دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان لە ٢٠٢٠دا


لیستی کوردستانی کوردستانی نییه‌!

Wednesday, 07.15.2009, 12:00

314 بینراوە


هیچ شتێ سه‌خافه‌تی ناگاته‌ ئه‌وه‌ی که‌ پیاو وه‌ک تاکێ یان ده‌سته‌یێ هه‌وڵوکۆشش ته‌رخانکا بۆ خه‌ڵه‌تاندن و چه‌واشه‌کردنی جه‌ماوه‌ر، ئه‌مه‌ش به‌ ئه‌نقه‌ست و مه‌به‌ست و پیلان، له‌ کاتێکا ناوبراوان له‌ بارودۆخێکی ناله‌بار و ناباشا بن و هه‌لومه‌رجیان گونجاو نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌رگری بکه‌ن له‌ خۆیان وبه‌رامبه‌ر لایه‌نی دووه‌مڕاوه‌ستن و په‌نجه‌ بکه‌نی چاوی!
کاتێ که‌ پیاو به‌رنامه‌ی لیستی کوردستانی ده‌خوێنێته‌وه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و بۆچوونه‌ی که‌ له‌سه‌روه‌ نووسراوه‌. ئاخر له‌ 1992 چی کراوه‌ بۆ کوردستان تاکوو ئه‌م هه‌موو ستایش وخۆهه‌ڵکێشانه‌ بکرێته‌ به‌شێ له‌ به‌رنامه‌ی ناوبراو. باسی ده‌سکه‌وته‌کان ده‌کات. گوایا ژماره‌ی چاپه‌مه‌نی زیادی کردووه‌ و که‌ناڵی ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنیش به‌ هه‌مان شێوه‌. بێگومان ڕۆژنامه‌نووسین زۆربه‌ی له‌لایه‌ن خودی پارته‌کانه‌وه‌ دانراون بۆ پڕوپاگه‌نده‌کردن بۆ خۆیان و به‌ پاره‌ی گه‌لیش! ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ ئه‌هلییه‌کان ئه‌نجامی هه‌وڵوته‌قه‌لا‌ی تاکه‌ ڕۆشنبیره‌کانی کوردستانن و کاره‌که‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نیشتمانپه‌روه‌ریی خۆیان و ڕۆڵی حکوومه‌تی تیا نییه‌. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیش سه‌ربه‌ستیی ده‌رهێنانی چاپه‌مه‌نی بێت، ئه‌وا سه‌ربه‌ستی موڵکی که‌س نییه‌ و دیارییه‌ک و دیارده‌یه‌کی سروشتییه‌ وکه‌سیش بۆی نییه‌ بیبه‌خشێ به‌ که‌س! چاره‌نوسی مرۆڤ یه‌ک شته‌، ئه‌ویش سه‌ربه‌ستییه‌! به‌ڵام ئه‌وشمان له‌بیر نه‌چێ که‌ توندوتیژی به‌کارهێنراوه‌ له‌گه‌ڵ نووسه‌ران وڕۆژنامه‌نووسان له‌لایه‌ن حکوومه‌تی کوردستانه‌وه‌. ئه‌و ئازادییه‌ ڕێژه‌یییه‌ که‌ بووه‌ دیارده‌یه‌کی دیار له‌ کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌مانی ده‌وڵه‌تی عیراق و ڕژێمه‌ سه‌رکوتکه‌ره‌که‌ی و ئه‌مه‌ش له‌ سایه‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی جه‌ماوه‌ر له‌ 1991. بۆیه‌ حکوومه‌تی کوردستان نابێ وناشێ بێژێ ئه‌م سه‌ربه‌ستییه‌ له‌ ئه‌نجامی خه‌باتی ئه‌وه‌، یاخود ئه‌و به‌خشیویه‌ به‌ جه‌ماوه‌ر، چونکه‌ ئه‌م گوته‌یه‌ هیچ نییه‌ مه‌گه‌ر پڕوپووچییه‌کی ڕه‌ها و ڕووت!
به‌رنامه‌که‌ باسی که‌مته‌رخه‌می ده‌کات گوایا دیارده‌یه‌ک بووه‌ تاکوو ئه‌مڕۆ. به‌ڵام‌ ئایا که‌مته‌رخه‌می بۆچی ته‌نها له‌ بووارگه‌لێکا هه‌بووه‌ نه‌ک له‌ هه‌موو بوواره‌کانا؟ بۆچی که‌مته‌رخه‌می و یان فه‌رامۆشکاری له‌ دروستکردنی کۆشک وته‌لار بۆ خۆیان واتا بۆ به‌رپرسان نه‌بووه‌؟ کوانێ که‌مته‌رخه‌می له‌ دروستکردنی ئوتێلی پێنج ئه‌ستێره؟ کوانێ که‌مته‌رخه‌می له‌ به‌دیهێنانی کۆپانیاکانی ئاسیا سێل و کۆڕه‌ک؟ له‌ دروستکردنی گوندی ئه‌ڵمانی و گوندی مه‌ریخی؟! له‌ دروستکردنی ڕێگای هه‌ولێر- سه‌ڵاحه‌ددین که‌ ڕێکوپێکترین ڕێگایه‌ نه‌ک هه‌ر له‌ کوردستان به‌ڵکوو له‌ تێکڕای عیراق؟ ته‌نانه‌ت گڵوپگه‌لی ستوونه‌کانی به‌ تیشکی خۆر کارده‌که‌ن! هه‌روه‌ها ڕێگاکه‌ی قه‌ڵاچواڵان که‌ هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ ڕێگای ناوبراو. که‌مته‌رخه‌می بۆ نه‌بووه‌ له‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی دێێ بارزان؟ بۆچی هه‌موو دێیه‌کانی کوردستان به‌هه‌مان شێوه‌ ئاوه‌داننه‌کرێنه‌وه‌! به‌ڵام که‌مته‌رخه‌میی به‌ئه‌نقه‌ست و فه‌رمۆشکاریی مه‌به‌ستدار بۆ تێکڕای پێویستییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی جه‌ماوه‌ر و کۆمه‌ڵگا وه‌کوو کاره‌با وئاو، ڕێگاوبان، که‌ره‌سته‌کانی هاتوچۆ، دامه‌زراندی یه‌که‌ی نیشته‌جێبوون بۆ که‌مده‌رامه‌تان و خه‌سته‌خانه‌ی هاوچه‌رخ و ڕێکخستنی بازرگانی ده‌رمان وکاری پزیشکان و به‌رگریکردن له‌ مافه‌کانی منداڵ وژنو لاوان...تاد.
با بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوی لیسته‌که‌ که‌ تا بڵێێ مه‌زنه‌، خۆ بۆ گه‌لی کورد له‌ کوردستان مه‌زنتر نییه‌! به‌ڵام لێره‌ ته‌نێ ناوێکی بێ ناوه‌ڕۆکه‌ و هیچی تر. ئاخر چۆن لیستی کوردستانه‌ ونزیکه‌ی دوو ملیۆن کورد بۆیان نییه‌ ده‌نگ بده‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانا؟ بێجگه‌ له‌ کوردی هه‌نده‌ران بێگومان. چۆن لیستی کوردستانه‌ و له‌ 1992ه‌وه‌ نه‌یان توانیوه‌ یه‌ک بستی تر بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێم و هه‌ر ئه‌و ڕووبه‌ڕه‌یه‌ که‌ سه‌ددام بۆیانی دابینکرد له‌و کاته‌وه‌! لیستی کوردستانی چۆن به‌ کورد ده‌ڵێ عیراقی وخاکه‌که‌شیان به‌شێ له‌ عیراق؟ پاشان باس له‌ ماده‌ی 140 ده‌کات و ده‌بێژێ گوایا پاش هه‌ڵبژاردن کاری بۆ ده‌که‌ن و ده‌ها زیاتر نابێ پاشبخرێت! شه‌ش ساڵه‌ عیراق ڕووخاوه‌ بووته‌ که‌لاوه‌، وه‌ها بۆ 5 ساڵ ده‌چێ ئه‌م ماده‌ شڕوپڕه‌ دانراوه‌ و ماوه‌ته‌وه‌ به‌بێ هیچ چاره‌سه‌رییه‌ک، که‌چی تازه‌به‌تازه‌ تووڕه‌بوونه‌ و ده‌یانه‌وێ هیچی تر دوانه‌خرێ! ئاخر که‌ 58 دواجاش 140 نووسران، ئه‌و کاته‌ عیراق سوپا و هێزی چه‌کدار و ناچه‌کداری نه‌بوو، ئینجاش جێبه‌جێنه‌کراو و حکوومه‌ت وپه‌رله‌مانی کوردگه‌لی به‌غدا به‌ سه‌رۆککۆماره‌ کورده‌که‌شیه‌وه‌‌ هیچیان نه‌کردوو پشتگۆیان خست، ئێستاکا عیراق به‌هێزه‌ و ئه‌وه‌تا تیپی 12ی عیراق له‌ که‌رکووکه‌ و ئیمڕۆ ده‌تانه‌وێ دوانه‌خرێ! تۆ بڵێێ هێشتا زوو نه‌بی؟! بۆجێ ڕاستییه‌که‌ نابێژن به‌ جه‌ماوه‌ر و ناڵێن خۆتان کێشه‌که‌تان بۆ ئه‌م ڕۆژه‌ گه‌یاند و ئه‌مه‌ش به‌ ئه‌نقه‌ست؟ تاکوو که‌ی درۆکردن له‌گه‌ڵ گه‌ل و تا که‌ی چه‌واشه‌کاری هه‌رزه‌کارانه‌؟ سیاسه‌توان ده‌بێ دوژمن هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنی نه‌ک گه‌له‌که‌ی خۆی!
تاکی کوردستانی، هاوڵاتی کوردستانی، لایه‌نی کوردستانی، ڕێکخراوه‌ی کوردستانی، ئه‌مانه‌ هه‌موو ده‌بێ خه‌باتیان بۆ دانان و سه‌پاندنی سنووری کوردستان بێ پێش ئه‌وه‌ی بچنه‌ به‌غدای پایته‌خت! دبێ سوپا بۆ کوردستان دابین بکه‌ن نه‌ک هێزی چه‌کداری پارته‌کان! ده‌بێ ده‌ستوور بنووسن به‌ زووترین کات و به‌ گونجاوترین شێوه‌! ده‌بێ سستێمی دارایی داهێنن و له‌گه‌ڵ بانقی نێوه‌ندیی کوردستان نه‌ک سامانی گه‌ل ونیشتمان بکه‌نه‌ باخه‌ڵی خۆیان یاخود له‌ ژووری نووستنه‌کانیان وه‌کوو فه‌رده‌ گه‌نم کۆی که‌نه‌وه‌! ده‌بێ خاکی کوردستان پیرۆزبێت لایان نه‌ک به‌ ئاره‌زووی خۆیان دابه‌شیکه‌ن هه‌ر وه‌کوو بڵێێ موڵکی بابوباپیریانه‌!
له‌ هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ به‌رنامه‌که‌ هه‌ندێ پرۆژه‌گه‌ل باسکراون که‌ گوایا ئه‌نجامی سیاسه‌تی حکوومه‌ت بووه. هه‌ندێ خشته‌ش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌کارهێنراون‌ که‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگن، بێگومان بۆ کارتێکردن و هاندانی ده‌نگده‌ران. ئه‌مانه‌ سه‌باره‌تن به‌ ڕێگه‌وبانه ‌قیرتراوکراوه‌کان به‌ کیلۆمه‌تره‌کانیانه‌وه‌، ژماره‌ی پرده‌ دروستکراوه‌کان، هه‌روه‌ها ژماره‌ی فێرگه‌کان ودانیشگاکان و مامۆستاکان، جگه‌ له‌ ژماره‌ی نه‌خۆشخانه‌کان‌! دروستکردنی ئه‌م شتانه‌ کارێکی باشه‌ و پێویسته‌! به‌ڵام شایانه‌ی باس و ستایش نییه‌! چونکه‌ ئه‌م کارا‌نه‌ سروشتین و ده‌بێ بکرێن وپه‌یوه‌ندییان به‌ جۆری حکوومه‌ته‌وه‌ نییه‌ و دکتاتۆره‌کانیش پێی هه‌ڵده‌سن وجاری وه‌هاش هه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر باشیش! چونکه‌ ئه‌م جۆره‌ شتانه‌ له‌ ئه‌ستۆی داموده‌زگای ده‌وڵه‌ته‌ نه‌کوو حکوومه‌ت. هه‌روها په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌ڕێوبردنی کۆمه‌ڵگا وکاردانه‌وی پێویستتیه‌ سروشتییه‌کانیه‌تی وبێ ئه‌وان ژیان ده‌وه‌ستێت! واتا ئه‌م پرۆژه‌گه‌له‌ خۆیان خۆیان فه‌رزده‌که‌ن. هه‌رچه‌نده‌ کاره‌با و ئاویش هه‌ر به‌شێکن له‌وانبه‌، که‌چی له‌به‌ر بێسنووریی گه‌نده‌ڵی له‌ کوردستان قه‌واره‌ی خۆیان له‌ ده‌سداوه‌ و بوونه‌ته‌ شتێکی مه‌زن و نایاب و بگره‌ ده‌گمه‌ن! جگه‌ له‌مه‌ش زیادکردنی یان زیادبوونی ژماره‌ی فێرگه‌ وپرد وجاده‌ی قیرتاو ودانیشگا و فێرکاران، په‌یوه‌سته‌ به‌ زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتوان وپه‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگا له‌ ڕووی قه‌واره‌ وگه‌وره‌ویییه‌وه‌! زۆر جاریش ئه‌م زیادبوونه‌ لایه‌نی خه‌راپیشی هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ژینگه‌ و هه‌روه‌ها به‌سه‌ر بازاڕی کار. بۆ نموونه‌ ژماره‌ی فێرخوازان به‌رزه‌ له‌ دانیشگاکانی کوردستان به‌ڵام ده‌رچووه‌کان زۆربه‌یان بێکارن و ده‌سکه‌وتنی کاریش که‌وتووه‌ته‌ نێو دیارده‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌! چۆنێتیش گرنگه‌ لێره‌ بێته‌ سه‌ر باس. ئایا ژماره‌ی دانیشگاگه‌ل خۆیله‌خۆیا گرنگه‌ یان شێوازی خوێندنی و ئاستیی فێرکاران وفێرخوازان وهه‌بوونی ئازادی بیرکردنه‌و و کارکردن؟ ئایا ڕێگه‌یه‌کی قیرتاوکراو به‌ شێوه‌یه‌کی ناله‌بار و پڕ له‌ ساخته‌ شایه‌نی باسکردنه‌؟ خۆ سه‌نگی مه‌حه‌ک ژماره‌ وقه‌باره‌ و به‌رزی ودرێژی نییه‌، به‌ڵکوو کڕۆک و چڵۆنایه‌تی و ناوه‌ڕۆک و گه‌وهه‌ره‌!
تا بێژی گرنگه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ گۆڕانکارییه‌ک بێته‌ کایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌ل و نیشتمان. بۆیه‌ پێویسته‌ هاوڵاتی کوردستان هۆشمه‌ند و وریا وئاگادر بێت و به‌ سۆز و هه‌ستی سه‌ره‌تایی ده‌نگی خۆی پێشکه‌ش نه‌کات. چونکه‌ پاشان نابێ و ناشێ گله‌یی بکات له‌ لیستی ناوبراو کاتێ که‌ خۆی ده‌نگی بۆیان داوه‌. ئه‌مڕۆ لیستی به‌دیل هه‌یه‌ پیاو ده‌توانێ متمانه‌یان پێبکات و پاڵپشتییان بکات به‌ هیوای گۆڕان و گۆرانکاری به‌ره‌و کوردستانێکی سنووردار (خاوه‌نی سنووری په‌سه‌ندکراوی خۆی) و ئازاد و دیموکرات و پێشکه‌وتوو.










(دەنگدراوە: 0)