گۆڕان لە بزووتنەوەیەكی پەرتەوازەوە بەرەو حزبێكی رێكخراو

Monday, 12/07/2010, 12:00

1584 بینراوە







بزووتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەكی فەرمی مۆڵەتی حزبی سیاسیی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، بەڵام ئەوەی تائێستا لە تابلۆكەدا دەبینرێت ئەوەیە گۆڕان بەهەمان فۆرم و ستایڵی پێشوویەوە كار دەكات، هیچ هەنگاوێكی جیددی نابینین لە راستای دروستكردنی دامەزراوەكانی حزبی سیاسیی، بۆیەكا پرسیاری ئەوەی ئایا گۆڕان دەیەوێت ببێتە حزبی سیاسیی؟. ئایا گۆڕان دەیەوێت ئەو پەرتەوازەییەی كە ئێستا لە ریزەكانیدا دەبینرێت بكاتە هێزێكی رێكخراو؟. پرسیاری هەرە جیددی تەواوی هێزە سیاسییەكانی كوردستان و تێكڕای جەماوەری خەڵكە. چوون بارودۆخەكە گەیشتۆتە ئەو وێستگەیەی پێویستە گۆڕان سەرلەنوێ خۆی پێناسە بكاتەوە و وەك هێزێكی رێكخراو و دامەزراو بەشداریی پێشهاتە سیاسییەكانی داهاتووی كوردستان بكات. هەلومەرجی سیاسیی ئەم قۆناغە ئەوە لە بزووتنەوەی گۆڕان دەخوازێت ئەو هێزە گەورە و پەرش و بڵاوەی بكاتە هێزێكی مونسەجیم و رێكخراو لە بۆتەی حزبێكی سیاسییدا.


*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*-*

لە ریفۆرمەوە تا گۆڕان

ئەگەرچی نەوشیروان مستەفا پێیوایە گۆڕان بزووتنەوەیەكە درێژكراوەی هیچ حزب و دەستەیەكی سیاسیی نییە و هەرگیزیش گۆڕان بەرهەمی ململانێی باڵی ریفۆرمی پێشووی ناو یەكێتی نیشتمانیی كوردستان نازانێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەركەوتنی ئەو بزووتنەوەیە بەم قەبارە گەورەیەی ئێستا و ئەو جیابوونەوە مەزنانەی لە ریزەكانی یەكێتی بەقازانجی گۆڕان روویاندا، بەبێ ئەو پێشینەیەی باڵی ریفۆرمی ناو یەكێـتی مومكین نەبوو رووبدات، یان بەمانایەكی تر بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پاشخانی باڵی ریفۆرم توانی هێز پەیدا بكات، چوونكە جیا لەوەی دەستەیەك رۆشنبیر و خوێنی نوێ هاتنە ریزی بزووتنەوەكەوە، بەڵام بەبێ بوونی سەركردەكانی پێشووی ریفۆرم هەرگیز نەدەتوانرا گۆڕان بگەیەنرێتە ئەم ئاستەی ئێستا.
نەوشیروان مستەفا كاتێك لە یەكێتی هاتە دەرەوە، بڕیاریدا كۆمپانیایەكی راگەیاندنی سەربەخۆ لە حزب و حكوومەت "كۆمپانیای وشە" دابمەزرێنێت، ئەوەبوو لەسەرەتادا ئەم كۆمپانیایە وەكوو دەزگایەكی راگەیاندن خۆی راگەیاند و ئەوەش لەبارەیەوە بڵاوكرایەوە كە ئەم كۆمپانیایە تەنیا كاری راگەیاندن دەكات و خوازیارە دەروازەیەكی تر لە راستای میدیای سەربەخۆی كوردیدا بكاتەوە، ئەوكاتانە خودی كاك نەوشیروان بە رۆژنامەی "شەرقولئەوست"ی راگەیاند "هەندێك رۆژنامەی هەفتانەی سەربەخۆ لەكوردستاندا هەن، بەڵام میدیای سەربەخۆ بوونی نییە، ئێمەش هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین".
بەڵام دواتر لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم لە سەرەتای ساڵی 2009، وەرچەرخانێكی گەورە لە كۆمپانیای وشە روویدا، بەوەی كۆمپانیاكە لە كاری میدیاییەوە روویكردە مەیدانی سیاسەت و وردە وردە لەهەناوی كۆمپانیاكەدا بزووتنەوەیەكی سیاسیی نوێ سەریەهەڵدا "بزووتنەوەی گۆڕان" كە توانی لەماوەیەكی كەمدا بەخێراییەكی بەرچاو خۆی بەخەڵك بناسێنێت و جەماوەرێكی بەرینیش لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە، سەرئەنجامیش لە میانەی هەڵبژاردنەكانی بیست و پێنجی تەمووزی ساڵی پاردا سەركەوتنێكی مێژوویی و گەورەی بۆ خۆی تۆماركرد و لە 100 كورسی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردستان، بیست و پێنج كورسی بردەوە، ئەمەش بۆ بزووتنەوەیەكی تازە دروستبووی وەكوو گۆڕان، لوتكەی سەركەوتن بوو.



گۆڕان هێزێكی گەورە بەڵام پەرتەوازە

هەموو ئەو راستییەمان لەلا ئاشكرایە، بزووتنەوەی گۆڕان لەحاڵی حازردا هێزێكی سیاسیی گەورەیە و مۆركی خۆی داوە لە رەوتی رووداوەكان، تەنانەت ئەگەر گەشەی ئەو بزووتنەوەیە لە هەنووكەدا وەستابێت و بەو خێراییەی پێشان لەفراوانبووندا نەبێت، هێشتا ئەو نفوس و توانا سیاسیی و جەماوەرییەی هەیەتی، ناتوانرێ نادیدە بگیرێت، بۆیەكا بەهەموو پێودانگێك بزووتنەوەی گۆڕان هێزێكی ئەكتیڤ و دیاری گۆڕەپانەكەیە، بەڵام یەكێك لە كێشە هەرە گەورەكانی ئەم بزووتنەوەیە پەرتەوازەیی سیاسییە، كە هیچ چوارچێوەیەك نییە هەموو ئەو دەنگ و سەدا و مەیلە سیاسییانە كۆبكاتەوە ئەمڕۆكە لە دەوری ئەو بزووتنەوەیە كۆبوونەتەوە، لە پێناو گۆڕانكاریی سیاسیی و فەرهەنگیی و كۆمەڵایەتی لە بەستێنی كۆمەڵگای كوردستاندا.
عوسمان بانیمارانی، یەكێكە لە سەركردە ناسراوەكانی باڵی پێشووی ریفۆرم و هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕانیشە، پێیوایە كە نارێكیی و فەوزایەك لە شێوازی كاركردنی بزووتنەوەكەیاندا هەستی پێدەكرێت كە ناشێ ئەم حاڵەتە تا سەر وەكوو ئێستا بمێنێتەوە، ئەو رایدەگەیەنێت "تائێستا ئێمە خۆمان یەكلایی نەكردۆتەوە، نە حزبین نە كۆمپانیا، لەرووی ئایدۆلۆژییەوە نە عەلمانین نە شتێكی دیكە، كەس نازانێت ئێمە چین، ئێمە هیچ ستراتیژیەتێكمان نییە، بزووتنەوەیەكی گەورەی نارێكین". بەڵام بانیمارانی لە میانەی قسەكانیدا پێیوایە كە ئەم دۆخە تاسەر نابێت و پێویستە گۆڕان خۆی رێكبخاتەوە و كۆتایی بەو پەرتەوازەییە بهێنێت و دەڵێت "تا ئێستا نەبووین بەدامەزراوە و خۆمان رێكنەخستووە، ئاوها بەردەوام دەبین تاوەكوو دەبین بەدامەزراوەیەكی جێگیر".
هەندێك چاودێری سیاسیی و تەنانەت هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لەو باوەڕەدان ئەم پەرتەوازەییە زیان لە داهاتووی گۆڕان دەدات و بۆیە پێویستە لە زووترین كاتدا ئەم بزووتنەوەیە لە چوارچێوەیەكی رێكخراودا خۆی دابڕێژێتەوە و پێناسە بكات، چوونكە سەرئەنجام ئەم پەرتەوازەییە بە سوودی نەیارانی گۆڕان دەشكێتەوە، چوونكە لەیەكێك لە كاركردەكانیدا وزەی گۆڕان كەمدەكاتەوە و بۆ تەحەدییەكانی داهاتوو لاوازتر دەیهێنێتە ناو هاوكێشە سیاسییە ئاڵۆزەكانەوە، بۆیەكا بڕوایەكی جێگیر دروستبووە، چ لەناوەوە و چ لە دەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕان كە كاتی ئەوە هاتووە ئەو بزووتنەوەیە كۆتایی بهێنێت بەو فەوزایەی هەیە و رێكخستن و چوارچێوەی سیاسیی خۆی بۆ هەموو لایەك دیاری بكات. لە بەرامبەریشدا هەندێك لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان ئەوە رەت دەكەنەوە پەرتەوازەییەكی گەورە لە ریزەكانیاندا هەبێت، بەڵكو ئەوەی بە پەرتەوازەیی دەبینرێت بۆ ئەو هۆكارە دەگەڕێتەوە كە ئەو مۆدیلە لە كۆكردنەوەی خەڵك لەلایەن بزووتنەوەیەكی سیاسییەوە سەبارەت بە كۆمەڵگەی كوردستان تازەیە و هێزە سیاسییەكانی كورد تائێستا پێی ئاشنا نەبوون.
مەحموود رەزا هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەو بۆچوونەی لای سەرەوەدایە و پێیوایە "ناسنامەی گۆڕان زۆر رۆشنە: بزووتنەوەیەكی سیاسیی-جەماوەریی بێ چەكە، بڕوای بەخەباتی دیمۆكراتیی پارلەمانی و دەستاو دەستپێكردنی دەسەڵاتی سیاسیی و بڕوای بەدادپەروەریی كۆمەڵایەتی هەیە. بەرنامەی سیاسیی گۆڕان زۆر رۆشنە.. رەنگە، ئەگەر تێنەگەیشتنێك هەبێ، هۆی ئەوەبێ كە مێژووی سیاسیی كوردستان ئەم جۆرە سیاسەتكردنەی بەخۆیەوە نەدیووە. رەنگە لەبەرئەوە بێ، وابزانرێ ناسنامەی دیار نییە. ئەوەش خەتای حزبە تەقلیدییەكانە كە وایان خستۆتە مێشكی خەڵكەوە ئەگەر هێزێك مەڵبەند و لق و كۆمیتە و ناوچە و كەرت و شانە و مقەڕ و چەكدار و میلیشیا و پارەی مۆڵی نەبوو، حزب نییە یان بەرنامەی رۆشن نییە. راستكردنەوەی ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە لە حزب و ئەو كولتوورە سیاسییە ناشیرینەی لەكوردستان باوە، ئەوانیش هەر لەئەستۆی گۆڕانن".




هەنگاوەكانی بوون بەحزبی سیاسیی

دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم بە ناوی 65 كەسەوە مۆڵەتی حزبی سیاسیی وەرگرت، قسەوباس لەسەر هەنگاوەكان رووەو بوون بەحزبی گۆڕان گەرموگوڕیی زیاتری وەرگرت. لەگەڵ ئەمەشدا بەروونی ئەوە دەبینرێت لە ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەم پرسە دوو تێڕوانینی جودا هەیە. تێڕوانینی یەكەم پێیوایە دەبێت گۆڕان ببێتە حزبێكی سیاسیی و پەیڕەو و پرۆگرام و چوارچێوەی سیاسیی و حزبی تایبەت بەخۆی هەبێت، بەپێچەوانەوە تێڕوانینی دووەم كە زیاتر لەگەنجەكان و دەستەبژێرە رۆشنبیرییەكە پێكهاتوون، لەو باوەڕەدان مانەوەی گۆڕان لەم دۆخەی ئێستا و بەهەمان شێوە و ناوەڕۆكەوە زامنی سەركەوتنی زیاتری بزووتنەوەكە دەكات و ئاسۆی رووناكتری دەخاتە بەردەم، چوونكە بەبڕوای ئەوان هێشتا كۆمەڵگەی كوردەواریی بۆ كاركردنی حزبی هاوچەرخ و سیاسیی نوێ نەخەمڵیوە، بۆیە لەپێناو دووبارە نەكردنەوەی ئەزموونی حزبەكانی تری كوردستان، مانەوەی گۆڕان لە چێوەی بزووتنەوەیەكی جەماوەریی و بەهەمان فۆرمی ئێستا كارێكی شیاوترە و هەڵبژاردنێكی گونجاوترە لەهەموو هەڵبژاردەكانی تر.
عوسمان بانیمارانی پێیوایە ئەوان بڕوایان بە حزبی سیاسیی نییە و ئەوەی وایكردووە مۆڵەتی حزبی سیاسیی وەربگرن گووشارەكانی دەسەڵات بووە لەسەریان نەك لە بڕوابوونی خۆیانەوە بە دامەزراندنی حزب. بۆیە دەڵێت "ئێمە ئێستاش وەكوو حزبێكی سیاسیی كار ناكەین، دەسەڵات ناچاریكردووین مۆڵەت وەربگرین، ئەگەرنا مۆڵەتمان نەدەویست، گۆڕان حزب نییە، بەڵام مۆڵەتی حزبی وەرگرتووە، ئێمە بڕوامان بەهیچ ئایدۆلۆژیایەك نییە". بۆیە بۆچوونێكی زاڵ سەریهەڵداوە ئیدعاكانی بوون بەحزبی گۆڕان دەبەستێتەوە بە هەوڵەكانی ئەو بزووتنەوەیە بۆ پاساو بڕینی دەسەڵات و خۆ لادان لەو تەنگوچەڵەمانەی بۆ بزووتنەوە جەماوەرییەكە دروست دەكرێت.
ئەگەرچی وەك وتمان بۆچوونی دووەم پێیوایە گۆڕان بەهەنگاوەكانی بەحزب بوون بچووك دەبێتەوە، بەڵام لایەنگرانی بۆچوونی یەكەم پاساو و هۆكاری خۆیان هەیە و پێیانوایە بێجگە لە هەوڵدان بۆ بیانووبڕینی دەسەڵات، لەهەمان كاتدا بۆ خستنەگەڕی ئەو هەموو وزەیەی لەدەوریان كۆبۆتەوە و لەپێناوی پەرش و بڵاو نەبوونەوەیان هەنگاوەكانی دامەزراندنی حزبی سیاسیی بۆتە پێویستییەكی پلە یەك. لەو بارەوە "د.جەعفەر عەلی" ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان پێیوایە " لە رۆژهەڵاتدا كارێكى ئێجگار قورسە تۆ بتوانى لە ماوەى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردندا وەكوو هێزێكى سیاسیى دەربكەویت و دواتر و دواى هەڵبژاردنەكان بەبێ خۆ رێكخستن بمێنیتەوە و مەبەستیشت بێت گەشە بكەیت. بۆیە پێموایە لە ئێستادا بزووتنەوەى گۆڕان جگە لە كاركردن بۆ خۆ رێكخستن لە چوارچێوەیەكى رێكخراوەیى- سیاسییدا دەرفەتێكى دیكەى لە بەردەمدا نییە، بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاو نراوە".
ئێستاكە بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دووڕیانێكە، یان ئەوەتا دەبێتە حزبێكی سیاسیی رێكخراو و جەماوەرەكەی خۆی لە بۆتەی حزبدا كۆدەكاتەوە، یان بەهەمان شێوە و ئەدگارەكانی پێشوویەوە دەمێنێتەوە، بەڵام بڕیارەكە بەهەر بارێكدا بێت، رای گشتیی تێكڕای هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەكەی لەسەر نییە چوون وەك لە پێشەوە هێمامان بۆ كرد، یەكدەنگیی و یەك بۆچوونی نییە لەسەر هەنگاوەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە راستای بوونە حزب، رەنگە بڕیارەكە بەهەر بارێكدا بێت یەكێك لەنەوەكانی ناو بزووتنەوەكە تووڕە بكات، یان بەدەربڕینێكی دیكە ئەم پرسە دەبێتە یەكێك لەو تەوەرانەی هێندەی تر شەڕی هەردوو نەوەی یەكەم و دووەمی ناو گۆڕان خەست و قووڵتر دەكاتەوە.




حزبی ستالینی و حزبی هاوچەرخ

دوای ئەوەی كاك نەوشیروان لەرێی چاوپێكەوتن و وتارە رۆژنامەوانییەكانی خۆیەوە زیاد لەجارێك باسی لە دروستكردنی حزبی هاوچەرخ لەسەر شێوەی حزبی نوێی ئەوروپای كرد و پێداگریی كرد لەوەی گۆڕان نایەوێ ببێتە حزبێكی چەشنی حزبە ستالینییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە، باس و خواسی حزبی ستالینی و حزبی هاوچەرخ بۆتە یەكێك لە بابەتە گەرمەكانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان و چاودێران و هێزە سیاسییەكانی تری دەرەوەش بە وردیی چاودێریی ئەم رەوشە و شێوازی پێكهێنانی حزبێكی هاوچەرخ دەكەن لەسەر دەستی بزووتنەوەی گۆڕان و خودی كاك نەوشیروان. جیا لەمەش هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان هەر لەئێستاوە مژدەی لەدایكبوونی مۆدیلێكی جیاوازی حزبی كوردیی بە جەماوەری كوردستان رادەگەیەنن، جۆرە حزبێك كە تائێستا نە كۆمەڵگەی كوردیی پێی ئاشنابووە و نە هیچ سیما و خاسێتێكی لە سیما و ئەدگاری تێكڕای حزبە كوردستانییەكانی تر دەچێت.
محەمەد تۆفیق رەحیم، وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان، باس لەوە دەكات ئێستا بزووتنەوەكەیان سەرقاڵی خۆرێكخستنەوە و دیراسەكردن و ئامادەكارین بۆ تەبەنیكردنی رێكخستنێكی هاوچەرخ و دامەزراندنی حزبێكی سیاسیی نوێ كە سەرلەبەر جیاوازە لە حزبە سیاسییەكاتی تری سەر گۆڕەپانی رامیاریی كوردستان و دەڵێت "ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەكی رەسمی مۆڵەتی یاسایی وەرگرتووە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، بزووتنەوەی گۆڕان ئێستا خەریكە خۆی رێكدەخاتەوە و رێكخستنەكانی خۆی بەزووترین كات دروست دەكات، بەڵام ئەمە بەو شێوەیە نابێت كە تائێستا لەناو حزبەكانی تری كوردستاندا باو بووە، بەڵكو بەشێوەیەكی جیاوازتر و نوێ دەبێت"، پاشان وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەش رادەگەیەنێت "ئێستا ئێمە لە پرۆسەی دروستكردنی ئەو مۆدیلە نوێیەی حزب و رێكخستنداین، با ئەو پرۆسەیە تەواو بێت ئەوسا دەزانرێت شێوازە نوێیەكەی كاركردنی ئێمە چۆنە".
لەبەرامبەردا بەشێك لە هەڵسوڕاوان و زۆرێك لە جەماوەر و چاودێرانی سیاسیی ترسی ئەوەیان هەیە دیسان گۆڕان هەمان ئەزموونی تاڵی حزبایەتی هەردوو حزبی سەرەكیی كوردستان دووبارە بكاتەوە، بۆیە پێشنیار دەكەن كە گۆڕان بڕیاری دامەزراندن و راگەیاندنی حزبی سیاسیی بۆ كاتێكی دواتر دوابخات، تەنانەت زۆرێك لە رۆشنبیران و هەوادارانی گۆڕان مەترسییەكانی خۆیان لەوەرچەرخانی گۆڕان بۆ حزبی تەقلیدیی ناشارنەوە و پێیانوایە كە لانیكەم لەم بارودۆخەدا ئیمكانی ئەو جۆرە لەكاركردنی سیاسیی نییە كە گۆڕان بانگەشەی دەكات. زوبێر رەسوڵ مامۆستا زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەلاحەدین، ئەم پرسە زیاتر روون دەكاتەوە و دەڵێت " من پێموایە نابێت گۆڕان بكەوێتە بەر هەڵەی دروستكردنی حزبێكی سیاسیی و سومبولی سیاسیی و بارەگای حزبی فراوان ئەگینا ئەمە نزیكی دەكاتەوە لە دیمەنی حزبە سیاسییەكانی تر، حیكمەتی بوونی گۆڕان لەوەدایە كە بتوانێت پارێزگاریی لەجیاوازیی فۆرمی كاركردنی خۆی بكاتەوە لەگەڵ لایەنەكانی تر، ئەمە بەو مانایە نییە كە بزووتنەوەی گۆڕان پێویستی بەرێكخستنێكی سیاسیی سەرتاسەریی نییە، بەڵام ستایل و فۆرمەكەی دەبێت كاڵتر و شەفافتر بێت لەكاری حزبەكانی تر، هەروەها رێژەی كادێرەكانیشی دەبێت كەمتر و كەم ئەرك و مەسرەفتر بێت لەلایەنەكانی تر، واتا نەبێتە بارگرانیێكی ماددیی بۆ سەر حكوومەت".
بەدەر لەوانەش خودی نەوشیروان مستەفا وەك بەرپرسی یەكەمی بزووتنەوەی گۆڕان جەخت لەوە دەكاتەوە یان حزبی سیاسیی دروست ناكەن یان ئەوەتا مۆدیلێك لە حزبی سیاسیی دەهێننە بەرهەم، لەهەموو لایەنە جیا جیاكانەوە، لە پارتی و یەكێتی نەچێت، بە دەربڕینێكی تر سەركردەكانی گۆڕان دەیانەوێت بەرێگاكانی پارتی و یەكێتیدا نەڕۆنەوە، هەروەك چۆن یەكێتی دوای سی و پێنج ساڵ لەتەمەن، بەهەمان ئەو رێگایەدا دەڕواتەوە كە پارتی لە ساڵی 1964دا پێیدا تێپەڕی. لەگەڵ ئەمانەشدا دەبێت چاوەڕوانی داهاتوو بكەین بۆ ئەوەی بزانین گۆڕان چ جۆرە حزبێكی سیاسیی و چ جۆرە مۆدیلێكی نوێی حزبایەتی دەهێنێتە ئاراوە.

تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە "1" گۆڤاری "شۆك" بڵاوكراوتەوە.
*سەرنووسەری گۆڤاری نێوەند

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە