هێشتا هەواڵەكەى كوردستانپۆست تێنەپەڕی، دادگای ئیتیحادی مووچەى خانەنشینى هەڵوەشاندەوە

Thursday, 24/10/2013, 12:00

1594 بینراوە






ئیرادە هەبێت هەموو ئاڕاستەكان دەگۆڕێن، لەگەورەیی و شەڕەفمەندی تۆمارەكان ئەوانەن بوێرانە خاڵ لەسەر پیت دادەنێن و بەپڕۆژەى جوان دێنە پێش لەكاتێكدا باوەڕیان بەوە هەیە كە میللەت شێرە نووستووەكە نییە ئاگای لەهیچ نەبێ و نەتوانێ دوای بێداربوونەوە بەجۆرێ تەكان بەخۆی بدات و ڕاست بێتەوە ئیدى ئەو كەوتنەى كەوتووە هەروا دەمێنێتەوە، هەروەها ئەو مەڕەیش نییە پێی وابێ گێژە و ئاگای لەهیچ نییە، چۆنت ویست ڕەبۆت ئاسا بیجولێنى.

بەری رۆژ بەبێژینگ ناگیرێ، ئەگەر هەموو ئەو شتە نادادپەروەری و گەندەڵی و پێشێلكاریانە بۆ وچانێ لەلایەن دەستە و تاقم و گرووپێكەوە باژۆ دەشتە و بێ سڵەمینەوە حیسابی بۆ دەوروبەرەكەى نەكرد، ئەوە مێژووە دوای تێپەڕبوونى كات لەهەر دەمێ ڕەوشەكە لەنگەر بگرێ و بچەقێت، بەر بەهەموو ناتەواویەكان دەگیرێ و بەیداخی ڕاستى و دادپەروەری لەبری دروشمگەلە چاواشەكاریەكان دێنە مەیدانەوە، بەمەیش پەردە لەسەر ڕووى هەموو شتە خراپ و ڕەفتارە نامرۆییەكان دادەماڵێت.

بەندە بەچەند رۆژێ لەم سایتە ئەلیكترۆنیەدا خوێندنەوەیەكم بەناونیشانى(خولی سێیەمى پەرلەمان و 48ملیۆن دیناری پێش خانەنشینى) لەهەمبەر مووچەى پەرلەمانتارانى كوردستان كرد وەك ئەكێكى ئەخلاقی و رۆژنامەنووسی و مرۆیی، وەلێ هێشتا خانەى لەبیرچوونەوە و لابردن بەسەر ئەم هەواڵە گەرمە تێنەپەڕی وەك یەك لە مانشێتە سەرەكیەكان، كەچی دوێنێ دادگای ئیتیحادی عێراق لەسەر بەدواداچوون و كەیسی خەمخۆری تەیاری سەدرییەكان كە ئێمە زۆر جار تاوانی گێرەشێوێنى و تیرۆر و هۆكاری پشێویان دەدەینە پاڵ و پێمان وابووە سەدرییەكان جگە لە شڵەقانى گۆمى مەندی ئارامی بارودۆخەكە بۆ نائارامی هیچی دیكەیان لێ چاوەڕوان ناكرێ، كەچی با مەسەلەكە سیاسیشبێ، بەكردەوە سۆزى هەزاران هاوڵاتى ئەم میللەتەیان بۆ خۆ ڕاكێشا و هەنگاوەكەیان بووە سەروەریەك كە بە شانازییەوە باس بكرێن.

بێگومان ئەو بڕیارەى دادگا بەدەر نابێ لەوەى هەمان ڕەچە و سیستەم لەهەرێمى كوردستانیش پەیڕەو بكرێ، وەلێ تا ئێستا هیچ حزبێك لە كوردستان هەڵوێستى خۆی لەم ڕووەوە دەرنەبڕیوە كە هەقە پێش دانیشتنى پەرلەمانتارانى خولی چوارەم و ماڵئاوایی ئەندامانى پێشوو، ئەو بڕیارە بورووژێ پێش ئەوەى ببێتە تەعیمیم و دەقەیێ زووتر كار لەسەر جێ بەجێكردنى بكرێ و تەواوى ئەندام پەرلەمانى خولی سێیەم هەر یەكەیان لەجیاتى خانەنشینى، بۆ سەر كارەكانیان بگەڕێندرێنەوە و هەموو لایەنەكان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە هاوڕابن و بەیەك دەنگ ئەو بابەتە ئیعلان بكەن جێی ستایش و دەستخۆشین ، وە لە خۆدزینەوەی ئەمڕۆ بەسبەى و فەرامۆشكردنى بەجارێ، ڕەنگە بۆ دووسبەى كاردانەوەى خراپ بەدوای خۆیدا بێنێ چونكە:

یەكەم: پێش ئەوەى ئەم بڕیارەى دادگای ئیتیحادی دەربچێ بۆ هەڵوەشاندنەوەى مووچەى خانەنیشان، لە هەشت پارێزگای عێراقی بەبەشداری ژمارەیەكى بەرچاو خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕدرا و ترسی تەقینەوەى گەورەیشی لێ دەكرا، وەلێ سەرەنجام لەژێر فشاری جەماوەر و جوڵاتدنى كەیسەكە لەیەن سەدریەكانەوە بەو ئەنجامە گەیشت كە لەمیدیاكانەوە گوێبیستى بووین.

دووەم: ڕەنگە ئەو بڕیارەى دادگا بڕیاری دیكەیش بەدوای خۆیدا بێنێ لە كەمكردنەوەى پۆست سیادیەكانى وەك مووچەى سەرۆك كۆمار و ئەنجومەنى وەزیران و ئەنجومەنى نیشتیمانى، كەواتە ئەو بڕیارە رێخۆشكەرە بۆ كاركردن لەسەر هەمان دۆسیە.

سێ یەم: هاوتاكردنى مووچە وەكو چۆن لەبەغدا ئەنجام دەدرێ و كە گشتاندنى بۆ دەكرێ، بەهەمان شێوە هەرێمى كوردستانیش دەگرێتەوە، لەو ڕوانگەوە بۆ دوو ڕۆژیتر ڕەنگە ئێمە نەتوانین بەپێچەوانەى ئەو رێنماییانە كار بكەین لەكاتێكدا بوودجە لە ناوەندەوە دێت و ساڵانە پێش وەرگرتنى بڕە بودحەى تەرخانكراو دەبێ پوختەی تەسفیاتیان بۆ بگەڕێندرێتەوە و ئەوانیش ئەگەر سەرپێیش بێت، چاوپێخشانێ بۆ بابەكان دەكەن.

چوارەم: تۆپەكە هاوێژراوە و ئێستا لەناو ساحەكەیە و لەم ئان و ساتەوە ئەو كەس و لایەنە گۆڵی خۆی دەكات و دڵی میللەت لەبەشێكى نەهامەتیەكان(كە ساڵانێكە مووچەخۆران بەناڕەوایان دەزانى) بەم هەنگاوەیان دەبنە براوەى یەكەم، ئەوەش بۆ خێرایی ئەوانە دەگەرێتەوە زوو دەردەشەى ئەم مەسەلەیە بكەن و هەڵوێستى خۆیان لەبارەیەوە بەڕوونى دەرببڕن.

پێنجەم: ترس لەپشتگیریكردنى بریارێكى لەو جۆرە نابێتە مەترسی بۆ لەدەستدانى دەنگ و ڕەنگى جەماوەر و كەمكردنەوەى پێگەى سیاسیان، ئەگەر پرسیار لەهەر كەسێك بكەى: ئایا دادپەروەری هەبێ؟ بێگومان و بێ دوو دڵی وەڵام دەداتەوە: بەڵێ با دادپەروەری هەبێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە