کۆمونیکاسیۆن

Monday, 30/04/2012, 12:00

5016 بینراوە


هەر لە سەرەتای ژیانی مرۆڤەوە پێش 200,000 ساڵ (دەربارەی تەمەنی مرۆڤ تیۆری جۆراوجۆر هەیە) مرۆڤ بە کۆمەڵ پێکەوە ژیاون و سیستەمێکی کۆمەڵایەتییان پێک هێناوە و بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی ژیانی ڕۆژانەیان گەلەکۆمەکێ و هاوکارییان لە ناو یەکدا کردووە. ئەم سیستەمی پێکەوە-ژیانە ڕەوتێکی تایبەتی بووە کە تێیدا هەڵسوکەوتی ئەندامکان و مامەڵەکردنیاین لە گەڵ یەکدا لە ڕێگای ئێتیکێتێکی دیاریکراو و کۆد(رمز- Code) ی تایبەت ساز و دەستنیشان کراون. گرنگترین کەرەسەی ئەم کۆدانە زمانە (واتە قسەکردن). پاشان هەڵوێستی لەش و جوڵاندنی ئەندامەکانی لەش و شێوەی گۆڕینی دەم و چاو و لووت و ناوچەوان و شتی تر نەخشێکی(دور- Role) گرنگ دەبینن لە ئەم هەڵسوکەوتی ژیانی ڕۆژانەدا. ئەم هەڵسوکەوت و مامەڵەکردن و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان یەکدا پێی دەوورێت "کۆمونیکاسیۆن".

کۆمونیکاسیۆن وەکو ڕەفتار زۆر گرنگە بۆ هەڵسوکەوتی مرۆڤ لە نێوان یەکدا لە بواری ژیانی خێزانداری ، هاوسەری، کار و پیشە، دۆستایەتی، فێرگە و خوێندگە (مدارس و جوامع) هەروەها لە بواری سیاسەت و کاری پەرلەمانتاری و میدیاسازی. هەروەها وەکو زانستیش ئەم واژەیە جێگایەکی پتەوی خۆی هەیە و ناوەڕۆکێکی مەزن بۆ زانستە جۆراوجۆرەکان پێک دەهێنێت. بۆ نموونە زانستی دەروونناسی (psychology)، کۆمەڵناسی (sociology)، زمانناسی (linguistics)، کۆمونیکاسیۆنی نێوان کولتوری (intercultual communication) و زانستی میدیاکان (media studies) و زۆر زانستی تر خۆیان بە کۆمونیکاسیۆنەوە خەریک دەکەن و بگرە زانستێکی تایبەیش هەیە بە ناوی زانستی کۆمونیکاسیۆن.

ئەم بابەتە لە کوردستاندا و بگرە لە تەواویی ڕۆژهەڵات و ووڵاتانی جیهانی سێهەم وەکو زانست بە هەستەکی نەناسراوە و بایەخیشی پێ نەدراوە. وەکو ئامێرێکیش بۆ ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕاهێنانی مرۆڤ بۆ مامەڵەیکی دروست و دوور لە بەکارهێنانی زۆر لە گەڵ یەکتردا هەر هیچ سودی لێ وەرنەگیراوە. جا بۆیە بە پێویستی دەزانم ئەم ئامێر و ئەم زانستە بە مرۆڤانی کوردستان ئاشنا بکەم و میکانیکی کار و کارلێکی و لایەنەکانی تری ڕوون بکەمەوە. کوردستان کۆمەڵگەیەکی زۆر (عنف) و مشتەکۆڵە و ئانیشکهاوێژیە. تەنانەت لە ئەم سەدەی بیست و یەکەمەشدا، کە ژیاریی (تمدن) و ڕەوشتبەرزی و کولتوری هەڵسوکەوت لە جیهاندا چوارچێوەیەکی گرنگ و وێکبەستی (ملزم) پێکەوە ژیان و کۆمامەڵە و چاودێری (رعایە) لە یەکتر پێک هاتووە، لە کوردستاندا سەرخانی هەڵسوکەوتی مرۆڤەکانی و مامەڵەکردنیان لە گەڵ یەک لە سەر بناغەی زۆر و زۆرداریی و خۆوەپێشخەری لە سەر حسابی کەسانی تر پێک هاتووە. لە بەر ئەوە بە پێویستی دەزانم، ئەم زانستە لە کوردستان بایەخی پێ بدرێت و بێجگە لە نووسین دەربارەی لە گۆڤار و ڕۆژنامە و مێدیای ئەلیکترۆنی، پێویستە سێمینار (کۆرس) و کلاسی تایبەتی بکرێنەوە بۆ ڕاگەیاندنی ئەم زانست و زانیارییە بە مەردمی کوردستان. جا با بزانین، کۆمونیکاسیۆن چییە؟

