بزوتنەوەی گۆڕان! لە نێوان پارتی و یەکێتیدا!

Monday, 21/04/2014, 12:00

1907 بینراوە


لە ١٧ئەیپرلی ٢٠١٤ دا، ریکەوتن نامەی دوو قۆڵی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ئیمزا کرا، هەر دوو لا رێکەوتن لەسەر دابەش کردنی پۆستە باڵاکانی کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێم.
ئەو رێکەوتنە دەنگۆی زۆری لێکەوتۆتەوە بە تایبەتی لە نێو نووسەرو رۆشەنبیران، لەسەر بە سلبی یان بە ئیجابی بوونی ئەو هەنگاوەی گۆڕان و هەڵبژاردەکەی لەنێوان رێکەوتن لەگەڵ پارتی یان یەکێتی. یەکێ لەو خاڵانەی کە پەنجەی بۆ درێژ دەکرێ ئەوەیە کە گٶڕان دەبوایە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی رێکەوتن ببەستێ، بە حوکمی ئەوەی یەکێتی هێزێکی باشترە لە پارتی و نزیکترە لە بزوتنەوەی گۆڕان، بە هەردوو لایان تەقەلای ئەوەیان بدابا، پارتی پەراوێز بکەن لە تەشکیل کردنی کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێـم.
ئەو جۆرە تێروانینە وەک ئەوە وایە، ئەزمونی سەرکردایەتی یەكێتی نیشتمانی بە تایبەتی دوای راپەرینی ساڵی ١٩٩١ و بیستو سێ ساڵ لە حوکمرانی لە هەرێم، راستی و ماهیەتی ئەو جۆرە سەرکردایەتیەی یەکەتیان هێشتا بۆ دەرنەکەوتووە، یان خۆیان لە راستیەکان لادەدەن.
ئەزمونی بیستو سێ ساڵ لە حوکمرانی سەرکردایەتی یەکێتی لە هەرێم، سەلماندی کە هیج جیاوازیەکیان لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان نیە وە سروشتی هێزەکەشیان بەو ئاراستایە برد کە هیج جیاوازیەک نەبیندرێ لە نێوان هەردوو هێز.
لەسەر ئاستی هەرێم:
١) دەسەڵاتی سیاسی و رێکخراوەی:
پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەر سەپاندنی رۆڵی بنەماڵە بووبێت تاوەکو ئێستا کە ئەویش بنەماڵەی بارزانیە، ئەوا یەکێتی نیشتمانی سەپاندنی دەسەڵاتی خێزانێک بووە کە خێزانی تاڵەبانی و خێزانی ماڵە خەزوری بووە. کەسایەتی یەکەم لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانیە، کەسایەتی یەکەم لە ناو یەکێتی هێرۆیە. کەسایەتی پاش مەسعود بارزانی نێچیرە، کەسایەتی پاش هێرۆ، قوبادی کوریەتی.
٢) لە ناو حکومەتی هەرێم:
بەرزایەکانی هاوینە هەوارەکانی هەولێر سەری رەش دەستی بەسەرداگیراوە لەلایەن ماڵ و خێزانی بارزانی، بەرزەیەکانی هاوینە هەوارەکانی قەڵاچۆڵان لە سلێمانی، دەستی بەسەردا گیراوە لەلایەن خێزانی تاڵەبانی. هەموو شوێنە ستراتیژیە ئابوریەکانی ناو شاری هەولێر لەلایەن مەسعود نێچیر مەسرور کۆنترۆلکراوە، هەموو شوێنە ئابووریە ستراتیژیەکانی ناو شاری سلێمانی لەلایەن هێرۆ و کۆرەکانی کۆنترۆڵکراوە. هەموو دارایی یەکێتی و ئیعلامی یەکێتی، لەبەر دەست هێرۆیە بە تایبەتی کەناڵی کوردسات. هەموو دارایی و ئیعلامی پارتی لە ژێر دەستی مەسعود،نێچیرو مەسرورە، بە تایبەتی کەناڵی کوردستان تیڤی. هەموو باجەکانی گومرگەکانی سنورەکانی زۆنی سەوز لە بەردەست هێرۆو شانازو قوبادو باڤێڵە، هەموو باجەکانی گومرگەکانی سنورەکانی زۆنی زەرد لەبەر دەست مەسعود بارزانی، نێچیر بارزانی و مەسرور بارزانیە. هێرۆ و کورەکانی خاوەن کۆمپانیای زەبەلاحی ئاسیاسێلن. مەسعودو نێجیر خاوەن کۆمپانیای زەبەلاحی کۆرک تێلێکۆم. هەموو بیرەنەوتەکان لە زۆنی سەوز لەلایەن هێرۆ و زڕبرازاکانی تاڵەبانی کۆنترۆڵ کراوە، هەموو بیەرە نەوتەکانی زۆنی زەرد لەلایەن مەسعودو نێجیر و مەسرور دەستیان بەسەردا گیراوە. باجی هەموو مەشروعێکی بازرگانی و ئاوەدانکردنەوە و بینا کە لە زۆنی سەوز وەردەگیرێ دەجێتە گیرفانی هێرۆ و کۆرەکانی. باجی هەموو مەشروعێکی بازرگانی و ئاوەدانکردنەوە و بینا کە لە زۆنی زەرد وەردەگێرێ، دەچێتە گیرفانی مەسعودو نێچیر. لە ساڵی ٢٠٠٣ تاوەکو ساڵی ٢٠١٣ لەسەدا ١٧% بودجەی عیراق بە برابەشی لەتکراوە لە نێوان گیرفانی کەسی یەکمی ناو پارتی و کەسی یەکمی ناو یەکێتی. سەرکردایەتی هەر دوو لایەن بانکەکانی دەرەوەی وڵاتیان پرکردەوە لە پارە و دەستیان بەسەر هەموو پرۆژە بازرگانیەکان گرتووە و دارو دەستەی خۆیانیان دەستنیشان کردەوە بۆ بەرێوە بردن و کۆکردنەوەی قازانجەکان.
. هەموو دام و دەزگاکانی حکومی لە زۆنی زەرد تەژی کراوە لە دارودەستەی بنەماڵەی بارزانی، هەموو دامو دەزگاکانی زۆنی سەوز پرکراوە لە دارودەستەی ماڵی تاڵەبانی. ریزەکانی یەکێتی و پارتی هەرەدوو لایان پربوون لە سەرۆک جاش و جاشولکەو ئەنفالجی و کەسایەتی نەشیاو، کراون بە لێپرسراو و ئیماکاناتی مادی و مەعنەویان خراوتە خزمەت، تەنیا جیاوازیەک کە بەدی دەکرێ ئەوەیە ژمارەی فایلداران لە سەرکردایەتی یەکێتی تۆزێ زیاتر کێرڤەکەی لایداوە. هێزی پێشمەرگە لە زۆنی زەرد لەژێر ئەوامری مەسعودە، هێزی پێشمەرگە لە زۆنی سەوز لە ژێر ئەوامری هێرۆیە.
دەزگای ئەمنی و تیرۆر لە سەر ئاستی هەرێم:
لێپرسراوی پاراستن لە زۆنی زەرد مەسرور بارزانیە، کە ئاگاداری تەواوی هەبووە لە تیرۆر کردنی سەردەشت عوسمان لە سنوری پاریزگای هەولێر، لێپرسراوی دژە تیرۆرو دەزگای هەواڵگری لە لایەن لاهور جەنگی زڕ برازای تاڵەبانی و باڤێلی کوری تاڵەبانی کۆنترۆلکراوە ، ئەوانیش ئاگاداری تەواویان هەبووە لە تیرۆر کردنی کاوە گەرمیانی لە سنوری پارێزگای سلێمانی. دەزگای دادو دادوەری ئامرازێکن بەدەست هەردوو لا هەریەک لە سنوری دەسەڵاتی خۆی و وە بەگوێرەی بەرژەوندی خۆیان دەیجوڵێنن.

لەسەر ئاستی عیراق:
هەردوو لاکۆکن و یەک هەڵوێستن لەسەر ناوچە دابراوەکان و کێشەکان و رووداوە سیاسیەکان. وە دابەشکردنی پۆستە باڵاکان لە نێوان خزم و کەسیان، مەسعود بارزانی خاڵی لە بەغداد خاوەن پۆستی بەرزە، هێرۆ زاواکەی.
لە مێژوودا:
مێژووی سەرکردایەتی هەردوو لایەن بریتیە لەو هاوکێشەیەی خوارەوە،
١٩٦٦+١٩٩٦= جاشاتی و خەیانەت و گڕتێبەردانی فتیلەی شەری براکوژی و سوتاندنی خەرمانەی خەباتی نەوەیەک.
شاهێدیەک بۆ مێژوو، قاعیدەی هەردووکیان لە قۆناغی شاخ و رۆژە سەختەکان، بە شێوەیەکی گشتی، قاعیدەیکی پاک و بێگەرد بوون ، دروستکەری مێژووی پر سەرەوی میللەتەکە بوون، کە ئیمرۆ سەرکردایەتی هەر دوو لا خۆیان کردوە بە خاوەنی ئەو مێژووە و بەهی خۆیانی دەزانن و کردیان بە سوتەمەنی، بۆ پیلانی سەرکردایەتی هەر دوو لایەن وە بوون بە قوربانی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی هەموو سەرکردەکان بە تایبەتی بەرژەوەندیە بازرگانی و دارایەکانیان.
ئیتر دەبێ. جیاوازیەکانی نێوان سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی لە کوێ بێ؟ کە رکێفی حوکمرانایان بەدەستەوەیە لە هەرێم، هەروها ئایا هێشتا سەرکردایتی یەکێتی، جێگەی متمانەو هیوا ماوە تاوەکو چاوەروانی داهاتوویەکی پرشەنگداری لێبکرێ؟ یان هەردووکیان دووسەرن خاوەن یەک جەستە؟ بۆیەش هەڵبژاردەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ رێکەوتن چ بەم لا وە چ بەو لا، هەر وەک یەک وایە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە