پێشمەرگەیەکی ٥٠ ساڵە و پرۆفیسۆرێک بە رۆبی سووری شەرەفی خیانەتەوە

Sunday, 06.03.2012, 12:00

1754 بینراوە


لە شاکیامونی بودادا وا باس دەکات: (ئەگەر کەسێک بە تیرێک بریندار و پەرێشان بێت، نابێت لەو کاتەدا خۆمان بەوەوە خەریک بکەین، کە بزانین لە کوێوە ئەو تیرە هاوێژراوە!؟ ئەوەی هاویشتوویەتی کێیە و سەر بە چ هۆز و تیرە و عەشرەشەتێکە؟ یان تەماشای تیرەکە بکەین تا بزانین چەند کورت و چەند درێژە؟! بەڵکو لەو ساتەدا دەبێت خۆمان بە بریدارەکەوە خەریک بکەین، هەوڵ بدەین چارەسەری بکەین.) دەرد و ئازاری ئەمڕۆی کورد، تەنها دوژمنەکانی نییە، ئەو سەرانەشە، کە لە دوژمن زیاتریان بە کورد کردووە، بۆیە با جارێ لەو تیرە گەڕیین، کە دوژمنەکانمان تێمان دەگرن، با چارەسەری ئەو برینە بکەین، کە پارتی مەسعود و جەلال پەکیان خستووین.

گەرچی لە نوسینی قسە شەرمنەکەی مەسعود بارزانی بەبۆنەی ٥٠ساڵەی پێشمەرگایەتیەوە دواکەوتم و لە کوردستانپۆستیشدا قسەی لەسەر کرا، بەڵام ووتارێکی هاوکارم بیر کەوتەوە، کە لە سەر پێشمەرگایەتییەکەی مەسعود بەم ناونیشانە نووسیبووی ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی کردبێت له‌ ڕه‌خنه‌ ناترسێت!



دەکرێ قسەی زۆرتر لەسەر ئەو نامە کۆمێدیایەی مەسعود بکەین، بە گوێداداین، گوایە ماوەی ٥٠ساڵە بێدابڕان پێشمەرگە بووە. بەس قسەکردن لەسەر پێشمەرگە زۆر لە ووتەکەی مەسعود بارزانی قوڵترە ، ئەگەر چی لەدوای ڕاپەڕینەوە سیستەماتیک کار لەسەر تێک شکاندنی کەسایەتی پێشمەرگە دەکرێت، تاڕادەیەکیش سەرکەوتووبوون ، چونکە لە تێکشکاندنی کەسایەتی کورددا کەسایەتی پێشمەرگەشیان تێکشکاند، تێکەڵ کردنی خۆفرۆشان بە ناوی جیاوازەوە بۆ ناو کەسایەتی پێشمەرگە ، ئیتر لەوێوە دەست کرا بە تێکدانی کەسایەتیە ئەفسانەییەکەی پێشمەرگە ، بیرمە جاریک کە بە وەرەقەی سۆسیالیست لەگەڵ هاوڕێیەکمدا چوینە شاری ئورمێ، هاوڕێکەم نەخۆش بوو منیش پەردەی گوێم تەقیبوو، ماوەی هەفتەیەک ماینەوە ، هاوڕێکەم ووتی: من ئەم چەند ڕۆژە هاتینەتە ئێران لە ژیانی پێشمەرگایەتی دەردەکەم. ووتم: بۆچی ؟ ووتی: ئەی نازانی بۆ؟ ئەوە نییە هەموو ڕۆژێک خۆمان دەشۆین، بەرگ دەگۆڕین و بێترس و حەرەسیات پاڵمان لێداوەتەوە ، ئەگەر پێشمەرگایەتی وابێت من هەزار ساڵی دەکەم . کاک مەسعودی بەڕێزیش بیری چۆتەوە، کە قاچێکی لە کەرەج بوو، قاجەکەی تریشی لە ئەوروپا و جارجارەش بە هێلکۆپتەری دوژمن دەهاتەوە کوردستان و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەمایەوە و دوای ئەوە دەیانبردەوە بۆ ناو ژن و ماڵ و منداڵەکەی، جار ناجارێک بۆ ناوچەی مەرگەوەڕ هاتوە بۆ ڕاژان دوای راپەڕینیش لە سەری رەش خۆی داکوتاوە، کە ئەوە ٢١ساڵە پێشمەرگەیاتییەکەی لەسەر رەش تازە کردۆتەوە ، پێدەچی کاک مەسعود لەماتماتیکدا کۆڵ بێت ؟ ئەو لەو ڕۆژەی چۆتە لای مەلامستەفای باوکی، ئیتر بە کوردی قوربەسەر، بەکوردایەتی و پێشمەرگایەتی پێمان دەفرۆشێتەوە .
ئەگەر مەسعود پێشمەرگە بووە، با بفەرموێت باسی یەکێک لە داستانەکانی خۆیمان بۆ بکات . خۆزگە جارێک لەجاران بۆی باس دەکردین کە چۆن گوللە تۆپەکانی گرتۆتەوە و سوک دای ناوە بۆ ئەوەی نەتەقنەوە، خۆزگە باسی ڕۆشتنی شەوێکی بۆ دەکردین ، یان باسی شەڕێکی دەستە وئێخەی بۆ دەگێڕاینەوە، باسی چوونە شار، بۆسە دانانێک ، لە پایگادانێدی خۆی، برسێتی، یان هەر هیچ نەبێت باسی ڕاوی کێچ و ئەسپێ کە لە گیانی هەموومانی دابوو، باسی کانییەکی چاوقرژاڵ، دۆی دەستی داپیرەیەک، یادگاری وەرگەڕانی تراکتۆرێک، مار پێوەدانێک ، هەرەسیی بەفر، برسێتی، نیسک و نۆک خواردن، ئاوخواردنەوە لە ناو قوتووی ژەنگاویی کە لە سەر رێگا دەماندۆزییەوە بەناچاری هەڵمان دەگرت، کە لە شوێنێکدا ئەگەر کەمێک ئاومان بینی، پێی بخۆینەوە، باسی دەست بە ئاوگەیاندن و بە بەرد و گەلای دار خۆپاککردنەوەیەک، چڵکنی ملیوانی کەتافیەکەی، تفەنگ لەدەست دەرچونێک، جاسوسێک، موختارێکی خۆفرۆشی گوندێک، تەقینەوەی مینێک، نەشتەرگەریی برینارێک، بەدادگاگەیاندنی خۆفرۆشێک، ئاخر ئەوانە چمکێکن لە ناسینەوەی پێشمەرگە و پێناسەی پێشمەرگەی راستەقینە! جەنابی پێشمەرگەی ٥٠ ساڵە ئەی بۆ باسی شتێکمان لەوانە بۆ ناکەیت ؟
ئەگەر تۆ ٥٠ساڵ بێت پێشمەرگە بیت ئەی بۆ چی ڕۆژنامەی نیۆرک تایمز، مستەفای کوڕی قوسەی دەکاتە پاڵەوانی سەدەی بستەهەم ؟



رۆژنامه‌ی‌ نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی (مسته‌فای كوری قوسه‌ی‌ كوری سه‌دام حسێن)ی‌ سه‌رۆكی پێشووی‌ عیراقی به‌دیارترین منداڵ هه‌ڵبژارد بۆ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ته‌مه‌نی‌ 14 ساڵیدابووه‌و هاوشانی‌ باوكی و عوده‌ی‌ مامی له ‌شاری موسڵ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكیه‌كان شه‌ری كردووه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ كوژراوه‌، له‌و رووبه‌روبوونه‌وه‌یه‌دا 13 سه‌ربازی ئه‌مریكی كوشتووه‌.
بەعسییەکان دوای ئەو هەموو تاوانەی ئەنجامیان دا ، ئەوەتانێ داگیرکەرە ئەمەریکییەکان داوادەکەن، کە لە هەموو شارەکانی عێراق پەیکەر بۆ ئەم کوڕە بکرێت، یان دەبوو بکرایە ، چونکە پاڵەوان بووە، ئەگەر مەسعودی کوری مەلا مستەفا ٥٠ساڵ پێشمەرگە بووە، فەرموو بە خۆتان و ١٠٠٠پیاوە جامانە سوورەکەتانەوە، تەنها شەڕێکمان بۆ بگێڕنەوە تابڵێین بەڕاستی پێشمەرگە بوون.
ئەوە تەنها ئێوە نین ئاوا سوکایەتی بەناوی پێشمەرگەوە دەکەن ، بەڵکو بنەماڵەی تاڵەبانیش ئەو هەموو مێژووەی کردە قوربانی سەرۆک کۆمارێکی کارتۆنی، کە دەسەڵاتی هەر لەسلێمانی داگیر کراودا هەیە. بۆ مێژوو پێشمەرگەکانی کۆمەڵە کە لە ناو یەکێتیدا بوون ئیستا ئەم پیاوانەی یەکێتی لە بەرەکەی دەخوات ، دەبوو ئەمانەش هەزاران پەیکەریان بۆ بکرایە، ئەو هەموو کەسە ئازایانەی کە شەهید دەبوون، جگە لە نامە و شیعرو فڵچەیەکی دان و چەند نامیلکەی سەنگەرگرتن و سەنگەر لێدان و ١٨ی برۆمێردی لیوس پۆناپارت و هۆنراوەکانی جوامێریی ئەوساو بەرگەکانی کۆمەڵە و سەعاتی هاوڕێ شەهیدەکەی و وێنەی هاوڕێ شەهیدەکانیان هیچیان لە دوای خۆیان جێ نەدەهێشت ، ئەوانە شایستەی پەیکەرن و ئەوانە پێشمەرگە بوون، نەک ئێوە، تۆی سەرۆکی سەری رەش، دەبێت ووشەی پێشمەرگەت لێبسەنرێتەوە، تۆ کەسێکی رووتیت، خۆت و بنەمالەکەت رابردوویەکی ناشرینتان هەیە، بە ناوی پێشمەرگە جوان نابن! ئێوە پێشمەرگەتان بە خۆتناەوە ناشرین کردووە، هیچی ترت پێ نییە باسی بکەیت، لەسەر لاکی رابردوو دەژین، رابردوویەک کە بە درۆ دروست دەکەن! ئەو ووشەیەش بۆیە هێندە بەکار دەهێنی و دووبارەی دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە خۆت و لە جامانەکەت ناشرینتری بکەیت. ئەو جلە خاکییە ئوتوکراوەی لە بەرتایە، سیمبوڵی کوردبوون و پێشمەرگایەتییە نییە، بەڵکو جلی کار و بازرگانییە!
ڕووسەکانیش فێربوون، وەکو مافیاکانی ئیتاڵیا پێتان رابوێرن، باشوری کوردستان بۆتە جێگەیەک هەرچی دنیا هەیە دەمی تێژەنیوە، کوردستان ئەمڕۆ لاکێکی ڕاوکراوی بەجێماوی شێرە، هەرچی دێت دەمی تێدەژەنێت، دێن و بەشی خۆیان لە نەوت و گا زو کانزاکان دەبەن ، لەکاتێکدا لەئەمەریکا کەسێک لە نێچیر دەپرسێ ئەی ئێوە ئەم هەموو نەوە هەراج دەکەن بیر لەنەوەی داهاتوو ناکەنەوە ؟ نێچیری دکتۆریش دەڵی چاوی نەوەی داهاتوو دەردەهات .
هەفتەی رابردوو چەند مافیایەکی ڕووسی لە بەرگی جۆراوجۆردا چونە حزوری تاڵەبانی و ناوێکی کۆمێدیان بە باڵایدا بڕی (پڕۆفیسۆری شەرەف) ئەی هاوار ئەمە مانی چییە؟ لە کوێدا ئەم ناوە هەیە خۆمن فەرهەنگی دنیای بۆ گەڕاوم ، کاتێک هەوالەکەم خوێندەوە، زەنگم بۆ برادەرێک لیدا و بۆم باسکرد، لە وەلامدا وتی: ئاخر تەنها خۆمان نەبێت، هەرچی بێگانەیە دەزانێت بارزانی و تالەبانی چیین! رووسەکان ئەوەیان بە تاڵەبانی داوە کە نییەتی! ئەو ناوەیان بە قەدییدا بڕیوە کە ٥٠ سالە بە دوایدا وێڵە و لە سەرۆک کۆمارییەکەشدا ئەوەندەی تر رووشانی! مرۆڤ کە شەرەفی نەبوو، بە رۆبێکی سوور و کڵاوێکی رەشی چوارگۆشەوە، نابێتە خاوەنی.
بۆ کۆتایی قسەکانم دەڵێم: ٥٠ ساڵ پێشمەرگایەتییەکەی بارزانی، پڕۆفیسۆر شەرەفەکەی تالەبانی، هیچ نییە، تەنها گەڕانی دوو کەسە بەدوای ناسنامەی خۆیاندا، ئەم دوو کەسە کە لە هەوڵی تێکشکاندنی کەسایەتیی کوردا بوون، ناتوانن لە دەرەوەی کەسایەتیی تێکشاوی کورددا، کەسایەتییەک بۆ خۆیان دروست بکەن، هەر هەوڵدانێک بۆ ئەوە، تەنها وەک ئەو زەنگوڵەیەیە، کە لە ئیتاڵیا کردیانە ملی مەسعود، لە خەڵکی گوندیی و لادییەکان بپرسن زەنگوڵەش دەکرێتە ملی چ گیاندارێک!
هەموومان ڕووسەکان دەناسین ، ژمارەی ئەو کوردانەش کەم نین، کە دکتۆرایان لە رووسیا وەرگرتووە، یان لە وڵاتەکانی دیکەی بلۆکی سۆسیالیست کڕیوە. بەداخەوە تاڵەبانی هێندەی نەماوە ، دەترسم سبەینێ دوای مردنی مۆزەخانەیەکی بۆ بکەنەوە و ئەو کڵاو و چەفتە پەمەیەشی بۆدابنێن و ناوی لێبنێن پڕۆفیسۆری شەڕەفی کورد دوورکەوتەوە و رۆیی.