یەكەم رۆژى سوێند خواردنى بەرهەم ساڵح شكست بوو

Thursday, 29/10/2009, 12:00

1733 بینراوە


لە رۆژى 28ى ئەم مانگە كابینەى شەشەمى هەرێمى كوردستان، چ سەرۆكى حكومەت و چ وەزیرەكان سوێندى یاساییان خوارد.
گەر وردتر رۆبچینە ناو ئەو سوێند خواردنەوە ئەوكات بۆمان دەردەكەوێت كە سوێند خواردنى دۆڕانى كابینەى شەشەم بووە، نەك دەستپێكردنى، ئەمەش بۆ چەند فاكتەرێك دەگێڕینەوە:

یەكەم: لە كاتى مەراسیمەكەدا فراكسیۆنى (گۆڕان) و ئەندامانى لیستى (یەكگرتوو) چوونە دەرەوەى دانیشتنەكە و بایكۆتیان كرد.
دووەم: دەنگ نەدانى ئەندامانى كۆمەڵى ئیسلامى بەو حكومەتە.
گەر واقعیانە بیر لە بەڕێوەبردن و ئەداى ئەم حكومەتە بكەینەوە، ئەوا دەگەینە ئەو راستیەى كە هەرگیز كابینەى شەشەم سەركەوتوو نابێت، ئەوەش بەو پێوەرەى دوو خاڵەكەى سەرەوە لە لایەك، لە لایەكى ترەوە ئەدا و چواردەورەكەى سەرۆكى ئەمجارەى حكومەت كە بەرهەم ساڵحە و بە بوكە شوشەكەى یەكێتی ناسراوە.
ئێمە دەپرسین ئایا ئەو میسداقیەتەى كە بە نێچیرەڤان بارزانى لە پێشدا دراوە بەو دەدرێت؟! یاخود بە شێوەیەك لە شێوەكان بەرهەم ساڵح دەتوانێت ئیدامە بە ئیدارەی حكومەتى هەرێم بدات، كە سەرتاپاى غەرق بووى گەندەڵیە؟! وەك چۆن نێچیرەڤان تا رادەیەك توانیبووى هاوسەنگیەك رابگرێت!
بەرهەم ساڵح لە نێوان بەرداشى گۆڕان و ئەحزابەكانى تردا دەهاڕدرێت، ئەو لە بەغدا بووە و لەوێش كاریگەریەكى ئەوتۆى لەسەر وەزنى كورد نەبووە، دواجار لەسەردەمى سەرۆكایەتى حكومەتى هەرێمى كوردستان_ ئیدارەى سلێمانى جیا لە شێواندنى شارەكە و دانانى كۆمەڵێ باج، كە باجەكانیش (زبڵانە، دەرگانە، جاددە.....) هەرگیز كۆمەڵگاى كوردى ئەم جۆرە تاكس و باجانەى بە خۆیەوە نەدیبوو، ئەو كە لە ئەمریكا پێگەیوبوو بەو شێوەش بیرى دەكردەوە هاوكات هەمان بەرنامەى لەگەڵ خۆیدا ئیسترادى كوردستان كردبوو، پێى وابوو كە سەركەوتن بەدەست دێنێت، بەڵام لەو سەردەمەدا جگە لە ناڕەزاییەتێكى زۆرى دانیشتوانى سلێمانى چیترى لێ نەكەوتەوە، هەروەها خەڵكى سلێمانیش بە بوكە شوشەكەى یەكێتیان ناو دەبرد.
بەرهەم هەرگیز ناتوانێت باڵانسى هێز و رازى بوون لە نێوان ئۆپۆسزیۆن و هاوڵاتیان و لایەنى دەسەڵات راگرێت، ئەویش بەو پێیەى كە ئەزمونێكى لێڵى لە بەغدا هەیە و خاوەنى هیچ دەسكەوتێك نەبووە بۆ گەلەكەى، دواجار ئەزمونە دۆڕاوەكەى سەردەمى حوكمڕانى لە سلێمانیش هەمان باسە، ئەمانە و چەندین كەموكوڕى تر ئایا بەرهەم سەركەوتوو دەبێت یاخود نا؟! ئەوە وەڵامەكەى دوور و نزیك پێى دەگەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە