ش نورهاق چیا: کەناری ڕووباری دیجلە ڕزگاری کردین

Tuesday, 09/09/2014, 12:00

3948 بینراوە


و/ ڕێبوار هەمەوەندی
بڕیارماندا لەنیوەی شەودا ڕێ بگرینەبەر ، چونکە ڕێیەکی درێژ و چەتونمان لەپێشدا بوو ، جارێکی تر بە ڕووباری دیجلەدا دەپەڕاینەوە ، ڕووباری دیجلە جارێکی تر ڕێی بۆدەکردمەوە و تێدەپەڕام و ماڵئاوایشمان لەگەڵیەکدا دەکرد تا جارێکی تر بەیەک شاددەبوینەوە ، ئەوەندە لە ڕووباری دیجلە پەڕیومەتەوە وەک ٢ دۆستمان لێهاتووە و شارەزایی تەواومان لە خوڕەوشتی یەکتر هەیە ، ڕووباری دیجلە دەزانێت بۆچی من بە قاچاخ لێی دەپەڕمەوە و جارناجارێکیش قومێ ئاوی لێدەخۆمەوە ، منیش باش دەزانم کە ڕووباری دیجلە چەندێک ڕەسەنە و خێروبەرەکەت دەبەخشێنێتەوە بە خاکەکەمان ، بڕوابکەن ئەوەندە روبەڕوی مردن بومەتەوە لە کەنارەکانی ڕووباری دیجلە ژمارەیانم هەر لە بیر نەماوە ، چەندینجار بە شەپۆلەکانی منی لە مردن دورکردۆتەوە ، چونکە ئەو دەزانێت بۆ من قاچاخم ، ڕووباری دیجلە باش دەزانێت کە من خیانەت لەو خاکە ناکەم کەئەو بەرەکەتی بەسەردا دەبارێنێت و دەزانێت کە لەپێناو ئەواندا من قاچاخم ، من ئیتر فێری زمانی خاک و ئاو و بەردی جوغرافێکەی خۆم بوومە ، بێگومان ئەوانیش گەریلا باش دەناسن .
ئەی دیجلەی بەناز و نارین ئەم شەویش ڕێم بۆ دەکەیتەوە ، دەبێت باوەش بۆ من و هەڤاڵەکانیشم بکەیتەوە ، دەبێت ژیانمان بپارێزیت ، دەزانم کە ئێمە بکوژرێین تۆ لە داخە شێت دەبیت و خەڵتانی غەم و پەژارە دەبیت ، دەزانم ئیتر ناتەوێت مەرگی ئێمە ببینیت ، هەربۆیە باوەشێکی فراوانت بۆ کردوینەتەوە .
ئامادەباشێکانمان تەواو کردو خۆماندا بەدەم کەناری ڕووباری دیجلەوە ، ئێمە ٤ هەڤاڵ بوین ، من و سینان و ٢ هەڤاڵی نوێمان ، ئەم ٢ هەڤاڵە چەند ڕۆژێک بوو ببوون بە گەریلا ، پێویست بوو بیانبەین بۆ ناوچەی گابار ، ناوی ئەم ٢ هەڤاڵەمان نا هێڤی و شۆڕش ، هەردوکیان وەک شەکر بوون و دڵیان بە دونیا زۆر خۆش بوو ، دەبوایە ئەوەی لەدەستمان بهاتایە ئەم شەو بمانکردایە تاکو بە ساغوسەلامەتی ئەم ٢ هەڤاڵە بگەهێنینە شوێنی مەبەست لە ناوچەی گابار ، بۆئەوەی بەیانی کەیفخۆش بوینایە دەبوایە تەحەمولی ناڕەحەتیەکانی شەومان بگرتایە ، من ڕێبەری ئەم گروپە بچکۆلەیە بووم ، هەردوو ئەم هەڤاڵە تازەمان خستە نێوان خۆمانەوە ، بەرەو گابار ڕێمانگرتە بەر ، ئەو ڕێڕەوەی دەمانگرتەبەر زۆر مەترسیدار بوو ، لەم ڕێڕەوەدا هێزی دوژمن بەردەوام بۆسەیان دادەناو ئۆپەراسیۆنیان ئەنجام دەدا ، هەربۆیە ناڕەحەت بووم ، هەستی هاتنەئاراوەی ڕووداوی ناخۆش سەرودڵمی گرتبوو ، هەستم دەکرد کە شتێکی ناخۆش دێتە ئاراوە ، بەڕاستی ئەم هەستەم منی بەهەڵە دەرنەخست ، پێش ئەوەی بگەینە (کانیەبانا) وەک باران فیشەکیان بەسەرماندا باران ، بەچەکی گران کەوتنە تەقەکردن لێمان ، ڕومانەیەکی زۆریان تێگرتین ، خۆمکێشا بە گابەردێکدا من بەلایەک و چەکەکەشم بەلایەکدا کەوت ، خۆشبەختانە بریندار نەبووم ، کاتێک تاسانم بەریدام ئەوەی کە بیرم لێدەکردەوە ٢ هەڤاڵە تازەکەمان بوو ، هەرچۆنێک بوو توانیم بگەمەلای تفەنگەکەم و هەڵمگرتەوە و تەماشایەکی ئەو شوێنەم کرد کە لێوەی هاتبوین ، کەس لە پشتمانەوە نەبوو ، نازانم ئەمە باش بوو یان نا کە پشتمان کەسی لێوە نەبوو ، ئەمەشمان دوای ماوەیەکی تر بۆ دەردەکەوت ، وەک بروسکە کەوتمە راکردن بەرەو ئەو شوێنەی لێیهاتبوین ، توانیم خۆمبگەهێنمە لای هەڤاڵان ، بینیانم هەرسێکیان هیچیان لێنەهاتبوو ، من دەستی یەکێکیان و هەڤاڵ سینانیش دەستی هەڤاڵەکەی تری گرت و بەخێرایی لەوێ دورکەوتینەوە ، ئەوەی جێی سەرسوڕمانی من بوو ئەم ٢ هەڤاڵە تازەمان بەرامبەر بەم ڕوداوەی هاتبووە ئاراوە زۆر بێخەم و هیچ شڵەژاویەکیان پێوە دیار نەبوو ، لە ڕێیەکی جیاوازەوە بەڕێ کەوتین و خۆمان لەناو بۆسەکەدا دوورخستەوە و لە مەترسی ڕزگارمان بوو ، لەناکاو هەڤاڵ هێڤی پێی ووتم (هەڤاڵ نورهاق سێبەرێکم بەرچاو کەوت) من پێم وابوو ترساوە بۆیە دار و بەردی لێدەبێت بە سێبەری مرۆڤ ، بۆئەوەی هەست بکات کە قسەکەیم بە جدی وەرگرتووە بەباشی لەو شوێنە ووردبومەوە کە ئیشارەتی بۆ کردبوو بەڵام دوایی بۆمدەرکەوت بەڕاستی ئەوەی هەڤاڵ هێڤی بینیبوی سێبەری مرۆڤ بوو ، سەربازێکم بینی دەستی هەڤاڵ هێڤیم گرتوو بە هەڤاڵ سینانم ووت (با هێواش .. هێواش پاشەکشێ بکەین) بۆجارێکی تر گەڕاینەوە ئەو شوێنەی کە لێی کەوتبوینە بۆسەوە ، بەرەو کەنارەکانی ڕووباری دیجلە کەوتینە ڕێ ، کە چوینە نزیک کەناری ڕووبارەکەوە بینیمان هێزێکی زۆری دوژمن لە کەنارەکانی رووباری دیجلە کۆبونەتەوە ، بۆمان ئاشکرابوو کە دوژمن هەرچواردەورمانیان گرتووە ، هێواش .. هێواش ڕۆژدەبۆوە ، پشویەکی کەممانداو بیرمکردەوە کەچی بکەین باشە ، لەوکاتەدا هەڤاڵ هێڤی پێی ووتم (هەڤاڵ نورهاق ئەم شەو لە خەونمدا بینیم بەرگی بوکێنیت لەبەر کردبوو) ئەم خەونەی هەڤاڵ هێڤیم بەلاوە سەیر بوو ، ئەوەی لەدەستم بهاتایە ئەمکرد بۆئەوەی ئەم خەونەی هەڤاڵ هێڤی نەیەتەدی ، لەناو خەڵکیدا بەخراپی شیکاری ئەم خەونە دەکرێت چونکە پێیان وایە بەرگی بوکێنی لەخەوندا بە مانای کەفەن دێت ، من و هەڤاڵ هێڤی مانای ئەم خەونەمان دەزانی چییە ، بە هەڤاڵ هێڤیم ووت (بەڵێنت ئەدەمێ نایەڵم هیچتان بەسەربێ) ئێمە جگە لە شۆڕبونەوە بۆ کەناری رووباری دیجلە شوێنێکی ترمان نەبوو رووی تێبکەین ، ئەو تەنهاشتەی کە دەبوایە بمانکردایە ئەوە بوو کە لەناو پوشوپەڵاشەکاندا خۆمان حەشاربدەین ، خۆمان لەناو ئەو پوشاوپەڵاشانەی کەناری دیجلە شاردەوە .
رۆژبۆوە و هەموولایەک رووناک بوو ، هێزی ئیرادە و عەقڵ ئێمەی بەرەو سەرکەوتن دەبرد ، ماوەی ٢ ڕۆژ لەکەناری دیجلە کە لەناو ئاودابوین و سەری خۆمان بە پوشوپەڵاش داپۆشی بوو بەبێ ئەوەی هیچ دەنگێک یان جوڵانەوەیەک بکەین لە شوێنی خۆمان ماینەوە ، ئەو شوێنەی ئێمە خۆمان لێحەشاردابوو نزیک جادە بوو ، یەک لەدوای یەک ماشێن تێدەپەڕی ، زریپۆشی هێزی دوژمن بەردەوام لەوناوەدا هاتوچۆیان بوو ، ئەگەر جوڵانەوەیەکی ناگونجاومان بکردایە و دوژمن هەستی بە بونی ئێمە بکردایە هەموومان شەهید دەبووین ، هیچ خواردنێکمان پێنەبوو ، ئێمە لەگەڵ ئەم جۆرە روداوانەدا ڕاهاتبوین ، من و هەڤاڵ سینان برسێتی چەند ڕۆژەمان چێشتبوو پێشوتر ، بەڵام بۆ هەڤاڵ هێڤی و شۆڕش دیاردەیەکی تازە بوو ، هەربیرم لەوە دەکردەوە کە ئایا ئەم ٢ هەڤاڵەمان بەرامبەر ئەم برسێتیە دەتوانن خۆڕاگربن ، لەوەی چاوەڕوانیم لێدەکرد لە هەردوکیاندا بەڵکو زیاتر بە ئیرادە و خۆراگر بوون ، لە تاقیکردنەوەی بە گەریلابونیان بە پلەی باش سەرکەوتنیان بەدەست خستبوو ، ئەی باشە گەریلابوون شەڕێکی ئیرادەیی نییە ؟ ، هەردوکیان توانیان زۆر بەباشانە لەم ئیرادەیە لە خۆیاندا بەرجەستە بکەن .
دوای سێیەمین ڕۆژ بڕیارماندا کە لەنیوەی شەودا بەڕێبکەوین ، هێزی دوژمن گرانی خۆیان دابووە سەر (گەلیۆک) ، ئێمەش ئەمەمان بە هەلزانی و لە شوێنەکەی خۆمان دەرچوین ، ئەم جارەیان ئەو گرجوگۆڵیەی پێشوترمان نەبوو ، چونکە ماوەی ٣ ڕۆژێک بوو یەک پارو نانمان نەخواردبوو ، سەرەرای ئەم برسێتییە بەڵام ئێمە سوربوین لەسەر بەهێز راگرتنی ئیرادەمان و بەرەو شوێنی مەبەستی خۆمان کەوتینە ڕێ ، ئەم ڕێگرتنەمان کەم مەترسی بوو ، لە پێشمانەوەدا بۆسە هەبوو بەڵام زۆر ژیرانە توانیمان خۆمان لەو بۆسەیە بەدور بگرین ، جارێکی تر دوژمن ئاواتیان نەهاتەدی و توانیمان خۆمان بگەهێنینە ناوچەی گابار ، ئێمە وەک ناولەپی دەستمان شارەزای ئێرە بوین ، بۆئەوەی بەزوترین کات بگەینە لای هەڤاڵانمان پێویستیمان بە ووزەی زیاتر هەبوو ، ملماننایە ئەو شوێنەی کە ڕەزی ترێی هەبوو ، پڕ بە باوەشمان ترێمان کردەوە ، ترێیەکی باشمان خوارد و بەڕێ کەوتینەوە .
لەئاکامدا گەیشتینە لای هەڤاڵان ، توانیم ئەو بەڵێنەی دابووم بە هەڤاڵ هێڤی بیگەهێنمە جێی خۆی ، بەڵام ٣ دگانی پێشەوەم لەدەستدابوو ، چونکە ئەوکاتەی کەوتینە ناو بۆسەی دوژمنەوە خۆم بە گابەردێکدا دابوو ٣ دگانی پێشەوەم شکابوو ، بەس هەڤاڵان هیچیان لێنەیەت ئەگەر ٣ دانیشم شکابێت خەم نەبوو ، هەتا عەشقی ئازادی لە دڵمدا بێت دەتوانم بەرگەی هەموو ناخۆشییەک بگرم ، بەم بەسەرهاتەوە بۆمدەرکەوت ئەو ئیرادەیەی بە شێوازی ژیانی ئاپۆجێتیەوە هاتۆتە دەست ئیرادەیەکی زۆر شکۆمەندە .

شەهید ئامارا لە دایک بووی ساڵی 1981 بە رەچەلەک تورکە و دەر چوی زانکۆیە لە تورکیا دواتر دەبیتە گەریلا شەهید دەبیت ئەو کچە ﮔﻪﺭﯾﻼﯾﻪکە کەوتە ﻧﺎﻭ ﻛﻪﻣﯿﻨﯽ ﺗﻮﺭﻛﻪﻛﺎﻧﻪﻭﻩ ﺑﻪ ﺗﻪﻧﻬﺎ ﺧﯚﯾﯽ ﻭ ﺗﻔﻪﻧﮕﻪﻛﻪﯼ ﺩﻩﺳﺘﯽ ﺑﻮﻭ ﺭﻭوﺑﻪﺭوﻭﯼ 10 ﭘﯿﺎﻭﯼ ﺗﻮﺭﻙ ﺑﯚﻭﻩﻭ ﺳﯿﺎﻧﯿﺎﻧﯽ ﻛﻮﺷﺖ ﻭ ﺩﻭﺍﻧﯿﺎﻧﯽ ﺑﺮﯾﻨﺪﺍﺭ ﻛﺮﺩ ﺑﻪﻻﻡ ﻟﻪ ﻛﯚﺗﺎﺩﺍ ﮔﻮﻟﻪﯾﻪﻙ ﺑﻪﺭ ﺳﻪﺭﯼ ﺋﻪﻛﻪﻭێت ﻭ ﺋﻪﭼﯿﺘﻪ ﻛﺎﺭﻭﺍﻧﯽ ﺷﻪﻫﯿﺪﺍﻧﯽ ﺭێگاﯾﯽ ﺋﺎﺯﺍﺩﯼ ﻭ ﺭﺯﮔﺎﺭﯾﯽ ﻛﻮﺭﺩﺳﺘﺎﻥ ﯾﻪﻛێك ﻟﻪﻭ ﺳﻪﺭﺑﺎﺯﻩ ﺑﺮﯾﻨﺪﺍﺭﻩ ﺗﻮﺭﻛﺎﻧﻪ ﺑﻪ ﺭﯙﮊﻧﺎﻣﻪﯼ ﺗﻮﺭﻛﯽ ﺩﻩﯾﻠﯽ ﻧﯿﻮﺯﯼ ﺭﺍﮔﻪﯾﺎﻧﺪﻭﻩ : ﺳﻪﯾﺮﻡ ﭘﺊ ﺋﻪﻫﺎﺕ ﻛﻪ ﺋﻪﻭ ﻛﭽﻪ 17 ﺳﺎڵە ﺑﻪﻭ ﺷﯿﻮﻩﯾﻪ ﺭﻭوﺑﻪﺭﻭﻣﺎﻥ ﺑﯚﻭﻩ ﻟﻪ ﻛﺎﺗێكدا ئێمە دڵنیا ﺑﻮﯾﻦ ﻛﻪ ﺑﻪﺱ ﺗﻔﻪﻧﮕﯽ لێ‌ ﺭﺍﺑكێشین ﺩﻩﺳﺖ ﻭ ﺋﻪﮊﻧﯚﯼ ﺋﻪﺷكێت ﺑﻪﻻﻡ ﺯﯙﺭ ﺷێرانە ﺭﻭﻭﺑﻪﺭﻭﻣﺎﻥ ﺑﯚﻭﻩ ﻟﻪ ﻛﭽﯽ ﻧﻪ ﺋﻪﻛﺮﺩ ﭼﻮﻧﻜﻪ ﻛﭽﻪﻛﻪﯼ ﻣﻦ ﺑﻪ ﺑﯿﻨﯿﻨﯽ ﺳﯿﺴﺎﺭﻛێك ﺷﻪﻭ ﻫﻪﺗﺎ ﺑﻪﯾﺎﻧﯽ ﺩﻩﺳﺖ ﺋﻪﻛﺎﺕ ﺑﻪ ﮔﺮﯾﺎﻥ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە