كارۆخ ئیبراهیم 18 ملیۆن دینار لە حكومەت وەردەگرێ و لە بازاڕیش پلیت دەفرۆشێ

Monday, 03/08/2009, 12:00

2901 بینراوە


بە مەبەستى نمایشكردنى شانۆگەرییەك لە نووسین و دەرهێنانى خۆى، كارۆخ ئیبراهیم حەكیم 18 ملیۆن دینار لە وەزارەتى رۆشنبیرى حكومەتى كوردستان وەردەگرێ و لە بازاڕیش پلیت بۆ شانۆگەرییەكەى دەفرۆشێ.
سەرچاوەیەك لە دیوانى وەزارەتى رۆشنبیرى حكومەتى كوردستان كە نەیویست ناوى ئاشكرا بكرێ رایگەیاند، بە مەبەستى نمایشكردنى شانۆگەرى (من و شێت) وەزارەتى رۆشنبیرى رەزامەندى فەرمووە لە سەر خەرجكردنى بڕى 18 ملیۆن دینار بۆ كارۆخ ئیبراهیم حەكیم سەرۆكى گرووپى گەنج بۆ شانۆ، ئەو سەرچاوەیە گووتى "بە هۆى دواكەوتنى بودجەى ساڵى تازە بۆ وەزارەتەكان و وەزارەتى رۆشنبیریش وەك یەكێك لەو وەزارەتانە كاروچالاكییەكانى خۆى بە شێوەیەك كەمكردۆتەوە و پارە بۆ ئەو مەبەستە خەرج ناكات، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتى رۆشنبیرى رەزامەندى داوە بە خەرجكردنى بڕى 18 ملیۆن دینار بۆ نمایشكردنى شانۆگەرییەك بە ناوى (من و شێت)، لە دەرهێنانى كارۆخ ئیبراهیم، سەرۆكى (گرووپى گەنج بۆ شانۆ)، كە دوێنێ لە هۆڵى گەل نمایش كرا"، هەروەها ئەو سەرچاوەیە ئەوەشى راگەیاند، گرووپى گەنج بۆ شانۆ كە كارۆخ ئیبراهیم سەرپەرشتى دەكات، مانگانە وەك بودجە 3 ملیۆن دینار لە حكومەتى كوردستان وەردەگرێ، "لە كاتێكدا كەم لە تیپ و گرووپە شانۆییەكان مانگانە ئەو بودجەیە وەردەگرن، بەڵام بەبێ سوود وەرگرتن لەو بودجەیە و بەبێ ئاگادارى بەڕێوەبەرایەتى هونەرى شانۆ، وەزارەتى رۆشنبیرى رەزامەندى داوە ئەو پارەیە خەرج بكرێ، كە دەبێت لە رێگەى بەڕێوەبەرایەتییەكانەوە كارەكە بكرێ، كە ئەوەش پێچەوانەى رێنماییەكانى وەزارەتەكانە و وەزارەتى رۆشنبیرى خۆى سەرپێچى تێیدا كردووە". لە كاتێكدا بەرێوەبەرایەتى هونەرى شانۆ كە بەرهەمێنەرى ئەو شانۆگەریە، بەڵام لە پۆستەى شانۆگەریەكەدا هیچ جۆرە ئاماژەیەك بە ناوى ئەو بەرێوەبەراتییە نەكراوە.
هەرچەندە كارۆخ پێشتر لە دەزگا راگەیاندنەكان رایگەیاند بوو، كە ئەو شانۆگەرییە لەسەر بودجەى گرووپەكەى بەرهەمى دەهێنێ، بەڵام نەیتوانى ئەوە بكات و ئەو سەرچاوەیە ئەوەش ئاشكرا دەكا، لە كاتێكدا حكومەت ئەو پارە زۆرەى بۆ ئەو شانۆگەرییە خەرج كردووە، كە دەبێتە بەرهەمهێنەرى شانۆگەرییەكە، كەچى لە بازاڕ پلیتى بۆ فرۆشراوە و دەڵێت "هەر گروپ و تیپێك لەسەر بودجەى خۆى كارێك بەرهەمبهێنێ ئەوكات دەتوانێ پلیت بفرۆشێ، نەك پارە لە حكومەت وەربگرێ و پلیت بفرۆشێ". لەوبارەیەوە چەندین جار پەیوەندى بە كارۆخ ئیبراهیم كرا، بەڵام ناوبراو وەڵامى پەیوەندییەكەى نەدایەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە