ڕاگەیەندراوێك لەگروپى نەوەكانى ڕاپەڕین لە ڕانیە:

Tuesday, 23/08/2011, 12:00

2624 بینراوە


نه‌وه‌کانی راپه‌ڕین بۆ ڕاى گشتى ...

سەرەڕاى ئەوەى جارێكى دیكە زۆر بەتوندى ئیدانەى كردەوە نا مرۆڤایەتى و دڕدانەى لەشكركێشیەكانى توركیا و ئیران دەكەین بۆ سەر باشورى كوردستان، پرسە و سەرەخۆشى خۆمان ئارٍاستەى بنەماڵەى(7) چەپكە گوڵى ووڵاتەكەمان و سەرجەم گەلى كورد دەكەین.
ئێمە وەك خەڵكى كوردستان، لەكاتێكدا چاوەڕوانى دەوڵەتى سەربەخۆیین، لەكاتێكدا بەرپرسانى هەرێم بانگەشەى سەقامگیرى هەرێم و ئاسایشى وڵات دەكەن، لەكاتێكدا دەسەڵاتدارانى باشورى كوردستان باوەشیان كراوەیە بۆ میوانانى دراوسێ و بیانى وخزمەت كردنیان لەباشترین شوێن و ڤێلا و ئاسایشى تەواودا، لە كاتێكدا پەیوەندییە بازرگانیەكانى نێوان هەرێم و وەڵاتانى داگیركار بەرەو پێشەوە دەچن.
لەوكاتەدا ڕۆڵەكانى وەڵاتمان ئاگرباران دەكرێن وخاكى وەڵات بە بۆمب و تۆپى وەڵاتانى داگیركار هێرشیاندەكرێتە سەر و ساتێك بۆ ئارامى نەماوەتەوە و بەردەوام منداڵەكانمان بە دەنگى فڕۆكە جەنگییەكانى توركیا و تۆپەكانى ئێران ڕادەچڵەكێن. ئەوەى جێگەى سەرسوڕمانە بەرپرسانى هەرێمى كوردستان و حكومەتى عێراقى فیدڕاڵ هەڵوێستێكى ئەوتۆیان لێ نابینرێت و باكیان نیە بە كوشتنى هاوڵاتیانى سڤیل.
بۆیە ئێمە وەك گروپى نەوەكانى ڕاپەڕین بانگەواز دەكەین و داوا لە خەڵكى ئازادیخوازى كوردستان و گشت چین وتوێژەكان و سەرجەم گروپ و كۆمەڵە و ریكخراوەكان دەكەین، بۆ تەنها جارێكیش بێت بێ گوێدانە ڕِِِەنگە جیاوازەكان وبەرژەوەندییە حیزبیەكان بەیەك دەنگ و یەك هەڵوێست خۆپیشاندانێكى بەرفراوانى سەرتاسەرى سازبدەین و خاوەندارى لە سنوورەكانى كوردستان بكەین و داكۆكى لە نیشتیمانەكەمان بكەین.
خەڵكى ستەم دیدەى كوردستان, باهۆشیاربین و بەئاگابێینەوە كە داگیركاران و وەڵاتانى سەردەست، دەستى چەپەڵیان خستۆتە گەردنمان و هاوڵاتیانى بێ تاوانمان دەكوژن، باهەڵوێست وەرگرین و بەرخودان پێش بخەین، بۆ ئەوەى چارەنووسى گەلەكەمان ڕۆشن بێت و یەكێتى نەتەوەیى و یەك بوونى كوردانى 4 بەشى كوردستان بپارێزین و سنورێك دابنێیین بۆ ئەو زوڵم و ستەمەى بە درێژایى سەدان ساڵى ڕابردوو سەپێندراوە بەسەر گەلەكەمان
لەو ڕەهەندەوە و لە سۆنگەى بەرپرسیارێتى مێژوویى و نەتەوەیى گروپى نەوەكانى ڕاپەڕین ئاگادارى سەرجەم هاوڵاتیانى ڕانیە و دەوروبەرى دەكات، كە رۆژى پێنج شەممە ڕێكەوتى (25\8) لەشارى ڕانیە خۆپیشاندانێكى ناڕەزایى سازدەكەین و بەشدارى كردنتان دەستكەوتەكانى گەلەكەمان دەپارێزێت و نیشانەى خاوەندارێتى كردنە لەخاكى كوردستان و خوێنى شەهیدان.
خۆپیشاندانەكە كاتژمێر(4)ى ئێوارە لە مەیدانى ئازادى ڕانیە بەڕێوەدەچێت.

گروپى نەوەكانى ڕاپەرین/ڕانیە
23/8/2011


http://www.facebook.com/pages/گروپی-نەوەكانی-راپەرین-رانیە/119519321457234?ref=notifif_t=page_name_change

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە