هەڵوێستێکی مه‌ردانه‌ی دکتۆر شاهۆ سەعید

Saturday, 06/10/2012, 12:00

1752 بینراوە


دیارە هەموان هەڵە ئەکەین، تەنها ئەوانە نەبێ کە هیچ ناکەن و ئەترسن لەوەی هەڵە بکەن.  هەر دەرئەنجامی هەڵەشه‌ ئێمەی گەیاندۆتەوە ئەم ئاستە بەرزەی ژیان و ڕۆژ دوای ڕۆژ، ئاستی زانستیی، خۆشگوزەرانی، هۆشیاری و تاك بەتاکی کۆمەڵگەی ئەم گەردوونە لەهەڵکشاندایە.. بێگومان ئەم شارستانیەی ئەوڕۆ دەرئەنجامی ڕاستکردنەوەی چەندین هەڵە و چەت و گێڕی مرۆڤایەتیە، لە قۆناغە مێژووییەکانەوە کە توانیویەتی ئەزموونی لێوەربگرێ و جارێکی دی ئەو هەڵانەی چەند بارە نەکردبێتەوە.
خۆشبەختانە، کەسانێك هەن لێرەو لەوێ، کاتێ هەڵەیەك ئەکەن، یان ئەکەونە هەڵەیەکەوە. گەر کەسێك بۆیان چاك بکاتەوە، یان پێیان ڕابگەیەنێ کە کەوتۆتە هەڵەوە، ئامادەیە ، گەر سەریشی لەو پێناوەدا نابێ، تا سەر لەسەر ئەو هەڵەیە نەوەستێت و خێرا ڕاستی بکاتەوە. لێرەدا ، دکتۆر شاهۆ سەعید، وەك نمونەیەك کە توانی هەر زوو ئەو هەڵەیە چاك بکاتەوە کە ڕەنگە بەشێکی زۆری خۆی لێی بەرپرسیار بووبێ.
هەڵبەتە، ئێمە لە کوردستان پۆست تەنها وەك ڕەخنە گرێك ناسراوین و ڕەنگە زۆربەی خوێنەران وا بزانن جگە لە زمانی ڕەخنە هیچی ترمان پێنیە، ئەمەش ، گەلێ لەڕاستیەوە دوورە و هیچ لە ئێمە ڕووداوەکان تەنها بە دیوێك و ڕەنگێك نابین، یان وەك ئەوەی بڵێی ڕەخنەمان بەشیری دایکمانەوە خواردبێتەوانێ.. ئەمە ناکاتە ئەوەی گەر کەسێك کارێکی باشی کرد و توانی هەڵەیەکی خۆی ڕاست بکاتەوە ، ڕوومان نەیەت و سەری خۆمان کز بکەین هیچی لەبارەوە نەڵێین. بە پێچەوانەوە، هەر کاتێ کەسێك لەلایەن ئێمەوە ڕەخنەی لێگیرا و ئەو کەسە داوای ڕوونکردنەوە، یان هەڵوێست لێکردن، یان هەر جۆرە کارێکی ترمان لێبکرێ، ئامادەین و بەسنگ فراوانیەوە بەدەنگ داواکەیەوە بچین.

لە ووتارێکی پێشومدا بەناو نیشانی (پارتی کڵاوێکی کردە سەری دکتۆر شاهۆ)، ئاماژەم بۆ ڕۆڵی ئەم کەسایەتیە کرد کە وەك ووتەبێژی گەورەترین ئۆپۆزیسیۆن لەکوردستاندا خۆیان نمایش ئەکەن، تیایدا ئەو هۆکارانەم خستبوە ڕوو کە دکتۆر شاهۆ ئەبوو جگە لە دابەزاندنی هەواڵێك دژ بەو کارە ناڕەوایانەی پارتی لەمەڕ، شاندی پارتی،شاندی حکومەتی هەرێم کاتێ سەردانی ئەوروپا و ئەمریکا و بەرو درواسێکان ئەکەن و جگە لەخۆیان حساب بۆ هیچ لایەنی تر ناکەن. کەچی دێن و لەژێر سایەی حکومەتی هەرێم، لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێم و لەژێر ئاڵای کوردستان ئەو هەموو جرت و فرتە ئەکەن. کەچی هەروا بەسانایی بۆیان ئەچێتە سەر.. ئەم کارەی پارتی بۆ هیچ کەس و لایەنێ لەهیچ ووڵاتێکدا نەکراوە و بۆ کەسیش ناچێتە سەر،، ئەمە ناوەڕۆکی ووتارەکەم بوو کە ئەبوو کەسێك بێتە وەڵام و بڵێ، بەڵێ ئەوە ڕاستە و پارتی بەنیازە کڵاو بکاتە سەری هەموو کورد.. بەڵام ئایا هەموو کورد ئامادەیە ئەو سووکایەتیەی پارتی بێ هەزم بکرێ؟
دوای ئەو ووتارەو ڕاستگۆیی ناوەڕۆکەی، دکتۆر شاهۆ سەعید بەڕاستی نەیتوانی ئەو زەفەرلێهێنانەی پارتی قبوڵ بکات، دیارە چەندین دیاردە و هۆکاری تریش لەئارادا بوون بۆ ئەوەی کە بگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەم ڕازی نییە وەك ووتەبێژێکی کارتۆنی کار بکا و تەنها ئەو شتانە بڵێ کە بۆیان نووسیوەتەوە و بەدڵی سەرکردە و ڕێکخەرانی گۆڕانە. دکتۆر شاهۆ دەست لەکار کێشانەوەی گەلێ پێ باشترە لەوەی وەك بوکەشووشە بەدەستی کۆنە یەکێتیەکانەوە یاری پێبکرێ و هەرچیەکیان وویست ئەم بیکات.

ووتەبێژ ئەبێ لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکان بێت بکات، بەشێك بێ له‌و رووداوانه‌، لەکام دانیشتنی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ هەریەك لە (مەسعود، جەلال) بەشداری پێکراوە تا بزانێ و لەسەر چی لێدوان بدات؟ لەکام سەردانی نەوشیروان مستەفا و دەستەی هەڵبژاردنی حیزبی گۆڕان لەگەڵ (پارتی، یەکێتی) بەشداری کردوە و بزانێ تا چەند لێدوان و شیکاری لە ڕووداوەکان بەشێوەیەکی ڕاستگۆیی بۆ خەڵکی بڵاو بکاتەوە؟
بەڵێ...  ئەمە ئەو هەموو هەڵە کەڵەکە کراوانەی گۆڕانە کە سەرکردە کۆنەکانی یەکێتی ئەیکەن و چاوەڕوانن گەنجە نوێکان و هەوادارەکانیان باجەکەی بدەن.. ئەوە هەڵە چەند جاربووەکانە کە کۆنە یەکێتیەکانی ناو گۆڕان بەردەوامن لەسەری و خۆیان نەکانە قوربانی ئەو دروشمانەی کە لەسەرەتاوە بەخەڵکیان گەیاند و پاپەند نەبوون پێوەی .. بۆیە ئەم کارەی دکتۆر شاهۆ کردی، کارێکی گەلێ باشە و لەوەش باشتر، ئەبوو نەك هەر لەو پۆستە کارتۆنییه‌که‌ی دەستی لەکاربکێشایەتەوانێ، بەڵکو  ئەبوو دەستی لە گۆڕان هەڵبگرتایە و لەگەڵ چەندین گەنجی تری خوێن گەرمی نێو بزووتنەوەکە، پارتێکی نوێیان دروست بکردایە و لەوێوە گۆڕانی ڕاستەقینەیان دەست پێبکردایە.

بۆ خوێندنەوەی ووتاری پێشووم تکایە کلیك لەسەر ئەم لینکە بکە:

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=c09ac8d5tp

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە