چالاکی تۆڕێکی سیخوڕی پاراستن لە سلێمانی! کاریان چییە و خەریکی چیین؟!

Sunday, 03.02.2014, 12:00

4592 بینراوە


مەبەست لە بوونی دەستگای هەواڵگریی، تەواوکەر و پاراستنی ئەو سیستەمەیە کە دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی پێ بەڕیوەدەبرێت، بەبێ بوونی دەزگای هەواڵگریی هیچ سیستەمێکی ئیداریی وڵاتێک ناتوانیت بەڕیوەبچێت. ئەگەر ولاتێک دەستگایەکی هەواڵگریی تایبەت پاریزگاری لێنەکات و لە مەترسی دەرەکی و ناوخۆ نەیپارێزێت،  رێگا لە کاری تیرۆریستیی و فەساد و پیسخۆری نەگرێت، ناتوانێت سەقامگیر و بەردەوام بێت. بە واتایەکی تر دەبێت  کاری ئەم دەستگایانە پاراستنی ئاسایشی ناوەوەی وڵات، پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانی و پاراستنی ئەو سیستەمە بێت، کە وڵات و دەوڵەت بەڕێوە دەبات، بۆ نمونە لە ئەمەریکا دەستگای هەواڵگری ئەمەریکی (CIA) ، ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی  (NSA) ،  هەروەها  FBI ، کە تا رادەیەک رۆڵی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانی هەیە.
ئەو وڵات و دەوڵەتەی پێی دەگوترێت ئەمەریکا، کە ئەمڕۆ لەسەر پێ خۆی راگرتووە، بەهۆی ئەم دەستگایانەوە ماونەتەوە، لە بەریتانیاش دەزگای هەواڵگری بەریتانی (M.I.6) و خزمەتگوزاری ئاسایش (M.I.5) ، لە روسیاش (FSB)، لە ئیسرائیل موساد، لە تورکیا میت، لە ئێران ئیتیلاعات، ... هتد. هەروەک چۆن ئێسکی لەشی مرۆڤ بە پێوە دەوەستێنێت و راوەستاوە، دەتوانین رۆڵی ئەو دەستگایانەش بەو شێوەیە بۆ پێکهاتەی کۆمەڵگا و سیستەمی وڵاتەکە پێناسە بکەین، ئەو دەستگایانەی لەسەرەوە ناویان هاتووە حیزب دروستی نەکردوون (جگە لە روسیا کە دروستبوونی (FSB) مێژووەکەی بەستراوە بە KGB وپارتی کۆمۆنیستی رووسیەوە، بەڵام پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەی روس لەسەرو حیزبەوە راگیراوە). هاولاتییەکی ئەمەریکی، ئینگلیز، روس، جولەکە، ئێرانییەکی ئیسلامی، تورکێکی کەمالی، تا رادەیەک رێزی تایبەتی خۆیان بۆ ئەو دەستگایانەی وڵاتی خۆیان هەیە، دەزانن بۆ چ ئامانجێک دروست بوون و  چ ئەرکێکی گەورەیان پێ سپێردراوە.

کوردستان، تا ئیستا وەکو دەوڵەت بوونی نییە، تەنانەت لە دوای دروستبوونی هەرێمی کوردستانەوە، مەرجەکانی بوونە نەتەوەبوونیشی کەوتۆتە گومانەوە، پارتیی و یەکێتیی ئەو هەرێمە بەڕیوەدەبەن، ئامانج و ستراتیژێکی تایبەت بە دەوڵەتی کوردیی، تەنانەت، کوردبوونیشیان نییە، بە پراکتیک کوردیان وەک نەتەوە پێناسە نەکردووە، خاکی کوردستانیان وەک مێژووەکەی لە عێراق جیانەکردۆتەوە، هەرێمی کوردستان، لەناو دەوڵەتی عێراقدایە، هەروەک چۆن ویلایەتێکی ئەمەریکی لەناو وڵاتی ئەمەریکادایە، تەنها لە رووی ئیدارییەوە کۆمەڵێک یاسای تایبەت بە خۆی هەیە، هەرێمی کوردستانیش لە عێراقدا ئاوایە، وەزیرێکی هەرێمی کوردستان کاتێک بیەوێت پرۆتۆکۆلێک لەگەڵ وڵاتێکی دیکەدا واژوو بکات. دەستەڵاتی وەزیرێکی عێراقی نییە، بۆیە هەڵە و ناحاڵییبوونە ئەگەر زۆر کەس پێی وابێت لە دوای راپەڕین، کورد بە مافی خۆی گەیشتووە و هەرێمێکی سەربەخۆی هەیە، بە پێچەوانەوە لەسەردەمی حوکمی سەدام و پێشووتریشدا کورد و باشووری کوردستان، نەتەوەیەکی تێکشکاو و نیشتیمانەکەی (باشور) سێ پارچە نەبوو. ئەرکی دەستگا هەواڵگرییەکانی پارتیی و یەکێتیی، بەپێچەوانەی سروشتی دەستگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی تر، رەفتاریان کردووە و دەیکەن، چونکە مێژووەکەیان ئەوە دەڵێت کە دەبێت ئەمە بکەن، کە ئیستا دەیکەن، نەک وەک ئەوەی بەرژەوەندی گەلی کورد دەخوازێت ئەوە بکرێت.

ئەو دەستگا هەواڵگریانەی لە کوردستاندا بوونیان هەیە، دروستکراوی دوو حیزبی دەسەڵاتدارن، ئەو دوو حیزبەش دوو بنەماڵە بەڕیوەی دەبەن، هەر لە سروشتی بەڕیوەبردنی ئیدارەی هەرێمدا دەردەکەوێت، کە دەستگا هەواڵگرییەکانیش ئامانجیان تەنها پاراستنی بنەماڵە و حیزبە، نەک پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوە و نیشتیمان. کاتێک مەسعود بارزانی لە ٣١ / ٨ / ١٩٩٦ دا سوپای بەعسی کرد بە هەولێردا، بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەمەریکی وتی: ئەگەر من ئەو کارەم بکردایە، یەکسەر پاسەوانەکەی خۆم دەیکوشتم، پاسەوانەکەی کلینتۆن کارمەندێکی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا بوو، ئەو پاسەوانە ئەرکی ئەوە نییە تەنها پاسەوانی گیانیی سەرۆکی وڵاتەکەی بێت، بەڵکو ئەرکێکی گەورە و پیرۆزتری هەیە، ئەویش پاریزگاری خاک و نیشتمانی ئەمەریکا و پاراستنی بەرژەوەندیی گەلی ئەمەریکییە.

لە هەرێمی کوردستاندا پارتیی و یەکێتیی دوو دەستگای هەواڵگریی تایبەت بە خۆیان هەیە: دەستگای زانیاریی، دەستگای پاراستن، هەروەها دەستگای دژە تیرۆر و دەستگای ئاسایش.

دەستگای زانیاریی:
لە ئێران دروست کراوە، لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی ئێراندایە و سەرپەرشتی دەکات، مەرجی کارکردن لەم دەستگایەدا ئەوەیە کە دەبێت ئەو سیخوڕە یەکێتیی بێت. زۆربەی ئەندامانی ئەم دەستگایە مەیلیان بەلای بنەماڵەی تالەبانییشدا هەیە، لە هەمانکاتدا سەر بە ئیتیلاعاتی ئێرانیشن و زانیاریی بە ئێران دەدەن، بۆ نمونە ئێران داوای چییان لێ بکات دەبێت بەجێی بهێن،  وەک تەسلیمکردنەوەی هەر کوردێک، بەتایبەتی کوردی رۆژهەڵات، یان بە دوو قۆڵی تیرۆرکردنی هەر کەسێکی تر کە بزانن لە دژی بەرژەوەندی و سیاسەتی ئێران کار دەکات.

لە پاڵ ئەو کارانەی سەرەوەدا دەستگای زانیاریی، هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر هاوڵاتیانی کورد و هەڵسوکەوت و تاقیکردنەوەی زمان و ژیر زمانی خەڵکی، تا بزانێت چۆن بیردەکەنەوە، زۆربەی ئەو زانیارییانەی، کە ئێران تەنانەت وڵاتانی تر وەکو ئەمەریکا، تورکیا، ئیسرائیل یان هەر لایەنێکی تر پێویستیان پێی بێت ئەمان پێیان دەفرۆشنەوە. فرۆشتنەوە بەو مانایەی، زۆربەی کارمەندانی دەستگای زانیاریی، کار بۆ ئەو لایەنانەش دەکەن و پەیوەندییان هەیە، لە پێناو بڕێ پارەدا زانیاریی پێویست کۆدەکەنەوە و دەفرۆشن.
ئەرکێکی تریشیان، لە سنوور دەسەلاتیاندا کۆکردنەوەی زانیاریی لە سەر حیزبەکانی دیکەیە وەک پارتی، گۆڕان، ئیسلامی و حیزبەکانی تر.
دەستگای زانیاریی، زیندانی تایبەت بە خۆی هەیە، لەوێدا کاری ئازاردان و کوشتن و شاردنەوەی لاشەی گیراوەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت. هەر کەسێک لەگەڵ ئەم دەستگایانەدا کار بکات، ناتوانێت دەست لە کار بکێشێتەوە و واز بهێنێت، خاڵی وەستان و کۆتایی، یان گەڕانەوە نییە، وازهێنان واتە تێداچوون و لەناوبردن. ئەم دەستگایە وەک دەستگای پاراستن  لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی پارتییدا چالاکیی سنوردارە ، بەڵام پارتیی بە پێچەوانەوە رێگای پێدراوە و چالاکترە.

دەستگای هەواڵگری پاراستن:
ئەرکەکانی ئەمیش هەروەک دەستگای زانیارییە، لەگەڵ تورکیادا پەیوەندییان تۆکمەتر و بەهیزترە، هەروەها لەبەر ئەوەی مێژووی دەستگای پاراستن ئەوەش دەخوازێت، کە هاریکاری ئیتیلاعاتیش بکات و لەگەڵ ولاتانی دیکەشدا دەست تێکەڵ دەکات. ئەم دەستگایە مەنسوری کوڕی مەسعود بارزانی بەڕێوەی دەبات، بەو واتایەی تەنها لە پێناو خزمەتی بنەماڵەی بارزانییدایە، نەک کورد، ئەم بنەماڵەیەش لە خزمەتی داگیرکەر و دوژمنانیی کورددان. دەستگای هەواڵگری پاراستن لەگەڵ دەستگای زانیاریی، هاریکاریی و لێکنزیکبوونەوەیان هەیە، ئەویش لەو خاڵەدا یەک دەگرنەوە، کە بۆ خزمەتی داگیرکەر و دوژمنانی کورد، زانیاریی لەسەر هاوڵاتیانی کورد ئاڵوگۆڕ دەکەن، دانانی خەسرەو گوڵمحەمەد بە جێگری مەسرور بارزانی بۆ ئەو مەبەستە بوو.

دەستگای دژە تیرۆر:
هەمان کاری دەستگای زانیاریی بەڕێوە دەبات، تەنها جیاوازییەک، هەبێت، ئەویش ئەوەیە، کە ئەم دەستگایە راستەوخۆ سەر بە بنەماڵەی تالەبانییە و دەستکراوەیە بۆ کوشتن و بڕیین و تیرۆرکردنی ناحەز و نەیارانی بنەماڵەی تالەبانیی، هەرچی زانیارییەک لە نێو دەستگای زانیارییدا هەیە، ئەمان لەبەر دەستیاندایە و بەکاری دەهێنن، ئەوانەی لەناو ئەم دەستگایەدا کار دەکەن، کەسانی پیاوکوژ، بێ ویژدان و خوێن ساردن، ئاستی خوێندەورایی و هەستی نەتەوەییان نییە، زیاتر عەشایریانە بیردەکەنەوە و رەفتار دەکەن، بۆیە هەر ئەرکێکیان پێ بسپێردرێت، بێ سێ و دووکردن ئەنجامی دەدەن، یەکسەر دەمامکی خۆیان دەکەن تا نەناسرێنەوە، پیسترین کاری قێزەوەندیی نامرۆڤانە ئەنجامی دەدەن، لە کاتی پشوویاندا خەریکی خواردنەوە و رابواردنن تا ئەو کاتەی فەرمانێکیان بۆ دەردەچێت وەک هەڵقەلەگوێیەک بەجێی دەهێنن، جگە لە کوشتن و بڕین هیچ ئەرکێکی تریان نییە.

پارتیی و دەستگای پاراستن چالاکانە لەناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی یەکێتییدا، لە سلێمانی و کەرکوک، بێ ترس و بێخەم کاری خۆیان ئەنجام دەدەن، چەندین تۆڕی نهێنییان هەیە، هەر یەکە کاری تایبەتی خۆی پێسپێردراوە.

کوردستانپۆست توانی زانیاریی لە سەر یەکێک لەو تۆڕانە بەدەست بهێنێت، کە ماوەیەکی دوور و درێژە لە سلێمانیی و کەرکوک و ناوچەکانی تر سیخوڕی بەسەر هاوڵاتیان و نووسەر و رۆژنامەنووسانەوە دەکەن، موو نەرم و کەوییان دەکەن بۆ پارتیی.

کەسێک، کە وەک کادیرێکی لقی ٢١ی پارتیی خۆی بە کوردستانپۆست ناساند، چەند زانیارییەکی لە سەر تۆڕێکی ترسناکی دەزگای پاراستن لە سلێمانی ئاشکراکرد، لە توێی ئەو زانیارییانەدا ناوی چەندین کەسی تێدایە، سەرەتا ئەوەشی باس کرد، کە بەهۆی ئەوەی بنەماڵەی بارزانی و پارتیی قایمکار و نهینی پارێزن، بەڵام حاڵی پارتیی و بنەماڵەی بارزانی لە یەکێتی نیشتیمانی باشتر نییە، بە قسەکانییدا ئەوەی درکاند، وتی: گەرەنتیتان دەدەمێ، ئەگەر حاڵ وا بڕوات و چەند مانگێکی تر خەڵکی کوردستان بێ مووچە بێت و حکومەتی مالکیی ئاوا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات، پارتی بە فویەکی مالکی دەکەوێت، چونکە بنەماڵەی بارزانی مەستی دەسەڵات و پارە و دزیی و رابواردنن، ئاگایان لە خۆیان نەماوە، بەنمونە من، کە کادیرێکی چالاکیی ئەو حیزبەم و لە ناو دەزگای پاراستندا کار دەکەم، ئیستا بڕوام پێیان نەماوە، فەسادیی و بێ متمانەیی، هەروەها تەپیین و داڕوخانی موراڵ و ئەخلاق سەرتاپای رێکخستنەکانی ناو پارتیی گرتۆتەوە، کەس متمانەی بەکەس نەماوە.

ئەو تۆڕەی کە لە سلێمانی زۆر چالاکن ئەمانەی خوارەوەن:


یەکێک لەوانەی، لەناو ئەو تۆڕەدا کار دەکات، ناوی ستیڤان شەمزینییە، ناوی تەواوی ئەم کەسە: ستیڤان ئه‌حمه‌دی سه‌ید عه‌لی، كۆنه‌ كۆمۆنیسته‌، هەر له‌ رادیۆی كۆمۆنیستەکانەوە لە سەرەتای نەوەدەکاندا، كاری كردووه‌. پرۆفایلی ئەم کەسە ئەگەر هەڵبدەمەوە، ئاوای تێدا نووسراوە:
باوكی سه‌ره‌تا شیوعی و پاشان بوو به‌ پارتی، له‌ به‌شی پاراستن كاری دەكرد‌. بنه‌ماڵه‌ی ستیڤان هه‌موو پارتین و چه‌ندین كه‌س له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی كار بۆ پاراستن ده‌كه‌ن. خوشکی ستیڤان هاوسەری هیوا ئەحمەد مستەفایە، کەم کەس ئەمەی زانیوە، کە تا دوای ١٧ی شوبات بەرپرسی لقی چوار بوو لە سلێمانی، خوشکێکی تری لە فڕۆکەخانەی هەولێر بەناوی نەقیب دالیا ئەحمەد سەید عەلی لە بشكنین و ئاسایشی فڕۆکەخانەی هەولێر وەك چاودێرێكی پاراستن كار دەكات.

ستیڤان تا پێش ١٧ شوبات هەر بە نهێنی کاری دەکرد و کاری تەنها ئەوە بوو، دەچووە ناو خەڵکەوە و پەیوەندیی بە نووسەر و رووناکبیر و هونەرمەندانەوە دەکرد، تا دەمیان تاقی بکاتەوە و بەردەوام راپۆرت بەرزبکاتەوە بۆ دەزگای پاراستن، ماوه‌یه‌ك وه‌ك نووسه‌رێکی سه‌ربه‌خۆ خۆی پیشان دەدا.
ئەو سەرچاوەیە هاتە سەر باسەکە و وتی: لە دوای ١٧ی شوبات گۆڕانکارییەکی گەورە لە نێو لقی چواری پارتیی رووی دا، ئەمەش بە گواستنەوەی هیوا ئەحمەد مستەفا دەستی پێکرد، ستیڤان شەمزینی پلەی عەقیدی لەناو پاراستندا هەیە،  دەزگای پاراستن هیوا ئەحمەد مستەفا و ستیڤان شەمزینی دەرمانخوارد کرد، تا ئیستا روون نییە هۆی ئەم دەرمانخواردنە چییە، هیوا ئەحمەد مستەفا و ستیڤان شەمزینی لە یەک کاتدا بە پەلە سەفەری دەرەوەی کوردستانیان کرد و چوونە نەمسا، لەوێ دەرکەوت، کە هەردووکیان دەرمانخوارد کراون، لە نەمسا توانیان چارەسەریان بۆ بکەن، هەرچەندە تەندروستی هەردووکیان تا ئیستا زۆر باش نییە، ئیتر پاراستن دوای ئەو هەوڵە وازی لێهێنان. ئەوەی سەیر و جێگای گومانە، هەردووکیان لەناو پاراستندا ماون و کاری خۆیان دەکەن.

ستیڤان ماوه‌یه‌ك چووه‌ گرده‌كه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاودێری و زانیاریی وەرگرتن لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان، پەیوەندیی راستەوخۆی بە هێمن هه‌ورامی، شه‌ماڵی گومرگ و عیسمه‌ت ئەر‌گوشییەوە هەبوو. باش ماوەیەک لە گردەکە گومانیان لێکرد‌ ناچار گرده‌كەی‌ جێبهێڵت، دەستی کرد بە نووسین دژی بزووتنەوەی گۆڕان، تا وا دەربخات، وه‌ك نووسه‌رێکی سه‌ربه‌خۆ لێیان دوورکەوتۆتەوە.


  کادیرەکەی لقی ٢١ی پارتی وتی ستیڤان شەمزینی لە ژێر چاودێری پاراستندا گەلێک چالاکی ئەنجامداوە، بۆ نمونە له‌ ساڵی 2006 كردیان بە‌ رابه‌ری خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانی، کارێکی وای کرد، له‌ كۆتایشدا هەموو نوێنەرەکانی برده‌ لای مه‌سعود بارزانی. ئامانجیش له‌مه‌ ته‌نیا ناشرینكردنی ئیداره‌ی سلێمانی ئه‌و كاته‌ بوو.

  له‌ (گۆڤاری نێوه‌ند)ه‌وه‌ ئیشی بۆ پاراستن ده‌كرد و هەموو جارێك مانگانه‌ بڕی 2000 دۆلار له‌ لقی چوار بۆ گۆڤارەکە سەرف دەکرا، بێجگه‌ له‌ یارمه‌تی و موچەی خۆی، کە بە‌ پله‌كه‌ی عه‌قید بەرپرسی تۆڕێکی فراوانە.

  لە سلێمانی لە مه‌لا به‌ختیار و هێرۆ برایم ئەحمەد نزیكایه‌تی هەیە. ته‌نانه‌ت له‌ گۆڤاره‌كه‌ی ئێستاشی، كه‌ شه‌ماڵی گومرگ پاره‌كه‌ی ده‌دات بایه‌خێكی زۆر به‌ مه‌لا به‌ختیار ده‌درێ، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌موو سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی تێدا سووك دەکرێت، جگه‌ له‌ هێرۆ و مه‌لا به‌ختیار. زوو زووش ده‌عوه‌ته‌ لای هێرۆ.

ستیڤان پەیوەندیی بە عومه‌ر فارسی كوردستان نێتەوە هەیە و سەرپەرشتی سیاسەتی سایتەکەی بۆ دەکات. فەتاح رەباتی، کە لە چەند مانگی رابردوودا ناوی کەوتە نێو میدیاکان، چونکە نەوشیروان مستەفا و د..بەرهەم و کۆسرەتی لە ماڵی خۆیدا بەیەک گەیاند، ستیڤان شەمزینی توانی وا لە عومەر فارس بکات، پەیوەندیی بە فەتاح رەباتییەوە بکات، تا لەو بارەیەوە روونکردنەوە بۆ سایتەکەیان بنووسێت و بتوانن وەک سەرەتایەک دەرگایەک بۆ دەستگای پاراستن بکرێتەوە.، بەڵام فەتاح رەباتی زیرەکانە، خۆی دوورخستەوە.

بۆ ئیستا و له‌م دوو هه‌فته‌یه‌ی دواییشدا ستیڤان و ئه‌سعه‌د عەلی به‌ فه‌رمانی عیزه‌دین به‌رواری و وه‌هاب عه‌لی له‌ كاری حیزبایەتی ته‌جمید كراون، عیزده‌ین ده‌یه‌وێ هه‌ردوكیان ده‌ربكات، به‌ڵام شه‌ماڵی گومرگ و بروسكه‌ نوری شاوه‌یس ده‌یانه‌وێ ئه‌و بڕیاره‌ به‌ عیزده‌ین بگۆڕن. هۆكاری ده‌ركردنیشیان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە دوو جار ئاسایشی یه‌كێتی له‌سه‌ر قومار له‌ قومارخانه‌كانی سلێمانی ده‌ستگیری كردوون. هه‌روه‌ها تاوانبارن به‌وه‌ی به‌رده‌وام هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر عه‌بدولوه‌هاب عه‌لی و هه‌ڵۆی ئه‌حه‌ سمێڵ و فازیلی مه‌لیح و حه‌سه‌ن جه‌باری.


ئەسعەد عەلی

ئه‌سعه‌د عه‌لی:
خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ و له‌ ساڵی 2000 به‌دواوه‌ هاتۆته‌ سلێمانی و پاشان په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌وە (جه‌ماعه‌تی عه‌بدوڵڵا موهته‌دی)، دواتر به‌نهێنی   پاراستن هاوكاری کرد بۆ دەرکردنی رۆژنامەیەک به‌ناوی (بۆچون) له‌ ساڵانی 2006-2007 لەوێوە بوو بە ئەندامی دەستگای پاراستن. دوای ماوه‌یه‌ك به‌فه‌رمانی پاراستن لەگەڵ ستیڤاندا چوونە گرده‌كه‌. ستییڤان رۆیشت  و ئه‌سعه‌د له‌ گرده‌كه‌ مایەوە، له‌ (كه‌ی ئێن ئێن) و (سایتی سبه‌ی) ده‌ستی به‌كار کرد، به‌ڵام له‌ژێره‌وه‌ كاری بۆ پاراستن دەکرد، له‌گه‌ڵ شه‌ماڵی گومرگ و عه‌مید سه‌رحه‌د له‌ په‌یوه‌ندییدا بوو، دوایی گومانی لێکرا و دوور کەوتەوە، پاش ماوه‌یه‌ك  (ئێن ئاڕتی) بوو بە به‌رپرسی به‌شی په‌یامنێران. له‌وێش زانیاریی دەنارد بۆ عه‌تای شێخ حه‌سه‌ن و فه‌ره‌یدون جوانڕۆیی و شه‌ماڵ، دواتر كه‌ له‌ (ئێن ئاڕتی) پێی ده‌زانن ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ناو پارتی و ئێستاش ئه‌ندامی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنه‌ له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی.

ئه‌سعه‌د و ستیڤان هاوڕێی گیانی به‌ گیانین، رۆژانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ن له‌ چایخانه‌ی شه‌عب، گه‌شت و پیاسه‌ و مێزی خواردنه‌وه‌یان به‌یه‌كه‌وه‌یه‌، هاتوچۆی خێزانیان هه‌یه‌ و ماڵه‌كانیشیان نزیك یه‌كتره‌.

پله‌‌ی ئه‌سعه‌د عه‌لی، عه‌قیده‌ له‌ناو پاراستن و به‌شێوازی مامه‌ڵه‌كردنیدا دیاره‌ پارتی زیاتر گرنگی به‌ ئه‌سعه‌د دەدات وه‌ك له‌ ستیڤان، چونكه‌ ستیڤان پیاوێكی میزاجییه‌ و نه‌خۆشی هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌سعه‌د نهێنی پارێز نییه‌، كێشه‌ و ناكۆكی زۆری هه‌یه‌، ئه‌سعه‌دیش له‌ روی رۆشنبیریی و سیاسییه‌وه‌ به‌تواناتره‌ له‌ ستیڤان. هاوكات ئه‌سعه‌د و ستیڤان هەمیشە پشتی یه‌ك ده‌گرن، به‌تایبه‌ت كێشه‌یان له‌گه‌ڵ عه‌بدولوه‌هاب عه‌لی و حه‌سه‌ن جه‌باری و ئه‌شواق جاف و دانای جه‌زای عه‌لی كاتب و هه‌لۆ كوردەدا‌ هه‌یه‌. ئه‌سعه‌د و ستیڤان پێكه‌وه‌ له‌ سیته‌ك باخێكی شه‌ریكایه‌تییان هه‌یه‌، كه‌ شوێنی خواردنه‌وه‌ و رابواردن و قومار و جاسوسی و بنكه‌یه‌كی پاراستنه‌.

ئه‌سعه‌د عەلی وه‌ك سه‌رپه‌رشتیار ده‌ستی باڵای هه‌یه‌ له‌ گۆڤاری شه‌پۆل و زۆربه‌ی بابه‌ته‌كانی ئه‌و گۆڤاره‌ به‌ فلته‌ری ئه‌ودا تێده‌په‌ڕن. جگه‌ له‌وه‌ش له‌ ئێستادا ئه‌سعه‌د به‌ فیعلی رۆڵی سه‌رنووسه‌ری شه‌پۆل ده‌گێڕێت، چونكه‌ ستیڤان هه‌میشه‌ نه‌خۆشه‌.

ژنه‌كه‌ی ئه‌سعه‌د به‌ناوی شه‌یدا خان تا ئێستا بێژه‌ری كه‌ناڵی (كه‌ی ئێن ئێن)ه‌ و رۆژانه‌ له‌ شاشه‌وه‌ ده‌رئه‌كه‌وێت.

گروپه‌كه‌ی ستیڤان و ئه‌سعه‌د عەلی ئه‌مانه‌ی خوارەوەن و هەریەکەیان چەندین باوەرپێکراوی تری هەیە و کاریان بە پلەی یەکەم کۆکردنەوەی زانیارییە لەناو گۆران و ئیسلامیەکان و میدیاکانی سلێمانی:

1- بایز میراوده‌لی:
خاوه‌ن ئیمتیازی گۆڤاری شه‌پۆله‌ و پاراستنێكی دێرینه‌، زیاتر له‌ ستیڤانەوە نزیكه‌.

2- سانه‌ عەساف سەفار:
ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی قوڵی له‌گه‌ڵ ستیڤان هه‌یه‌ و له‌ ستافی سایتی ماڵ پرێسه‌.

3- تارا بایز ئاغا:
ئه‌مه‌ش پاراستنێكی ناسراوە و په‌یوه‌ندی به‌تینی له‌گه‌ڵ نه‌زهه‌ت حالییدا هه‌یه‌

4- هۆشیار ئاغا:
ئه‌مه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌یی سلێمانی كوردستان تیڤیه‌ و له‌ ئه‌سعه‌ده‌وه‌ نزیكه‌.

5- سۆزان كوردی:
له‌ ئه‌مه‌ریكا هاتۆته‌وه‌ و كاندیدی پارێزگای سلێمانی و دۆستی ئه‌سعه‌ده‌.

6- میدیا جه‌مال:
ناسراو به‌ میدیا هه‌ورامی. ئه‌مه‌ پێیه‌كی له‌ ئه‌مه‌ریكا و پێیه‌كی له‌ سلێمانی و دۆستی ستیڤانه‌.

7- سۆرانه‌ ره‌ش:
ئه‌مه‌ قاچاخچیه‌ و یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی ئاماده‌یه‌ بۆ تیرۆری خه‌ڵك.

8- ئارام ناوێك له‌ شاری كه‌ركووك:
زانیاری له‌سه‌ر بنكه‌كانی گۆڕان بۆ ئه‌سعه‌د عه‌لی كۆ ده‌كاته‌وه‌.

9- ره‌نج بێكه‌س:
ناوێكی خوازراوە كه‌سێكه‌، لە گردەکەیە و  زانیاریی بۆ ئه‌سعه‌د ده‌نێرێت.

ئەمانەش پەیجی تایبەتی پێنج کەس لەو نۆ کەسەیە، کە لەسەرەوە ناویان هاتووە  زۆربەیان دانیشتووی سلێمانین:


تێبینی:
زۆر لە ئەندامان و کادێرانی پاراستن بۆ خولی فێربوون و هونەریی سیخوڕی دەچنە تورکیا و لەوێ دەرسیان دادەدرێت، زۆربەیان دووسەرە کاریش بۆ میت دەکەن، ستیڤان شەمزینی تا ئیستا چەند جارێک بۆ تورکیا چووە و هاوبەشی خولی سیخوڕیی کردووە. ئیستا کتێبیکی نووسیوە بەناونیشانی کورد و تورک، لە ململانێی مێژووییەوە بۆ بەرژەوەندیی هاوبەش.


کوردستانپۆست هەندێک وێنە و زانیاری دیکەی لەلایە، کە لەلایەن ئەو کادیرەوە نێردراوە، ئیمە بە باشمان نەزانی بڵاویان بکەینەوە.