کۆمونیکاسیۆن چییە؟
کۆمونیکاسیۆن ووشەیەکی "لاتینی" یە و لە ڕیشەی کرداری (communicare)، واتە "ڕاگەیاندن" هاتووە. کەواتە کۆمونیکاسیۆن بە گشتی بە مانای ڕاگەیاندن و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری (information) لە نێوان بوونەوەرەکاندا دێت، بەڵام بە تایبەتی وە بە شێوەیەکی هەستیارانە لە نێوان مرۆڤدا. مەبەست لە زانیاری زانین و دەرک و تەجروبەی ڕۆژانەی مرۆڤە، ئاڵوگۆڕیش بریتیە لە پێدان و وەرگرتنی (زانیاری) هاوبەر لە نێوان یەکدا. کۆمونیکاسیۆن ڕەوتێکی ڕۆژانەی ژیانی مرۆڤە و وەکو دەبینین زۆر سروشتی دەچێتە ڕێوە و هیچ گیروگرفتێکی تێدا بەدی ناکرێت. لە زۆربەی ‌حاڵەتدا کۆمونیکاسیۆن بۆ هەڵسوکەوتی سادەی ڕۆژانە کافییە. تەنیا لە کاتی بە هەڵە لەیەکگەیشتن (سٶ التفاهم) و سەرکەوتن بەدەستنەهێنانێک کە ئۆباڵەکەی دەخرێتە ئەستۆی کۆمونیکاسیۆن، کۆمونیکاسیۆن گیروگرفتاوی دەبێت و ناکۆکی لێ پەیدا دەبێت. بێجگە لەوەش پێشگری(commun) لە ووشەی کۆمونیکاسیۆن - دا، لە زمانی لاتینیدا بە مانای "پێکەوە"، "کۆمەڵ"، "بە کۆمەڵ" دێت. لە مامەڵەکردنی زانستی "کۆمونیکاسیۆن" دا ئەم پرسارانە دێنە ئارا، کە ئایا:

کۆمونیکاسیۆن چۆن دەتوانرێت ڕوون بکرێتەوە؟
لە ژێر باری چ هەل و مەرجێکدا دەبوورێت؟
پێوانەکانی سەرکەوتوویی کۆمونیکاسیۆن چین؟
چۆن مۆدێلی پشتپيبەستراوی کۆمونیکاسیۆن چێ دەکرێت، کە بە هۆیەوە جۆری هەڵسوکەوت و ڕەفتار دەستنیشان بکرێت و پێشبینییان لێ بکرێت؟

کۆمونیکاسیۆن دوو لایەنی هەیە، لایەنی پۆزەتیف (ئیجابی) و لایەنی نێگەتیف (سلبی). کۆمونیکاسیۆنی نێگەتیف هاوبەری هەڵسوکەوت لە گەڵ یەکدی دەشێوێنێ، ناکۆکی دێنێتە کایە. بە پێچەوانەش کۆمونیکاسیۆنی پۆزەتیف تەبایی پێک دەهێنێت و ئەتمۆسفێرێکی (جەو) هاودووویی و پێکەوە-کارکردن و بە ئەنجامگەیشتن دروست دەکات.

لە کردەیەکی کۆمونیکاسیۆنیدا بە لایەنی کەمەوە پێویست بە دوو لایەن، واتە بە دوو کەس هەیە. لایەنێک پێی دەووترێت "نێرەر"، واتە ئەو لایەنەی (ئەو کەسەی) کە پەیام دەنێرێت وە گوزارە دەدات، لایەنەکەی تردش پێی دەووترێت "گیرەندە"، واتە ئەو لایەنەی (ئەو کەسەی) پەیامەکە وە یان گوزارەکە وەردەگرێت. هەڵبەتە هەردوو تەرەف لە هەمان کاتدا هەم نێرەرن و هەم گیرەندەشن، واتە هەم پەیام دەنێرن وە هەم پەیام وەردەگرن ( تەماشای وێنەی ژمارە ١ بکە).




کۆمونیکاسیۆن چۆن کار دەکات؟
پاول ڤاتسلاڤیک ی دەروونناس و کۆمەڵناس و فەیلەسوف و زانای کۆمونیکاسیۆن لە کتێبەکەیدا "تەجروبەکانی کۆمونیکاسیۆنی بەشەری" (Pragmatics of Human Communication) دەڵێت: پیاو ناتوانێت کۆمونیکاسیۆن نەکات. واتە، هەر ئەوەندەی دوو کەس کەوتنە یەک و یەکتریان بەدی کرد، لە کۆمونیکاسیۆندان هەتا ئەگەر بە یەکیشەوە نەدوێن، چونکە هەموو ڕەفتار و هەڵسوکەوتێک خسڵەتی کۆمونیکاسیۆنی هەیە. کۆمونیکاسیۆن تەنیا ووشە و ڕستە و قسەکردن نیە، بەڵکو مرۆڤ بە لەشیش کۆمونیکاسیۆن دەکات. پرۆسەی کۆمونیکاسیۆن بە ئەم رێچکانەدا تێپەڕ دەبێت:

1. نێرەر (واتە کەسی یەکەم) چی دەنێرێت؟ - نێرەر پەیام/گوزارە دەنێرێت
پەیام چۆن خۆی دەنوێنێ؟ - هەموو پەیامێک کە نێرەر دەینێرێت، لە چاوگەی ئەم ناوەڕۆکانەی خوارەوە هەڵدەقوڵێ:

قیەمی شەخسی و کولتووری
ئامانج
ئارەزوو
دید و بۆچوون

2. نێرەر پەیامەکەی بەو ناوەڕۆکانە کۆدڕێژ دەکات. واتە لە چوارچێوەی سیمبۆلی (رموز) زمانی و بیر و جموجووڵی لەشدا دایاندەڕێژێت. بە کورتی: پەیامەکە بریتیە لە کۆدگەلێک کە لە ڕوانگەی خواست و ئارەزوو دید و بۆچوون و ئامانج و قیەمی شەخسی نێرەرەوە گەڵاڵە دەبێت.

3. نێرەر پەیامەکە ئاڕاستەی گیرەندە دەکات.

4. پەیامەکە لە ڕێگەی کەرەسەی تایبەتی (وەکو: زمان و ئەندامانی لەش و کات و شوێن) وە بە کەناڵی جۆراوجۆردا (وەکو: گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، تەلەفۆن، ئیمایل، هتد.) دەنێردرێت.

5. گیرەندە پەیامەکە وەردەگرێت.

6. گیرەندە پەیامەکە کۆدشکێن دەکات. واتە کۆدەکانی پەیامەکە دەکاتەوە و پەیامەکە بۆ تێگەشتن شیتەڵ دەکاتەوە. ئەوەی شایەنی باسە، گیرەندە لە هەمان چاووگەوە شیتەڵ دەکاتەوە، کە لە خاڵی ژمارە ٢ ناو بران، واتە لە ڕوانگەی ئامانج و ئارەزوو دید و بۆچوون و قیەمی شەخسی خۆیەوە.

7. گیرەندە چی تێدەگات؟ ئەو پەیامەی گیرەندە تێی دەگات هەمان پەیام نیە کە نێرەر دەینێرێت. واتە لە گەڵ ئەوەشدا کە پەیامەکە لە کاتی ناردن و لە کاتی گەیشتندا لە هەمان ووشە و ڕستە وە یان لە هەمان جموجووڵی لەش داڕێژراوە، بەڵام هەر کام لە بەشداربووانی کردەی کۆمونیکاسیۆن بە جۆرێکی جیاواز تێی دەگەن. بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم پرۆسەیە تەماشای وێنەی ژمارە ٢ بکە.




چوارگۆشەی کۆمونیکاسیۆن، وە یان مۆدێلی چوار - گوێی پەیام

دەروونناس و زانای کۆمونیکاسیۆنی ئەڵمانی فریدمان شولتز فۆن توون ئەم مۆدێلەی داهێناوە، کە بە هۆیەوە "پەیام" وە یاخود "گوزارە" لە چوار دیدەوە، وە یان لە چوار ڕووازەوە (level) وەسف دەکرێت، ئەم ڕووازانەش بریتین لە:

- بابەت
- پەیوەندی
- خۆڕاگەیاندن
- داواکاری

ئەم ڕووازانە بە "چوار لایەنی پەیام" یش ناودەبرێن. بناغەی ئەم مۆدێلەی فۆن توون دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دیمانەیەی دەروونناسی ئوتریشی پاول ڤاتسلاڤیک، کە دەڵێت پەیوەندی نێوان مرۆڤ دەتوانرێت لە ڕێگای کۆمونیکاسیۆنەوە موراقەبەت بکرێت.
ئامانج لە بەکارهێنانی ئەم مۆدێلە بریتیە لە دەستنیشانکردن و وەسف کردنی ئەو بار و دۆخانەی کۆمونیکاسیۆن کە بە هۆی - بە هەڵە لەیەکگەیشتن - ـەوە دەشێوێ. ئەم مۆدێلە بە شێوەیەکی فراوانتریش بۆ چارەسەرکردنی ئەو پەیوەندیە نێومرۆڤایەتیانە بەکاردەبرێت، کە بە هۆی گرفتی پاتۆلۆژییەوە (نەخۆشی) دەشێوێن. مۆدێلی چوار- گوێیی شولتز فۆن توون دوو شێکاری دەروونناسی و دیمانەی زمانەوانی بە یەکەوە پەیوەست دەکات. ڤاتسلاڤیک گریمان دەکات کە هەر گوزارەیەک لە هەمان کاتدا لە ڕووی ناوەڕۆک و لە ڕووی پەیوەندی نێوان ئەکتەرەکانەوە وەسف دەکرێت و ڕوون دەکرێتەوە (تەماشای وێنەی ٣ بکە).



بۆ تێگەیشتنی چاکتری مۆدێلی چوارگوێی، با دانە بە دانەی چوار ڕووازەکەی شیتەڵ بکەینەوە. لە هەر ئەکتێکی کۆمونیکاسیۆندا، بمانەوێ و نەمانەوێ هەر گوزارەیەک کە دەیدرکێنین وە یان دەری دەبڕین، لە چوار ڕوانگەی جیاوازەوە تێی دەڕوانین، یان تێی دەگەین وە یان تەفسیری دەکەین.

1. ڕووازەی بابەت/ شت: لێرەدا گوزارەکە باسی خودی ئەو بابەتە وە یان ئەو شتە دەکات، کە دەربارەی قسە دەکرێت.
پرسیار: دەربارەی چی دەدوێم / دەربارەی چی زانیاری دەدەم؟

2. ڕووازەی خۆڕاگەیاندن: لە گوزارەکەدا زانیاری دەربارەی قسەکەر بەدەردەکەوێت، واتە قسەکەر گوزارش دەربارەی خۆی ڕادەگەیەنێت، باس لە حاڵەتی ئەم کاتەی خۆی دەکات.
پرسیار: چی دەربارەی خۆم ڕائەگەیەنم؟

3. ڕووازەی پەیوەندی: لە گوزارەکەدا پەیوەندی نێوان قسەکەر و گوێگر (نێرەر و گیرەندە) ئاشکرا دەبێت. واتە ئایا هەردوو لا بەیەکەوە تەبان، یان ناکۆکن و نێوانیان خراپە.
پرسیار: چۆن دەربارەی تۆ بیر ئەکەمەوە/ڕەئم بەرامبەر بە تۆ چیە؟

4. ڕووازەی داواکاری: لە گوزارەکەدا زانیاری ئەوە دێتە دەست، کە ئایا قسەکەر/نێرەر دەیەوێ چ ئەسەرێک بکاتە سەر گوێگر/گیرەندە.
پرسیار: من ئەمەوێ تۆ چی بکەیت؟

بەم جۆرە دەتوانرێت "گوزارە/پەیام" وەکو کەرەسەی دەستنیشانکردنی (تشخیص) کۆمونیکاسیۆن بەکارببرێت. شێواوی و ناکۆکی دەتوانێت پێش بێت، ئەگەر بێتو قسەکەر و گوێگر چوار ڕووازەکە جیاواز لە یەک تەفسیر بکەن، واتە گوێگر شتێکی تر لە گوزارەکە حاڵی ببێت لەوەی قسەکەر مەبەستیەتی. ئەمەش دەبێتە هۆی بەهەڵە-لەیەکگەیشتن و لە ئاکامی ئەمیشدا دروستبوونی ناکۆکی. شولتز فۆن توون لە کتێبە ناودارەکەی بە ناوی "پێکەوە دووان" نموونەی کۆمونیکاسیۆنی دوو هاوسەر دێنێتەوە، کە لە ئۆتۆمۆبیلێکدان و ژنەکە ئۆتۆمۆبیلێکە لێدەخوڕێت، پیاوەکە لە تەنیشتیەوە دانیشتووە ، دەڵێت: "چرا ترافیکەکە سەوزە". ژنەکەش وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: "تۆ ئۆتۆمۆبیل لێ ئەخوڕیت یا من؟"

ئەم گوزارەیە لەم حاڵەتەدا دەتوانرێت لە ڕوانگەی چوار ڕووازەکانەوە بەم جۆرە تێی بگەیرێت:
(١) وەکو ئاماژە بۆ چراترافیکەکە کە لەو لەحزەیەدا سەوز دەبێت (ڕووازەی بابەت/شت).
(٢) وەکو ئاماژ بۆ ئەوەی کە پیاوەکە پەلەیەتی و سەبری نەماوە (ڕووازەی خۆڕاگەیاندن).
(٣) وەکو مەبەستێک، کە پیاوەکە دەیەوێت یارمەتی ژنەکە بدات و ئاگاداری بکات کە چراکە سەوز بووە، وە یان وەکو خۆنواندن کە گوایە ئەم کارامەترە لە ژنەکەی (ڕووازەی پەیوەندی).
(٤) فەرمانپێدان بە ژنەکە، کە ئۆتۆمۆبیلێکە لێ بخوڕێت و بڕوات (ڕووازەی داواکاری).

لە ڕووازەی بابەتدا قسەکەر زانیاری پەتی، واقع، دەقی شتە هەستپێکراوو بینراوەکە ڕادەگەیەنێت، بەبێ هیچ پاشەبیرێک. ئەرکی قسەکەر ئەوەیە کە ڕۆشەنی و ڕوونکردنەوە دەربارەی گوزارەکە بخاتە ڕوو. گوێگریش بە گوێچکەی بابەت پەیامەکەی قسەکەر هەڵدەسەنگێنێت و لە گەڵ هەلومەرجەکانی حەقیقەت (ڕاست/ ناڕاست) بەراووردی دەکات و لە گەڵ گرنگی و ناگرنگی بابەتەکە بۆ ئەم ڕووبەڕووی دەکاتەوە. ئەم جۆرە دید و لێکدانەوەی گوزارەکە دەبێتە هۆی کۆمونیکاسیۆنێکی سەرکەوتوو بەدەر لە ناکۆکی.

لە ڕووازەی خۆڕاگەیاندندا گوزارەکە زانیاری دەربارەی شەخسی قسەکەر دەگەیەنێت بە گوێگر. ئەم خۆوەدەرخستنەی قسەکەر بەشێکی لە هەستیاریەوەیە و قسەکەر بە دەستئەنقەست ڕایدەگەیەنێت، بەشێکی تریشی بەبێ ئاگا و دوور لە هەستیاریەوەیە. هەموو پەیامێک دەتوانرێت وەکو پێناساندن و نیشاندانی شەخسیەتی قسەکەر بەکار ببرێت. گوێگریش گوێچکەی خۆڕاگەیاندن قوت دەکاتەوە وهەوڵ دەدات زانیاری ئەوە بەدەست بهێنێت، کە ئایا لە گوزارەکەدا قسەکەر چ پەیامێک دەربارەی شەخسیەتی خۆی دەنێرێت (پەیامی - من ی،massage ).

لە ڕووازەی پەیوەندیدا ڕوون دەبێتەوە، کە پەیوەندی شەخسی نێوان قسەکەر و گوێگر چۆنە، هەڵوێستیان بەرامبەر بە یەک چۆنە. قسەکەر دەتوانێت لە ڕێگای جۆری داڕشتنی گوزارەکەیەوە، وە یان لە ڕێگای نیشاندانی بار و پۆزی لەشیەوە، یان بەرز و نزمی دەنگیەوە ڕێز و خۆشەویستی و تەبایی وە یان کەمڕێزی و کەمتەرخەمی وبێ بایەخی بە بەرامبەرەکەی نیشان بدات. گوێگریش بە گوێرەی ئەوەی بە گوێچکەی پەیوەندی چی دەبیستێت، یان هەست بە ڕێزلێنان و خۆشەویستی دەکات وە یان بە سووک کردن و بێ ڕێزی.

ڕووازەی داواکاری: کەسێ کە قسە دەکات، عادەتەن دەیەوێت ئەسەرێک جێ بهێڵێت، کارێک بکات کە بەرامبەرەکەی شتێک ئەنجام بدات. بە دەربڕینی داواکاری قسەکەر دەیەوێت پاڵ بە گوێگرەوە بنێت، کارێک ئەنجام بدات یا نەدات. ئەم هەوڵی ئەسەرنانەش یا بە ئاشکرا یان بە شاردراوە خۆی نیشان دەدات. داواکاری ئاشکرا بە "تکاکردن" و "دەستوورپێدان" ـە و داواکاری شاردراوەش لە ڕێگای چەواشەکردنەوە ئاڕاستە دەکرێت. گیرەندەش بە گوێچکەی داواکاری گوێ لە گوزارەکە دەگرێت و پرسیار لە خۆی دەکات: ئێستا من چی بکەم، بەرامبەرەکەم چی لە من دەوێت، چۆن لە هەڵوێستی بەرامبەرەکەم تێ بگەم، هەست بە چی بکەم.


گوزارە و پەیامەکانی
هەموو گوزارەیەک پەیامی ئاشکرا و شاردراوەی تێدایە. نموونەی پەیامی ئاشکرا ئەمانەن - لە ڕووی بابەتەوە: ئەمڕۆ هەوا زۆر ساردە. لە ڕووی خۆڕاگەیاندنەوە: من خۆشحاڵم. لە ڕووی پەیوەندیەوە: من تۆم خۆش ئەوێ یان من لە تۆ عاجزم. لە ڕووی داواکاریەوە: ئا چایەکم بۆ بهێنە.

نموونەی کۆمونیکاسیۆنێکی شێواو لە ڕێگای لەیەکنەگەیشتنەوە (سٶ التفاهم)
بۆ ڕوونکردنەوەی کۆمونیکاسیۆنێک کە لە ڕووازەی جیاوازدا لە ڕێگای لەیەکنەگەیشتنەوە شێوابێت، با تەماشای ئەم نموونەیە بکەین: پیاوێک و ژنێک لە ماڵەوە دانیشتوون و خەریکی خواردنی نانی ئێوارەن. پیاوەکە لە ناو شلەی ‌قیمەکەدا گوێزەری جنراو دەبینێت و دەپرسێت: "ئەو شتە سوورە چیە لە ناو شلەکەدا؟". پیاوەکە لە ڕووازە جیاوازەکاندا دەتوانێت ئەم مەبەستانەی هەبێت:

ڕووازەی بابەت: شتێکی سوور لەناو شلەکەدایە.
ڕووازەی خۆڕاگەیاندن: نازانم ئەو شتە سوورە چیە
ڕووازەی پەیوەندی: خۆ جەنابت ئەبێ بزانی کە لە شلەی قیمەیا بە غەیری قیمە شتێکی تری نابێ تیا بێت!
ڕووازەی داواکاری: پێم بڵێ ئەو شتە سوورە چیە؟

ژنەکەش بەم جۆرەی خوارەوە گوزارەکەی پیاوەکە لە هەر ڕووازەیەکدا لێک دەداتەوە:
ڕووازەی بابەت: شتێکی سوور لە شلەکەدایە
ڕووازەی خۆڕاگەیاندن: من حەز لە گوێزەر لە شلەدا ناکەم.
ڕووازەی پەیوەندی: تۆ نازانی باش چێشت لێ بنێیت.
ڕووازەی داواکاری: تکایە جاری داهاتوو ئەو شتە سوورەی تێ مەکە!


ژنەکە بە ناڕەحتی وەڵامی پیاوەکە دەداتەوە: "ئەی خوا بە دەست ئەم پیاوەو. دە ئەگەر خواردنەکەت بە دڵ نیە، بچۆ لە شوێنێکی تر نان بخۆ!"

ژنەکە یەکسەر بە گوێچکەی پەیوەندی گوزارەی پیاوەکە وەردەگرێت و تەفسیری دەکات، واتە گوزارەکە بە ڕەخنە لە لایەن پیاوەکەوە بەرامبەر بە ئەم وەردەگرێت، لە کاتێکدا لەوانەیە پیاوەکە مەبەستی ڕەخنە نەبووبێت.

لە کۆمەڵگەی کوردستانیشدا مرۆڤەکانی هەمیشە لە ڕووازەی پەیوەندیەوە کۆمونیکاسیۆن لە گەڵ یەک دەکەن.

**************************************************


سەرچاوەکان:
1-
Ian McDougall u. a.: Stratigraphic placement and age of modern humans from Kibish, Ethiopia. In: Nature, Band 433, 2005, S. 733736, doi:10.1038/nature03258

2-
Charles Darwin On the Origin of Species, London 1859, John Murray, Albemarle Street, London

3-
Gran Burenhult u. a. Die ersten Menschen. Die Ursprnge des Menschen bis 10.000 vor Christus, Jahr-Verlag, Hamburg 2000, ISBN 3-8289-0741-5.

4-
Paul Watzlawick: Wie wirklich ist die Wirklichkeit. Wahn, Tuschung, Verstehen. ISBN 978-3-492-24319-3.

5-
Paul Watzlawick, J. H. Beavin, Don. D. Jackson: Pragmatics of Human Communication: A Study of Interactional Patterns, Pathologies, and Paradoxes. W. W. Norton & Company. March 1967. ISBN 039-301-0090.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە