KURDISTANPOST
24 کاتژمێر
پەژاک جاڕنامەی ژنێڤ بۆ لەناوبردنی مینی واژۆ کرد
Monday, 26/04/2010, 12:00
1467
بینراوە
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک لەڕێککەوتنێکدا بەڵگەی پابەندبون بەجاڕنامەی ژنێڤ بۆ سەرجەم مینە دژە مرۆڤییەکانی واژۆ کرد.
بەگوێرەی ماڵپەڕی رۆژهەڵاتی نزیک لە پەژاک، ئەو پارتە پابەندبونی خۆی بە پەیمانی ئۆتاوا دەربڕیوە و بەڵێنی هاوکاری و کۆکردنەوەی مینەکانی دژە مرۆڤی داوە. لە بەشێکی ئەو رێککەوتننامەیەی لەلایەن پەژاکەوە واژۆ کراوە، تیایدا هاتوە؛ ئێمە دەزانین کە دەرئەنجامە ترسناکە مرۆیی، ئابوری و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکانی مینی دژە مرۆڤ گەڵێک گەورەترە لەو کەڵکە کەمە سەربازییەی کە هەیەتی. لەسەر ئەوە کۆکین کە یاسا نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ بەسەر گشت لایەنەکانی پێکداداندا جێبەجێ بکرێن و پابەند بن پێیانەوە. ئێمە دان دەنێین بە بنەماکانی قەدەغەکردنی تەواوی مینە دژە مرۆڤەکان کە بە پێی رێککەوتننامەی 1997ی ئۆتاوا دانراون.
پەیمانی ئۆتاوا ساڵی 1997 بۆ لەناوبردنی مینەکانی دژە مرۆڤ بەسترا. وڵات و لایەنەکانی ئەندامی ئەو پەیمانە ئالیکاری یەکتری دەکەن بۆ ئەوەی زەوییە چێنراوەکان بە مین خاوێن بکەنەوە و لەبواری راهێنان و پزیشکیدا یارمەتیدەری یەکدی بن.
ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی ئێران دوهەم وڵاتە لەڕوی زۆربونی مینی چێنراو، بەڵام هەروەک وڵاتی یەکەمی ئەو لیستە واتە میسر پەیمانی ئۆتاوای واژۆ نەکردوە.
ئامارێکی فەرمی و ورد لەسەر رێژەی مین لەئێران لەبەر دەست نیە، بەڵام نزیکەی 16 میلیۆن مین لە چل میلیۆن هێکتاری ئێران چێنراوە. هەمو ئەو مینانە لە پێنج پارێزگای رۆژئاوای ئێران چێنراون کە لەناویاندا تەنیا، یەک پارێزگا کورد نشین نیە. بەپێی ئەو زانیاریانەی لە بەردەستە، زۆربەی مینەکان لە ئازەربایجانی رۆژئاو، ئیلام، خوزستان، کوردستان و کرمانشان چێنراون کە بەهۆیانەوە ساڵانە 200 تا 800 کەس گیانیان لەدەست دەدەن.
24 کاتژمێر
© 2019- Kurdistanpost