هەرکەسێک نەتوانێت بە (زمانی دایکیی) خۆی بنووسێت و بخوێنێتەوە، ئەو کەسە نەخوێندەوارە


من سەرۆكم..سەرۆك دەمرێ

Tuesday, 08/10/2013, 12:00

1124 بینراوە




كێ هەیە خۆی لەبەر تووڕەیی ڕەشەبای مردن بگرێ و بڵێ: من نامرم.. من پۆستى سەرۆك وایلێكردم نەمرم..ئەو پارەو پوولەى بەدزى و فزى و بەقۆڵبڕین و لەسەر حیسابی ئەم و ئەو لەسەر یەكم كەلەكە كردووە و بانقەكانى ئێرە و ئەوروپام پێی ئاوەدان كردۆتەوە، هەموو ئەو سامانە زۆر و زەبەندە ناهێڵێن بمرم.. هەموومان كاتێك دەڵێین: مردن برا گەورەیە، كەچی خۆمانى بۆ ئامادە ناكەین.. كاتێ پۆستێك وەردەگرین و دەچینە سەر حازربەدەستى كورسیەكە، هەرزوو تا لەدستمان نەچێ و بۆ هەتایە بۆ خۆمانى بكەینە میرات و پشتاو پشت بۆ نەوەكانمانى جێ بێڵین، خۆمان بەكورسیەكەوە شەتەك و گرێ دەدەین و هەتا بۆمان بلوێ بەسیكۆتین و لەزگیەكى ئەوتۆی دەبەستینەوە كەس زاتى ئەوە نەكات لەڕاستماندا پێ بەخواری دانێ و هەر كەسێ ببێتە هەڕەشە بۆ لابردنمان، گۆبەندێكى وای بۆ دەنێینەوە بە تایەى مردن ڕازیبێ، ئاخر قەت لەوە ناخۆشتر نییە لەسەر كورسیت لاببەن و تۆیش بەزیندوێتی ببینى كەسێكى دیكە هاتۆتە جێگەكەت یان دەبێ لەو پێناوەدا بجەنگى، یان دەبێ بەو واقیعە ڕازیببی و زەقەى چاوتبێ، نا، نەگونجاوە من ببمە سەرۆك و ڕۆژێ دابێ بمرم، ئاخر پۆستەكەم ئەو پەناگەیە لەهەموو دوژمنێ دەمپارێزن.. پارە و پوولەكەیشم شورایەكی پۆڵاینە بۆ بەرگری لە هەموو ئەوانەى بیانەوێ زەفەرم پێ ببەن و مردنم پێ نیشان بدەن، ئاخر من تا سەرۆكبم بەناوهێنانى مردن دەسڵەمێمەوە، ڕق و كینەم لەهەموو ئەوانە دەبێتەوە كە ناوى مردنم لەلادا باس دەكەن، تەنانەت حەزم بەچارەى نزیكترین كەسی خۆم نییە كە دەبینم دەمرێ و ژیانئاوایم لێ دەكەن.
من كە سەرۆكم، دەرد و پەتا و نەخۆشی ناتوانێ تەنگم پێ هەڵبچنێ، ئەوە پارەیە لەسەر ڕۆخ و كەناری مەرگم دوور دەخاتەوە، بەپارە و پۆست باشترین دكتۆر دەگرم، دەچمە باشترین خەستەخانەكانى دونیا و قوربانى بەهەموو ئەوانە دەدەم كە لەبەر دەستمدان و هەمووی دەبەخشمەوە بۆ ئەوەى نەمرم..ئاخر بۆ بمرم لەكاتێكدا دەوڵەمەندیەكەم لە ئیفلاس بووندا كەوتن نیە و جارێكى تر هەڵدەستمەوە، ئەوە دەستڕۆیشتووی منە ئەگەر پارە لەشتێ سەرف بكەم، دەبێ لەیەكێكى دیكەدا بەگەندەڵیشبێ جێی ئەو پارەیە بەدووقات بكەمەوە، ئەى بۆچی سەرۆكم ئەگەر نەتوانم قۆڵی ئەم و ئەو بەبێ بەنج ببڕم؟ مردن بەلامەوە ئەو ئەفسانەیە لەهیچ شتێ ناچێ مەگەر ئەو خەونانەى دەیبینن و وادەزانن ڕاستیە كەچی لەواقیعدا ئەو تەڕاویلكەى بیابانە كەسی تێنوو هەر بۆی دەڕوا و هەر نایگاتێ.
نابێ مردن بۆ كەسی دەوڵەمەند و سەرۆك بوونى هەبێ، ئەوانەى دەیانەوێ بەمردن بمانترسێنن هێشتا لە زگى دایكیانن و هیچ لەژیان تێناگەن، من ئەگەر بزانم مردن هەیە تف لەكورسیەك دەكەم لەخۆباییم بكات و هەموو پۆست و پلەوپایەك بەنەفرەت دەكەم لەكاتێكدا ئامادەم لە پێناویدا شەڕی براكوژی بەرپا بكەم و سكى هەموو ئەوانە هەڵبدڕم كە داوام لێ دەكەن باوەڕ بەدەستاودەستى دەسەڵات بكەم و وابەسووك و سانایی كورسیەكەمیان ڕادەست بكەم، چیم داواتە گەندەڵی ئەگەر بزانم دەمرم خڕكردنەوەى ئەو هەمووە پارەى بەنایاسایی لەسەر حیسابی ئەو گەلە ڕەش و ڕووتەى پێكمهێناوە دەقەیەك زووتر چیە دەچم هەموو قاسەكان دەشكێنم و سەروەت و سامانەكەم بەسەر خەڵكە عەیام و ڕەش و ڕووتەكە دەبەخشمەوە هەرنا بەم كارەم هەست بەئارامى بكەم و بەئاسوودەیی چاو بنێمە سەر یەك و ختوورەى ئەوەم بەدڵدابێ كە ئیشێكى باشم كردووە و لەدوای خۆمدا كەسانێ هەن دوعام بۆبكەن و بەفەخرەوە باس لەجوامێری و سەروەری و بەخشندەییەكانم بكەن، دڵنیاشم جگە لەو كفنەى بەباڵامى دەبڕن، هیچێ موڵكى من نین و پارە و سەروەت و سامانەكەم تا ئەو كاتە هی من بوو كە لەلام بوون، وەلێ ئێستا خاوەنى یەك فلسی سوتاو نیم، خاوەنى هیچ بڕیارێ نیم، ئەگەر تا دوێنێ بڕیاری نابەجێم دەدا و بەناهەق مافی كەسانێكم بەسەر كەسانێكى دیكە فەرز دەكرد و نادادپەروەر و خۆپەرست تەنها بەرژەوەندی خۆم و دارودەستەكەم لەبەرچاو دەگرت، بەمردنم نە دەنگم دەردەچێ و نەكەس گوو بەكڵاوم دەپێوێ وەك ئەوەى هەرگیز لەم ژیانەدا هیچ نەبووبم و سەرۆك نەبووبم.
ئەگەر بزانم دەمرم، لێپێچینەوەم ڕەگەڵ دەكرێ قەت ئەوەندە خۆم بەزلزان نەدەزانى و لووتم لەحەوا نەدەكرد و ببڕای ببڕ فەرمانم بەدارودەستەكەم نەدەكرد هەڵبكوتنە سەر ئەم و ئەو، داركاری ئەم و ئەو بكەن و هەموو ئەوانە تەمێخواردوو بكەن كە دەیانێ بێنە سەر ڕێم و ڕێم لێ بگرن، بێگومان پەشیمانم و فەرمانم نەدەدا كەس بفڕێنن و تەرمەكەى بەكوژراوى لێرەو لەوێ فڕێ بدەن.
دوای تەمەنێ هەڕەتى لاوێتیم بەڕێ كرد، بیرم لەمردن و لێپرسینەوەى ڕۆژی دوایی نەدەكردەوە.. كامڵ بووم و پۆستە و پلە و پایە ناخی نەهەژاندم بیر لەمردن بكەمەوە و لەترسی ڕاگرتنم لەو ڕۆژەى كەس بەهاواری كەسەوە نایێ تا خراپە نەكەم و دادپەروەری بەرقەرار بكەم و ئاشتەوایی بڵاوبكەمەوە، هەمووان لەسایە و سێبەرى فەرمایشتەكانمدا كەس كەس نەچەوسێنێتەوە و هەمووان وەكو یەك خێزان ژیان بەڕێوە ببەن.. كە پیریش بووم هێشتا خۆم بە گەنجێكى هەرزەكار دەزانى مردن گۆچانى دەستى لێ نەدەدزیم نەتوانم شەقاوێ بۆ پێشەوە هەڵبگرم و هێشتا چاوم قایم بوو وام دەزانى سەرۆك و پلەو پایە و سەروەت و سامانى دونیا مردنم دوا دەخەن لەكاتێكدا مردن نە گەورە و بچووك دەناسێ و نەحیساب بۆ كەسی هەژار و دەوڵەمەند دەكات كە مۆری ئەجەل لەناسنامەى درا، خۆی لەهەموو شتەكان بپارێزێ ناتوانێ خۆی لەمردن ڕزگار بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست