تاڵه‌بانی ده‌ڵێت سه‌ر ده‌می گیڤارا به‌سه‌ر چووه‌

Thursday, 12.01.2011, 12:00

4202 بینراوە


من پێم وایه‌خه‌باتی چه‌کداری تاکه ‌ڕێگا چاره‌یه‌ بۆ ئه‌و گه‌لانه‌ی که ‌له‌پێناوی ئازادییاندا خه‌بات ده‌که‌ن، من به ‌بۆچوونه‌کانی خۆمه‌وه‌ پابه‌ندم و زۆرن ئه‌و که‌سانه‌ی که ‌به‌سه‌رکێشم ده‌زانن. ئه‌وان ڕاست ده‌که‌ن من سه‌رکێشم، به‌ڵام سه‌رکێشییەکه‌م جۆره‌سه‌رکێشیه‌کی تایبه‌ته‌، له‌ جۆری ئه‌و که‌سانه‌ی که ‌له‌پێناوی وه‌رگێڕانی بۆچوونه‌کانیان بۆ کردار، ژیانی خۆیان ده‌خه‌نه ‌مەترسییەوه (گیڤارا)
 تاڵه‌بانی، له‌مێژه‌ له ‌پارتی کرێکارانی هه‌ڵپێچاوه‌ و ده‌یه‌وێت هه‌ر هیچ نه‌بێت وه‌ک حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌یان لێ بکات، ئه‌وانه‌ی که‌سانی سه‌رکه‌شن و ته‌سلیم به‌ ئیراده‌ی داگیرکه‌ران نابن لێره‌ و له‌وێ شەهیدیان دەکه‌ن و سه‌ریان له‌ تەلیس بنێن بۆ ئێران و تورکیایان به‌رنه‌وه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ پژاک و په‌که‌که‌، زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ له‌و یارییه‌ ترسناکه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌گه‌ن به‌ تاڵه‌بانی و بارزانییەوه‌.
 به‌ر له‌وه‌ی بچمه ‌ناو باسه‌که‌مه‌وه‌ و قسه ‌له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و که‌سی تاڵه‌بانی بکه‌م، لام باشه‌ خوێنه‌ری ئه‌م بابه‌ته ‌سه‌یری ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی تاڵه‌بانی بکات و دوای له‌ نووسینی ئه‌م بابەته ‌بڕوانێ

 
ساڵی 1992 ساڵێک دوای ڕاپه‌ڕین تاڵه‌بانی نامه‌یه‌ک ئاراسته‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ده‌کات، به‌ زمانی عه‌ره‌بی و له‌نامه‌که‌دا ده‌ڵێ باوی شه‌ڕی چه‌کداریی نه‌ماوه‌ و چه‌ک دابنێن، به‌ر له‌ چه‌ند ساڵ ئه‌و ده‌مه‌ی ئه‌نفالی یه‌ک کرا و یه‌کێتی ناوچه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ما، ته‌نها بادینان مابوو، که‌ به‌نده‌ش له‌وێ بوو تاڵه‌بانی خۆی گه‌یانه‌ بیقاع و له‌وێ له‌ لای عه‌بدوڵا ئۆجه‌لاندا کۆمه‌ڵێ پڕۆتکۆڵی ئیمزا ده‌کات و هه‌موومان زانیمان چی ووتوه ‌و وتارێک پڕ له ‌پیاهه‌ڵدان به‌زمانی عه‌ره‌بی ده‌خوێنێته‌وه‌ و باسی ئازایه‌تی گه‌ریلا و ئاپۆ ده‌کات، کاتێک نامه‌که د‌ه‌گاته‌ ده‌ست ئاپۆ له‌ ئه‌کادیمای شه‌هید عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان گه‌ریلاکان کۆ ده‌کاته‌وه‌ و له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی نامه‌که‌ی تاڵه‌بانی قسه‌ده‌کات، دوایش کرایه‌نامیلکه‌ئه‌ک، که‌ نامه‌که ‌ده‌خوێنه‌وه‌و بۆ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی وه‌ر ده‌رده‌گێڕن، ئاپۆ که ‌ده‌ست ده‌کات به‌قسه‌ یه‌که‌مین ووشه‌ی له‌ ده‌می شاهێد حاڵێکه‌وه‌، که‌ هاوڕێمه‌ و خۆی له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و سمیناره‌ بووه‌ ئاپۆ به‌تاڵه‌بانی ده‌ڵێ (ئەم پیاوه‌ به‌ ڕاستی بێناموسه‌) درێژه‌ی پێ دەدا و ده‌ڵێ: من له‌پلانی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی بادینی و بۆتانام . هاورێ و براو هاوکارمان کاک (نه‌ژای حاجی برایم) له ‌وتارێکا وه‌ک شاهید حاڵێک ده‌ڵێ، که ‌له‌ هه‌ولێر بووین ڕۆژێک تاڵه‌بانی به‌ کۆپته‌ری تورکی هاته‌وه‌ لامان که‌ باره‌گاکه‌ی له‌ ماڵه‌که‌ی عێزه‌ت دوریی دا بوو، ئیستا ماڵی نێچیر بارزانییه‌ هه‌مان ماڵ، تاڵه‌بانی یه‌ک دوو فه‌رده‌ دۆلار داده‌گرێ و بای په‌روانه‌ی کۆپته‌ره‌که‌ قژی ده‌ئاڵۆسکێنێ و به‌ بزه‌وه‌ خۆی تاو ده‌داته‌ فه‌ره‌ دۆلاره‌کان بۆ ژووره‌وه‌ی دەبات، هه‌فته‌یه‌ک دوای ئه‌وه‌ شه‌ڕی په‌که‌که‌ ده‌که‌ن و به‌ره‌ی کوردستانی بڕیاری ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌دات، جارێ هه‌ر له‌ هه‌ولێر ده‌مێنینه‌وه‌ساڵی 1993 بوو چه‌ند که‌سێک له‌ باشوری ووڵاته‌وه‌ چونه‌ بیقاع و له‌وێ په‌که‌که‌ (پارتی ئازادی کوردستان)یان دروست کرد(پاک) کاتێک ده‌وره‌ی یه‌که‌می کادێرانی یه‌کێتی ته‌واو بوو به‌نده‌ش میوان بووم ئه‌و ڕۆژه‌ تاڵه‌بانی هه‌رچی سوکایه‌تی بوو به ‌په‌که‌که‌ی کرد و نووسراوێکی پارتی کرێکارانی ده‌خوێنده‌وه‌ و پێده‌که‌نی، ده‌یوت عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان پاکم بۆ دروست ده‌کات له‌ کێ له‌هه‌موو ئه‌و به‌عسیانه‌ی که‌ خۆشحاڵانه‌ کورد ده‌یان ناسێ، نمونه‌کانی ممتاز حه‌یده‌ری و محه‌مه‌د ئه‌مین پێنجوێنی و هتد، که‌چی له‌م ڕۆژا‌نه‌دا له‌چاوپێکه‌وتنێکدا محه‌مه‌د ئه‌مین پێنجوێنی به بێ ئه‌وه‌ به‌خۆی بزانێ به‌رگریی له‌ یه‌کێتی و پارتی ده‌کات جا به‌ڕاستی قسه‌که‌ی تاڵه‌بانی مه‌نتیقی تێدا بوو، ئه‌وانه ‌به‌عسی بوون، فه‌رموون له‌گه‌ڵ ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا، ده‌بوو ئه‌مانه‌ که‌لتورێک فێر بن به‌ر له‌وه‌ی سه‌نگه‌ر بگوێزنه‌وه‌ داوای لێ بوردن له ‌گه‌له‌که‌یان بکه‌ن
 
 ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ کامێرا گیراوه‌وە عێزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵیش چه‌ند قسه‌یه‌کی کرد، خۆی به‌هاوڕێ گیانی به‌گیانی تاڵه‌بانی ناساند و، باسی ئه‌زمونی یه‌کێتی کرد که ‌به‌ره‌ی دروست کردوه‌ و وه‌ک به‌ره‌ی هێزه‌کانی فه‌ڵه‌ستین ئه‌میش به‌رهه‌می هه‌بووه‌.
تاڵه‌بانی ده‌ڵێ: من نهێنییه‌کتان بۆ باس ده‌که‌م، په‌که‌که‌ چه‌ک داده‌نێت، به‌ڵام دوو داوایان هه‌یه‌، داواکانیان ساده‌ن داواده‌که‌ن لێبوردنێکی گشتی بده‌ن و ئه‌مان گه‌ریلاکان بچنه‌وه‌ ماڵی خۆیان، نه‌ک زینانی بکرێن، دووهه‌م داوا هه‌ر بۆ خۆشی له‌ده‌ستوری تورکیادا بنووسن که ‌چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌ک له ‌تورکیادا ده‌ژی ئیتر هه‌موو له‌و شاخه‌ دێنه‌خواره‌ و ده‌چنه‌وه‌ ماڵی خۆیان، ده‌ڵێ ئێمه‌ له‌ بێده‌نگ کردنی چه‌که‌کانی پژاکدا سه‌رکه‌وتنمان به‌ ده‌ست هێناوه‌ و تۆپبارانمان وه‌ستاندووه‌، ده‌کرێ بپرسین ئه‌ی بۆ پارتی کرێکاران به‌هیچ شێوه‌یه‌ک وه‌ڵامی تاڵه‌بانی ناداتەوه‌ ؟
 به‌هه‌ر حاڵ تانووسینی ئه‌م بابه‌ته‌ من ئاگاداری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پارتی کرێکاران نییم، ئیمانیشم به‌و قسه‌یه‌ی تاڵه‌بانی نییه‌، به‌دیوه‌کەی تردا قسه‌که‌ی ئاپۆ ڕاسته ‌(ئه‌و کابرایه‌ بێناموسه‌) جوابی چی ده‌ده‌یته‌وه‌ ئه‌وه‌تانێ کچی قه‌زافی خۆی ده‌ڵێ تاڵه‌بانی داوای لێ کردووین بێن و جێگه‌یه‌کی ئارامتان بۆ فه‌راهه‌م ده‌که‌ین، که‌چی تاڵه‌بانی ده‌ڵێ وا نییه‌و ئه‌وه‌ هه‌ڵبه‌ستنی تاوان و دووزمانییه‌ به‌ده‌ممه‌وه‌ ده‌کرێ، هه‌مووشمان ده‌زانین که ‌هه‌رچی به‌عسی و خائین هه‌یه ‌له‌ کوردستان و له‌ سایه‌ی ده‌سه‌لاتی کوردییدا داڵده‌دراون، ته‌ها محییەدین مه‌عروف جێگره‌که‌ی سه‌دام به‌ نمونه‌، کچه‌که‌ی عێزه‌ت دوری له‌هه‌ولێر به‌ نمونه‌ و ده‌یان و سه‌دانی تر.
 من هه‌ست ده‌که‌م جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌موو کارته‌کانی تێکه‌ڵ کردووه‌، به‌هه‌ق و ناهه‌ق به‌رۆکی گیڤارا ده‌گرێ، ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی بڵێ سه‌رده‌می کاسترۆ به‌سه‌ر چووه‌، ئه‌وه‌ له‌پێش هه‌موو که‌سێکه‌وه‌ ده‌بێ خۆی و مەسعود بارزانی برای وه‌ک د. کامه‌ران مه‌نتک ده‌ڵێ: ده‌بێ بچنه‌به‌ر ده‌م دادگا.

تاڵه‌بانی، وه‌ک چۆن پاساوی نا لۆژیکی ده‌هێنێته‌وه ‌بۆ ئه‌وه‌ی بڵێ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی نابێ و ناکرێ و ده‌ر و دراوسێ دەرگامان لێ داده‌خه‌ن، ئه‌مه‌ ساده‌نییه‌ و مێژووی خۆی هه‌یه‌، ده‌بێ ئیستا ئێمه‌ ئه‌و مێژووه‌ هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌. کاتێک ڕاپه‌ڕین کرا ساڵی 1991 به‌شێک له‌ کوردستانی باشوور،ڕژێمی به‌عس لێی کشایه‌وه‌ و زۆر ووتراوه‌ له‌سه‌ری، به‌ڵام به‌و مانایه‌ نا کە ئیتر ئێمە باسی نه‌که‌ین. د . که‌مه‌ل مه‌زهه‌ر، کتێبێکی له‌سه‌ر کوردستانی بوونی که‌رکوک نووسی و ناری بۆ تاڵه‌بانی ووتی فه‌رموو ئه‌مه‌ هەمووی دیکۆمێنت که ‌که‌رکوک و موسڵ کوردستانه‌ و چاپی بکه‌ن، تاڵه‌بانی ووتی: باشه ‌ئێمه‌ به‌ ناوی تۆوه‌ چاپی ده‌که‌ین، ئەو کاتەش د. که‌مال مه‌زهه‌ر له‌ به‌غداد دانیشتبوو به‌وه‌ ڕازی نه‌بوو، چونکه‌ کوشتنی مسۆگه‌ر ده‌بوو، که‌چی نه‌ یه‌کێتی و نه‌تاڵه‌بانی ئاماده‌یان نه‌بوون ئه‌و کتێبه ‌به‌چاپ بگه‌یه‌نن، ئیستا بۆ چاپ ناکرێ ؟ ئه‌مه‌ش پرسیارێکه‌ و وه‌ڵامه‌که‌ی لای د. که‌مال مه‌زهه‌ر و تالەبانییە؟ هەرچەندە ئێمە دەتوانین بۆ د. کەمال بڵێین، کە ئەو جارێ له ‌پلانی ئه‌وه‌دایه‌ ئه‌فسانه ‌بۆ مه‌لامسته‌فا دروست دەکات. که‌مال مه‌زهه‌ر خۆی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه‌، که ‌داگیر کراوه‌ ده‌زانێ و هه‌موو دیکۆمێنته‌کانی لایه‌، وه‌ک چۆن له‌ کتێبی کوردستان له‌ساڵەکانی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهاندا، کوردی سه‌رفراز کرد له ‌کوشتنی ئه‌رمه‌نییەکان، من دڵنیابووم ئه‌وه‌ش باشترین به‌ڵگه‌بوو بۆ کوردستانی بوونی که‌رکوک، نه‌ک ئه‌و وێنه‌ پڕ مه‌هزه‌له‌یه‌ی تاڵه‌بانی که ‌نه‌خشه‌یه‌کی زه‌مانی عوسمانلییەکانه‌ و دارو دیواری سلێمانیان بەو وێنەیە پڕ کردوه‌، که‌چی له‌ که‌رکوک ئه‌و وێنه‌یه ‌بۆ چاوه‌زاریش نابینی، به‌رهه‌م ساڵحیش له‌ جێگه‌یه‌کدا ده‌ڵێ ئێمه‌ گرفتمان له‌سه‌ر ناوچه‌دابڕاوه‌کان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دۆکۆمێنتمان نییە. سەرەتا ئێمه‌ش وه‌ک کوردستانپۆست ئه‌م ووشيیه‌ به‌هه‌ڵه ‌و به‌خیانه‌تی ده‌زانین و له‌ کۆنفراسی یه‌که‌مدا ئاماژه‌مان پێ داوه‌، کە ئه‌و ناوچانه‌ دابڕاو نین به‌ڵکو داگیر کراون و سه‌رانی کوردیش ده‌ستی تێدا هه‌یهە، ده‌نا به‌ر له‌20ساڵ باشترین به‌ڵگه‌ ئەو کتێبەی د. که‌مال مه‌زهه‌ر بووه‌، کە تاکو ئه‌مڕۆ ڕۆشنای نه‌دیوه، وه‌ک کتێبه‌ قاچاغه‌کانی به‌عس دێته‌ به‌ر چاو.
 گیفارا له‌ جێگه‌یه‌کدا باس له‌ شۆڕش ده‌کات ده‌ڵێ: (شۆڕش وه‌ک پاسکیل لێخوڕین وایه‌) واتە له‌ وه‌ستانی پاسکیلدا لار دەبیتەوە و دەکەوێت، ئیتر هیچ به‌ڵانسێک نامێنێ، لێرەشدا بۆ شۆڕشەکە هه‌موو وه‌ستانێک ته‌واوبوونی شۆڕشه‌، ئێمه‌ به‌ تاڵه‌بانی ده‌ڵێین پاسکیله‌سەوزەکەی تۆ له ‌مێژه‌ وه‌ستاوه‌، چونکه‌ جگه ‌له‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ و شۆڕشەی به‌رێزتان یەقینم هەیە، کە نە تۆ شۆڕشگێڕ بوویت و نە شۆڕشیشت کردووە، هەر له‌سه‌ره‌تاوه‌ پاسکیلەکەت وه‌ستا بوو، ئەوە ئێمەبووین کە بەلاتدا دەڕۆیشتین وامان دەزانی تۆ دەڕۆیت و ئێمە وەستاوین، جه‌لال تاڵه‌بانی باسی ماوسیتۆنگ و هۆرشیمینه ‌و گیڤارا به‌یه‌که‌وه ‌ده‌کات، ئه‌مه‌یه‌ تێنه‌گه‌یشتن، راسته‌ ئه‌م که‌سایه‌تیانه‌ هه‌موویان شۆڕشی چه‌کدارییان کردوه‌، به‌ڵام جودان، من لام وایه‌ ئه‌گه‌ر به‌ر له ‌1000 ساڵ گیڤارا بژیایه‌ ئه‌و په‌یامێکی پێغه‌مبه‌ری پێ ده‌بوو، چونکه ‌لای گیڤارا زیاتر په‌یامی مرۆڤایه‌تیی بووه‌ نه‌ک دانیشتن له‌ سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات، ئه‌و وه‌زیر ده‌بێت به‌ڵام ئۆقره‌ناگرێت و ده‌ڕوات شۆڕش ده‌کات، ده‌ڵێ له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ک چه‌وسانه‌وه‌ هه‌بێت من له‌وێم .
له‌سه‌ر گیڤارا فه‌رموون سه‌یری ئه‌م لینکه‌بکه‌ن
 
 من لام وایه‌، سه‌رده‌می گیڤارا به‌سه‌ر نه‌چووه‌، به‌ڵام گومانم نییه‌، که‌ سه‌رده‌می ئێوه‌ به‌سه‌ر چووه‌، چونکه ‌که‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌م  له‌ ته‌لەفیزۆنی عه‌ره‌بییه‌ بینی، کۆڵێک بۆ داماویت خه‌مم خوارد ، ووتم ئه‌م کابرایه‌ بۆ وا له‌ خۆی ده‌کات، ئه‌ی که‌ی ده‌چێت بیره‌وه‌رییە  پڕ مه‌هزه‌له‌که‌ی ده‌نووسێته‌وه‌ ؟  یارۆی ڕۆژنامه‌نووس به‌گیری هێنابووی لام خۆش بوو، به‌ڵام وه‌ڵامه‌کانت هیچی تازه‌ی تێدا نه‌بوو، که‌شایسته‌ی قسه ‌له‌سه‌ر کردن بێت، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت ده‌ته‌وێت وه‌ک سه‌رۆک کۆمارێکی کارتۆنی بمری و هیچی تر، ئه‌وه‌یه‌ جیاوازی تۆ و که‌سێکی شۆڕشگێڕ .