوسە سوودمەندەكان (18)نیەو زیاترە لەو ژمارەیە .

2- ئەو زەوییانەی سوودمەندەكان تەنها لە نێوان پارتی ‌و یەكێتی ‌و یەكگرتوودا دابەش نەكراون، بەڵكو هەموو جۆرە ڕۆژنامەنوسێكی (شیوعی ئاشوری زەحمەتكێشان - بێلایەن) تێدایەو هەركەس بیەوێ‌ دەتوانێت زیاتر دڵنیابێت لەوە .

3- من بۆ حاڵەتێكی واو زۆر حاڵەتی تریش ڕاوێژ بە بەڕێوەبەری دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكەم ‌و ئەمجارەش هەروابووەو ڕاوێژم بە (3 - 4)كەس لەوان كردووە، ئەوجا ناوەكانم جێگیر كردووە .

4- ئەو (6)كەسەی كە زەویەكانیان پێدراوە، هیچ كەمیان بەهیچ پێوەرێك جگە لە پێوەری پیشەیی‌و (ئەندامێتی یەكگرتوو)هیچ نزیكیەكیان لە منەوە نیە، تەنانەت دراوسێشم نین‌و نازانم ماڵیان لە چ گەڕەكێكە .

5- ئەو كەسەی كە لە بابەتەكەدا بەزێرەڤانی ناوی هاتووە، لە ساڵانی (2005 و 2006) لە تەلەفزیۆنی یەكگرتوو كەناڵی هەولێر وەك وەرگێڕ كاری كردووەو لەو كاتەوە یان پێشتریش ئەندامی كارای سەندیكایەو دەبوایە لەگەڵ لیستی (189) ڕۆژنامەنووسەكە زەوی وەربگرتایە، بەڵام كاتی خۆی ئیدارەی تەلەفزیۆن ناوی لە بیركردبوو، ئەوە (5) ساڵیشە داواكاری لە سەندیكا هەیەو لە ریزی ناوی یەدەگەكاندا تۆماركراوە، خۆ ئەگەر ئەو برادەرە لەبەر سەختی باری گوزەرانی ماوەیەكە بۆتە پۆلیس، ئەوە مەسەلەیەكی دیكەیە .

6-ئەوی دیكەش كە گوایە شوفێرەو ناوی (بیلال)ە نە پێشترو نە لە ڕیزی ئەو (6) كەسەشدا ناوی نەهاتووەو ئەسڵی نیە ! .

7- هیچ كێشەو تەنگژەیەك لەناو یەكگرتوودا لەسەر ئەو مەسەلەیە دروست نەبووەو ئەو (6) ڕۆژنامەنوسەش كە زەویان وەرگرتووە، هەموویان خەڵكی موستەحەقن‌و ئەندامی كارای سەندیكان‌و هیچ كامیان لە (5) ساڵ كەمتر خزمەتی نیە لە ڕۆژنامەگەرییدا لەناو یەكگرتوو .

8- هیچ كاتێك بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی یەكگرتوو سەردانی سەندیكای نەكردووە بۆ ئەو مەسەلەیەو، پێش نووسینی ناوەكان من ڕاوێژم پێ‌ كردووەو هیچ گرفتێكی نیەو ئاگای لە مەسەلەكەیە، دواتریش پێكەوە هەر دانیشتووین .

9- ئەو شەش كەسەی ناویان نوسراوە دابەشبوونە بەسەر كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی یەكگرتوودا لە هەولێر (سپێدە تەلەفزیۆن ڕادیۆ ڕٍۆژنامەی یەكگرتوو گۆڤاری پەیامی ڕاستی) یەكێكێشیان لە سپێدە و ڕۆژنامەش كاردەكات .

10- نە (عەلی عوسمان) و نە (عبدالكریم) ناویان لەو لیستە (6) كەسیەدا نیەو زۆربەی قسەكانیش بەو شێوە هەڵەو هەڵەشەن‌و لە ڕاستیەوە دوورن .

11- ئەو شەش كەسە هەموویان موستەحقن، بێگومان لەو ژمارەیە زیاتریش ڕۆژنامەنووسی دیكەمان هەیە لە دەزگاكانی ڕٍاگەیاندنی یەكگرتوو كەتائێستا زەوی یان وەرنەگرتووە، كە ئەوانیش موستەحقن، بۆیە ئەو شەش پارچە زەویە بدرابا بە هەركەسێك، دیارە هەر گلەیی‌و ڕەخنە دروست دەبوو، چونكە هەمووكەس خۆی بەشیاوتر دەزانێت .

*دوا سەرنج:-

ئەوەی ئەم بابەتەی بۆ (كوردستان پۆست)نوسیوە، بێگومانم كە ڕەوتی گەشە نیە، هەروەها نە یەكگرتووەو نە دڵسۆزی یەكگرتووەكانە، بەڵكو ڕەوتی فشەیەو ئەگەر بە خۆیشی نەزانێت تێككدەرە، لە هەمانكاتدا قسەكانی دوورە لە بنەماكانی ئەخلاقی نووسین، ئەگینا ئەوەندە باسی خیانەت‌و بێ‌ ئەخلاقی نەدەكرد، بەڵكو ئەگەر كەسێكی شەهم‌و خاوەن جورئەت بوایە، لە جیاتی ئەوەی كوێرانە ئەو قسە لۆكانە دابڕێژێت، لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ مەسەلەكە دەكرد، منیش ڕۆژانە لە نێوان مەكتەبی ڕاگەیاندن‌و سەندیكادا دێم‌و دەچم، تەلەفۆنیشم كراوەیە بۆ هەموو پرسیارو ئیستفسارێك .

لە كۆتایدا دەڵێم ئەوپەڕی بەختەوەرم كە تا ئێستا ئەو چەند وەجبە زەویەی دابەشكراوە بەسەر ڕۆژنامەنوسانی یەكگرتوودا، بەركەسانی موستەحەق كەوتووە، یەك كەسیش لەوانە نەخزم‌و نەدراوسێ‌‌و نە عەشیرەت‌و نە هاوشاری منن، ئەگەر هەڵەیەكیش لە دانانی كەسێكدا كرابێت كە گوایە لەو موستەحەق تر هەیە، ئەوە هەڵەیەكی نەخوازراو بووە، بۆیە سوپاس بۆ خوا بێ‌ نیازم لەو جۆرە تۆمەت‌و درۆو دەلەسانەو، ڕۆژنامەنوسانی یەكگرتوو و غەیرە یەكگرتووش من دەناسن‌و تا پێم بكرێت داكۆكی لە مافیان دەكەم چ ئێستا كە سكرتێری سەندیكام‌و چ دواتریش كە خواحافیزی لە سەندیكا دەكەم .
كوردیش دەڵی (ڕاست بەو بەلای شێردا بڕۆ)
www.kurdiu.org

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە