گەر دەتانەوێ قەیرانى 48ملیۆنەكە بەكۆتابێ، ئەم پێشنیارە لەكوردستان پۆست بخوێننەوە

Saturday, 02/11/2013, 12:00

1385 بینراوە


بۆ تەواوی حزبەكانی ناو پەرلەمان:

گەر دەتانەوێ قەیرانى 48ملیۆنەكە بەكۆتابێ، ئەم پێشنیارە لەكوردستان پۆست بخوێننەوە



لەوەتەى دەنگۆی 48ملیۆن دینارەكەى دوا پاداشتى پەرلەمانتارانى خولی سێیەم بووە بنێشتە خۆشەى سەر زاران و ئەوەندەى لێرە و لەوێ لەسەریان نووسی و گرینگى بابەتەكە بەجۆرێ تەواوى پەنتاییەكانى میدیای كوردى تەنى، لەوەوە پێشنیارە جوانەكان، نووكى تیژی خامەى مرۆڤە بوێرەكان بەلەدەرگادان و تاوتوێكردنى ئەو مەسەلەیە هەر بەنیوە چڵی مایەوە و هێشتا هیچ لایەنێ بەتەواوى نەكۆخی و نەهاتە سەر خەت تاوەكو شێرئاسا بنەڕێنێ و هەڵوێستى یەكلاكەرەوەى خۆی لەبارەوە بدات و دڵی هەواداریان بۆ ئەو پرسە هەستیارە خۆش بكات تاوەكو بۆ هەموو لایەكى دەربخەن و خۆیان بێ پەروا ئاشكرا بكەن كە ئەوانن خەمى جەماوەر و میللەتەكەیان لەكۆڵ دەنێن و پەرۆشی دادپەروەری و یەكسانین بۆ سەرتۆپی كۆمەڵانى خەڵك.

جا ئەوەى تێبینى دەكرێ شارەزایانى بواری ژمێریاری و ئەوانەى لەلیژنەى دارایین و بەدواداچوون بۆ چۆنیەتى داهات و خەرجیەكان دەكەن، ئەوانە بەشێكیان وای دەبینن لەچاو دیار نەمان و جێ نەكردنەوەى بڕێكى زۆری دارایی و بزر بوونیدا، ئەو 48ملیۆن دینارە دڵۆپێكە لەدەریای ئەو پارەو پولانەى بەهەدەر دەدرێن كە ئەسڵەن هەر هی ئەوە نییە لەچاو شتە دیار و زەق و زەبەلاحەكاندا قسەى لەسەر بكەن، ئەوەیش بۆ ئەوانە جێ دێڵین كە لەم بوارەدا پسپۆڕ و پڕۆفیشناڵی ئەو بوارەن.

قسە هەزارە و دوانى بەكارە، لەم سەكۆیەوە ڕایدەگەینم بۆ بەكۆتاهاتنى هاوڕا و هەڵوێستەكان لەمەڕ ئەم پرسەدا:

یەكەم: ئەگەر هەر حزبێك خۆی بەنوێنەری ڕاستەقینەى خەڵك دەزانێت، با ئەو پارەیە ڕەت نەكاتەوە، ڕەنگە لە ڕەتكردنەوەیدا ئەو پارەیە ببێتە بەردی بن گۆمان و بەشێوەیێ لەشێوەكانى كەسانێ هەبن دەستى موبارەكیان بگاتێ بیخۆن و زۆر بەجوانیش جێی بۆ بكەنەوە، بێ ئەوەى كەس هەست بەهیچ بكات.

دووەم: ڕاگەیاندن چاوى خەڵكە لەدیتنى شتەكاندا(بەهەر دوو دیوى ڕاستى و چەواشەكاری)، بۆیە سەربەرزى لەوەدایە دوای وەرگرتنى ئەو بڕە پارەیە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە لەرێو ڕەسمێكى شایستەدا هەر حزبێك كە نیەتى ئەوەیە نەكەوێتە بەر نەشتەری ئەو قەیرانە و لۆمە و سەرزەنشت نەكرێ، با بەبەر چاوی تەواوى میداكانەوە یەك لەدوای یەك ئەندام پەرلەمانەكان پارەكەیان بێنن و لەسندۆقێكدا كە پێش وەختە ئامادەیان كردبێ پارەكەى بیخەنە ناو.

سێ یەم: لە لێدوانێكدا بۆ دام و دەزگاكانى ڕاگەیاندن، سەرۆكى ئەو فڕاكسیۆنە كۆی ئەو بڕە پارەیە بۆ ڕای گشتى ئیعلان بكات كە ئەندام پەرلەمانەكان وەریانگرتووە و خستیویانەتە ناو سندوقەكە.. ئەوجا باس لەوە بكات كۆی ئەو داهاتە لە چ پڕۆژەییەكى خزمەتگوزاری خەرج دەكات.

چوارەم: ئەنجامى پڕۆژە جاڕدراو دوای تەواو بوونى هەر لەڕێی میداكانەوە نیشانى خەڵك بدرێ بۆ متمانە و دڵنیایی و ڕاستگۆیی كارنامەى ئەو حزبە تا هەموو تەم و مژەكانى قسە و قسەلۆكەكان بڕەونەوە وەكو ئەوەى: ئەو شتەی ئەو حزبە كردیان بۆ چاوبەستەكى خەڵك بوو..بەو شتەیان سیناریۆیەكى جوانیان نمایش كرد.. ئەو پارەیان خوارد و ڕاستیان نەپێكاو ...هتد.

پێنجەم: دەكرێ هەر حزبێ بەشێوازى تایبەتى خۆی پڕۆژەیەكى خزمەتگوزاری پێشكەش بكات و بەو پارەیە ئەنجامى بدات.

شەشەم: هەقە لەو دیدگایەوە خەڵك وشیارانە مامەڵە لەگەڵ حزبەكان بكات، نەخاسمە ئەوانەى خۆیان بە پێشەنگ دەزانن و ئامادە نین یەك قرۆشی لێ بگەڕێننەوە.

حەوتەم: هیوادارم بەم پێشنیارە ڕوحی كێبڕكێ لەنێوان حزبەكان دروستبێ لەپێناو ئەوەى كامەیان پڕۆژەى جوانتر و گرینگ پێشكەش دەكەن كە لەوەشدا ئەگەر بۆ تەمویلی پڕۆژەكان حزبەكان پارەى خۆیانى بخەنە سەر، هێندەى دیكە ڕووحی ململانێ بۆ كاری ناوازە و پوختەكان زیاد دەكات و هەموو هەوڵەكانیش بەخۆشحاڵیەوە لەلایەن خەڵكەوە ستایش دەكرێ و دەبیتە خاڵی وەرچەرخان تا لەو ڕێیەوە خوێندنەوە بۆ ئەو حزبە بكات

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە