ڕۆژێكیش بۆ كەركوك

Sunday, 17/06/2012, 12:00

1364 بینراوە




هەمووان ڕۆژێكیان هەیە بۆ خۆیان، كورد ڕۆژێكى لە ڕۆژەكانى ساڵى هەیە بۆ ئەوەى بیر لەخۆى بكاتەوە، توركمان ڕەنگە لەڕۆژێ زیاترى هەبێتو عەرەبیش لەوان زیاتر، هەر كەس بیر لە خۆى دەكاتەوە، هەندێ جار ئەم جۆرە لە بیر كردنەوە بەرەو لاڕێمان دەبات، وەك ئەوەى كە تەقینەوەیەك دەبێ جارێ لە شوێنى تەقینەوەكە دەپرسین، كەكەسێك دەڕفێنرێ یان تیرۆ دەكرێت جارێ لە ناسنامەكەى دەپرسین،
 لێرەدا ئەوەى ڕۆژێكى نییە،كەركوكە كەركوك لەنێو زەناى بیركردنەوەى خود پەرستانە، كەركوك وەكو هەتیوى بەركڕێوەى بەفر دێتە بەرچاو، ئەمە پەیوەندى بەئاكارى مرۆى بوونمانەوە هەیە، دەشێت لە نێو ئەو هەموو بیركردنەوە پەرتەدا كەركوك خۆیمان لەبیر بچێت، لەیەك ساڵى ڕەبەقدا ڕۆژێك بۆ كەركوك، ئەمە دەكرێ دروشمو بانگەوازى هەموومان بێت، ڕۆژێك هەمووان كەركوكیانە بیر بكەینەوەو پێِكەوە گۆرانى بۆ كەركوك بڵێین، بۆ شارێك كە هەر نەوتو قەڵاو خانەقاو تەكیەو شوێنەوارى نییە، بەڕادەیەك دەوڵەمەندەكە بۆ خۆى لە فەرهەنگێكى گەورە دەچێت ...
فەرهەنگێك بۆ ئاشتى چوار شێوەى جیاو بۆ خۆشەویستى چوار جۆرى جیاى هەیە، كەم شوێنى دنیا ئەم دەوڵەمەندییەى پێبڕاوە، مەگەر داغستانەكەى شێخ شامیل ئەویش بەو چیرۆكەى ڕەسوڵى هەمزاتۆف لە "داغستانى من"دا دەیگڕێتەوە، ئەگەر یەك ڕۆژ ، تەنیا یەك ڕۆژ لەساڵێكدا بەسەر كاڵاى نەتەوەیىو مەزهەبىو حزبیى بوونماندا چەترى كەركوكى بوون هەڵبدەین ، دەكرێ كەركوكێكى تر نیشانى دنیا بدەین ، كەركوك شارێكى توركمانی یان عەرەبى یان كوردستانى بێتو لە كەلاوەو وێرانەیەكى مەزن بچێت، كەى مایەى ئەوەیە خۆمانى پێوەبابدەین، ئەكرێ بیر لەوە بكەینەوە كەركوك كەركوكى هەموومان بێت، كەركوكى هەموو پێكەوە، دوور لە سڕینەوەى یەكترو زڕكردنى خەونەكانى یەكتر،وەك ئەوەى كە بەعس لە كاتى خۆیدا كارى لەسەر ئەوە دەكرد، دنیاى دواى بەعس، دنیاى خۆجیاكردنەوەیە لەبەعسو دنیاى خۆنیشاندانە بەو جیاوازیانەوەى هەمانەو دەكرێت ببێتە خاڵى بە هێزى سەركەوتنمان لە ژیاندا، دنیاى دواى بەعس دنیاى بیر كردنەوەیە لە دروست كردنى شار بۆ هەموو پێكهاتەكان، دنیاى تێكشكاندنى ئەو بتانەیە كەڕێى شار لە ڕەجەبەكان وون دەكەن، ئەو ڕەجەبانەى بەعس ناسنامەى مرۆیى لێ داگیر كردبوون، شار هى ئەوكەسانەیە كە لەخەمیدانو دەیانەوێو ئارامو ئاسودە بێتو سەرنشینەكانى پێكەوە هەڵبكەن، شار زۆر ئەستەمە هى ئەوانە بێت كە ناتوانن تەواوى شار بە هەموو جیاوازییەكانییەوە ببینن!!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە