ئەوەى لەتەنیشت كوورەبێ پڕیشكى ئاگری پێ دەكەوێ

Sunday, 08/06/2014, 12:00

1422 بینراوە






ئەو ڕووداوانەى چەند ڕۆژی ڕابردووى پارێزگای موسل و بەردەوامى پێكدادانەكان لەلایەك و دەستگرتنى داعش بەسەر چەند گەڕەكێكى گەورەى ئەم شارەو بێ هەڵوێستى و نەبوونى بەرگریەكى تەواو لەلایەن سوپا و پۆلیسەوە، زەنگی پەیامێكى مەترسیداری ڕاگەیاند كە دەكرێ لێكدانەوەكان بەم جۆرەى خوارەبێ:

1.كت و پڕ دەركەوتن و كۆبوونەوەی زیاتر لە سێ هەزار چەكداری دەوڵەتى ئیسلامى عێراق شام ناسراو بە (داعش) بە چەك و جبەخانە و جی پی سی و تەكنەلۆژیای سەردەم و پڕتاو پەلاماردانى ئەم شارە یان دەبێ دام و دەزگا ئەمنیەكان پشتیوان و هاوكاربن بۆ هاتنە ناوەوەیان یان ئەوەتە دام و دەزگاكان دەسەڵاتیان بەسەر ئەو شوێنانە ناشكێ و نایانەوێ خۆیان لەگەمەیەك بدەن ئەگەر تەواو دڵنیا نەبن ئاخۆ دەیبەنەوە یان نا؟

2.یان ڕێكخستێكى تۆكمە و مونەزەمیان هەیە لەكاتژمێری سفردا هەموو ئەوانەى خۆیان بەخەمخۆر و پاپشتى ئەو دەستەیە دەزانن ئامادەن بڕژێنە سەر شەقام و لەچوارچێوەى بانگەوازێكدا لەشوێنى مەبەست كۆ ببنەوە و چالاكیەكانیان ئەنجام بدەن.

3.سوپای ئێراق بەهەموو ئەو توانا لۆژیكى و تەقەنیەى سەربازییەوە هەیەتى ئەگەر هەر نەیەوێت قوربانى بەخۆی بدات وەئەگینە سەرەڕای ئەو پارە زەبەلاحەى لە ڕووى هەواڵگرییەوە خەرج دەكرێ، چۆن ناتوانن هەڵمەتێكى لەم جۆرە ئاشكرا بكەن و ڕێی لێ بگرن، هەرنا بەهەماهەنگى سوپا و دام و دەزگاكانى ئاسایش پێش هەر پەلامارێك بەر لەوەشاندنى هەر گورزێك، ئەوان گورزى خۆیان بوەشێنن.

4.سوپایەك بەو ئیمكانیەتە ماددەى بۆی دابین كراوە ئەگەر نەتوانێ ڕووبەڕووى گروپێك ببێتەوە كە ژمارەیان ئەوەندە زۆر نیە، ئاخۆ چۆن دەتوانێ سنوورەكانى خۆی لەبەردەم هەڕەشەكانى وڵاتانى دراوسێ بپارێزێ.

5.ئێراق لەلایەن وڵاتانەى دراوسێوە دەجووڵدرێ و ڕەنگە پڕیشكى ئەو ئاگرە دوای فەللوجە و موێڵ، هەرێمى كوردستان بگرێتەوە كە نزیكە لەو كوورەى ئەوەى لێی نزیكبێ پڕیشكى بەر دەكەوێ.

لەم قۆناغە هەستیارەدا كە تەنها لەماوەى چەند ڕۆژێك زیاتر لە پەنجا هەزار كەس ئاوارەببن لەم شارە و بەرەو شارەكانى هەرێمى كوردستان هەڵكشێن، لەوە دەبێ بەرچاو ڕوونبین ئەگەر هەمان شت لەهەرێم دووبارە بێتەوە ئەو خەڵكە بەش مەینەتیە ڕوو لەكوێ بكات و پەنا بباتە بەر كوێ.

ئەركى بەرپرسانى حكومەتى هەرێمە ئەو ڕووداوە بەبایەخەوە وەربگرێ و لەوپەڕی ئامادەباشی خۆیدابێت لەڕووى چاودێری كردنى سنوورەكانى و توندكردنى بازگەكان نەخاسمە ئەو شوێنانەى لێیە عەرەبی بەگومانیان لێوە دێتە ژوورێ.

كورد دەمێكە وتوویەتى پێش باران تاوە بەسەر خۆت دادە، هێشتا زووە بۆ ئەگەرەكان بەڵام درەنگە بۆ هەر حاڵەتێكى نەخوازراو كە ئومێد دەكەین هەرێمەكەمان لە ئاشووب و شەڕ و شۆی ئەو ڕووداوانە پارێزراوبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە