هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


مەلا مستەفا پێکێکی خەستی دەخواردەوە، دوایی دەیووت با بچم نوێژەکەشم بکەم

Friday, 13/04/2012, 12:00

10351 بینراوە


گەلی کورد ئەرشیفێکی بە بێ دەنگی لێ ڕۆیشت!

جەرجیس فەتحوڵلا دەگێڕێتەوە و دەڵێت، کە هەموو جارێک مەلا مستەفا پێکێکی خەستی دەخواردەوە، دوایی دەیووت با بچم نوێژەکەشم بکەم


گەشتێک بەناو سەرەداوی چیرۆکی مێژوونووسێکی کورددا (جەرجیس فەتحوڵلای) پارێزەر.
خولانەوە لە بازنەیەکی بۆشدا دەقی چاوپێکەوتنێکە کە بەڕێز (د. حسێن محەمەد عەزیز) ئەنجامی داوە لەگەڵ پارێزەر جەرجیس فەتحوڵلا. ئەم دیمانەیە ڕۆشنایی دەخاتە سەر زۆر لایەنی شاراوەی کەسایەتی مەلامستەفا و بەرپرسە دیارەکانی ئەو سەردەمە.
ئەوەی جێگەی تێڕامانە بەر لە١٥ ساڵ ئەم کتێبە لە بازاڕدایە و کەچی نەیتوانیوە دەرگای گفتوگۆ ئاوەڵا بکات!
لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بەوەش بدەم، کە من ڕاستەوخۆ ڕەخنەی تەواوم لە ناوەڕۆکی پرسیارەکان هەیە، جەرجیس فەتحولاش زۆر ئازادانە وەڵامی نەداوەتەوە نووسەریش پەلەپەلەیەکی پێوە دیارە، بەڵام جێگەی دەستخۆشی لێکردنە کەوا ئەو کارە جوامێریەی کردووە و پەردەی لە سەر زۆر شت هەڵداوەتەوە کە بەڕاستی ڕەوانەوەی زۆر تەم و مژە هیوادارم خوێنەری کورد جارێکی تر بچێتەوە سەر ئەم نامیلکەیە و لەمێژووی تازەی خۆی بڕوانێت و بزانێت لە شۆڕشدا چ پاشاگەردانیەک ئابڵوقەی دابوو!
هیوا لەکوێی سەر کەوتندا بووە؟ ئێمە هەمیشە وەک میللەت سادەییمان ناخۆش کردووە،هیوامان لەسەر شتگەلی پوچ هەڵچنیوە کاتێک ئەم کتێبەم خوێندەوە بە منداڵی خۆمدا ڕۆچوومم باوکم هاتەوە بەر چاو، کە لەناو خزمەکانماندا باڵەکانی دەکردەوە و دەیووت لولەی تۆپەکانی شۆڕش قەدیان ئەوەندەیە هەمووی چەند مانگێکە سەردەکەوین، دایکم بیر دەکەوتەوە کە هەموو ژەمە خواردنێک نزای بۆ مەلا مستەفا بارزانی دەکرد.
"من مێژوونووسم زیاتر گرنگی بەڕابردوو ئیستا دەدەم. چونکە پێشبینیم نییە ووشەی "ئەگەر" لەمێژوودا کەڵکی نییە"
جەرجیس لاپەڕەی ١١٤.
کاتێک دێتە سەر (ئیدریس و مەسعود) دەڵێ: ڕۆژێک نەمبینی لەسەر بیروباوەڕێکی دیاری کراو لەچوار چێوەی پلانێکی درێژخایەنی کاری نیشتمانیدا ئۆقرە بگرن. لاپەڕەی ١٠٢ هەمان سەرچاوە.
مەسعود هەموو خەمی خۆی لە چوار چێوەی دامەزراندنی بیرۆیەکی ئاسایش و دەزگایەکی هەواڵگوزاریی بۆ شۆڕش و سەرپەرشتیکردنیدا کۆدەکردەوە ئەو دەزگایەی دواتر لەناو خەڵکیدا بە پاراستن ناسرا. لاپەڕەی ١٠٠هەمان سەرچاوە.
ئیدریس یەکسەر ڕووی لە کاری سەربازیی و دبلۆماسی کرد لاپەڕەی ١٠٠ هەمان سەرچاوە.
لە درێژەی قسەکانیدا جەرجیس دەڵێ: بەڵام بە داخ و پەژارەوە باس دەکەم، ئەمانە ئەزموونیان نەبوو، چونکە جیاوازیان لەنێوان کەسایەتییەکاندا بۆ نەدەکرا. ئەو کەم ئەزمونییە لە ساڵەکانی ١٩٧٠ بۆ ساڵی١٩٧٥ دا گیرۆدەی داوی کۆمەڵێکی دیارکراوی نێو کۆمیتەی ناوەندی کرد (بەتایبەتی دوای ئەوەی هەردووکیان تێیدا بوون بەئەندام).


لەکۆتایدا دەڵێ تاڕادەیەک دەتوانین ئەو دوو برایە لە ڕیزی کەسایەتییە عاتفێکاندا پۆلێن بکەین، ئەوان خاوەنی ئەو ئارامی و هێمنییە گرنگە نەبوون و نین، کە بۆ سیاسیەک پێویستا ئەوەش وای کردوون بە پەلە بڕیار بدەن و بڕیاری تەواو و باش و ڕاست نەدەن.
جەرجیس نایشارێتەوە، کە ترسێک دەوری داوە و دەزانێ قسەکردن لەسەر بنەماڵەی بارزانی یاریکردنە بەمردن بۆیە کە دێتە سەر ژنانی ئەو دەڤەڕە ناچار پەنا بەرێتە بەر ئەفسانەو دەڵێ : ژن خاوەنی قسەی خۆیەتی نمونە لەسەر کچێکی مەلامستەفا دەهێنێتەوە کە بۆتە خێزانی کەسێکی نەیار بارزانی و ئەویش ناتوانێت دەست بێنێتە ڕێگەی بەڵام ئەو سەرکردەیە ئیتر بەرامبەری سەنگەر دەگرێ و تا کۆتایی ژیانی قسەی لەگەڵ نەکرد. لاپەڕەی ٩٦ هەمان سەرچاوە.
بۆ ئێمە کە دەست و پەنجەمان لەگەڵ ئەم بنەماڵەیەدا نەرم کردوە ئەمە قسەیەکی نوێیە و من بەش بەحالێ خۆم بە ڕاستی نازانم ژن لەو دەڤەڕە هێندە ئازاد بن ئەوەتانێ سۆران لەسەر قسەیەکی وەها شەهید کرا سەردەشتیش بەهەمان دەردچوو، کە لە خەیاڵی خۆیدا دەبووە زاوای سەرۆکی هەرێم.
نایشارێتەوە کە مەلامستەفا زانیاریەکی زۆری هەبووە، بەڵام دەڵێ ئەو وەکو من و تۆ : مەبەستی نووسەری کتێبەکە نەبووە، تا دابنیشێ و لەچوار چیوەی قاڵبێکی دیاری کراودا بیری خۆی دابڕێژێ. لەبەر ئەوەی لە شوێنێکی وا ڕێکو پێکی ئایدۆلۆژیی و فەلسەفیی و کلتوریدا گەورە نەبووبوو و پەروەردە نەکرابوو، یان لە ئەلقەیەکی ڕووناکبیریی دیاری کراودا پێنەگەیانرابوو.
لاپەڕەی ٩٠ هەمان سەرچاوە.
لە لاپەڕەی ٩٣دا دەڵێ: (ئیستا ئەو هۆزە بارزانییە توندو تۆڵە یەکگرتووەی جاران نەماوە و لەن ێو خۆیاندا شل بوونەتەوە بەسەر چەن بەشێکدا دابەش بوون بەشێک لە بارزانییەکان لەگەڵ مەسعودان بەشێکی تریان لەگەڵ شێخ محەمەدی خالیددان بەشێکی تریشیان لەشوێنی خۆیان دانیشتوون.
ئیتر بۆمان دەردەکەوێت ئەو مێژوو نووسەر چۆن بێدەنگ برایەوە و بێدەنگ ڕۆحی کێشرا چونکە ئەوەی ئەو بەزاریدا هاتووە لە بفە بڤەتر بووە بۆیە جەوهەر نامیق دەچێت و نامەی مەسعودی بۆ دەبات و خۆشبەختانە نای شارێتەوە، کە دوای سمینارکردنەکانی لە ووڵاتانی ئەورپا و شاری ستۆکۆڵم ئیتربنەماڵەی بارزانی وەک خۆی لەم کتێبەدا باسی دەکات لە ڕۆژنامەی خەباتدا وەک لە زمانی نووسەرەوە ئاوا بۆمان دەگێڕێتەوە >لاپەڕەی ١١٨ هەمان سەرچاوە.
ئەمە شتێکی زۆر سەیرە، چونکە ڕۆژنامەی پارتی نزیکەی یەک لەسەر سێی لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکەیان بۆ من تەرخان کردووە ٩٠ دێڕ وەک خۆیان دەڵێن لەسەر کەسێکی هیچ و پوچی وەک من بنووسن ئەم کارە هەروا بەڕێکو پێکی بەڕێوە ناڕوا گەرمن کەسێ بم بەو هەموو سوک وسەلیمیەمەوە بۆچی ئەو کاتە بەنرخەی خۆیان بە فیڕۆ دەدەن؟
سەیر لەوەدایە ئەوانەی دێن و لەخزمەتی ئەم بنەماڵەیەدا خۆیان دەکەنە غولام و مەسینە هەڵگر و دەبنە کۆیلە بەس زیاد بڕۆن ئیتر بۆ ئەبەد ناچنەوە ناو دڵی ئەم هۆزە و کۆتایی بە ژیانیان دێت، جەوهەر نامیق ئەم پیاوەی بردەوە، کەچێ خۆشی بەو دەردە دەچوو، کە چوو.
لە ناو ئەم کتێبەدا زۆر لە کەسایەتییەکان دەناسی، کە نوسەر بەئازییەوە باسیان دەکات و شەرم لەکەسیان ناکات تەنانەت ئەوەی کە بەگوێ ئێمەدا دراوە، کە شەهیدن و ئەوانە لەهەموو بەهایەک ڕووت دەکاتەوە، باسیی ساڵح یوسفی، عەلی عەبدوڵا، داراتۆفیق، نوری شاوەیس، مەسعود محەمەد، عەزیز محەمەد، بەهادین نوری، کە مەلامستەفا پێی دەڵی ئیستا بیکوژی دەڵێن ڕابەرێکی کۆمەنیستیان کوشتوە، ناڵێن بەهادینە کەچەڵێکیان کوشتوە، باسی تاڵەبانی، برایم ئەحمەد، شيفیق قەزاز، د. مەحمود، سامی شينگاری، باسی زۆر کەسی دیکە دەکات کە سەردەمێک بەشێک بوون لە مێژوومان.
دەمەوێت کۆتایی بەم بابەتە بێنم بەچەند بەشی کورتدا باسی مەلامستەفادا دەکات، دەڵێ: مەلامستەفا پێکێکی خەستی دەخواردەوە و دەیووت با بچم نوێژەکەشم بکەم.
مەلامستەفا زۆر ڕقی لە ووشەی مامۆستا بووە، جارێک کەسێک پێی دەڵێت (مامۆستا بارزانی) ئەویش زۆر توڕە بووە و پێی ووتوە من مامۆستانیم (عەلی مەردان مامۆستایە). لاپەڕەی ٩٨
پاشان نووسەر نایشارێتەوە، کە بەرپرسەکانی پارتی لە دەڤەڕی بادیناندا هێندە دەستدرێژیان لە خەڵکی کردووە نمونەی وەک (ئەسعەد خۆشەوی) کە سوپای بەعس گەیشتووە خەڵکەکە بەچەپڵە ڕێزان بەرەو ڕوویان چوون.
خولانەوە لە بازنەیەکی بۆشدا ئەو کتێبەیە ، کە دەکرێ هەموومان بە تامەزرۆوە بیخوێنینەوە و لەو مێژووە بگەین و تێبگەین بۆچی ئێمە وەک نەتەوە بە خۆری ئازادی ناگەین؟
کێن ئەوانەی بێ پەروا کەیسی میللەتێک وەک بازرگان دەگێڕن و ناگەنە مەنزل، با بەدوای هۆکارەکاندا بگەڕێن و ئیتر شەرمنانە ئەفسانە بەدەوری سەرکردە بازرگان و نەخوێندەوارانەدا دروست نەکەین، کە خۆیان لە ئێمە کردۆتە شێری مەیدان و لەدەرەوەی ئێمەشدا کەسانێکن پڕن لە ترسنۆکی و داماو، لەو باوکانە دەچن کە لەماڵەوە ماڵ و منداڵیان کردۆتە کۆیلە و لەدەریشەوە لیکاوی دنیایان پێدا دەڕژێت.
جارێکی تر دەست خۆشی لە بەڕێز د. حسێن محەمەد عەزیز دەکەم بەڕاستی کارێکی مەردانەی ئەنجام داوە.
ئیتر دڵنیشم دوای ئەم نووسینە ئەم کتێبەش قاچاغ دەبێت و نووسەر ووتەنی دەچێتە ئەو زەلکاوەوەی کە ناوی ناوە زەلکاوی شۆڕش.

بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە:
http://en.calameo.com/read/000747308cd3c51d4b04e


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە