سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


33 هێلکه‌که‌ی بزوتنەوەی گۆڕان چەندیان پیس دەرچوو؟

Friday, 04/05/2012, 12:00

1711 بینراوە




 


ئەگەر وویستت تواناو هەڵسووکەوت و کردارى کەسێک تاقـــى بکەیتەوە،
ئەوا هێزى پێـــببەخشەو دەسەڵاتى پێبدە.
" لینکۆلن"

 
كاتێك ئینسان لە بازاڕ كۆمەڵێك هێلکه‌ ئەكڕیت نازانێت چەند لەو هێلكانە پیسن، بەڵام كاتێك ویستی هێلکه‌کان بەكار بهێنێت لە كاتی شكاندنیدا ئەزانێت چەندی پیس و بێكەڵك بوون و چەندیشی پاك بوون و بەكەڵك بوون. گۆڕانیش لەو 33هێلکه‌که‌ی هەیەتی لە پەرلەمانی بەغدا و كوردستان تا ئێستا سێ یان پیس دەرچوون وپێ ئەچێت لە داهاتوداچەند دانەیەكی تریشیان پیسبوونی خۆیان ئاشكرا بكەن.
بزوتنەوەی گۆڕان كە هەڵ قوڵاوی ناڕەزایەتیەكانی هاونیشتمانیانی كوردستانە دژ بە ستەمكاری دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی، بۆیە ئەو دەنگانەی كە دراوە بە گۆڕان موڵكی شەخسێك و دوان و هیچ تاقم و گروپێكی عەقڵی كۆن و نوێ نیە وكەس خۆی لێ نەبێت بەپاڵەوان و قارەمان وپۆز بەسەر خەڵكانی برسی و گیرفان بەتاڵی گۆڕانخواز لێبدات، بەتایبەتیش هەندێك لەئەندام پەرلەمانانەی گۆڕان لە بەغدا و كوردستان زۆرجار ئەبینین خۆیان بەمەغدور ئەزانن. بۆنمونە جارێك لە گەڵ ئەندام پەرلەمانێكی گۆڕان قسەم دەكرد زۆر خۆی بە مەغدور ئەزانی و ئەیگووت زەرەرم كردووە بوومەتە ئەندام پەرلەمان؟ وەكو ئەوەی لە بەغدا بەبێ موچە كار بكات و مووچەیەكی زەبلاح وەرنەگرێت،كە ئەگەر گۆڕان نەبووایە هەرگیز لە خەویشدا پەرلەمانی عێراقی نەدەبینی و مەگەر لە تیڤیەكانەوە سەیری بكردایە لە دورەوە. یان ئەندام پەرلەمانی گۆڕان هەیە لە پەرلەمانی كوردستان جارێك لەسەر فەیسبووكەكەی خۆی نوسیبووی خۆ من بۆ شەڕە پێڵاو نەچوومەتە پەرلەمانەوە و خەڵك بۆ داكۆكیمان لێناكات ئەو هەموو كارە باشەمان كردووە؟ وەكو ئەوەی سەری شێری بەگوێ بۆ خەڵك گرتبێت، یان ئەندام پەرلەمانی تریان هەیە لە چاوپێكەوتنێكدا ئەڵێت رۆژنامەنووسیەكەم باشتربوو لە ئەندام پەرلەمانیەكەم، باشە ئەگەر وایە بۆ دەست لەكار ناكێشیتەوە و ببیتەوە بەرۆژنامەنووس كە ئەوەی رۆژنامەنووس بێت ئەزانێت كاری رژنامەنووسی راستەقینە لەم وڵاتە چی بەڵاو مسیبەت و نەهامەتیەكە بۆی و چی پیشەیەكی قورس و گرانە، شتی والە هەندێك لە پەرلەمانتارەكانی گۆڕان ئەبیستی بەرد ئەهێنیتە وەڵام.
بورهانی ڕەشەی گوڵەی ئەندام پەرلەمانیش پاش بڵاوبوونەوەی دەست لە كار كێشانەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان فراكسیۆن، لەلێدوانێكدا بۆ یەكێك لە سایتەكان دەڵێت:بەڕاستی كەلتوری ئەم جۆرە خەڵكە سەیرە تادوێنێ چۆمە بەغداد و سكاڵام لەمەسعود بارزانی كردو هەزار ئەم سەروسەرمان كرد تا دەستور راپرسی لەسەر نەكرێت پیاوی چاك بووم، بریندار كرام پیاوی چاك بووم، چەندجار هەوڵی كوشتنم درا باسیشم نەكرد پیاوی چاك بووم، تاڵەبانی سكاڵای لەسەركردم لەسەر ئەوەی وتبووم چاكەی خەڵكی سلێمانی دەداتەوە و حەرسی رئاسەی جمهوری هاتوەتە بەردەركی سەرا پیاوی چاك بووم،كە لەسەرۆكایەتی هەرێم نوێنەری گۆڕان بووم بۆ كەیسی نانبڕاوەكان پیاوی چاك بووم، ئەمەو دەیەها كاری تر، بەڵام ئێستا ئەگەر بڵێم من ئەم گلەیی و رەخنەم هەیە دەنا وازدێنم ئەوە پیاوی خراپم.
ئەو قسانەی بورهانی رەشەی گۆڵە هەمان كەلتووری هەندێك لە پیاوە سەقەتەكانی شاخە كە بە ناوی پێشمەرگایەتی و شۆڕش گێڕیەوە هاتنە ناو شارەكانەوە سەروەت و سامانی خەڵكیان بەتاڵان بردوە و خەڵك تیرۆر و ئەشكەنجە ئەدەن و ئەرز و ئاسمانیان داگیركردوە، كەچی هێشتا منەتیش بەسەر خەڵكی كوردستانەوە ئەكەن و ئەیانەوێت خۆیانمان لێبكەنە قارەمان و پاڵەوان و خەڵكیش بكەنە كۆیلەی خۆیان كە ئەگەر یاساو قانون هەبوایە لە كوردستان، ئەبوایەجێگایان زیندان بوایە نەك سەركورسی دەسەڵات، ئەگەر بورهانی رەشەی راست دەكات خەمی بزوتنەوەی گۆڕان فراكسیۆنەكەیتی و خەمی گیرفانی خۆی نیە، ئەی بۆ لە ئەندام پەرلەمانیەكەش دەستی لەكار نەكێشایەوە ئەگەر راستبێژە و خەمی خەڵكێتی؟ هەرچەندە ئەوەش ئاشكرایە بۆ ئێمەیەل كە ئەندام پەرلەمانیەكە مام پوڵی تێدایە بۆیە دەست لەكار ناكێشێتەوە و فراكسیۆنەكە و بزوتنەوەكە مام پوڵی تێدا نیە بۆیە دەستی لەو دووە كێشاوەتەوە.
ئەندام پەرلەمانەكانی بەدەپە لە كوردستانی باكور درعی بەشەری درووست ئەكەن و پێش خۆپیشاندەران ئەكەون و سەرو گوێلاكیان ئەشكێنرێت و زیندانی و ئیهانەی دوونیا ئەكرێن، بەڵام رۆژێك هیچ كەسێك گوێ بیستی یەك ئەندام پەرلەمانیان نەبووە كە پۆز بەسەر خەڵكەوە لێبدەن و منەتیان بەسەردا بكەن بڵێن چی و چیمان بۆكردن، بەڵكو ئامادەن لە پێناوی خەڵكدا بكوژرێن، كەچی هەندێك لە ئەندام پەرلەمانەكانی گۆڕان كە لە كەناڵی كەی ئێن ئێنەوە خۆیان بینیەوە قسەی زلیان ئەكرد و خەڵك لەرقی یەكێتی و پارتی خۆشیانی ئەویست و تەلەفۆنی بۆیان ئەكردن، ئیتر بۆخۆی زۆر لە خۆیان گۆڕان و پێیان وایە كە فریشتەیەكن خودا بۆ گۆڕان خوازانی ناردوون و رزگاریان ئەكات لە دەرد و نەهامەتی و ناعەدالەتی.
لە دوونیای مۆدیرن ودیموكراسیدا بەرپرسیارێتی بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن و خۆ بەزل زانی نیە، بەڵكو بۆ ئەوەی كە تۆ تاقەت و توانایەكت هەیە ئەتەوێت لە پێناوی گەلەكەت خەرجی بكەیت و خزمەتی هاونیشتمانیەكانتی پێ بكەیت، كەچی لە كوردستان بەرپرسیارێتی بۆ خۆ دەوڵەمەند كردن و خۆ بەزل زانیە و ئەیانەوێت خەڵك بەمێگەل بكەن و خۆشیان شوانەكەیانبن و چۆنیان بوێت لێی بخوڕن.
جارێك پێشمەرگەیەكی دێرین باسی لەوە ئەكرد كە كاتێك لەپێشمەرگایەتی كەسێك تاقەتی نەدەبوو ئەی ویست تەسلیم بێتەوە، ئیتر لە بچوكترین بەهانە ئەگەڕا بۆ ئەوەی خۆی بتۆرێنێت و تەسلیمی بەعس ببێتەوە، ئێستاش لە ناو گۆڕاندا ئەوانەی كە خاوەنی فیكر و بیركردنەوە و تازەگەری نین و بۆ پۆست و پلەو پایە هاتوونەتە ناو گۆڕانەوە و كاتێك ناگەنە تەواوی ئاواتە بێ كۆتایەكانی خۆیان، ئیتر بەهانەیەكی ئەدۆزنەوە و ئەچنە ئەو شوێنەی كە خواستەكانی تریانی بۆ فەرهەم دەكات.
یەكێك لە كێشەكانی سەركردەی حیزبەكانی كورد ئەوەیە كە هەمیشە خەریكی گەورەكردنی ئەو كەسانەن كە دڵسۆزنین و خاوەنی عەقڵ و مەعریفە و بیركردنەوەی مۆدرینانە نین، ئەو كەسانەی كە بەدڵسۆزیەوە كار ئەكەن و ئەیانەوێت ئەو تاقەی هەیانە سەرفی بكەن لە پێناوی هێنانە دی خواستەكانی خەڵكدا كەچی ئەو كەسانە هەمیشە لە پەراوێزدان و ئەكرێنە پەیژە و خەڵكی نەفام و گەوج و ماستاوچی و دووڕوو بەسەریاندا سەر ئەخرێنە سەرەوە. ئەو سەركردە سیاسیانەی حیزبەكان بەوانەی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە هەمیشە حەزیان لەو كەسانەی كە دوو روو و درۆزن و ترسنۆك و ماستاو ساردكەرەوەن،هەر بۆیشە ئەو كەسانە بەدڵسۆز و خەمخۆری خۆیان ئەزانن و متمانەی تەواویان پێ ئەبەخشن و پۆست و پلەو پایەیان پێ ئەبەخشن.كاتێك ئەوانەی لەكاتی تاقیكردنەوەیاندا لە بەرپرسیارێتی توشی شكستیش ئەبن، كچی لە شوێنێكەوە بۆیان پینە ئەكرێت و هەمدیس لەدەرگایەكی ترەوە ئەیان هێننەوە و بەرپرسیارێتی یان ئەدەرێتێ، لەبری ئەوەی ئەو شكستخوارد و یەلكە پیسانە فڕی بدرێنە تەنەكەی خۆڵەوە كەچی خواردنی لێ دروست ئەكەن و دەرخواردی خەڵكی ئەدەن، ئیتر كێشەیان ئەوە نیە كۆمەڵگا بەو خواردنە پیسە توشی چی نەخۆشیەك ئەبێت، موهیم ئەوەیە لەوكاتەدا بەو یەلكە پیسە برسیەكان تێربكەن، بەڵام دواتر كە رقی خەڵك ئەگاتە چڵەپۆپە و ئەتەقێتە لە داخی ئەو ماستاوساردكەروانە و دوو روو درۆزنان و یەلكە پیسانە، ئەوجار ئەو سەركردانە ئەزانن كە چی هەڵەیەكی كوشندەیان كردووە.
لەئێستادا زۆرێك لە دەم راستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەهەمان عەقڵیتە كۆنەكە كار ئەكەن، چونكە كەرستەی كۆن شتی كۆنی لێ بەرهەم ئەهێنرێت، كەرستەی تازەیش ئەتوانێت شتی تازەی لێ بەرهەم بهێنرێت، ئەوەی لە ناو گۆڕان ئەبینرێت ئەوانەی خۆیان بەدەم راستی ئەزانن هەمان كەرستە كۆنەكان بەكار ئەهێنن بۆ سیاسەت، هەربۆیشە شتی كۆنیش بەرهەم ئەهێنێت كە ئەمان گەڕێنێتەوە بۆ دواوە نەك بۆ پێشەوە. واتا ئەوەی لە ناو ئەندام پەرلەمانەكانی گۆڕان و مەكوكان روو ئەدات بەتەنها خەتای ئەوان نیە بەڵكو خەتا و تاوانی ئەم گوێ نەگرانەی سەرگردەكەشی تێدایە كە بە رەخنەگرتن هەیانە توشی شەكرە و زەخت ئەبن و بە ئاژاوەگێڕو دووژمن و فرەبڵێت لە قەڵەم ئەدەن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە