بۆچی پارتی خۆی لە شەنگاڵ کشاندۆتەوە؟

Monday, 12.29.2014, 12:00

1196 بینراوە


پەیامنێری کوردستانپۆست / هەولێر
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە هەولێرەوە هۆکاری کشانەوەی چەکدارەکانی پارتیی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: لە راستییدا ئەوەی لە تەلەفیزیۆنەکان نمایش دەکرێت، تەنها بۆ داپۆشین و شاردنەوەی کۆمەڵێک نهێنییە، پارتی بە کردار هەوڵی رزگارکردنی شەنگالی نەداوە، لێرە و لەوێ، هەندێک رووداوی وەک کوشتن و شەهیدبوونیش دەبیسترێت، زۆربەیان ئەوانەن، کە لوغمێکیان پێدا دەتەقێتەوە، یان بێئاگا و بە متمانە بە راگەیاندنەکانی کوردیی و تەلەفیزیۆنی رووداو، پێیان وایە داعش لەو شوێنەدا نەماوە، ئیتر دەکەونە بەر رەحمەتی قەناسەی داعشەکان، کە لە کەمیندا خۆیان بۆ مەڵاس داون.
سەرچاوەکە ئەوەشی باسکرد، لەملاشەوە پەیوەندیی پارتیی و داعش و تورکیا، ئەوەش دەردەخات، کە بۆچی پارتیی بە پراکتیک هاریکاریی رزگارکردنی ناوچەکانی شەنگال و ئەو شوێنانە ناکات کە داعش هێرشیان بۆ دەکات، بەتایبەتی هەوڵی چوونە ناو شەنگال، سەرچاوەکە دەڵێت، گوایە داعش هەڕەشەی لە مەسعود بارزانیی کردووە، بەبیانووی ئەوەی لە سەر ئەو رێکەوتنەی کە لە عەمانی پایتەختی ئەردەن بەستویانە، مەسعود بەجێی ناهێنێت و کەمتەرخەمی تێداکردووە، بۆیە لە بەرامبەرەوە داعش هەڕەشە دەکات، بەوەی کۆمەڵێک لەو نهێنیانە بە ڤیدیۆ ئاشکرا دەکات، ئەو بەڵگانە پەیوەستن بە یارمەتییدانی مەسعود بارزانی لە گرتنی موسڵ و پەلاماردانی شەنگال و کۆبانێ.
بەم بۆنەیەوە سەرچاوەکە، لە زمانی کەسێکی نزیکی بنەماڵە لە سەری رەش، ئەوەی ئاشکراکرد، کە مەسعود ماوەی دوو هەفتەیە باری دەرونی تەواو نییە، کەسە نزیکەکانی خۆیان جگە لە هەڕەشەی داعش، هۆکاری دیکەش باس دەکەن، گوایە دوای سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا، پەیمانی ئەوەی لە تورکیا وەرگرتووە، کە پارەی بەرپرس و سەرکردەکانی کورد، لە بانکەکانی تورکیا بوەستێنێ، هەروەها کێشەی نێوان مەسعود و مەسرور و نێچیرەڤان بەردەوام لە زیادبووندایە، مەسعود لەمە زۆر بێتاقەت بووە.
هەرچۆنێک بێت، پێدەچێت لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا کۆمەڵێک نهێنی شاراوەی بنەماڵەی بارزانی بکەونە روو، بۆ نمونە سەردانی عەلی لاریجانی سەرۆكی شورای كۆماری ئیسلامی بۆ سەری رەش و ئاشکرابوونی ئەو كۆشەكەی بارزانی، کە پێی خۆش نەبووە وێنەی بگیرێت، کە لەلایەن وێنەگرێکی تایبەتی ئیتیلاعاتەوە گیراوە، مەسعود نەیتوانیوە رێگری بکات، ئەمەش بە مەبەستە، کە دەیانەوێت هۆشداری بە بارزانی بدەن، ئەگەر زیاتر پێهەڵبهێنیتەوە ئیمپراتۆرییەکەت هەڵوەشێنینەوە.