ئازاد کردنی ئاپۆ لەسەرکەوتنی پەیام و ئامانجەکەیەتی نەک ئازاد کردنی خودی خۆی لە زیندانی ئیمراڵیدا!

Friday, 21/03/2014, 12:00

1699 بینراوە






لە دیدی سیاسی و ڕۆشنبیری مندا، ئۆج ئالان، کارڵ مارکسی سەدەی بیست و یەکەمینە.

کارڵ مارکس، ئەو مرۆڤە بەتوانایە بوو، لەسەدەی نۆزدەیەمدا، توانی بەگژ کۆی فەلسەفەی پێش خۆیدا بچێتەوە و بە جیاواز لەوان، شیکردنەوەی تایبەت بدات. گەر کۆی فەلسەفەی پێش مارکس بەشیکردنەوەی بارودۆخیئ ئەوکات بشوبهێنین، ئەوا مارکس، هەر لەو ساتەی خۆیدا، کە گەشتبوە ئاستێکی خۆ لەسەر پێ وەستان، توانی بیسلەمێنێت، کە چیتر شیکردنەوەکان دادی ژیان نادات، هێندەی ئاڵوگۆڕ پێکردنی سیستەمی سیاسی کاری هەر ئێستایە، ئەویش لە وتە بەناوبانگەکەیدا بەرانبەر بە کۆی فەیلەسوفان کە گوتی(فەیلەسوفەکان تا ئێستا خەریکی شیکردنەوەی جیهانن، کە دەبوا کاریان لەسەر گۆڕانکاری جیهان بوایە) کارڵ مارکس و فردریک ئەنگڵسی هاوڕێی، ئەو دوو مرۆڤە خۆ نەویستە بوون، توانیان بەپێی لێکدانەوە واقعی و دوور لە بان سروشتیەکان، کۆی پەیامە نەگەیەنراوەکان ڕاست بکەنەوە و جیهان بینی فەلسەفەش، کە تایبەت مەنمد بوو بە دەستەیەک لە هەڵبژاردە، بگۆڕن بۆ دەست ڕاگەیشتنی کۆمەڵگا بەو فەلسەفەیە و، وە بەو گۆڕانە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەش کە پێداویستی ژیانی کۆمەڵگاکان دەستەبەر دەکەن، ئەوەیش لە ڕێگای یەکخستنی چینی بەرهەمهێنەری کۆمەڵگا- یانی چینی کرێکار، وە بەرپاکردنی شۆڕش، بۆ دابین کردنی ژیانی سۆسیالیزمانە، کە چیتر، کەس چەوساوە و چەوسێنەر نەبێت،، دژی ئەو چینە سەرمایەداریەی کە تەنها کاری قازانج خواردن و بردنە پێشی خواستە تایبەتیەکانی خۆیەتی(یانی چینی نەجیبزادە و خاونانی سەرمایە). فەلسەفەی سیاسی ئەوان، خۆی لە دابین کردنی بنیات نانی ژیانێکی یەکسانیخوازانەدا دەبینێتەوە، کە کۆتایی، بە خودی خاوەندارێتی تایبەت دەهێنێت و کۆمەڵگای دیموکرات خواز و سۆسیالیزم دادەمەزرێنێت، لە جێگای کۆمەڵگای چەوسێنەری سەرمایەداریدا.
لێرەدا ناتوانم بابەتەکە تایبەت بکەم بەخودی تایبەتمەندی کۆی فەلسەفەی ماتەریالیزمی دیالەکتیکی کە مارکس و ئەنگڵس داڕێژەرە سەرەکیەکەین، هێندەی مەبەستمە بڵێم، ئاپۆ، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردسدتان، لای من، ئەو کەسایەتیەیە، پڕ بە پێستی خۆی ، گەر مارکس و ئەنگڵس و لینین، ژیانیان لەسەرەتاکانی پێگەیشتنی سیستەمی سەرمایەداریدا، بردۆتە سەر، ئەوا بۆ ئاپۆ، ژیان کردنی لە تەواوی قۆناغێکدا بردۆتە پێش، کە نەک تەنها سەرمایەداری وەک سیستەم پێگەیشتوە، بەڵکو خودی قۆناغی ئیمپریالیزمیشی تەواو کردوە و، ئێستا پێی ناوەتە قۆناغی جیهانگیری گلۆبالیزمی، تەواوەوە. لێرەدایە، گەر مرۆڤ، نەک هەر کورد زمان، بەڵکو مرۆڤی میللەتانی دیکەش، گەر ئاپۆ لە ڕێگای فەلسفەفە مەزنەکەیەوە نەخوێننەوە، ئەوا ناچار دەبن، ئاپۆ، تەنها لە ڕێگای میدیاکانی سیستەمی شۆڤێنیستی تورکی و سیستەمی سەرمایەداریەوە بناسن و خودی خۆی و بزوتنەوە جەماوەریە مەزنەکەی وەک جوڵەیەکی تیرۆریستی بناسن! هەڵە گەورکە لێرەدایە. کاتێک کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش، تەنها لە ڕێگای میدیایی، سەردەستەوە، بزانن، کە بزوتنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، خاوەن چ ئەلتەرناتیڤێک و کامە پرەنسیپە. بێگومان، میدیایی، سەردەست، کە بڕوا پێکەری دەسەڵاتی چەوسێنەری سیستەمی سەرمایەداریە، ئەو بزوتنەوەیە، وەک بزوتنەوەیەکی تیرۆریست و دوور لە بەها مرۆییەکان پێناسەدەکات، چونکە ئەو خاوەن پرەنسیپێکە- دڕندانە نیە، کەوەک خودی سیستەمی حاکمی چەوسێنەر بێت.
من کەسێکم، دوور لە هەر جۆرە ڕقێک، خوێندنەوە بۆکۆی ئایدۆلۆژیەکان دەکەم، چ ئایدۆلۆژیایی، ئایدیالیستی بێت، چ ئایدۆلۆژیایی، ماتەریالیستی و لیبراڵی سەرمایەداری بێت. لێرەدا هیچ کات، تەماشای بەرژەوەندیە خود پەرستیەکانی خۆم ناکەم، ئەوەندەی بیر لە بەرژەوەندی کۆی کۆمەڵگاکان دەکەمەوە، مانای وایە لای من نەتەوە پەرستیش، دەچێتە قاڵبی خود پەرستیەوە. ئەمە، بیر کردنەوەیەکی ئایدیالی و خۆزگەیی نیە، هێندەی، بیر کردنەوەیەکی واقیع بینانەیە.
گەر لە خودی ئەو بەرنامە نامرۆڤانەیە بڕوانین، کە خودی ئۆج ئالان تێیدا کرا بە مەبەست و کۆی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل و ، تا دەگات بە وڵاتانی ئەوروپا، ئەو داڕێژەرە زەلیلە بوون، بۆ ئەوەی کەسایەتی ئاپۆ، دەستەمۆ بکەن و ناچاری بکەن تەسلیمیان ببێت و دواجار بیگرن، وە لە ساڵی ١٩٨٩ دا وڵاتی سوریا بەجێ بهێڵێت، ئامانجەکەیان، شکست پێهێنانی ئەو ئەلتەرناتیڤە بوو، کە ئۆج ئالان و بزوتنەوە سیاسیەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان شوێن هەڵگری بوون، (ئەمێستا دادگای بەناو مافی مرۆڤ لە ئەوروپا ڕەخنە لە دەوڵەتی تورکیا دەگرێت لەبەرانبەر زیندانی کردنی هەتایی، ئۆج ئالاندا، چونکە دەبینێت ملیۆنان لە مرۆڤی ئازادیخوازی کورد و نەتەوەکانی دیکەی جیهان بەرگری لەو مرۆڤەو بزوتنەوەکەی دەکەن، وە لەلایەکی ترەوە ئەوانی سەرانی ئەوروپا باش دەزانن، لە سبەی ڕۆژدا بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان دەکەوێتە ئەو سنورانەوە، بۆیە ئیستا خوازیارن هیچ نەبێت دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیا چاو بەو یاسایەدا بخشێنێتەوە و گۆڕانکاری تێدا بکات، تا بە قازانجی ئاپۆ بشکێتەوە.
خاوەنانی دەوڵەتانی ڕۆژ ئاوا هەمیشە دوو سەرەن و بەرنامەی مافەکانی مرۆڤ، تەنها بەپێی بەرژەوەندیەکانی خودی سیستەمەکەیان بەکار دەهێنن، نەک لەئەسڵدا لە خزمەت ئەو ئامانجە پیرۆزەدا، بن).
سیستەمی سەرمایەداری بەد ڕەوشت، بە گەلەکۆمەیەکی نێو دەوڵەتی، توانی لە ١٥/٢/١٩٩٩ دا، خودی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە ڕێگای قێزەونترین ڕەوشتیانەوە، بگرن و ڕادەستی دەوڵەتی فاشیزمی تورکیایی بکەنەوە. مەخابن، ئەم سیستەمە سەرمایەداریە قازانج پەرستیە، کە خودی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا تا دەگات بە دەوڵەتی ڕوسیە و دەوڵەتی چینی بەناو کۆمۆنیستی، هێند زەلیل و بچوک بوون، نەک هەر نەیان توانی بگەن بە ئامانجە سیاسی و ئامانجە بەدڕەوشتیە قازانج پەرستیەکانی خۆیان، بە پێچەوەانەوە، کاتێک بینیان، بە ملیۆنان، لە مرۆڤی زەحمەتکێشی کوردستان، دژی ئەو پیلانە نامرۆڤانەیە، ڕژانە سەرشەقامەکان، چیتر، لایان ڕوون بوو، کە گەمەکەیان، بە خۆ گێل کردن بوە، نەک بە پێکانی ئامانجەکانیان. ئەوانی خاوەنانی زلهێزانی سەرمایەداری، وا چاوەڕوانیان دەکرد، کە لەدوای ڕادەست کردنی ئاپۆ، چیتر، ئەو بزوتنەوەیە، شکست دەخوات. بە پێچەوەانەوە، نەیان زانی، ئەو مرۆڤە، تەنها ئامانجی، خود پەرستیەکانی خۆی نەبوە، لەوەی بگاتە مەنزڵی دانیشتن لەسەر کورسی چەوساندنەوەی مرۆڤەکانی ژێر دەستی، ئەوانی خاوەنانی بەرەڵایی قازانج پەرستی سیستەمی سەرمایەداری، ئابەم شێوەیە لە خودی ئاپۆ و بزوتنەوە جەماوەریە سیاسیەکەی تێگەیشتبوون، بە پێچەوانەوە، ئەو، کەسایەتیەک بوو، سەد دەرسەد، پێچەوانەی کۆی ڕەوشتی سیاسی سیستەمی سرمایەداریە.
ئاپۆ لەگەڵ بزوتنەوە جەماوەریە سیاسیەکەی، خاوەن ئەو ئامانجە پیرۆز و مەزنەن، کە بەرانبەر، کۆتا هێنان، بە سیستەمی چەوسێنەرانەی شۆڤێنزمی قەومی و سەرمایەداری، ئەلتەرناتیڤی، شارستانێتی دیموکراسیان هەیە، ئەم ئەلتەرناتیڤە، دەتوانێت، جێگرەوەی کۆی داهێنانە قازانج پەرستیەکانی سیستەمی چەوسێنەری حازر بێت.
من داوام وایە، لە کۆی خوێنەری کوردی، گەر خوازیارە، لە ماناکنی ژیان و کۆی فەلسفەی ڕابردوی مرۆڤەکانی پێش خۆی بگات، با بەبێ، دڵڕەقی، بچێت، ئەو پێنج بەرگەی مانیڤێستۆی شارستانی دیموکراتی، ئاپۆ بخوێنێتەوە، یان هیچ نەبێت، پەرتوکی مێژویەک لە ئاگر، بخوێنێتەوە، کە چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ، جەمیل بایکدا، ئەو کات، بۆی ڕوون دەبێتەوە، کە خەباتی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پێناو کام ئامانجدایە.
ئێمە گەر دوور نەڕۆیین، سەیرێکی ئەو پەروەردە سیاسی و کۆمەڵایەتیە بکەین، لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە، بەتەواوەتی دەتوانین تێبگەین، کە خەباتی سیاسی ئەو بزوتنەوە جەماوەریە لە خزمەت چ جۆرە چینێکی کۆمەڵگادایە، ئاخۆ ئەوان خەباتیان بۆ نەهێشتنی جیاوازیە چینایەتیەکانە یان خەباتیان بۆ سەپاندنی چینێکی کۆمەڵایەتییە بەسەر چینێکی تردا. من دەتوانم بڵێم، ئەوەی تەنها ئومێدێکی تێدا بێت بۆ ژیانێکی ئازاد و سەرفراز، تەنها، ئەو ئەلتەرناتیڤە واقعیانەیە، کە خودی ئاپۆ و بزوتنەوە سیاسیەکەی هەڵگرین، بەبێ، ئەو ئامانجە، من هیچ ئامانجێکی چەوسێنەرانە نابینم لەو بزوتنەوە جەماوەریە سیاسیەدا کە دوای سەرکەوتن، بڵێین، ئەوە دیسان کەوتینەوە نێو هەمان تەڵزگەی ڕابردووی سیستەمانی دوێنیوە، دواجار ببێتە، جێگای نائومێدی کۆی کۆمەڵگاش.
خاڵێکی دیکەی گرنگ لەنێو فەلسەفەی ئاپۆدا، ئەوەیە، تەواو دژی کۆی بنەما شۆڤێنی و نەتەوە پەرستی و ڕاسیستیەکانە، کە بەهای ئەو فەلسەفە و ئایدۆلۆژیانە، تەنها لای خاوەنانی خودی سیستەمی قازانج پەرستی سەرمایەداری و نەتەوە پەرست و دیندار پەرستەکاندایە. دواجار دەتوانم بڵێم، ئاپۆ، ئەو مرۆڤەیە، شایانی ڕێز و خۆشەویستی کۆی ئەو مرۆڤانەیە کە خەباتیان لە پێناو نەهێشتنی سیستەمی چەوسێنەرانەی نیزامی سەرمایەداریدایە، من دەتوانم بڵێم، ئاپۆ، کارڵ مارکسی سەدەی بیستویەکەمە، ئێوەش، چۆن لێکی دەدەنەوە ئازادن!!!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە