لە پەرلەمانی بەریتانیا باسی پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەکرێت لە کوردستان

Saturday, 10/12/2011, 12:00

2765 بینراوە


شۆخان فەرەج/ پەیامنیری کوردستانپۆست- لەندەن
ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی 12 / 12 / 2011 لە پەرلەمانی بەریتانیا کۆبونەوەیەک  بەسەرپەرشتی ئەندام پەرلەمانێکی بەریتانیا بەڕێوە دەچێت،  هەردوو بەڕێز ئاسۆس  هەردی و بەشدار عەلی لە کوردستانەوە بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کراون. شایەنی باسە ئەم کۆبونەوەیە لەلایەن چەتری ئازادی لە لەندەن کاری بۆ کراوە. بە باشمان کە بەڕێز گۆنا سەعید وەکو ڕێکخەری چەتری ئازادی لە لەندەن بدوێنین.

- ئامانجی ئێوە چییە لەم کۆبووەنەوەیەدا؟
- ڕاستییەکەی هەروەکو چالاکییەکانی تری چەتری ئازادی ئەم کۆبونەوەیەش بۆ بەرگریکردنە لە مافەکانی مرۆڤ وە لە ئازادییە مەدەنییەکان لە کوردستانی عێراق. ئەوەی کە ڕوودەدات پێشێلکاری ئاشکرای هەموو ڕۆژێک بۆ مافە زۆر زۆر سەرەتاییەکانی مرۆڤ لە کوردستان، لەسەردەستی دەستەڵات لەسەر دەستی ئەو کلتورە توندوتیژەی ئەم دەستەڵاتە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو درووستی کردووە لە نێو کۆمەڵگای کوردی. ئەوەتا هەر لە ڕاوەدونانی ڕۆژنامەنووسان، ڕاپێچکردنییان بۆ بەردەم دادگا، مەحکەمە کردنیان وە هەندێک جار ئازاردان و ئەشکەنجە، تەنانەت کوشتنیان وەکو لە کەیسی سەردەشت عوسماندا، وەهەروەها سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان کوشتنی چەندین کەس لەلایەن دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشەوە کە هەتا ئێستا هیچ یەک لەمانە نەبراونەتە بەردەم دادگا، هیچ یەک لەمانە سزای ئەو کارانەیان وەرنەگرتووە. بەشێکی تر بۆ باسکردن لەسەر ئەو پێشێلکارییانەیە کە هەموو ڕۆژێک بەرامبەر بە ژنان و مافەکانی ئەکرێت لە کوردستاندا. ئامانج لەم کۆبوونەوەیە بۆ دەرخستتنی ڕووی ئەم جۆرە پێشێلکارییانەیە لە کوردستاندا. وەهەروەها بۆ ئەوەیە کە چەندین بەڵگە بخرێتە بەردەم پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر ئەم پێشێلکارییانە. لەلایەکی ترەوە ئێمە دوو میوانمان هەیە لە کوردستانەوە بانگهێشتمان کردوون ئەوانیش بەڕێزان ئاسۆس هەردی و بەشدار عەلی، کە خۆیان قوربانی جۆرێک لە توندوتیژین، قوربانی ئەو جۆرە پێشێلکاری مافن کە بەرامبەر بە مافی ڕۆژنامە نووسان دەکرێت، ئەمان دێن لەسەر ئەو پێشلکارییانە و ئەو تەجروبانەی خۆیان بۆمان ئەدوێن. لەلایەکی تریشەوە ئیمە ئامانجێکی سەرەکی ترمان لەم کۆبونەوەیە ئەوەیە بتوانین گۆڕانکاری بەدەستبهێنین، بتوانین کە دەست بکەین بە حەملەیەکی بەرفراوان بۆ ئەوەی بەڵگە نامەیەک بدەینە دەرەوە بە ناوی بەیانی مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان. ئەم بەیانە ببێتە بنەمای مافی مرۆڤ لە کوردستان وە دەستەڵات و تەواوی ئەو کۆمەڵگایە ببێتە ئەوەی کار بکەن بەپێی ئەم بنەما ئەساسییانەی مافی مرۆڤ، کە سەرچاوەکەیمان لە چارنامەی مافی مرۆڤەوە وەرگرتووە. تیایدا چەند خاڵێکمان هێناوە وە بەشێک لەو خاڵانە بەڕەسمی ناسینی ئازادی بیروڕا، ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ڕۆژنامە نووسی، ئازادی ئینتیمای سیاسی بۆ هەر تاکێک بەبێ ئەوەی لەسەر کارەکەی دەربکرێت، بگیرێت یان ئەشکەنجە بدرێت. هەروەها داوامان کردووە لەو بەیاننامەیەدا کە مافی یەکسان بۆ ژن و پیاوو ئازادییەکانی ژنان بەڕەسمی بناسرێت، هیچ کەسێک نەتوانێت توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بکات .لە بەشێکی تردا باسی ئازادی بیرو ڕای دینمان کردووە لەوەی کە مرۆڤ ئازاد بێت لەوەی کە هەردینێکی هەبێت یاخود دینی نەبێت ، هیچ کەسێک نەتوانێت هاندانی توندوتیژی بکات بەبیانووی دینی جیاوە یان نەبوونی دینەوە لە بەرامبەر مرۆڤێک تردا. ئەمانەو چەندین خاڵ کە ئێمە لەو بەیانەدا هێناومانە دەیکەین بەبڕیارنامەی نێو کۆبونەوەکەمان وە ئامانجمانە کە ئەم بڕیارنامەیە بخەینە بەردەمی ئەندام پەرلەمانەکانی بەریتانیا، وە هەوڵیش بدەین ئەم حەملەیە فراوان بکەینەوە بۆ هەموو پەرلەمانەکانی ئەوروپا، هەتا بتوانین فشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر دەستەڵاتی کوردستان دابنێنن، کە ئەم بەیانە و جارنامەی مافەکانی مرۆڤ بگاتە بنەمای یاساکانی دەستورەکەی وە ئەو قەرارو یاخود ئەو دەستەڵاتەی لە کوردستان بە دادگاو دام ودەزگاکانەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە